کوردستان و ئابووری جەنگ

کوردستان و ئابووری جەنگ
بەڕێوەبردنی جهنگ پێویستی به فرهسهرچاوهیی داهات ههیه


ئابووری جەنگ ئەو ئابووریەیە کە لە کاتی پێویستدا سەرچاوەکانی ئابووری و مرۆیی تەرخان بکرێت بۆ سەرکەوتنی جەنگ. لە راستیدا ئابوورییەک نییە بەتایبەت تەنیا بۆ جەنگ رێکخرابێت، چونکە جەنگ خۆی لە خۆیدا بە کردارێکی کاتیی هەژمار دەکرێت و هەر کاتێک مەبەستی خۆی بەدیهێنا، یا گەیشتە بنبەست ئەوە کۆتایی پێدێت. ئەو جەنگە درێژخایەنانەی کە پێنج ساڵ زیاتر دەخایەنن هێز و توانای ئابووری و کۆمەڵگە لاواز دەکەن و لە رێڕەوی سروشتی گەشەکردنی خۆی لادەدەن. زۆربەی زۆری جەنگە درێژخایەنەکان بە ماڵوێرانی و نەهامەتی و قاتوقڕی کۆتاییان پێ هاتووەو مرۆڤایەتی لێیان زەرەرمەند بووە. زۆرجاریش ئەو جەنگانە شارستانیەتی پێشکەوتوویان رووخاندوە و رێچکەی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیان دەیەها و سەدەها ساڵ بۆ دواوە بردووە.
بێگومان خەرجيی سەرەکيی جەنگ کاتێک دەست پێدەکات کە بە کردار وڵات دووچاری جەنگ دەبێتەوە، لەو کاتەدا ئەو دەزگایەی کە بۆ جەنگ ئامادە دەکرا لە کاتی ئاشتیدا دەکەوێتە کار، ئینجا ئایا ئەو جەنگە سەپێندراوە، یا وڵات دەستپێشخەری لە هەڵگیرسانیدا کردووە، لە سروشت و تێچووەکانی ناگۆڕێت؟
وڵات لە هەموو بارێکی جەنگیدا پێویستی بە سەرچاوەی ئابووری هەیە بۆ ئەوەی جەنگەکە یا بە مەرامی خۆی بگات، یا کۆتایی پێ بێت. قورسایی ئابووری جەنگ پەیوەستە بە درێژەی ماوەکەیەوە.


لە سەرەتای مانگی ئابەوە کوردستان کەوتووەتە بەر هێرشێکی دڕندانەی گرووپی چەکداری بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ناسراو بە داعش. هێرشەکە هێزی پێشمەرگەو تواناکانی خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکەوە و لاوازییەکانی بەتایبەتی لە رووی ئامادەیی شەڕ و چەکەوە خستە بەر پرسیارەوە. لە هەمان کاتدا، گرتنی ناوچەیەکی بەربڵاوی پێکهاتەی سوننەی عێراق کێشەی وزەو ئابووری رووبەڕووی کوردستان کردەوە، بەربڵاویی کێشەکە زۆر گەورەتر بوو لە توانای ئابووری و لۆجیستیکی حکومەتی کوردستان، لە بار و دۆخێکی ئاوادا، هەندێ هەڵوێستی سیاسی، لە بری کۆبوونەوەو دروستکردنی یەکدەنگی و یەکڕیزی، بەتایبەت لە قۆناغێکی هەستیاری ئاوادا، بوونە مایەی دڵەڕاوکێ و پرسیاری نەخوازراو لە لایەن هەندی توێژی کۆمەڵایەتییەوە.
جەنگ زۆربەی جار لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا دەیسەپێنێ. جا جەنگ تەنانەت گەر لە ناچاری و کتوپڕیشدا دروست بێت، ئامادەبوون بۆی لە رووی ئابووری و مرۆییەوە پێویستی بە پلان و بیرلێکردنەوەی پێشوەخت هەیە. هەرچەندە رەنگە جەنگێکی داسەپێندراو لە پڕێکدا دروست ببێت، بەڵام زۆرجار نیشانەکانی پێشوەخت هەستی پێدەکرێت و دەزگا هەواڵگرییەکان دەتوانن پێشبینیان بۆ بکەن. بۆیە خۆئامادەکردن بۆ جەنگ بە تایبەت جەنگی خۆپاراستن ئەرکێکی سەردەمی ئاشتییە و هەموو دەوڵەتانی جیهان، تەنانەت ئەوانەش کە سەدەها ساڵە نەکەوتوونەتە جەنگەوە، هەموو کات خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن. بۆیە تێچووی هێزی بەرگری (Defence expenditure) بووەتە بەشێکی گرنگی ئابووری وڵاتانی زلهێزی جیهان. لە لایەکی دیکەوە، پیشەسازی جەنگ لەم سەردەمەدا بەشێکی زۆر گرنگ و گەورەی سیستەمی ئابووريی سەرمایەداریيە.
لێرەدا پێویستە دوو چەمکی ئەم باسە لەیەک جیا بکەینەوە، ئابووری جەنگ تا رادەیەک جیاوازە لە تێچووی هێزی بەرگری. لەلایەکەوە، هەموو وڵاتێک بەپێی قەوارەو بارودۆخی سیاسیی خۆی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەمیشە پێویستی بە هێزێکی بەرگری هەیە. هێزی بەرگریش پێویستی بە چەک و راگرتن هەیە، ئەمانەش تێچووی ئابووری و مرۆییان هەیە. لەلایەکی ترەوە، گەر جەنگێک سەپێندرا بە سەر وڵاتێکدا، چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو جەنگە پێویستی بە شێوازێکی بەڕێوەبردنی ئابوورییە کە جیاوازە لە ئابووری سەردەمی ئاشتی. بۆیە بەڕێوەبردنی ئابووری بەشێوازێک کە هێز و توانا ئابووری و مرۆییەکان لە خزمەتی ئامانجی سەرکەوتنی جەنگدا بێت، دەتوانرێت پێی بگوترێت: ئابووری جەنگ. ئەم وتارە بە شێوەیەکی راستەوخۆ شیکردنەوە بۆ ئابووری جەنگ دەکات و ناڕاستەوخۆش پێوەندی لەگەڵ ئابووری سەردەمی ئاشتیدا دەبەستێتەوە.
تێچووەکانی هێزی بەرگری لە کاتی ئاشتیدا
یەکێک لە ئەرکەکانی دەوڵەت کە تەنانەت ئابووریناسە دژ بە دەوڵەتەکانیش کۆکن لە سەری بەرگریکردنە لە خاکی نیشتمان. بۆ ئەم مەبەستەش، وڵاتانی جیهان، گەورە و بچوک، تێچوونێکی داهاتی نەتەوەییان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکەن. لە زۆربەی وڵاتاندا، سوپایەکی هەمیشەیی راگیر دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی هەر شاڵاوێکی نەخوازراو بۆ سەر وڵات. بێگومان ئەم خۆئامادەکردنە رێگەی خۆش کردووە بۆ سەرهەڵدانی پیشەسازی جەنگ کە کەرتێکی گرنگی ئابووری زۆر وڵاتە و لە رووی دەسەڵاتی سیاسیشەوە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی زلهێزدا سەنگێکی قورسی هەیە.
تێچووی سوپایی بە پێی قەبارەو پێگەی وڵات لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا دەگۆڕدرێت. لە لایەکی دیکەوە، هەبوونی ململانێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جێگیرنەبوونی باری سیاسیی وڵات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی راگرتنی سوپا. بەڵام ئەو تێچووە مەرج نییە راستەوخۆ پەیوەست بێت بە ململانێی سنووری خاکەوە. زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە تێچووی سوپایان زۆرە، هیچ شەڕ و ئاژاوەیەکیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆیاندا نییە. خشتەی ژمارە یەک ئەوە پیشان دەدات کە وڵاتانی وەک (ئەمریکا، یەمەن، ئیماراتی عەرەبی و سەنگاپور) کێشەی ململانێی خاکیان لەگەڵ دراوسێکانیاندا نییە، بەڵام خەرجی سوپایان لە ریزی رێژە بەرزەکاندایە. خشتەکە لە هەمان کاتدا ئەوە نیشان دەدات کە کێشەی ئاڵۆز و پشێوی ناوخۆ بووەتە مایەی خەرجییەکی زۆر بۆ ئەو وڵاتانەی کە سەقامگیرییان بەدەست نەهێناوە. بۆ نموونە ئەفغانستان و باشووری سوودان و یەمەن کە سێ وڵاتی هەرە هەژاری جیهانن بەشێکی گەورەی داهاتی نەتەوەییان بۆ سوپا تەرخانکردووە.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا رێژەیەکی سەدی کۆی داهاتی گشتی (Gross Domestic Product) هەیە بۆ خەرجی سوپا لە کاتی ئاشتیدا کە ئابووریناسان لەسەری کۆک بن و بە رێژەیەکی تەندروست و پەسەندکراوی دابنێن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسان نییە و بەشێوەیەکی گشتی وەڵامێکی راست و رەوانی نییە، بەڵام زۆربەی ئابووریناسان پێیانوایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بەراوردێک بکرێت لە نێوان خەرجی سوپا و خەرجیيە گرنگەکانی دیکەی وڵات وەک پەروەردەو کەرتی تەندروستی. زۆربەشیان پێیانوایە کە نابێت خەرجی سوپا لەو خەرجیە گرنگانەی کۆمەڵگە بەرزتر بێت. بۆ نموونە گەر بڕوانینە خشتەی ژمارە دوو بۆمان دەردەکەوێت کە سەرەڕای گەشەنەکردنی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتانی عوممان و شانشینی سعودیە و باشووری سوودان و ئیماراتی عەرەبی رێژەیەکی زۆر کەمتر لە خەرجی سوپا بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان دەکەن. لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی گشتی، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی ئابووریدا، وڵاتانی گەشەنەکردوو رێژەیەکی کەمی داهاتی نەتەوەییان بۆ تەندروستی کۆمەڵگە تەرخان دەکەن.
ئابووری جەنگ
ئابووری جەنگ ئەو ئابووریەیە کە لە کاتی پێویستدا سەرچاوەکانی ئابووری و مرۆیی تەرخان بکرێت بۆ سەرکەوتنی جەنگ. لە راستیدا ئابوورییەک نییە بەتایبەت تەنیا بۆ جەنگ رێکخرابێت، چونکە جەنگ خۆی لە خۆیدا بە کردارێکی کاتیی هەژمار دەکرێت و هەر کاتێک مەبەستی خۆی بەدیهێنا، یا گەیشتە بنبەست ئەوە کۆتایی پێدێت. ئەو جەنگە درێژخایەنانەی کە پێنج ساڵ زیاتر دەخایەنن هێز و توانای ئابووری و کۆمەڵگە لاواز دەکەن و لە رێڕەوی سروشتی گەشەکردنی خۆی لادەدەن. زۆربەی زۆری جەنگە درێژخایەنەکان بە ماڵوێرانی و نەهامەتی و قاتوقڕی کۆتاییان پێ هاتووەو مرۆڤایەتی لێیان زەرەرمەند بووە. زۆرجاریش ئەو جەنگانە شارستانیەتی پێشکەوتوویان رووخاندوە و رێچکەی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیان دەیەها و سەدەها ساڵ بۆ دواوە بردووە. بۆ نموونە جەنگی عەرەبەکانی سەردەمی بڵاوەپێکردنی ئیسلام و لە دوای ساڵی 633ی زایينییەوە، جەنگاکانی مەنگۆلەکان (1206-1370)، جەنگەکانی ناپلیۆن پۆناپارت (1803-1815)، جەنگە جهانییەکانی یەکەم و دووەم و جەنگی عێراق و ئێران(1980-1988) لە ریزی ئەو جەنگە ماڵوێران و رووخێنەرانە هەژمار دەکرێن.
لە رووی ئابووریيەوە، جەنگ و تێچووەکانی بەرگری لە زۆر رووەوە زیانبەخشن. لە لایەکەوە کەرەسەکانی جەنگ تەنیا بۆ مەبەستی کوشتن و رووخاندن بەکار دەهێنرێن. واتە هیچ بەکاربردنێکی دیکەیان نییە بۆ هاووڵاتیان. لە لایەکی دیکەوە، ئەو هێزە مرۆییەی لەو کردارە کۆمەڵایەتیيەدا بەکار دەهێنرێت، بەرهەمی رەنجەشانی کەسەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەکار دەبەن. واتە لەلایەکەوە بەرهەم لە ناو دەبەن و، لەلایەکی دیکەوە بەرهەمەکانی کۆمەڵگە بەفیڕۆ دەدەن.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە گوایە مەبەستی ئەو هەموو خەرجکردنانە لە سەر سوپا و هێزی بەرگری هێنانەدی و جێگیرکردنی ئاشتيیە کە زۆر پێویستە بۆ گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی. لێرەدا زۆرجار ئەو پرسیارە دێتەکایەوە کە ئایا هەموو ئەو خەرجيیانە بۆ مەبەستی بەدیهێنانی ئاشتیيە، یا بیانووی دیکەی لە پشتەوە هەیە؟! لەمەڕ ئەم کێشەیەدا، نامەنتیقی بڕیاردەران و کارتێکەری کۆمپانیاکانی پیشەسازی چەک بووەتە جێگەی مشتومڕ لە نێوان لێکۆڵەرەکاندا. بۆ نموونە نەخشەی سەرەوە ئەوە پیشان دەدات کە تەنیا خەرجی سوپای دوو وڵات(ئەمریکا و چین) لە ساڵی 2013 نیوەی کۆی گشتی(1,747bn$) خەرجی هەموو جیهان بووە. ئەو دوو وڵاتەش لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا لە حاڵەتی جەنگدا نین.
بێگومان خەرجيی سەرەکيی جەنگ کاتێک دەست پێدەکات کە بە کردار وڵات دووچاری جەنگ دەبێتەوە، لەو کاتەدا ئەو دەزگایەی کە بۆ جەنگ ئامادە دەکرا لە کاتی ئاشتیدا دەکەوێتە کار، ئینجا ئایا ئەو جەنگە سەپێندراوە، یا وڵات دەستپێشخەری لە هەڵگیرسانیدا کردووە، لە سروشت و تێچووەکانی ناگۆڕێت؟
وڵات لە هەموو بارێکی جەنگیدا پێویستی بە سەرچاوەی ئابووری هەیە بۆ ئەوەی جەنگەکە یا بە مەرامی خۆی بگات، یا کۆتایی پێ بێت. قورسایی ئابووری جەنگ پەیوەستە بە درێژەی ماوەکەیەوە. هەتا زیاتر درێژە بخایەنێت، هێندە تێچووەکانی گرانتر دەبن و کارتێکەری ئابووری و کومەڵایەتيیان زیاتر و درێژخایەنتر دەبێت. زۆربەی جار زۆری پێناچێت کە وڵات یەدەگی دارایی و ئابووری خۆی لە بن دەهێنێت. بۆیە سیاسەتمەداران زۆر بە زوویی دەکەونە هەوڵی پەیداکردنی سەرچاوەی دارایی و ئابووری بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ و خۆلادان لە شکست. بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگەی ئابووری هەن کە زۆربەی وڵاتانی جیهان دووچاری گرتنەبەری بوون.
یەکەم، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دیکەی دەوڵەت و هاووڵاتیان و بەکارهێنانی ئەو پاشەکەوتکردنە بۆ بەرەکانی جەنگ. تەنانەت زۆرجار کە جەنگ درێژە بخایەنێت، وڵاتان ناچار دەبن، خواردن و خواردنەوەش سنووردار بکەن (Food rationing) کە لە کاتی جەنگەکانی جیهانی یەکەم و دووەمدا زۆر باو بووە. بۆیە برسێتی و قات و قڕی لە نەهامەتییەکانی جەنگی درێژخایەندا دیاردەیەکی ئاسایی بووە.
دووەم، دەوڵەت ناچار دەبێت بە دوای سەرچاوەی داهاتی دیکەدا بگەڕێت. بۆ نموونە بەرزکردنەوەی یا دروستکردنی باج و خەراجی نوێ و تەنانەت پەنابردنە بەر قەرزکردن لە دەرەوەی وڵات. بێگومان هەردوو جۆری کردار دەچنە چوارچێوەی کەمکردنەوەی بەکاربردنی هاووڵاتییانەوە؛ یەکەمیان کەمکردنەوەی بەکاربردنی هەنوکەییە و دووەمیان کەمکردنەوەی بەکاربردنی پاشەڕۆژە.
وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئابووری کاتی جەنگ پێویستی بەوەیە کەرتەکانی دیکەی ئابووری بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی سەرکەوتن لە جەنگدا بەکاربهێنرێن. بۆ نموونە پێویست دەکات پیشەسازییە مەدەنییەکان کەرەسەی جەنگ دروست بکەن، هێزی کار لەسەر کارەکانیان دەرکرێن و بۆ بەرەکانی جەنگ رەوانە بکرێن، سووتەمەنی و وزەی تایبەت بۆ جەنگ تەرخان بکرێ. لێرەشدا خەڵکێکی زۆری نیشتمان لەسەر کاری بەرهەمهێنانی خۆیان جێلەق دەکرێن و دەچنە بەرەکانی جەنگەوەو پێویستە بەردەوامییش بەم هێزە بدرێت. لە هەموو بارێکدا، ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگە و هاووڵاتیان بەرزدەبێتەوە، ئەمە جگە لە دەرئەنجامەکانی جەنگەکە خۆی کە زۆرجار دەبێتە مایەی رووخاندن و ماڵوێرانی کە ساڵانێکی درێژ و سەختیان دەوێت بۆ چاكکردنەوەیان لە پاش جەنگدا. ئەزموونی جەنگی جیهانی دووەم بەتایبەتی ئەوە دەخاتەڕوو کە زۆربەی پیشەسازییە مەدەنییەکانی وەک مارسیدس و فۆڵکس واگن و تۆیۆتا و هۆندە و ئەوانی تر لە کاتی جەنگدا کەرەسە و ماشینی جەنگیان بەرهەم دەهێنا.
کوردستان و جەنگێکی سەپێندراو
کوردستان جەنگێکی بەسەردا سەپێندراوە کە لە هیچ روویەکەوە ئامادەکاری بۆ نەبووە. سەرەڕای دابەشبوونی هێزی بەرگری (هێزی پێشمەرگە) بە سەر حزبە سیاسییەکاندا، کوردستان ماوەی هەشت مانگە هیچ بودجەیەکی لە حکومەتی ناوەندییەوە پێ نەگەیشتووە. لە لایەکی دیکەوە هێزی پێشمەرگە نەک هەر بێبەشکراوە لە چەک و تەقەمەنی، بەڵکو مووچەی ئاسایی رۆژانەشی وەک هێزێکی بەرگری عێراقی پێنەدراوە. واتە ئەم جەنگە لە کاتێکدا روویدا کە ئامادەکاری مرۆیی و دارایی لە خوارترین ئاستەکانیدا بوو.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەکایەوە کە ئایا حکومەتی کوردستان لە رووی ئابوورییەوە لە بارێکی ئاوا نالەباردا چی بکات باشە؟ لەوەڵامدا، ئەزموونی وڵاتانی دیکە کە بە جەنگدا تێپەڕ بوون، ئەوە نیشان دەدەن کە دەبێت حکومەت، کەم تا زۆر، هەڵبستێ بەم هەنگاوانەی خوارەوە:
1. کەمکردنەوەو عاقڵانەکردنی خەرجییەکانی دامودەزگاکانی خۆی و ئەو خەرجییانە بنەبڕ بکات کە کۆمەک بە هەڵمەتی جەنگ ناگەیەنن.
2. کەمکردنەوەو لابردنی پشتگیرییەکانی کەرتەکانی دیکەی ئابووری ئەگەر راستەوخۆ لە خزمەتی جەنگدا نەبن. وەک پاڵپشتییەکانی کەرتەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی و...تاد.
3. راگرتنی بەرنامەی تواناسازی و پشتگیریکردنی ناردنە دەرەوەی قوتابیان بۆ مەبەستی خوێندن.
4. لابردنی پشتگیرییەکانی وزەی بەکاربردن بەتایبەتی بەنزین و گازۆلین.
5. بەرزکردنەوەی باجی داهاتی تاکەکەس و کۆمپانیاکان و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سەرکەوتن لە جەنگدا.
6. بەرزکردنەوەی نرخی ئەو بەرهەمانەی کە حکومەت دەیانفرۆشێ وەک ئاو و وزەی کارەبا و...تاد.
لەو هەنگاوانەی سەرەوە کە دەستنیشانکران، دووانیان دەتوانن رۆڵی گرنگیان هەبێت لە چاکسازی حکومەت و داهاتەکانیدا کە پێویستیان بە شیکردنەوەو لێدوانی تایبەت هەیە. ئەو دوو لایەنەش سیاسەتی بە عاقڵانەکردنی خەرجییەکانی حکومەت (خاڵی یەک) و دامەزراندنی سیستەمی باجی داهاتە (خاڵی دوو).
بە کورتی، سیاسەتی خەرجی حکومەتی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەردوو رووی خەرج و داهاتەوە زۆر نابەجێ و ناهاوچەرخانە بووە. لەلایەک دامودەزگاکانی حکومەت بەکارهێنراون بۆ دامەزراندن و شاردنەوەی بێکاری بە رادەیەک وایکردووە زیاتر لە 70 %ى بودجەی حکومەت بەکاربهێنرێت بۆ مووچە و کۆمەکی کۆمەڵایەتی، ئەمەش کردارێکی بێ وێنەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا. خشتەی ژمارە سێ هەموو ئەو وڵاتانەی جیهان نیشان دەدات کە خەرجی حکومەت تێیاندا لە 40%ی کۆی داهاتی نەتەوەیی تێپەڕ دەکات. ئەو ئامارە ئەوە نیشاندەدات کە لە جیهاندا تەنیا دوو وڵات خەرجیان لە 50%ی کۆی داهاتی نەتەوەیی تێپەڕ دەکات، خەرجی حکومەت لە هیچ وڵاتێکدا ناگاتە ریژەی خەرجی حکومەتی کوردستان. بۆیە پێویست دەکات شێوەی خەرجکردنی بودجەی ئێستای حکومەتی کوردستان بە شێوەیەکی نائاسایی لە قەڵەم بدرێت کە لە شێوازی حوکمڕانی لە جیهاندا وێنەی نییە.
لە لایەکی دیکەوە سیستەمی باجی داهات پشتگوێ خراوەو حکومەت تەنیا پشت دەبەستێت بە داهاتی نەوت کە بڕەکەی لە حکومەتی ناوەندەوە دێتە کوردستان. کاردانەوە ناحەزەکانی یەکەم ئەوەیە کە کەلتووری دامەزراندن زۆربەی هێزی کاری کردووە بە مشەخۆری دەوڵەت و هەموو کەس چاویان بڕیوەتە حکومەت بۆ دامەزراندن، کار دروستکردن و کار دۆزینەوە وەک کردارێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا ون بووە. لایەنێکی ناحەزی دیکەی ئەو سیاسەتە دابڕینی خوێندن و پەروەردەیە لە دروستکرن و ئامادەکردنی هێزی کاری کارامە کە بەکەڵکی کاری راستەقینە بێت. لێرەدا بڕوانامە جێگەی فێربوون و لێزانینی کارامەی گرتووەتەوە و مەبەستی پەروەردەو خوێندنی باڵا شێوێندراوە. لە رووی کۆمەڵگەوە، زۆربەی زۆری هێزی کار لە دەرەوەی کەرتی گشتی بەرهەمهێنەر نین و بەها -بە واتا ئابورییەکەی - دروست ناکەن کە حکومەت کەڵکیان لێ وەربگرێت و لە رووی باجەوە سوودیان بۆ کەرتی گشتی هەبێت، بەڵکو باشترین و گورج و گۆڵترین توێژی هێزی کار لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا گیردراون و سیستەمی باج لێیان بێبەشە.
دەرئەنجامی نەبوونی سیستەمی باج لە رووی ئابوورییەوە بووەتە مایەی درووستکردنی حکومەتی کرێ وەرگر (Rentier State) و لەپڕدا دروستبوونی توێژێکی دەوڵەمەندی بێ کەلتوور. لەکاتی تەنگانەشدا وەک ئێستای کوردستان، حکومەت دەستەوەستان ماوەو ناتوانێت بە بێ داهاتی نەوت خەرجییە بنەڕەتییەکانی حکومەت دابین بکات. لە رووی سیاسیشەوە نەبوونی سیستەمی باجی داهات، پرۆسەی دیموکراسی ئیفلیج کردووە کە ئێرە جێگەی شیکرنەوەی نییە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە دووبارە بکەینەوە کە حکومەتی هاوچەرخ پێویستی بە داهاتی فرەسەرچاوەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جەنگ و مەترسییە ستراتیژییەکانی لە سەر بوونی نەتەوە. گرنگترین سەرچاوەی حکومەتیش باجی داهاتە. بۆیە دەبێت حکومەتی کوردستان سیستەمێکی باجی پێشکەوتووانە دابمەزرێنێت و هەوڵبدات لە پشتبەستن لە داهاتی تاکە کەرت خۆی لابدات. لە لایەکی دیکەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی راپەڕێنێت، پێویستە خەرجەکانی خۆی عاقڵانە بکاتەوەو کەلتووری دامەزراندن بگۆڕێت بە کەلتووری کاردروستکردن و جێگە دۆزینەوە بۆ وزەی داهێنانی هێزی کاری کوردستان.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکرێت، کە زۆر جێگەی سەرسوڕمانە کە هەندێ سیاسەتمەداران و ئەندامانی پەرلەمان لە کاتێکی ئاوا تەنگانەدا داوای نزمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و بەرزکردنەوەی کۆمەکی حکومەت دەکەن بۆ بەکاربردنی وزەی هاووڵاتییانی ئاسایی تا ئەو رادەیەی خەڵکان بۆ مەبەستی سیاسی بهێننە سەر جادە و هانی مانگرتنیان بدەن. ئەو شیکردنەوە کورتەی ئەم وتارە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو هەوڵانە جگە لە ساویلکەیەتی سیاسی و زانستی ئابووری ئەوە دەخەنەڕوو کە بەداخەوە ئەو کەسانە لە ئاستی بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم قۆناغەی کوردستاندا نین.
Top