ناوازەیی کوردستان

ناوازەیی کوردستان
سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە بەسەر هێزەکانی تاریکی و جەهالەتدا، نمایشی باڵاترین ئیرادەی ئازادە لە ناوچەکەدا کە چەندین سەدەیە ئیرادەی ئازادی نەتەوەکان رووبەڕووی سەرکوتکردن دەبێتەوە، لە ناوچەیەکدا کە مرۆڤ هێشتا رێگەی چونە ناو مرۆڤایەتی پێنەدراوە، ناوچەیەک کە چەند سەدەیەکە بەهۆی چەند فۆرمێک لە کینەوە، چەند نەتەوە و ئایينێک کراونەتە قوربانی. نمایشی ئیرادەی ئازاد لە هەلومەرجێکی لەم جۆرەدا بەتەنها سەرنجی جیهان راناکێشێت، بەڵکو جیهان کەمەندکێش و سەرسام دەکات.
لەئاستی ناوخۆدا، سەرکەوتنەکان ئاماژەی گەورەی تێدایە لەسەر گرنگيی پێکەوەژیان، فرەیی و فیداکاری لەپێناوی یەکتردا. ئەگەرچی هەندێک دەنگی نەشاز، هەمیشە کار لەسەر کاڵکردنەوەی گرنگی ئەم ئاماژانە دەکەن و دەیانەوێت درز بخەنە ناو یەکڕیزيی پێکهاتەکانی کوردستانەوە، بەڵام ئەم ئەزموونانە پێمان دەڵێن، کە هیچ پێکهاتەیەک لە کوردستان دەستەوسان و پەراوێزخراو نییە، هاوکات ئیرادەیەکی سیاسی هەیە بۆ پتەوکردنی بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی فرەیی و یەکسان و چێکردنی نەتەوەیەک لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون. لەسەر ئاستی جیهانیدا، پەیامی ئەم سەرکەوتنانە لە پەیامە ناوخۆییەکەی گرنگترە. لەکاتێدا هەندێک وەک هەمیشە گوێیەکانیان بەسەر ئەم جۆرە پەیامانەدا دادەخەن، جیهانی ئازاد زیاتر لە هەموو کات گوێبیستی ئێمەیە.
بۆ نموونە پەیامی پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی پەیڕەوانی کۆنترین ئایینەکانی ناوچەکە (کوردانی ئێزیدی) لەگەڵ هاونەتەوەکانیان وێڕای جیاوازی ئایینییان، دیاردەیەکی دەگمەن و فرەئاماژەیە لە ناوچەکەدا. لە ناوچەیەکدا کە هەموو شۆڕشەکان بە دروشمی مرۆڤانە دەستپێدەکەن و لە کوشتار و یەکترسڕینەوەدا کۆتاییان دێت، ئەزموونی پێکەوەژیان لە کوردستان بەهای تایبەتی هەیە و بێهۆ نییە کە جیهان بەهەندی وەردەگرێت. جیهان هاوشان لەگەڵ ئەم ئەزموونە ناوازەیەی کوردستاندا، بینەری خوێنڕێژییەکە بە ناوی شۆڕش لە سووریا کە ئامانجی سەرەکیی سڕینەوەی هەموو جیاوازییەک و هەموو سیمایەکی پێکەوەهەڵکردنە.
بۆ ئەوەی بزانین مەبەست چییە کاتێک دەڵێین کوردستان ناوازەیە، پێویستە سەرەتا وەک چەمکێکی سیاسیی گرنگ پێناسەی ناوەزایی بکەین. ناوازەیی (Exceptionalism) رەگ و ڕیشە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆمانتیسیزمی ئەڵمانی، بەتایبەتی (هێردەر) و (فیختە). زۆر بە کورتی، بە بڕوای ئەم دوو فەیلەسوفە، هەر نەتەوەیەک بەچەندین شێوەی جیاواز دەگمەنە، چەندین شت هەیە کە ناوازە رایدەگرێت بە بەراورد بە نەتەوەکانی دیكە، شتێک کە بە «رۆحی نەتەوە» ناویان برد. بێگومان رۆمانتیسیزمی ئەڵمانی زەمینەسازی کرد بۆ بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی دواتر لە فەڕەنسا و تەنانەت هەندێک بۆچوون هەیە کە ئەم هێڵە لە بیرکردنەوە لە فاشیزم و نازیزیسمدا کۆتایی دێت. لەپاش جێگیربوونی «دەوڵەتی نەتەوەیی» وەک فۆرمێکی باڵای حوکمڕانی نەتەوە جیاوازەکانی جیهان، هەموو نەتەوەیەک کۆمەڵێک ئەفسانە و وێناکردنی جیاوازی لەسەر خۆی بەرهەمهێنا، تەنها بە مەبەستی خۆنیشاندانی وەک «ناوازە»، یان دەگمەن و جیاواز لە نەتەوەکانی دیكە. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لەم ناوکۆییەدا، بانگەشەکردن نییە بۆ «رۆحی نەتەوە» کە نەتەوە ناوازە رادەگرێت لەبەرامبەر نەتەوەکانی تردا، تەواو بەپێچەوانەوە لێرەدا ناوەزایی تەنها لە پەیوەست بەو بەهایانە بەکاردەهێنین کە نەتەوەیەک بڕوای پێیەتی و کاریان پێدەکات. ئەگەر ئەفسانەکانی نەتەوە جێگیر بن و بە درێژایی مێژوو بەرهەم بهێندرێنەوە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەوا بەهاکانی نەتەوە لە گۆڕانی بەردەوامدان، هەندێک جار لە ژێر فشاری گۆڕانە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆدا و هەندێک جاری دی لە ژێر هەژموونی دیاردە جیهانییە تازەکاندا دەگۆڕێن. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەدەگمەن نەتەوەکان باس لە سەروەرییەکانی مێژوو دەکەن و رۆمانسییانە بەناو مێژووە وێناکراوەکانی نەتەوەدا رۆدەچن، بەڵکو نەتەوە زیندووەکان هەمیشە جەخت لەو بەهایانە دەکەنەوە کە لەلایەکەوە جوانن و لەلایەکی دیكەوە گەردوونین و پەیوەستن بە کۆی مرۆڤایەتییەوە.، نەك تایبەت بن بە نەتەوەیەک.
دەتوانین بە نموونەیەک ئەم دیدە و تێڕوانینمان لەسەر ناوازەیی روونتر بکەینەوە. هەمان بۆچوونی ناوازەیی نەتەوە لە ئەمریکا بەشێوەیەکی دی سەیر دەکرێت. ئەوەی پێی دەگوترێت: «ناوازەیی ئەمریکا» (American Exceptionalism) کە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەمریکا تایبەتە، ناوازەیە و خاوەنی کۆمەڵێک بەهایە، کە دەکرێت نەتەوەکانی تریش ئەم بەهایانە قبووڵ بکەن، چونکە لە بنەڕەتدا ئەمریکی نین، بەڵکو گەردوونین. دەکرێت بەهاکانی وەک فرەیی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەشداری سیاسی، بکرێنە بەهای هەر نەتەوەیەک لە هەر شوێن و سەردەمێک بێت، بەڵام ئەمریکا وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو لە پەیڕەوکردنی ئەم بەهایانەدا، رێگە بە خۆی دەدات بانگەشەیان بۆ بکات و برەویان پێبدات، بگرە هەندێک جار بەسەر نەتەوەکانی تردا بیانسەپێنێت.
کەواتە بەدەر لەوەی کە کورد وەک یەکێک لە نەتەوە سەرەکییەکانی کوردستان، خاوەنی مێژوو، زمان و ئەفسانەیە، خاوەنی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی رۆمانسییە، پێویستە جەخت لە شوناسێکی گشتگیرتر و فرەییتر بکەینەوە، کە شوناسی کوردستانییە. ئەم شوناسە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا هێشتا وەک پێویست جەختی لێنەکراوەتەوە، دەکرێت وەک شوناسێکی نوێ بۆ نەتەوەیەک کە فرەیی قبووڵ دەکات، پشت ئەستور بێت بە بەها هاوبەشە مرۆییەکان، زیاتر لەو وێنا خەیاڵییانەی ناسیونالیزمی رۆمانسی بەرهەمی دەهێنێت. لە ئەدەبیاتی سیاسیی ناسیونالیزمی رۆمانسیی کوردیدا، هەمیشە خولیای گەڕانەوە هەیە بۆ «سەردەمی مەزنییەکان»، بەڵام پێویستە فۆرمە تازەکەی ناسیونالیزم، مۆدێڕن بێت و هەمیشە جەخت لە «بەها هاوبەشە مرۆییەکان» بکاتەوە. تا ئەو جێگەیەی ئێمە ئاگاداربین، لە ئاستی تیۆریدا هەندێک هەوڵ هەیە بۆ پێناسەکردنی ناسیونالیزمی مەدەنی، بەڵام گرنگە ئەم جۆرە لە گوتار و تیۆر شۆڕبکرێتەوە بۆ ئاستی سیاسەتی رۆژانە، بۆ ئاستی هزری سیاسی و کۆمەڵایەتیمان. لە ئاستی پراکتیزدا، سەرەداوەکانی گوتاری شوناسی کوردستانی، کە فرەییترە لە شوناسی کوردبوون، لە هەندێک وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی کوردستاندا دەبیندرێن. گرنگە ئەم گوتارە لە هزرێکی دەستەبژێرییەوە بگۆڕین بۆ بڕوایەکی جڤاکی، بڕوایەک کە شوناسی کوردستانی رێگە بە هیچ جیاوازییەک نادات لەنێوان کورد و نەتەوە و ئاینزاکانی تردا. هاوکات ئەم جۆرە گوتارە پێویستی بە وەرگێڕان هەیە بۆسەر یاسا و جێگیریکردنی لە دەستوردا.
بێگومان جیاکاری لەنێوان ناشیونالیزیمی خێڵەکیی و ناشیونالیزمی مۆدێرندا، شێوازێکی ترە بۆ روانین لەم بابەتە، بەڵام تەنانەت ئەزموونەکانی ناشیونالیزمی مۆدێرن نەیتوانیوە دەرباز ببێت لە گرفتی خۆبەسەروەرزانینی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی تردا. کەواتە دەکرێت جەخت کردنەوە لە بەها هاوبەشەکانی وەک فرەیی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، قبووڵکردنی جیاوازیی، مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی ئازادیی ویژدان و دەربڕین، زامنی دروستبوونی فۆرمێکی گونجاو لە نەتەوە بکات، کە هەوڵ نادات هەموو پێکهاتەکان لە بۆتەقەی نەتەوەی زۆرینە، یان باڵادەستدا بتوێنێتەوە، وەک ئەزموونی تورکیا و وڵاتانی دیكەی ناوچەکە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵێکە بۆ گردبوونەوە لەدەوری شوناسێکی هاوبەش، کە زامنی یەکسانیی نێوان هەموو پێکهاتەکان دەکات.
رووداوەکانی نێوان داگیرکردنی هەندێک ناوچەی کوردستان، کە مۆزایکێکی بێوێنەی پێکهاتەی جیاوازن، لەلایەن (داعش) و ئازادکردنی بەشێکی زۆریان لەلایەن پێشمەرگەوە، وێڕای چەندین هەوڵ بۆ لەمرۆڤخستنی کوردانی ئێزیدی لەلایەن ژمارەیەک گرووپی ئیسلامییەوە، ئاماژەی گرنگیان تێدایە بۆ بڕوابوونی خەڵکی کوردستان بە پێکەوەژیانی بێمەرج، پێکەوەژیانێک کە شوناسەکان ناسڕێتەوە، بەڵام هاوکات ریزبەندیشییان بۆ دانانێت. ئامادەباشی کورد بۆ لەئامێزگرتنی پێکهاتەکانی دیكەی کوردستان، لەوەش گرنگتر ئامادەباشی بۆ خۆفیداکردن لەپێناوی ئەوانی دیكەدا، سەرمایەیەکی گەورەی کوردستانە، کە دەکرێت بکرێتە بنەما بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی کوردستانی، کە هەمووان بەدەر لە زمان و کەلتوور و ئایینمان، تێیدا ئەندامێکی یەکسان بین. سەرەتاکانی فراژانی ئەم ناسیونالیزمە مۆدێرنە، هۆکار بوو بۆ ناساندنی کوردستان وەک ناوازە، تۆخکردنەوەی ئەم ئاراستەیە و جێگیرکردنی لە یاسا و دەستووردا، دەبێتە هۆی تۆخکردنەوەی ئەم شوناسە کوردستانییە، کە لە ناوچەکەدا وێنەی نییە و جیهانی سەرسام کردووە.
لەکۆتاییدا گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە ناوازەیی شوناسێکی ئەبەدی نییە کە نەتەوەیەک وەریگرت، ئیتر هەر بە بەرۆکییەوە دەمێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ناوازەیی دۆخێکی کاتییە و هەمیشە پێویستی بە تۆخکردنەوە و ژیانەوە هەیە. ئەو بەهایانەی ئەمڕۆ جێگەی شانازی ئێمە و سەرنجی جیهانن، هەمیشە و هەردەم لەژێر هەڕەشەی هێزە تاریکەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا دەبن. ئەو هێزانەی بڕوایان بە سەروەریی خۆیان هەیە بەسەر کۆی مرۆڤایەتیدا، دوژمنی سەرەکیی پێکەوەژیان و فرەیین، لەبارترین چەکیش بۆ لاوازکردنی هێزی لەم جۆرە و پووچەڵکردنەوەی بنەما هزرییەکانیان، خودی فرەیی و پێکەوەژیانە.
Top