بۆ مانەوەی کوردستان پێویستمان بە ڕوانگەیەکی ستراتیژیی نوێ هەیە
September 4, 2014
وتار و بیروڕا
هێرشی دەوڵەتی خەلافەت(داعش)، بۆ سەر کوردستان، تەنیا شەڕێکی قورس نییە لە بەرپەرچدانەوەی دوژمنانی خۆی تا بخرێتە ناو مێژووی زنجیرە بەرەنگارییەکانی. پێویستە چاومان بکەینەوە و مێشکمان بەکار بێخین تا تێی بگەین؛ ئەو بەڵایە - دوای بەڵای ئەنفال - بۆ ڕووی لە ئێمە کردەوە؟! ئایا هەڵەی خۆمانی تێدایە؟ ئەرێ سیاسەتی هەرێمایەتی حکوومەتی کوردستان، ڕێخۆشکەری ئەو هێرشە ئەنفالییەی ئەمساڵ بوو؟
ئەگەر ڕێگە بە خۆمان بدەین، جارێکی دیکە بە ستراتیژیی پاراستنماندا بچینەوە، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی سەرلەنوێ، بۆ پەیوەندی و بەرژەوەندی، تاکە میللەتی دراوسێی(عێراق) باشووری کوردستان بکەین. ئێمە لەم پارچەیەی کوردستاندا، تەنیا دراوسێی عێراقی عەرەبین. لە سێ لای دیکەوە، سێ پارچەی کوردستان، لە تەنیشتمانن. درێژبوونەوە و قووڵایی نەتەوەیی- کولتووری، رۆڵێکی چارەنووسسازی لە پەیوەندی و پاراستنی میللەتاندا هەیە. کوردستانی باشوور، جیرانی کولتوورێکی خاوەن مێژووی هەزار و پێنج سەد ساڵەیە لە جیهانگیریی و دروستکردنی دین و سەپاندنی داب و نەریت و ڕوانگەی خۆی، بەسەر هەموو جیهاندا، لە تواندنەوە و لەناو بردنی پێکهاتەکانی نزیکی، دەستێکی باڵای هەیە، ئەویش کولتووری عەرەبی- بەدەوی- ئیسلامییە.
فتوحاتی عەرەبی -بەدەوی، هەڵگری ئايینی ئیسلام بووە، بەڵام لە کردەوە داگیرکردن و تواندنەوەی میللەتان و فەرهەنگەکەیان ئامانج بوو. لەو کاتەدا، جیا لە دوورگەی عەرەب، هیچ وڵاتێکی دیکە، عەرەب و بەدەوی لێ نەبووە. لەگەڵ فتوحاتدا، عێراقی ئێستا، میسر، شام، بەری باکووری ئەفریقا، لە میللەت و فەرهەنگی بەدودا توێندرانەوە. دوایی هێدی هێدی، هۆزەکانی بەدو خشان و ناوچەکانیان داگیرکردن. لە ئەنجامدا، کولتووری بەدویان بەسەر ناوچەکەدا سەپاند، ئەو ڕەفتارە، بووەتە ڕوانگەیان بۆ ژیان (د.عەلی وەردی).
دینی ئیسلام، لە ناوەڕۆکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییانەیدا، کاتێک عەرەبی بەدو هەڵگری ئاڵاکەی بوو، ئایدیۆلۆژیای پەرەسەندن و داگیرکاری ئەوان بووە. هەر بۆیەش لە لێکدانەوە و پەرەپێدانیدا، دەگەڕێنەوە بۆ سەلەفەکانی سەرەتا کە لە ژیان و باوەڕەکانیاندا، بەدەوی بوون. هەڵبەت ئەو سەلەفانە ڕوانگەو نەریتێکیان لێنەدەکەوتەوە، جیا لە داب و نەریتی بەدەوی، لێ هەرکاتێک دینی ئیسلام، بە دەستی غەیری عەرەب پەرەی پێدرابێت(فتوحاتی ناعەرەبییانە)، ئەوە ناوەڕۆکی ڕوانگە دینییەکە وەرگیراوەو لەگەڵ کولتووری خۆجێیی هەر میللەتێک گونجێندراوە. وەک دیارە فتوحاتی ئیسلام، بەدەستی ئێرانییەکان، لە مۆرکی بەدەوییەت دوور خرایەوە و شەقڵێکی ئێرانی وەرگرت. لەوێ بەملاوە، هەر میللەتێک دەبووە موسوڵمان، تەعریب نەدەکراو دەمایەوە. بەشێک لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئاسیای ناوەڕاست، نیشاندەری ئەم ڕاستیيەن. هەروەها کاتێک تورکە عوسمانییەکان، بوونە ئاڵاهەڵگری پەرەپێدانی دینی ئیسلام، لەوێشدا بەدەوییەت و تواندنەوە وەستێندرا، هەر بۆیە وەک ئیسلامی ئێرانی، ئەوە ئیسلامی ڕۆمیش مۆرکی ناوچە فراوانەکەی خۆی پێوەیە.
مەزهەبی جەعفەری، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ئێرانییە، هەروەک مەزهەبی حەنەفی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی (ڕۆمی- عوسمانی)یە. لەو دوو جۆرە ئیسلامەدا، نە تواندنەوە هەبووە و نە ئەنفالکردنی میللەتان. لێرەدا مەبەستم کەمکردنەوە لە سەرسەختی و زبری فتوحات بەرامبەر بە ئەوروپاییەکان نییە، ناشمەوێ لەم باسەدا بچمە سەر ئەوێ.
دراوسێیەتی باشووری کوردستان، لەگەڵ کولتووری بەدەویی- عەرەبی، بۆ ئێمە هەڵگری هەڕەشەیەکی بەردەوامی مان و نەمان بووە. فتوحاتی بەدەوی - ئیسلامی لە سەدەی یەکەمی هیجریدا، ڕەقی و ئیبادەکردنێکی زۆری بۆ ناوچەی کوردستان تێدا بوو. داستانەکانی ئەوکات و شوێنەوارەکانی(قەبرستانەکان)، لە زاکیرەی کوردستاندا ماوەتەوە. لەوانەیە جوگرافیای کوردستان، هۆکاری هەرە سەرەکی مانەوەی میللەت و کولتووری کورد بێت. دیارە ئێمە دواسنووری تەعریبی بەدەوین. هەر بۆیە مانەوەمان بووەتە گرێیەکی کۆڵ بۆ ناوەندە دینییە بەدەوییە عەرەبەکان، پرسیاری مێژووییان ئەوەیە: کورد بۆچی لەم بنەوپاڵەیان ماوەتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەیان، کەنگین بۆیان لوابێت، هێڕشیان کردوەتە سەرمان و هەوڵی لەناوبردنمانیان داوە. بەدەوییەتی عەرەبی، جوو و سریان و کلدان و ئاشووری و فەنیقی و قبتییان، تا سەر لێواری نەمان پاڵ پێوەنان. ئێستاش بەردەوام شەڕی پاشماوەکانیان دەکەن.
دینی ئیسلام لە کوردستاندا، لەگەڵ مۆرک و تایبەتمەندییەکانی ژیان و مێژووی کۆمەڵایەتییەکەی گونجاوە. ئەگەر سەلەفییەت، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی عەرەبی- بەدەوییە، مەزهەبی جەعفەری ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ئێرانیە، حەنەفییەت ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ڕۆمییە، ئەوە دیارە تەسەوف ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی کوردستانی بووە. هەر بۆیە ڕوانگەی دینی لە کولتووری کوردستاندا، هێمن و لێبوردە و بە تەساموحە. ئیسلامی کوردستانی، دین و پێکهاتەکانی دیکە ناسڕێتەوە. بەڵکو دانوستاندنیشیان لەگەڵ دەکات و لەم ڕۆژگارەدا بەرەو بەرابەری ماف و عەقیدەکان دەچێت. ئەو هۆکارەیە نایەڵێت توندڕۆیی سەلەفییانە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا پەرەبستێنێت. هێمنيی کۆمەڵگەی کوردستان، لەڕووی دینی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە. لەوەڕایە دینی میللەتی ئێمە لە موسڵمان(سوننە و شیعە)، ئێزیدی، کاکەیی، مەسیحی (جاران جوو - کە عێراق قڕ و ئاوارەی کردن) پێکدێت. زەروورەتی ژیان و مانەوەمان، وادەخوازێت سەرچاوەکانی باوەڕە کۆمەڵایەتییەکانمان، سەرلەنوێ تاریف بکەینەوە و ناسنامەی میللەتەکەمانی پێی پتەوتر بکەین. لەوەوە تێبگەین کە هیچ کاتێک لە هەڕەشەی ئایدیۆلۆژیای بەدوی عەرەبی غافڵ نەبین، پێویستییەکانی خۆپاراستنمان دەستەبەر بکەین و کۆمەڵگەکەمانی پێ تەییار بکەین. لەو ڕووەوە هەر بیانوویەک بۆ مانەوەی کورد لەگەڵ عێراق، ئەوە هێشتنەوەی شمشێری ئەنفالە لەسەری ملی میللەتی کوردستان. کورد کاتێک لە ئەماندا دەبێت کە سەربەخۆیی هەبێت و سیستەمی ژیانی خۆی، بەپێی سروشتی کۆمەڵگەکەی، دابمەزرێنێت.
زۆر لایەن و کەس، هەڕەشەی داعش بۆ سیاسەتی حکومەتی کوردستان دەگێڕنەوە، من پێموایە سیاسەتەکە لەگەڵ دوور ڕاگرتنی کوردستان لە جەنگ، دەگونجا. ڕاستییەکەی لەو هەڕەشە کولتووری- نەتەوەییە بەدەویەدایە کە باسم کرد.
حکومەتی کوردستان، دەبێ زیاتر لە پێشوو، تاو بە پڕۆسەی سەربەخۆیی بدات و ئەم تەجرەبە تاڵەمان بکاتە بەڵگەیەکی واقیعی بۆ جیابوونەوەی خێرامان لە عێراق. پێویستە هەوڵبدەین، سەربەخۆیی وەک پڕۆژەی ڕزگاری و مانەوەمان، پەسەند و تێگەیشتنی گشتی وەربگرێت و بکریتە خواستی هەنووکەیی هەموو کوردستان. با تێر موناقەشەی پڕۆژەی سەربەخۆیی بکەین و بە دەنگی بەرز بیروڕا بگۆڕینەوە، تا هیچ گرێیەکی شەخسی و حزبی و ناوچەییمان نەمێنێت. پێویستە ڕوانگەی نوێ بۆ مانەوەمان، لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر بکرێ و نەوەکانی داهاتومانی پێ گۆش بکرێت، بۆ؟ چونکە هەڕەشە بەردەوامە.
هەموو ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی سیاسی کوردستان، با دەرفەتیان پێ بدرێت ڕوانگەی خۆیان بڵێن تا لە ئەنجامدا، فکری هەمووان بخەینە سەر خەرمانی نیشتمانی و مانەوەمان بخەینە سەرووی ئایدیۆلۆژیا و حزبایەتی. حزبایەتی پێویستە بەڵام بە مەرجێک لە سەروەری نیشتمان نەخوات. بە پێچەوانەوە پێی پابەند بێت.
بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی دیموکراسی، کرانەوەی کۆمەڵایەتی، پاک و جوانکردنی سیستەمی حاکمڕانی، ئەو پێویستییە بەپەلانەن کە توانایی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ کار و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان، زیاتر دەکات. داخرانی کۆمەڵایەتی، حزبایەتی بەرتەسک و پاوانکار، بڕوانەبوون بە بەرابەری و توانایی پێکهاتە دینی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان، تاقەتی میللەتەکەمانی پڕووکاندوە. لە پێناوی مانەوەمان و ڕێگرتن لە ئەنفال، دەبێ هەرچی پێشکەوتنە قبووڵی بکەین. ئەوەش بکەینە هەڵمەتێکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی تا هیچ کەس و تایەفە و حزبێکی کوردستانی نەتوانێت ڕێگەمان پێ ببڕێت. تەجرەبە نیشانیداین، بوونمان لەوەدایە، خۆمان لە ئەخلاق و ڕوانگەی سەلەفییەتی بەدەوی دوور بگرین. بۆ ئەوەش دەبێ میللەتێکی پێشکەوتوو بین. میللەتێک دەتوانێ بمێنێت کە توانای پێشکەوتن لە خۆیدا دروست بکات.
لە لێقەومانەکانماندا، هیچ وڵاتێکی ئیسلامی بەهانامانەوە نەهاتوون. ئەوە جیهانی پێشکەوتووی دەرەوەی جیهانی ئیسلامییە، هاوکاریمان دەکەن تا بمێنین. بۆ؟ چونکە کۆمەڵگەی کوردستان ئاوها دەبینن کە من باسم کرد. کوردستان وەک میللەتێک دەبینن کە ڕێزی یەکدی دەگرن و یەکدی قبووڵ دەکەن، لە دیموکراسی و پێشکەوتن ناترسن. پێویستە ئەو متمانە جیهانییە بپارێزین و پتەوتری بکەین. کوردستانێکی پێشکەوتووی چاکسازی کراو، دەتوانێ ئەو متمانەیە بپارێزێت.
ئەو ڕوانگەیەی من باسی دەکەم، لە عەرەبمان جیادەکاتەوە، بەڵام نابێ ڕێگە بدەین هیچ بیروڕا و ئایدیۆلۆژیایەک، دژی عەرەب و ئیسلام لە ناوماندا پەرەبستێنێت. خۆ جیاکردنەوە و خۆپاراستن بە نەژادپەرستی و کڕهاندنی نەتەوەیەکی دیکە ناکرێت.
ڕوانگەی کولتووری، دینی، فرەیی کراوە، لەگەڵ سروشتی کوردستان دەگونجێت. سیستەمی حوکمڕانیمان چاکسازییەکی زۆری پێویستە. لەوکاتدایە دەتوانین سیستەمێکی دیفاعی متمانەپێکراو بنیاد بنێین. پێویستە سوپایەکی نیشتمانی خاوەن باوەڕی پتەو و واقیعیمان هەبێت. ئەو سوپایە هاوچەرخ بێت و لە ڕووی تەکنۆلۆجیای چەک و مەشق نوێ بێت. لاگیری بۆ وڵاتەکەی بێت نەک بۆ حزب. حزب ناتوانێ جێگای وڵات بگرێتەوە. سوپا ئەگەر نیشتمانی نەبوو، خۆی پێناگیرێت و شکست دێنێت، جیهانیش هاوکاری ناکات. بۆیە کوردستان دەبێ ئەو قۆناغەش تێپەڕێنێت و سوپایەکی نیشتمانی(پێشمەرگە) دامەزرێنێت.
لەلایەکی دیکە، پێویستە لە سیستەمی پەروەردە، لە دەزگاکانی هاوپەیوەند، هاووڵاتییان ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئەنفال بکرێن. تا میللەت لە پاڵ سوپادا بەرەنگاریی بکات و دامودەزگاکانی وڵات بپارێزێت و بیر لە کۆڕەو و بەجێهێشتنی زێدی خۆی نەکاتەوە. پێویستە ئەو باوەڕە لەلای هاووڵاتییان دروست بکرێ کە دەتوانێت مقاوەمەت بکات، گیان و سامانی هاووڵاتییانیشی بپارێزێت. لەوەشدا تەجرەبەی میللەتانی دیکە، بەتایبەتی تەجرەبەی خۆپاراستنی ئیسڕائیل، دیراسە بکەین و لێیان فێر بین. پێویستە لە جیهانی ئازاد فێری ئازادی و خۆپاراستن بین. جا ئەوە لە هەر کوێیەک بێت.