دەسەڵاتی نووسەر لە هێزی دەقدایە
January 28, 2014
وتار و بیروڕا
مەسعود محەمەد
”نووسەر، نووسین و ئازادی“
سەرۆ قادر
نووسین چییە؟ نووسەر بۆچی دەنووسێت؟ بیركردنەوە لە دەوروبەری ئەم پرسیارە، وام لێدەكات زۆر بە وردی هەڵوەستە بكەم، تا بتوانم ئەوەی هەستی پێدەكەم، لەسەر پێویستێتی نووسین، دەری ببڕم. لێرەدا دەگەڕێمەوە لای مێژوو، بۆ سەرەتاكانی دروست بوونی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ئەو كاتەی مرۆڤ، لە قۆناغێکی دوور و درێژی ئاژەڵئاسا دەژیا و هیچ ئەسەرێكی لەدوای خۆی بەجێ نەدەهێشت، ئێمەش هیچی لێنازانین. تەنیا ئەو بەشە لە زانستی شوێنەوارناسیمان لەبەر دەستە، كە ئێسك و پروسكی پاشماوەی مرۆڤ وەك گیاندارێك بە دەست دەهێنێ و لێی دەكۆڵێتەوە. لەوێوە ڕێڕەوی ئەو قۆناغە دوور و درێژەمان پێدەناسێنێت. ئەوەش مێژوو نییە، چونکە هیچی لێنازانین.
مرۆڤ لە سەرەتای مێژوودا، کە قسەی بەکارهێنا و توانایی بیركردنەوەی پەیدا کرد، پێوەندی و پێویستی مرۆڤ بۆ ژیان، لە سەرەتاییترین قۆناغی خۆیدا بوو. زانایی هێندە كەم بوو، لەخاڵی سفرەوە دەستی پێدەكرد. بۆیە لە زانینی(مەعریفەت) مرۆڤایەتیدا، جەهل و خوڕافات و لێكدانەوەی ئەفسانەیی و سیحراوی، هەموو پانتایی مێشكی داگرتبوو. زمان سادە بوو، بیركردنەوە لەو سادەتر، هەر بۆیە پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤەكان، سادە بوو و لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا كۆتایی دەهات. هەموو ئەو پەیام و زانیارییەی دەبووا بۆ یەكتری بگوازنەوە، لە رێگەی قسەو لەبەركردن و سینگاوسینگ، لە وەچەیەكەوە بۆ وەچەیەكی دیکە دەچوو. لەو قۆناغەدا هیچ زەرورەتێك پاڵی بە مرۆڤ نەدەنا، تا بیر لە قسەی نووسراو ”وشە“، بكاتەوەو لە جیاتی ئاماژە و ئیشارەت، خەت بۆ دەربڕین دابنێت. هەر لەبەر ئەوەیشە، لەو قۆناغدا خورافات و ئەفسانە و سیحر، بەسەر مێشكی مرۆڤەكاندا زاڵ بوون. نووسین هیچ پێویست نەبوو، بۆیە مرۆڤ هەرگیز بیری لێ نەكردۆتەوە.
لە پەرێزی پەیدا بوونی مرۆڤدا، قۆناغێكی دوور و درێژمان، لە پەیدابوونی ئایینە كۆنەكان هەیە، کە نووسینیان تێدا بەكار نەدەهات. پاشماوەی ئەو ئایینە سادانە، تا ئێستاش ماوەتەوە. ژمارەیەك ئایین لە جیهاندا هەن- لە كوردستانیشدا نموونەی لەو بابەتەمان هەیە - كە پێیانوایە پێویستیان بە نووسین نییە و دەقە پیرۆزەكانیان بە لەبەركردنی سنگەوە بۆ سنگ، دەگوازنەوە.
خەت، بە پێشكەوتنی مرۆڤایەتی، دروست بوو. داهاتنی خەت، لەژیانی مرۆڤدا، واتای گۆڕان و وەرچەرخانێكی زۆر نەوعی بوو. لەو قۆناغەدا، مرۆڤ دەتوانێت بیركردنەوە و تەجرەبەكانی خۆی، لەسەر پانتاییەكی دیاریكراودا هەڵكەنێت یان بنووسێت و بۆ نەوەكانی دوای خۆی بەجێی بهێڵێ، بێ ئەوەی دەستكاری بكرێت. لەو قۆناغەدا، مرۆڤ توانای بیركردنەوەی فراوانی پەیدا کرد، توانی دەقی پێش خۆی بپارێزێ و لەسەری كار بكات و وەك خۆی وەریبگرێت و بكەوێتە ژێر كاریگەریشی. هەڵبەت لە هەندێك حاڵەتیشدا بیپەرستێ و بیكاتە بنەما و ملکەچی بێت. دەق مرۆڤ هاندەدات تا هەنگاوێك لەسەرەوەی ئەویش، بیر بكاتەوە. بەم شێوەیە مێژووی نووسین(دەق) لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، دەستی پێكردووە.
بیركردنەوەی مرۆڤ بە شێوەیەكی قووڵ، لە قۆناغی نووسیندا، دەست پێدەكات. بیركردنەوەی قووڵ، ئەو قۆناغەیە كە مرۆڤایەتی لە هەرە سادەیی پڕ لە خوڕافات، دەرباز دەبێت و پشت بە تەجرەبە و لێهەڵهێنجان و تێگەیشتنی خۆی و جیهانی دەوروبەری، دەبەستێت. قۆناغی سەرەتای زانست، لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، ئاوها دەست پێدەكات. نووسین توانایی بە مرۆڤ بەخشی، تا هەموو بەرهەم و بیركردنەوەی قووڵ و ئەزموونەكانی ژیانی و ڕوانگەکانی، بیانپارێزێ و لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ ئەویتر بیگوازێتەوە. مرۆڤ سەرەنجام توانی، لە سەرانسەری جیهاندا، تێكەڵ یەكتر ببێ و لەرێگەی دەق(نووسراو)ەوە یەكتریی بخەنە ژێر كاریگەریی. پاشەكەوت كردنی زانست و داهێنانی مرۆڤایەتی، بە دەستی نوخبەیەكی دیاریكراو تۆمار دەکرێت و هەڵدەهێنجرێت و دادەهێندرێت، كە پێی دەگوترێت ”نووسەر“. نووسەران زەڕوڕەتی كۆمەڵگاكان و مێژووی مرۆڤایەتی دروستی كردوون. ئەوە تواناو تەجرەبە و پەروەردەی كۆمەڵگایە، كە خۆی لە توانایی فەردیی، هەندێك لە ئەندامەكانی، دەردەخات.
هەڵبەت، نامەوێت بەشێوەیەكی میكانیكی، بیربكەمەوە و هیچ ئیرادەیەك بۆ نووسەر نەهێڵمەوە، بەڵام هیچ نووسەرێك تەنیا لە زاتی خۆیەوە بیرناكاتەوە. بەشێوەیەكی موجەڕەد تێنافكرێ و دوایی بە شێوەیەكی مەندەراوەردی، دەست بە نووسین ناکات، تا دواتر بەسەر مێشكی كۆمەڵگەكەیدا بیسەپێنێ. بەڵكو ئەوە پەروەردە و خەزێنی مەعریفی و مێژوویی و زەڕوڕەتی ژیانی كۆمەڵگەكەیە دەگوازرێتەوە و لە كەسانی خوێندەواردا، وەك بەشێك لە كۆمەڵگە و پێداویستی ژیان، دەردەکەوێت. خوێندەوارانی داهێنەر، بۆ کارلێک و نووسین، بیركردنەوە، تۆماركردن، داهێنان دەبێتە پیشەیان. حەدس(هەست پێكردن) و فكر بۆ هاتن، خەیاڵ لێهاڵانی هەر نووسەرێك، لەو كەشە كۆمەڵایەتییە- فكرییەوە دێت كە تێیدا دەژیت. هەست پێكردنی نووسەر(حەدس)، کردەوەیەکی ئاڵۆزە. بەكارهێنانی قسە و نووسینەوە و مانا بەخشین بە وشە، رێگەی بە مرۆڤ داوە، تا هێندە مانا لە وشە بار بكات كە هیچ شێوازێکی قسە کردن، بارتەقای نەهێت. هەر بۆیە، دەقی نووسراوی بەردەستی مرۆڤ، زۆر دەوڵەمەندتر و پڕ ماناترە لەو قسانەی ڕۆژانە دەیكات. هیچ نووسەرێك ناتوانێت بەقسە و ئاماژە، ئەوەی نووسیویەتی دەرببڕێت. هیچ كارێكی مەعریفییانەی دیکەش، شوێنی خوێندنەوەی دەق، ناگرێتەوە.
دەق، وشەی دەوڵەمەند و چەمك و چەمكی پێكەوە بەستراوە، لە توێی زماندا، مانایەكی زۆر لەخۆیاندا كۆدەكەنەوە، تەجرەبەیەكی زۆر خەزن دەكەن و كەناڵێكی فراوانن، بۆ گەیاندنی زانیاری و زانین، لەجیلێكەوە بۆ ئەویتر. دەق لە خۆیدا ئەم هەموو وردەكاری و ئاڵۆزی و تەجرەبەی مێژوویی و داهێنانی فەردیی نووسەر، هەڵدەگرێت. بەم شێوەیە؛ دەق كە دەكاتە بەرهەمی نووسەر، ئەگەر بەهای مانەوەی هەبێت، جاویدانی و هەرمان (خلود)ی بۆ دابین دەكات.
نووسەر هەیە، دەقێكی دیاریكراو دەنووسێت، بەڵام لە ژیانی خۆیدا، هەست بە گرنگی و رۆڵی كاریگەرییانەی ناكات. کەچی لە دوای ژیانی ئەو، كاریگەرییەکە دەركەوێت و كۆمەڵگە وەک بەشێك لە بەرهەم و پێویستییەکانی خۆی، وەریدەگرێت.
ئاوهایە، نووسەر بەكردەوەی داهێنەرانەی خۆی، كار دەكاتە سەر كۆمەڵگه، چونكە ئەوە زانین و زانست و مەعریفەتە كە هەموو ئەزموونی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لە وەچەیەكەوە بۆ وەچەیەكی تر، دەگوازێتەوە. ئەو نوخبەیەی باری گواستنەوەی لە دەست دایە، نووسەرانن. ئەو بارە مەعریفییە لە توێی دەقی نووسراوی نووسەراندا دەگوازرێتەوە. كەواتە هەر دەقێكی نووسراو، بریتییە لە بەكارهێنان و دەکارخستنی وزەیەكی بەهێز و کاریگەر، كە لەلایەن كۆمەڵگەوە وەردەگیرێت و كاردەكاتە سەر كەسەكانی. نووسەر كەسێكی بەهێزە و لەرێگەی دەقی نووسراوەوە، ئەو هێزە بەسەر كۆمەڵگەدا بەكاردێنێ و ناچاری دەكات، بەو شێوەیە بیر بكاتەوە كە ئەو هەڵێهێنجاوە و دایهێناوە. نووسەران، ژیانی كۆمەڵگەكان دەنووسنەوە؛ دایدەهێنن و رێكی دەخەن و ڕەخنەی لێدەگرن و دوایی دایدەڕێژنەوە.
دەق لە ڕێی كارتێکردن و بەكارهێنانی هێزەوه، كەسەكان و دواجار كۆمەڵگه، دەخاتە ژێر كاریگەریی خۆی و دەبێتە كەناڵێكی بەهێزی دەکارخستنی دەسەڵاتێكی نادیار. هەڵبەت خاوەن دەسەڵات، نووسەرە. هەر بۆیە، هیچ نووسەرێك لە كۆمەڵگەدا، بێلایەن و بێ ئەرك و بێ دەسەڵات نییە. نووسەر لەڕێی داهێنان و بڵاوکردنەوە لە شوێنی گونجاودا، لە ناو تۆڕ و ستراکتۆری زانست و زانین، كە ئەندامانی كۆمەڵگە لێی بەهرەمەند دەبن، دەچێتە ناوەڕۆك و لەرێگهی دەقی نووسراوی خۆی، ئەو كاریگەریەی هەیەتی، دەیخاتە سەر كۆمەڵگه. كەواتە نووسەری داهێنەر، شوێنی گونجاوی خۆی و كۆدی لەباری بۆ كردنەوەی دەرگاكان، لە تۆڕی ناو شعوری كۆمەڵگەدا دەدۆزێتەوە و وەك كاراكتەرێكی بەهێز، كاردەكاتە سەریان. نووسەر دەتوانێت لەرێگەی ئەو هێزەی لە دەستی دایە، باوەڕەكانی كۆمەڵگە بخاتە ژێر فشار و باوەڕی نوێیان بۆ دروست بكات. هەروەها داب و نەریت و هەڵسوكەوتی بخاتە ژێر ڕەخنەوە و بەدیل بۆ دەستكاری كردنیان، بخاتە روو. نووسەر دەتوانێت، سیستەمی پەروەردە بەكار بهێنێ و بیگۆڕێت. نووسەرانن جیا لە پێکهاتەکانی دیکە، لەرێی تۆری زانیاری كۆمەڵایەتییەوە، مێشكی ئەندامانی كۆمەڵگه، بە بەرهەمەكانی خۆیان، پڕدەكەن.
لەڕاستیدا، نووسەر دەست دەخاتە ناو پێوەندییەكانی كۆمەڵایەتی و بیركردنەوەی كەسیی، پەروەردەی خودیی تاک، هەڵسوكەوت و ڕوانگە و ڕۆڵی مرۆڤ لەكۆمەڵگەدا. ئامانجیشی سەرلەنوێی داڕژتنەوەیە. مەبەستم نووسەرانی فەلسەفە، زانست، دین، ئەدەب، هونەری و هەموو چەشنەكانی دیکەیە، كە من لەچەمكی نووسەردا، كۆیان دەكەمەوە. نووسەر دەسەڵاتدارێكی خاوەن ئامانج و بزۆزە، رێگە بەخۆی دەدات، بەبێ ئیزن زانیاریی ببەخشێ، بەبێ مامەڵە، تاک لایەنە، ڕەخنە دەگرێت، بەبێ ئەوەی كۆمەڵگە داوای لێ كردبێت، دەیخاتە ژێر فشار.
نووسەر، بە ماف و ئەركی خۆی دەزانێ، ئەوەی هەستی پێدەکات، بینووسێت. ئەوەی دەینووسێت بەشێوازی تایبەتی خۆی، ڕووی خیتابی دەكاتە كۆمەڵگه. نووسەر ناهێڵێت ”ئەویتر“، كە بۆیان دەنووسێت، بەئارەزووی خۆی، وەك ئەوەی لەمێژوودا بۆی ماوەتەوە، بیر بكاتەوەو رەفتار بكات. زانیاری نوێ دەداتە ئەویتر و ناچاری دەكات كە بەشێوەیەكی نوێتر، بیر بكاتەوە. پێوەندییەكان دەخاتە ژێر فشارو بە رەخنەگرتن ڕێگە نیشان دەدات و ناچاریان دەكات بگۆڕدرێن.
خەزێنی(عەمباری) زانینی مرۆڤایەتی، كاری نوخبەیەكی بچووكی ئەندامانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، كە ئەویش نووسەرانن. لێرەوە هێزو توانایی و دەسەڵاتی نووسەران، لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، دەردەكەوێت و تێدەگەین بۆچی ئەكتەرێكی موداخەلەكارە و دەست لەهەموو شتێك وەردەدات. ئەو باسانە دەکات كە هەڵیهێنجاون، كاتێک دەشیانڵێت، مۆڵەت لە كەس وەرناگرێت. پرسیار دەوروژێنێت، كەس راینەسپاردووە، وەڵامی پرسیار و كێشەكانی ئەوتۆ دەداتەوە، كەس داوای لێنەكردووە(قسەی برنارد شۆ). ئەم دیاردەی نووسەرییە، تەنیا پێگەیەكی كۆمەڵایەتی مرۆڤییه، كە زەڕوڕەتی ژیان دروستی كردبێ، ئەم دەسەڵات پێدراوییە بۆ نوخبەیەكە، سەرچاوەکەی زەڕوڕەتی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی، لە پشتە. لێرەدایە تێدەگەین؛ بۆچی نووسەران ویژدانی زیندووی مرۆڤایەتین! چەمكی ویژدانی زیندوو، لەم ڕۆڵە مێژوویی و كۆمەڵایەتی و توانایی تاكە كەسییەوە دێت، کە نووسەر هەیەتی. نووسەر لەزاتی خۆی، لەم پێگەیەیدا، بوونەوەرێكی بەرپرسیارە. بەرپرسیاریەتی نووسەر، لەبەرژەوەندی پێشكەوتنی مروۆڤایەتی دایە. نووسەر نابێ و ناتوانێ بە پێچەوانەی پێشكەوتن، داهێنان بكات. چەمكی داهێنان مانای پێشكەوتنی بەردەوامە، بۆیە نووسەران لە زاتی خۆیاندا، پێشكەوتنخوازن. پێشكەوتن و بەختەوەریی گشتی، ئەركی کۆمەڵایەتییانەی داهێنانی نووسەرانە. دەقی نووسراو، ئەم راستییە لەگەڵ خۆییدا دەگوازێتەوە، هەربۆیە نووسەر، بەچاوی كەسێك سەیر دەكرێت، كە دەبێ هەست بە بەرپرسیارییەتی بكات. دەبێ بێ دەنگ نەبێت، دهبێ دادپەروەر بێت، بە جورئەت بێت، ڕاستگۆ بێت، تاوانكار و دز و خیانەتكار نەبێت. ئەگەر بە ئیستیسنا، یەكێك لەم لادانانە، لەژیانی نووسەرێكدا، لە بارودۆخێكی كۆمەڵایەتی ئاڵۆزدا، رووی دابێت، دەبێ بتوانێت پاساوی بۆ بهێنێتەوە. ئەو گوتانەی كە ئەیژن؛ نووسەر دەڵی من بۆخۆم دەنووسم، یان دەڵێت نازانم بۆچی دەنووسم، یان دەڵێت بۆ ئەوەی گوزارشت لەپوچی ژیان بكەم دەنووسم. لەڕاستیدا ئەمانە، هەمووی وڕێنەی حاڵەتی دەروونی، نووسەری داهێنەرن. وڕێنە، لە بارودۆخی سایكۆلۆجی داهێناندا، بە دیاردەیەكی ئاسایی وەردەگیرێت. ئەگینا نووسەر وەك ئەرك دەنووسێت، هەر ئەو پیشەیەش دەزانێت و ناچارە بیكات.
پیشەی نووسین لەژیانی نووسەراندا، هیچ كاتێك بەخۆشی و شادیی و تام و لەزەت، بەڕێوەناچێت. نووسین ئەركێكی قورسە، كارێكی بەئازارە، هەر بۆیەش سایكۆلۆجیای نووسین، لەكاتی داهێناندا، لەوانەیە نووسەر لەكۆمەڵگە و دەوروبەر داببڕێت. بەشێكی زۆری نووسەران، تووشی بارێكی دەروونی ئاڵۆز دەبن، هەندێك لەوانە تا سنووری ”شێتی“ دەڕۆن. بۆ؟ چونكە داهێنان سەرچاوەی هەموو مەعریفەتی مرۆڤایەتییە، كە پێوەندی بە بیركردنەوە و بەكارهێنانی هێزی عەقڵ هەیە، نووسەر و تواناییەکەی، وەك بوونەوەرێكی تاك لە كۆمەڵگەدا، دەکەوێتە ژێر بارێكی قورس، كە زۆرجار لەپێناوی نووسین، هاوسەنگی ژیانی پێ ناپارێزێت. هەندێك نووسەران هەست بە ڕۆڵی خۆیان و كاریگەریەکەیان دەكەن، ئەو كاریگەرییە بەشێوەیەكی ڕێك و پێك و مەنتقی، بەكار دەهێنن. ئەو جۆرە نووسەرانە، دەتوانن هێزی داهێنان و مەعریفەت، بگوازنەوە بۆ ئەو بوارەی كە دەیانەوێت، جا ئەو بوارە كاری کارگێڕی یان سیاسی یان هەر بوارێكی دیکە بێت.
ئەو نوخبەیەی كە پێی دەگوترێت نووسەر، لەو بارودۆخە كۆمەڵاتیەی، كۆمەڵگا بۆ بەردەوامی ژیان دەیخوڵقێنێ، دروست دەبێت. نووسەران تیپێكن لەتیپەكانی ناو كۆمەڵگه، وەك مامۆستایان، ئەندازیاران، سیاسەتمەداران و تیپەكانی دیكە، کە ئەركی دیاریكراویان هەیە، ئاوها ئەركی دیاریكراوی نوخبەی نووسەرانیش؛ داهێنان و گواستنەوەی مەعریفەیە بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ئەو نوخبە بچووكە، بە درێژایی مێژوو، دەسەڵاتی بەسەر عەقڵی مرۆڤایەتیدا -تا ئێستاش- بە شێوەیەکی ڕەهایە. دەقی نووسراو، شەرعییەت بەم دەسەڵاتە ڕههایە دەدات. شەرعییەت لە خودی ئەو دەقەدایە كە بۆ ژیان پێویستەو مرۆڤایەتی دەیهێڵێتەوە و بۆ نەوەکانی دوایی نەقڵی دهكات و دەوڵەمەندتری دەكات. بۆ نموونه: ژمارەیەك لە فەیلەسوفانی یۆنان، بە دەقی دیاریكراوی نووسین، لەسەرەتای مێژووەوە تا ئێستا، فەرمانڕەوایی بەسەر بەشێكی زۆری بیركردنەوەی مرۆڤایەتیدا دەكەن. ڕۆشنگەرەكانی دوای سەدەكانی ناوەڕاست، كە بە نووسین و داهێنانەكانی خۆیان، سەرەتای قۆناغێکی نوێ و زانستی و مۆدێرنیان، لەژیانی مرۆڤایەتیدا داهێنا، بە دەقە نووسراوەكانیان، تا ئێستاش فەرمانڕەوایی بەسەر بیری مرۆڤایەتی، بەرەو پێشەوە، دەكەن.
لێرە ئاشکرا دەبێت، دەقی نووسراو، هەنگاوێکی دەوڵەمەند و پڕ لە مانای زمانە. زمان خوڵقێنەری مرۆڤە. مرۆڤ ئەو كاتە توانی لە جیهانی گیانداران جیابێتەوە، كە لەپێناوی مانەوە، خۆی لەگەڵ سروشت گونجاند. لەپێناوی گونجاندا، ژمارەیەك لە ئەندامانی لەشی خۆی بەكارهێنا، تا بە کۆئەندامی وەزیفیی هەموویان، قسەی ماناداری لێدەربچێت. ئەوكاتە مرۆڤ، توانی بمێنێتەوە كە مانای بەدەنگ داوە و لەرێگەی قسەوە پێداویستییەكانی ژیانی خۆی، دابین دەكرد. ئەوە گەیاندنی پەیامی مانادارە، كە پێوەندی مرۆڤ و مرۆڤ، لەپێوەندی نێوان ئەندامانی مێگەلێكی دیاریكراوی ئاژەڵان، ئاڵۆزتر و پتەوتر دەكات. دەقی نووسراو، ئەو پێوەندییە، نەك هەر قاڵتر دەکات، بەڵكو دەشیهێڵێتەوە و دەرفەت بەجیلی دوایی دەدات، دەوڵەمەندتری بكات.
لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، ئەو نوخبەیەی، خاوەنی ئەم دەورە مێژووییەیە، تاقمێكی كاریگەرو بە هێزی ناخی كۆمەڵگەیەو زەروورەتی ژیان، ڕۆڵی ویژدانی گشتی پێداون. ئەوانە نووسەرانن.