هەڵبژاردنەکانی تورکیا و داهاتووی دۆزی کوردستان
June 18, 2015
وتار و بیروڕا
کەڵەکەبوونی بارودۆخی نالەباری ناوخۆی تورکیا لە ماوەی یەک سەدەدا، دەرفەتی چارەسەرکردنی، بە ئۆردوغان و هاوکارەکانی دا. سەرکردەیەکی موحافەزەکاری دینی، بە ڕوانگای ڕەخنەگرانەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، سیانزدە ساڵ دەرفەتی پێدرا. لە سەرەتادا زۆر بە وەستایی وهێمنی، دەستی بە گۆڕانکاری کرد. ئۆردوغان هەموو کارەکانی خراپ نەبوون؛ ئەو توانی سوپای کەمالی، ئایدیۆلۆجیای نەژادپەرستانەی کەمالی، ڕوانگای تورکیا بۆ ڕۆژهەڵات بگۆڕێت. ئابووری وڵاتەکەی بووژاندەوە، کۆمەڵگەی تورکیای کردەوە، کێشەی کوردستانی هێنایە ناو باسان و کردیە بەشێک لە ستراتیژیی خۆی.
ئەو بارودۆخە بە هانای هەرێمی کوردستان هات، تورکیا بووە دەروازەیەکی فراوان، بۆ پێوەندی کردنمان بە جیهان. ئەو دەوڵەتە وازی لە سیاسەتی دەوردان و لەناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هێنا. لەگەڵ پ ک ک کەوتە گفتوگۆ، لە باکووردا دەرگای لەسەر دەربڕینی خواستەکانی کورد کردەوە. وازی لە پەلاماری سوپایی هێنا، بەمەش هەموو کورد پشوویەکی هاتەوە بەر. ئەو دۆخە ڕێگای بۆ دروستبوونی هادەپ و بردنەوە مێژووییەکەی ڕەخساند. کەواتە پێویستە کورد لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، تەماشای پانۆرامای سیانزدە ساڵەی ئۆردوغان بکات. ڕێک وەک ڕوانگای شۆڕشی ئەیلوول بۆ عەبدولکەریم قاسم. کارێکی مەرگبار دەبێت ئەگەر هادەپ(پ ک ک)، خۆی لە ستراتیژیی تورکیایی و وەخت بەفیڕۆدان بۆ یاری سیاسییانەی ناو پەرلەمان و پازپازێنێی ئۆپۆزیسیۆنیی، ون بکات. هادەپ بە دەنگی کوردان چۆتە پەرلەمان. ڕای گشتی کوردستان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، چەرخێکی سەد و هەشتا پلەیی لە بەرامبەر ئۆردوغان لێدا. بۆیە دەبێ هادەپ نوێنەرێکی ئەمینی ئەو چەرخدانە مێژووییەی کوردان بێت. هادەپ دەبێ کوردایەتی بکات، هەڵبەت بە تایبەتمەندییەکانی خۆیان.
لە ساڵی 2012 وە گۆڕانی بەرەو خراپ، لە بیروڕا و سیاسەتەکانی ئۆردوغان، ڕووی لە زیادە کرد. تاکڕەوی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتە گشتییەکاندا، پاشڕەوی ڕووەو ڕوانگای کۆمەڵایەتییانە بەلای دیندا، گەندەڵی و داڵدەدانی لێپرسراوە دزەکان، پەلامار بۆسەر میدیا و نووسەران، سیاسەتی ئابووریی هەلپەرستانە کە لەسەر وێران بوونی ناوچەکە پارەی کۆدەکردەوە، دەستوەردان لە ژیانی خەڵک، هاوکارییکردنی تیرۆر بەتایبەتی داعش، سیاسەتی دەستێوەردەرانەی ناواقیعییانە لە سوریا و میسر، پشتیوانیکردنی ئیخوانولموسلمین، دەستنیشانکردنی پەرلەمانتارو وەزیرەکان بەپێی حەزو بەرژەوەندییەکانی خۆی، دوورخستنەوەی سیاسەتمەدارە کاریگەرەکان، سیاسەتی بێبەزەییانە بەرامبەر بە جەنگی کۆبانێ، پشتگوێ خستنی دۆزی کوردستان، بزرکردنی ڕوانگای ڕوون لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بەرزکردنەوەی پەرستنی شەخسی خۆی، دوورکەوتنەوە لە ناتۆ و ڕۆژئاوا، دژایەتی کردنی بێ پاساوانە بۆ ئیسڕائیل. ئەو دیاردە سیاسییە نەرێنییانە، پوازی لێکهەڵتەکێنەری هەموو حزب و سەرکردە و حکومەتەکانی ڕۆژهەڵات بووە. ئۆردوغان لە سیاسەتی چاکسازیی دینی و سیاسی هەڵگەڕایەوە، بۆیە نەیتوانی ببێتە ئەو نموونە سەرکەوتووە تا جیهانی ئیسلامی لێی فێربن.
ئەو بارودۆخەی ئێستای تورکیا، لەبەرژەوەندی بزووتنەوەی کوردستانە، بە هەموو پارچەکانیەوە. ئەگەر لەم کەڕەتەشدا، کورد و غەیرە کوردەکانی تورکیا، متمانەیان دابایەوە ئاک پارتی، ئەوجا ئۆردوغان ناوچەکەی زۆر ئاڵۆزتر دەکرد. ئەو پێیوابوو خۆی نوێنەری میللەتی کوردە. ڕایگەیاند کە هیچ کێشەیەک بە ناوی کورد نەماوە. وایدەزانی کێشەی کوردستان، بە کەمێک کرانەوەی سیاسی و ئیتنیکی، کۆتایی دێت. ئەو لە وەڵامی پێشنیاری جێگری خۆی لە ئاک پارتیدا(کە کوردە)، سەبارەت بە خوێندن بە زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا، بە توڕەییەوە وتبووی: بۆ ئەم دەوڵەتە هی کوردانە تا زمانی پەروەردە کوردی بێت؟! لە ئەنجامدا جێگرە کوردەکەی، ئاک پارتی بەجێهێشت و هاتە ناو هادەپ. ئەو دەڵێ: بۆم دەرکەوت ئیدی جێگای کوردان لە لای ئۆردوغان نەماوە. هەروەها سیاسەتی دوژمنکارانە بەرامبەر بە کۆبانێ و هاوکاری کردنی داعش، ئیدی بڕیاری کوردانی یەکلایی کردەوە، هەموویان یەک دەنگ هاتنە سەر هەڵوێستی نەتەوەیی و دەنگیان بە هادەپ داوە. بۆیە هادەپ ئێستا نوێنەری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانی باکوورە. چاوەڕوان دەکرێت، دەنگی ئۆجەڵان لە چارەسەرییەکاندا، لە جاران بەرزتر و بە هێزتر بێت. ئێستا ئەو دەتوانێت لە ناو پەرلەماندا، هەموو کێشەو ڕوانگاکانی بە یاسا پێشنیار بکات. دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا، گەرمتر دەبێت. بۆیە لەوانەیە پ ک ک ناچار بێت هاوکاری زیاتری هادەپ و ئۆجەڵان بکات. باش دەبێ ئەگەر ڕووی ئەو حزبە زیاتر ڕووەو ناوخۆی تورکیا بێت، ئەگینا کێشەی جددی بۆ هادەپ و ئۆجەڵان دروست دەبێت. مەنتق وادەخوازێت پ ک ک فاسیلەیەکی زیاتر لەنێوان خۆی و ئێران دابنێت و سیاسەتێکی نەرمتر، لە هەڵسوکەوت لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان بگرێتەبەر.
بارودۆخی جیهانی لەگەڵ هێنانەدی ئاواتەکانی کوردستان جووتە، هەموو ناوەندە بەهێزەکانی جیهان، لەسەر چارەسەکردنی دۆزی کوردستان کۆکن. وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەرمان، لە باری تایبەتی خۆیاندا، وەک جاران دژی کوردستان نین. دەوڵەتی عێراق لە خلۆربوونەوە و لێکهەڵوەشاندایە، بۆیە لە باشووری کوردستاندا، سەربەخۆیی بەستراوەتەوە بە ئاستی هوشیاری و واقیعبینی بزووتنەوە سیاسییەکەی. هەروەها دەوڵەتی سوریا، لە شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکاردا دەهاڕدرێت، ناوەندە بەهێزەکانی نێودەوڵەتی، باسی دابەشکردنی سوریا بۆ چەند دەوڵەتێک دەکەن. کوردی ڕۆژاڤا چەند ساڵە خۆیان بەڕێوەدەبەن. ئەوان بوونەتە هێزێکی چەکداری ناوچەکەو لە هەموو پێشنیارەکاندا حیسابیان لەسەر دەکەن. بایەخی نێودەوڵەتی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر بووە. ئەو بایەخەش لەو لایەوە دێت کە پێیوایە چارەسەرکردنی دۆزی کوردستان، پێویستە بە یەک پاکێج بێت، چونکە بە چارەسەرکردنی کێشەکە لە پارچەیەکدا، مانەوەی سێ پارچەکەی تر لە تێکۆشاندا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام نابێتەوە. ئێران تەڕەفی سەرەکی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە ئاساییە ئەگەر کێشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، زیاتر بخرێتە ڕۆژەڤەوە. لە کۆتایی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێران شکست دێنێت و باجی لێدەستێندرێت. لەو ڕووەوە دەبێ چاوەڕوان بین، لە کاتی موناسيبی خۆیدا کوردستانی ڕۆژهەڵات دەرفەتی زیاتری پێ بدرێت. بۆ نموونە وەک ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕووی دا. ستراتیژیی ئێران بریتییە لە شەڕی بەردەوام تا دابینکردنی باڵادەستیی سیستەمی سیاسی دینی بە مەزهەبی شیعە. لەو ستراتیژییەدا، ئێران هیچ یارێکی لە ناوچەکەدا نیيە. ئەو بە هێز داخڵی هەندێک وڵات بووە کە بەشێک لە پێکهاتەکەی پەێڕەوانی شیعەن. سعودیە(عەرەب)، تورکیا، پاکستان(موسڵمانانی غەیرە عەرەب)و ئیسڕائیل نەیاری ئێرانن. ئەوە جیا لە ئەمریکا و ئەوروپا کە پاڵپشت و بزووێنەری سەرەکیی ستراتیژییەکانن(پشێوی داهێنەرانە- الفوضی الخلاقة).
عەرەبستانی سعودی سەرکردایەتی ستراتیژیی عەرەبان دەکات. ئەو پێیوایە ئێران دوژمنی سەرەکییە. بۆ بەربەست کردنی خشانی ئەو دەوڵەتە، لەگەڵ ئیسڕائیل چۆتە یەک سەنگەر، هەروەها ڕایگەیاندووە هەبوونی دەوڵەتێکی بەهێزی کوردی سوننی، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوان یەکدەگرێتەوە. ئایا مەبەست لە دەوڵەتی بەهێز تەنیا هەرێمی کوردستانە؟ من پێموایە ئەو دەنگانەی باسی یەکخستنی هەموو کورد لە یەک دەوڵەتدا دەکەن، قسەکەیان لە خۆڕایی نیيە. دەوڵەتی بەهێزی کوردی، دەتوانێت پارێزگاری لە هەموو پێکهاتە غەیرە موسڵمانەکان بکات، بەربەستێکی بەهێز دەبێت لە پێش جموجۆڵی سوپایی ئێران (لەوانەیە تورکیاش). پشتیوانی دەوڵەتی عەرەبی سوننە دەبێت کە لە ژێر زەبری بەردەوامی شیعەکانی عێراق(ئێران)و سوریادایە. کەنداوییەکان دەیانەوێت نەوتی خۆیان لە ڕێگای بۆری، بە دەوڵەتی داهاتووی سوننە و کوردستاندا بگەیەننە دەریای ناوەڕاست. هەر لەوێشەوە ئاوی شیرین بە لوولە بهێننە کەنداو و شوێنەکانی دیکە. هەردووک مەبەستە ئابوورییەکە، قازانجێکی زۆری بۆ عەرەبانی کەنداو تێدایە. گواستنەوەی نەوت بە کەشتی و بە ڕێگای دووردا، خەرج و هەڕەشەی زۆری لەسەرە. هەروەها ئەو ئاوە شیرینەی لە ئێرانەوە بە گەمی دەگوازرێتەوە، گرانە ئینجا دابینیش نیيە.
ستراتیژیی ئیسڕائیل، لێدانی سەرچاوەکانی توندڕۆیی و هەڕەشەکردنە لەسەر خۆی. ئەو دەوڵەتە، ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بە سەرکەوتنی ستراتیژیی ئەو دەوڵەتە دەزانێت کە ڕایگەیاندووە ئیسڕائیل فڕێ دەداتە ناو دەریا. ئێران چوار دەوری ئیسڕائیلی گرتووە، هەر کاتێک بیەوێت شەڕ دەخاتە ناوی. بۆیە ئیسڕائیل بۆ هاوکاریکردنی عەرەب لە دژی ئێران، ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە. ئیسڕائیل هەروەها هەبوونی دەوڵەتێکی بەهێزی کوردی، بە هاوکاری بەتوانای خۆی دەزانێت. لۆبی یەهوودی لە هەموو جیهان، بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کار دەکات. ئەوە هێزێکی گەورەیە و دەستی لە ئەمریکا و ئەوروپادا درێژە. ئیسڕائیل جیا لە ئێران، لە ستراتیژیی تورکیا پەستە، بۆیە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی گەورە، نەک هەر بۆ بەربەست کردنی ئێران، بەڵکو بۆ پەڕوباڵ کردنی تورکیاش، بە پێویست دەزانێت.
تورکیا ستراتیژییەکی شڵەژاوی هەیە. سەرباری ئەوەش دژی هەبوونی دەوڵەتی کوردی لە باشوور نیيە. هەڵبەت لە دەوڵەتی گەورەی کوردستان دەترسێت، بۆیە بەهيچ شێوەیەک باسی پارچەکانی دیکەی کوردستان ناکات. هەڵبەت تورکیا هەست دەکات چارەنووسی پارچەکانی کوردستان، زۆر لێکدی نزیک بۆتەوە. نموونەی کۆبانێ(ڕۆژاڤا)و هەرێمی کوردستان، باشتر لەو پێوەندییە ئاڵۆزانەمان حاڵی دەکات. تورکیا خۆی، دەستی لە کاری چارەسەرکردنی دۆزی کورددایە. بۆیە ناتوانێت دژی هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان، یان پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی سەربەخۆیی بوەستێت. تەجرەبەی تورکیا لەگەڵ کۆبانێ، ئازارێکە لە مێژوودا لەبیری ناچێتەوە. ئاک پارتی هەموو دەنگەکانی کوردستانی دۆڕاند، هەموو شارە کوردستانییەکان بە کوردی ئەستەمبۆڵ و ئانکاراوە، ڕژانە سەر شەقامەکان و دیفاعیان لە هاونەتەوەییەکانی خۆیان کرد. هەرێمی کوردستان بە سوپا و بە ناو خاکی تورکیادا خۆی گەیاندە هاریکاریی پارێزەرانی کۆبانێ. پێشمەرگە شەڕی لە کۆبانێ یەکلایی کردەوە. تورکیا ناچار بوو ئەو پێچەل پێچییە قبوڵ بکات.
کەواتە دەکرێ دۆخەکە ئاوها وەسف بکەم؛ دوای سەد ساڵ دژایەتی دەوڵەتانی عەرەبی، تورکیا، ئێستا لە بەرژەوەندییاندایە کورد بکەوێتە ناو هاوکێشەکان. ئیسڕائیل نەک هەر دەوڵەتی کوردستان پشتیوانی دەکات بەڵکو پێشنیاری ئەوتۆ دەهاوێژێ کە کورد دەتوانێ بکەوێتە پەیوەندییەکی کۆنفیدڕاڵی لەگەڵ ئیسڕائیل. واتە کۆنفیدڕاتیفییەکی بەهێز لە دوو دەوڵەتی کوردستان و ئیسڕائیل دروست ببێت. کەواتە داشی بەختی کوردان باش سوار بووە. بۆیە پێویستە کاری فکری و سیاسی لەناو کەشی سیاسی کوردستان، چالاک و بەهێز بکرێت. بە زوویی ڕای گشتی گەورەی کوردستانی دروست بکرێت. ئەوەش کاتێک دەبێت کە بە ڕوونی لە ئەگەرەکان بگەین. ئەو ڕوانگایەی بەڕێز مسعود بارزانی زۆر واقیعییانەیە کە دەڵێت؛ دەبێ کورد بەهێزەوە دیفاع لە بەرژەوەندییەکانی بکات و لە ناوخۆیدا یەک بێت.
ئەوەی من باسی دەکەم، یۆتۆپیا نیيە، مسۆگەریش نیيە، بەڵکو دانوستاندنی بەرژەوەندییەکان، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەم قۆناغە بەسەر دەچێت. کورد دەبێ توانای بیرکردنەوە و سیاسەتکردن بەخۆی بدات، لە گرێی خۆبەکەم زانین ڕزگاری ببێت. سەرکردەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، لە هەر چوار پارچە، دەبێ بکەونە گفتوگۆ، ئامانجیان داڕشتنی ستراتیژییەکی نەتەوەیی بێت کە سەربەخۆیی و دوایی یەکگرتنەوە، ئامانجی بێت.