1000ژمارەی گوڵاندوای بیست ساڵ ئەزموونێكی پڕ لە شانازی

1000ژمارەی گوڵاندوای بیست ساڵ ئەزموونێكی پڕ لە شانازی
بیست و هەندێك ساڵ بەر لە ئێستا، یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (گوڵان)مان دەركرد. ئێستا بە بۆنای ژمارەی (1000)ی گۆڤارەكە، ئەم دێڕانە دەنووسم. ژمارەیەكی كەم رۆژنامەنووس و ئەدیبی ناوداری وڵاتەكەمان، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێیدا بەشدار بوون. بارودۆخ لەو كاتدا، وەكو ئێستا شەڕاوی بوو. هەڵبەت بە جیاوازی نێوان شەڕی ئەو كاتی ناوخۆ و شەڕی داسەپاوی توندڕۆی ئیسلامی- هەرێمایەتی ئێستا.
بە پشتیوانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، دەزگای راگەیاندن و رۆشنبیریی گوڵان دامەزرا. لە دوای راپەڕینی رزگاری، ئەوە یەكەمین تەجرەبەی راگەیاندنی فرەكەناڵ(گرووپ) بوو، كوردستان بەخۆیەوە دیت. دەزگاكە بە گۆڤاری گوڵان دەستیپێكرد، بەڵام لە ناوخۆیدا لە تەلەفزیۆن، رادیۆ، رۆژنامەی رۆژانە، گۆڤارێكی عەرەبی، گۆڤارێكی كرمانجی/لاتینی، گۆڤاری ئەدەبی رامان، دەزگای بڵاوكردنەوەی كتێب، ماڵپەڕێكی ئەنتەرنێتی بەهێز پێكدەهات. گوڵان ئۆرگانی حزب نەبوو، بەڵكو دەزگایەكی لایەنداری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. ئەمە بیرۆكەی دامەزراندنی بوو.
گوڵان تەنیا دوو ژمارەی لێ دەرچوو بوو كە شەڕی ناوخۆ دەستیپێكرد. بۆیە تەجرەبەكە لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدا، بەردەوام بوو، پەرەی سەند. لەوكاتدا بۆچوونێكی بەهێز درووست بوو، گوایە ئەو دەزگایە بەنیازی شەڕەكە درووست بووبێت. ئەو بۆچوونە لە راستی زۆر دوور بوو. هیچ پەیوەندییەك لەو نێوانەدا نەبوو. لە بارودۆخی ئەوكاتدا، ئەگەر شەڕی ناوخۆ نەبووباش، دیسان كارێكی زۆر زەحمەتی دەویست تا شێوازێكی نوێی راگەیاندن، دێتە ناو كەلتووری سیاسی. ئێمە ئەو زەحمەتییەمان بە هەست و جەستە تاقی كردەوە. جەنگی ناوخۆ، نەك هەر لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لە ناو پارتیشدا، كێشەی بۆ گوڵان درووست دەكرد. تەجرەبەكە بەردەوام بوو، لە زۆر لاوە دەستی پشتیوانی دەدرایە پاڵ. سەرەنجام دوای هەشت ساڵ، گوڵان بە كردەوە كۆتایی پێهات (هەرچەند بەناو تا ساڵی ٢٠٠٤ بەردەوام بوو).
دوای بیست ساڵ، ئێستا شاهیدی بۆ گوڵان دەدرێت كە بۆ كوردستان، تەجرەبەیەكی نیشتمانی فرەخوازی فرەكاناڵ بووە. ئەزموونەكە بووە موڵكی هەموو كوردستان. هەربۆیەش لەگەڵ كۆتایی هاتنی گوڵان، تەجرەبەكانی جیلی دووەم هاتنە مەیدان. نەیارەكانی دەزگای گوڵان، تەجرەبەكەیان وەرگرت و بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەری بەردەوام بوون. ئەوەش شاهیدی ئەو رۆڵە مێژووییەیە كە گوڵان لە رۆژنامەنووسی كوردستاندا بینیویەتی.
گۆڤاری گوڵان، تاكە یادگاری ئەو پڕۆژە نیشتمانییە نوێخوازەیە كە ناوی دەزگای راگەیاندن و رۆشنبیریی گوڵان بوو. ئەو گۆڤارە، رێچكەی بۆ رێبازی راگەیاندنی ناو دەزگاكە دەكێشا و راشیدەگرت. هەر لە سەرەتاوە، نیاز وابوو گۆڤارەكە لە ئاستێكی دیاریكراو نەیەتە خوارتر. ئەویش بایەخدان بوو بە فكری سیاسیی كوردستان. ئێستا لە دوای بیست ساڵ، گۆڤارەكە لەسەر رێبازی خۆی بەردەوامە و بە سەكۆیەكی فكریی باوەڕپێكراو دادەندرێت. من ئەو شاهیدییە بە شانازییەوە دەنووسم.
بەردەوامی گۆڤاری گوڵان، لەو رێبازە رۆژنامەنووسییەدایە كە بیست ساڵە لەسەری دەڕوات. هەموو هەفتەیەك دەرچووە، لە زۆر قۆناغدا، پێش بەو شێوازەی گوڵان گیراوە و لە ئاستی دەهێندرایە خوارەوە. ئەوەی جێی دڵخۆشییە، گوڵان لەسەر بنەمایەك دامەزراوە و راهاتووە كە دەستكاریكردنی دەبێتە گرفت بۆ رۆلی گۆڤارەكە، فشار بۆ سەركردایەتی سیاسی دێت. بۆیە لەو بۆنایەدا جەخت لەسەر پشتیوانی بەردەوامی سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی دەكەم، تا دەستبەرداری ئەو ئەزموونە نەبن كە دوو دەیەی بەسەردا تێپەڕیوە و بە یەكەمین گۆڤاری سیاسی دەژمێردرێت، كە نەوەستاوە و متمانە و ئیعتباری مێژووییشی لە كاری رۆژنامەنووسیدا بایەخێكی زۆری هەیە.
دەزگای گوڵان، قوتابخانەیەكی بەرهەمداری رۆژنامەنووسی بووە، جیلێكی نوێی لە رۆژنامەنووسان پێگەیاند. جێ پەنجەی ئەو جیلە، لە راگەیاندنی ئەمڕۆدا بە ئاشكرا دیارە.
تەجرەبەی گوڵان، بەری رەنجی ژمارەیەكی زۆر نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند و رۆژنامەنووسی كوردستانە. كۆتایی هاتنی كاری ژمارەیەكی زۆر لەو كەسایەتییانە لە گوڵاندا، بووە دەستپێكی تەجرەبەی دیكەی رۆشنبیریی و رۆژنامەنووسی و سیاسی نوێ. ئەو دەزگایە قۆناغێكی پڕشنگداری، لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان و تێكڕای وڵاتەكەمان تۆمار كرد. تەجرەبەیەكی نوێی هێنایە كایە. جیلێكی دیكەی رۆژنامەنووسانی پێگەیاند. شێوازێكی مۆدێرنی لە كاری راگەیاندن بەسەر كوردستاندا سەپاند.
لەم بۆنایەدا، سڵاو بۆ هاوكارەكانی رۆژانی تەنگانە و گوزەری سەختییەكان دەنێرم. ئەوانەی كۆچیان كردووە، كڕنووشیان بۆ دەبەم. دەستی جیلی نوێ دەگوشم و شانازییان پێدەكەم، لە سەرنووسەر تا دوا پەیامنێریان.
گوڵان بە دەرچوونی هەفتانەی بەردەوام، ئێستا گەیشتە ژمارەی1000، بەوەش پێویستێتی گۆڤارەكە و سەنگینی رێبازەكەی دەریدەخات، ئەم گۆڤارە بەردەوام دەبێت، بووەتە پێویستییەكی نیشتمانی. گوڵان تاكە گۆڤاری كوردستانە، دوو دەیە بەردەوامە و ئێستاش بڕستی لە هەموو كاتێك زیاترە. من بەمەیان زۆر خۆشحاڵم.
Top