پەرەپێدانی مرۆیی پرسێكی ستراتیژییە

پەرەپێدانی مرۆیی پرسێكی ستراتیژییە
پشت بە پەروەردەو خوێندنی باڵا دەبەستێت


«ئەو هه‌نگاوه‌ نوێیەی لە كابینەی هه‌شته‌م چاوەڕواندەكرێت بریتییە لەوەی كە حكومەتێكی بەرنامەی كاری كوالیتی و نموونەیی دەبێت نەك حكومەتێك كە كەوتبێتە ژێر فشاری بەرنامەو بەرژەوەندییە حزبییەكانەوە،بۆیە دیارترین تەوەرە سەرەكییەكانی ئەم كابینەیە تازەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختكردنەوەیە لەسەر بنیادنانی ژێرخانی كۆمەڵایەتی و زیاتر دەوڵەمەندكردنی بە زانست و بیروهزری پێشكەوتنی گەل لە هەموو لایەنە مەعریفییەكان بە تایبەتیش بایەخدان بە ئەولەویەتی چەمكی پەرەپێدانی مرۆیی.
پەرەپێدان بەو مانایەی كە پشت ببەستێت بە توانای مرۆیی كە بە سامانی بنەڕەتی لە كۆمەڵگادا دادەنرێت،لەبەر ئەوە هەلی پەرەپێدان و پێشكەوتن(لەهەر وڵاتێكدا)پەیوەستە بە قەبارەی توانا مرۆییەكانی و ئاستی شیاندن و مەشق پێكردنی هاوكات خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان و بەرەوڕووبوونەوەی تەحەددییەكان و كارێكی پۆزەتیڤ لەگەڵ هەموو رووداوێكی تازە ئەویش بە تەوزیفكردنی لێهاتوویی و بەهرەیی كە لەگەڵ هەموو تازەگەرییەكدا دەگونجێن».
كابینە تازە چاوەڕوانكراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی یەكلاییكردنەوەو هاوتەریبی تەسكی حزبایەتی نییە،هەروەها كۆی بەرنامەكانی حزب ولایەنەكان و بەپیرەوەهاتنی ئەو دیالۆگە گرنگانەیش نییە كە لەنێو هێزە كوردستانییەكاندا دەگوزەرێت.بەڵكو كابینەیەكە لێی چاوەڕواندەكرێت ئاماژەیەكی تازەی ژیانی گەلی كوردستان بێت ،بە واتا ئابووری و سیاسییەكەی،لەبەر ئەوە زۆر لێدوان و بۆچوون و شرۆڤەی دیكەش هەر بەو ئاراستەیەن كە دوای راگەیاندنی كابینەكە ئەم راستییە بە تەواوی روونبكاتەوە.
ئەو شتە نوێیەی لەم كابینەیەدا چاوەڕواندەكرێت بریتییە لەوەی كە حكومەتێكی بەرنامەی كاری كوالیتی و نموونەیی دەبێت نەك حكومەتێك كە كەوتبێتە ژێر فشاری بەرنامەو بەرژەوەندییە حزبییەكان،بۆیە دیارترین تەوەرە سەرەكییەكانی ئەم كابینەیەی تازەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختكردنەوەیە لەسەر بنیادنانی ژێرخانی كۆمەڵایەتی و زیاتر دەوڵەمەندكردنی بە زانست و بیروهزری پێشكەوتنی گەل لە هەموو لایەنە مەعریفییەكان بە تایبەتیش بایەخدان بە ئەولەویەتی چەمكی پەرەپێدانی مرۆیی.
پەرەپێدان بەو مانایەی كە پشت ببەستێت بە توانای مرۆیی كە بە سامانی بنەڕەتی لە كۆمەڵگادا دادەنرێت،لەبەر ئەوە هەلی پەرەپێدان و پێشكەوتن(لەهەر وڵاتێكدا)پەیوەستە بە قەبارەی توانا مرۆییەكانی و ئاستی شیاندن و مەشق پێكردنی هاوكات خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان و بەرەوڕووبوونەوەی تەحەددییەكان و كارێكی پۆزەتیڤ لەگەڵ هەموو رووداوێكی تازە ئەویش بە تەوزیفكردنی لێهاتوویی و بەهرەیی كە لەگەڵ هەموو تازەگەرییەكدا دەگونجێن،بەپێی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانین باس لە پێوانەی چەندایەتیی ئاستەكانی پەرەپێدانی مرۆیی بكەین لەبەر رۆشنایی سەركەوتنی وڵات لە جێبەجێ كردنی پێداویستییەكان و داخوازییە مرۆییەكان و ئاستی ژیانێی گونجاو لەبەر رۆشنایی دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات و سامانەكان لەگەڵ ئاستی گونجاو لەهەریەك لە تە ندروستیی گشتی و خوێندن لەپاڵ بەجێهێنانی ماف و ئازادییەكان، كە ئەمە واپێویست دەكات لە هەرێمی كوردستان بەهەندی هەڵبگرین.
ئەزموونەكانی زۆرینەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە پلانەكانی پەرەپێدان و پرۆژەكان جەخت دەكەنەوە لەسەر كێشەكانی تەندروستی و پەروەردەو خوێندن بە هەردوو بەشی بنەڕەتی و باڵا،لەگەڵ پشتیوانییەكی بەرچاو بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی هاوكات پشتگیرییكردن لە پرۆژە بچووكەكان لەلایەك و پرۆژەكانی ژێرخان و بناغە سەرەكییەكانی بنیادنان.بەڵام هۆی ئەم ئاراستەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تەحەددای گرنگ لە بەرەوڕووبوونەوەی ئەركەكانی پەرەپێدان لە چاككردنی كوالیتی ژیانی مرۆڤایەتیدایە لە سۆنگەی بەرزكردنەوەی داهات و باشكردنی ئاستی خۆراك و تەندروستیی گشتی و كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری و چارەسەركردنی بێكاری و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی تەندروست، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و بەدەستهێنانی پلەی باشتر كە لێرە وا پێویست دەكات یەكسانی و ویژدان و دادپەروەری بوونیان هەبێت لە بواری هەل و دەرفەت و دابینكردنی ئازادییەكی زیاتر و بایەخدان بە رۆشنبیری كە رێز لە پێكهاتە مرۆییەكان بگرێت و دان بە پێناسەی مرۆیی و مەعریفیاندا بنرێت.
ئەزموونی پڵنگەكانی ئاسیایی نموونەیەكی جیاوازی بەرجەستەكرد، كاتێ توانی قەیرانی دارایی خۆی چارەسەربكات و بە خێرایی بێتەوە سەرەخۆی ،ئەمەش بەهۆی شۆڕشی مرۆیی و دەوڵەمەندیی مەعریفیی رۆشنبیری، لێرەدا ئاماژە تەنیا بۆ كاروبارە وەزیفییەكان نییە وەك ئامرازێكی ئاسایی بەڵكو بۆ ئەو ئەو شتانەیە وەك سوودوەرگرتن لە بێكاریی و بەدیهێنانی هاوسەنگی و رەزامەندیی نواندن بەرامبەر خودی مرۆڤ و هەندێ پرسی دیكەی وەكو دەستەبەركردنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكانی و شێوەی بەشداریكردنی ئیجابییانەی لە چالاكییەكانی ئابووری و سیاسی و و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیدا.
بۆ زیاتر روونكردنەوەی مەبەستەكانمان و جەختكردنەوە لەسەر بابەتی پەرەپێدانی مرۆیی ، لێرەدا دووپاتی دەكەینەوە كە ئەمە تەنیا پرۆسەی وەبەرهێنان نییە لە سامانی مرۆیی بە میكانیزمی ئابووری بەقەد ئەوەی كە مەسەلەكە زۆر دوور و قوڵترە كە تێیدا هەموو پرسەكانی بەهای گیانی پەیوەست دەبن بە وەدیهێنانی خودی پێداویستییەكانی رۆح و فەلسەفەكەیەوە،چونكە ئەم پرسە تایبەت نییە بە خوێندن و وەرگرتنی زانیاری و شارەزایی و لێهاتوویی بەڵكو ئەمە لایەنە رووكەشەكەیەتی، بەڵام لە ناخیدا ماناو پرسی دیكە هەڵدەگرێت.
لێرەدا باس لە سەلامەتیی تەندروستیی دەروونی و جەستەیی تاكەكان دەكەین،كە كێشەیەكی زۆر قووڵ و مەترسیدارە كاتێ لەروانگەی واقعی هاوچەرخانە لە بیروهزری تاكی كوردستانی لێیدەدوێین،بەتایبەتی كە ئەو تاكە كوردستانییە دووچاری چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی دیكەی جینۆساید بووەتەوە و ئەمڕۆش بەردەوام ئەگەری ئەوە هەیە رووبەڕووی هەڕەشەی دیكە ببێتەوە ،بەهۆی ئەوەی كە ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەكە راستەوخۆ كاریگەریی هەیە،لە لایەكی دیكەوە رێژەی نەخوێندەواران لە ریز ئەوانەی تەمەنی هەرزەكارییان بڕیوە بەرزە هاوكات ئاستی ئەوانەی كە پێویستیان بە خوێندنی بنەڕەتی هەیە،دیارە ئەمەش پێویستی بە پێوەرێك هەیە بۆ بەراوردكردن لەگەڵ قەبارەی پەرەسەندنی دانیشتوان كە لێرەدا زۆر پێویستە خوێندنەوەیەكی تایبەتی بۆ بكرێت،بۆ نموونە دەتوانین باس لە قەبارەی بیناسازی و توانای گشتی ئەو بینایانە بكەین كە دەتوانن قوتابیان و ئاستی خوێندنیان لەخۆبگرن و تاچەند سەركەوتوو دەبن لە بەئاكام گەیاندنی پرۆسەی خوێندن، ئەمانە هەموویان نیشاندەرن بۆ كاری لەپێشینەو ئەركی داهاتووی ئەم كابینە تازەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
پرسی تایبەت بە پەرەپێدانی مرۆیی لەبەر ئەوەی كە ئەركێكی ستراتیژییە بەراستی لە مەیداندا پێویستی بە پلانگەلێكی ستراتیژی هەیە لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و تەندروستی و ژینگە،بەڵام گرنگترو نزیكتر ئەرك بریتییە لە بابەتی بنیادنانی عەقڵی مرۆیی و بنیادنانی بەها رۆحییەكانی رۆشنبیری و تۆكمەكردنی بە ئاستێكی چاكترو سەركەوتووتر.
دیار ئەمە پەیوەستە بە وەبەرهێنانی پێشكەوتنی تەكنەلۆجی لە كاروباری زانیاری و گەیاندن هەروەها لە شێوازەكانی پەرەپێدانی بەرهەمی تازە كە بارگرانی و زەحمەتی لەسەر شانی هەرێمی كوردستان هەڵدەگرێت و بە شێوەیەكی نایاب و دوورخایەن ئامادەی دەكات،ئەم ئەشكالیەتە لە كێشەی تەكنەلۆجیای پێشكەوتن دەبێتە هۆی دروستكردنی ستراتیجییەكانی خوێندنی باڵا و لێكۆڵینەوەی زانستی و ئەمەش خۆی لەخۆیدا بایەخدان و لەبەرچاوگرتنی پەرەپێدانی مرۆییە بە چاكترین شێوازەكانییەوە،ئەگەر نا ئەوا وڵات دەبێتە دیلی ئەو بۆشاییەی هەیە لە نێوان تەكنەلۆژیای مۆدێرنێتەو پێشكەوتن و ئاستەكانی سامانی مرۆیی كە بێكاریی تەكنیكی بەدوای خۆیدا دێنێت و تەگەرەو ئاستەنگی زیاتر دێنێتەئاراوە.
ئێمە لێرەدا ئاماژەناكەین بۆ مەسەلەی بێكاری لە رووی ژمێریارییەوە بەڵكو بەو ناوەی كە سەرمایەی مرۆیی بناغەیەكی نموونەییە بۆ پشتیوانیكردنی ئاساییشی ئابووری و كەمكردنەوەی وەبەرهێنانی سروشتی،ئەمش پێویستی بە شیاندنێكی كوالیتی هەیە كە چاودێریی تەندروستی و بەهێزكردنی رێزگرتنی مافەكان و بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگا و دابینكردنی چاكترین ئاستەكانی خوێندنی بنەڕەتی و باڵا رەچاوبكات.
نەخوێندەواری و بێكاری و هەژاری دیارترین دوژمنی پەرەپێدانی مرۆیین،جا لەبەر ئەوەی كە زانیاری و زانست رۆڵی سەرەكی دەبینن لە بەرزكردنەوەی ئاستی تەندروستی و بەشداریكردنی تاك لە كاروباری گشتی بە هۆشدارییەكی بەرزەوە،بۆیە خوێندن هەمیشە وەك تەوەری سەرەكیی و لەپێشینەی پلانەكانی پەرەپێدان و ئاسۆكانی بەرەوپێش چوون خۆی دەبینێتەوە.
مەترسییەكانی عەقڵ و ئاستی پەرەپێدانی مرۆیی و رۆڵی سەرمایەی مرۆیی هانمان دەدات كە زۆر جەخت بكەینەوە لەسەر مەسەلەی خوێندن ئەو مەترسییانەش هەروەك لێكۆڵینەوەكان و لۆژیكی عەقڵ باسیان دەكەن لە رۆڵی فاكتەری مرۆیی سەرچاوەدەگرن ،نەك لە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای هاوچەرخ ،بەڵكو لە چۆنێتی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانەوەی و ئاراستەكردنی بە شێوەیەك كە پەرەپێدانی گشتی قوڵتربكاتەوەو سەرمایەی داراییش تازەو زیادبكات هەروەها لە كەمكردنەوەی وەبەرهێنانی سامانەكانی سروشتی و بایەخدان بە ژینگەو داهاتەكانی.
كاری دامەزراوەیی گرنگییەكی بەرچاوی هەیە لە چاودێریكردنی خوێندن و تازەكردنەوەی و هێنانەكایەی شۆڕشێكی نموونەیی لە بەڕێوەبردنیدا، ئەمەش پشت دەبەستێت بە هێزی دیموكراسی و دەزگاكانی و چارەسەركردنی هەر شێوەیەكی گەندەڵی دارایی و ئیداری و بەهێزكردنی رۆڵی یاسا و دابینكردنی سەربەخۆیی لە دامودەزگاكاندا ،لێرەدا پێویستە دامەزراوەكانی زانكۆ سەربەخۆبن تاكو رۆڵی خۆیان ببینن لە پەرەپێدانی مرۆیی و پەرەپێدانی گشتگیر دوای ئەوەی بنەماكانی ژینگەیەكی لەبارو گونجاوی بۆ دابیندەكرێت،بەمەش دەتوانرێت بەها تازەكان لەنێو كۆمەڵگەدا بچەسپێنین و پشتیوانی لە پەرەپێدان بكات، هەروەك پێشتریش ئاماژەمان پێیكرد ئەمە تەنیا پرۆسەیكی ئابووری نییە بەڵكو پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتییە كە جەوهەرەكەی مرۆڤ و ژیان و پەیوەندییەكانییەتی.
ئەوەی كە بڕوابەخۆبوون و توانای دەستپێشخەری و كاركردن بۆ گۆڕانكاری و بەشداریكردن لە كاروبارەكان و ئینتیما بۆ وڵات و كۆمەڵگە بە مرۆڤی كوردستانی دەبەخشێت،خوێندن و ئاستی زانستە،كە پێویستە50%ی سیستەمی خوێندن بە تەكنەلۆجیای تازە بخرێتە ناو سیستەمی گشتی خوێندنەوە تاكو لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە دەوڵەمەندبكرێت،بۆیە قسەكردن دەربارەی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە لەم بۆچوونەوە سەرچاوەبگرێت ئەویش بایەخدان بە رەگەزی مرۆیی چونكە بەهادارترین سەرمایەیە و خوێندنیش لە پێشەوەی پرۆسەی بنیادانی مرۆڤەوە دێت بە پێی ستراتیجییەتێكی دوورخایەن،واتا كابینەی تازە لەسەریەتی كە لە دەروازەی خوێندنی باڵاو لێكۆڵینەوەی زانستیەەوە بێتە ناو بەڕێوەبردنەوەو پەیامی سەرەكیشی راگەیاندنی پلانی ستراتیژیی پەرەپێدانی مرۆیی بێت، دیارە یەكەمین هەنگاویش لەم بوارەدا پەرەپێدانی خوێندن و چاوخشاندنەوەیە بە یاساكان و دواتر هەمواركردنیان تاكو لەگەڵ پێشكەوتنی ئەم سەردەمە بگونجێت و ئەو پرۆسەیەش شانازی بە ناسنامە كوردستانییەكەی بكات، لەكۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای خوێندن و پشتبەستن بە راوێژكارانی پلەبەرزو لێهاتوو و كارامە هەنگاوێكی پێویستەو ئەمەش ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ گۆڕینی پێكهاتەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوكات دەستەبەركردنی دەرفەتی زیاتر و زیادكردنی فەرمانگەی خوێندنی ئەلكترۆنی و دەركردنی یاسای هەمواركراو كە دەرئەنجام شۆڕشێكی مەعریفی تەكنەلۆجی دێنێتەئاراوە.
* سه‌رۆكی زانكۆی ئیبن روشد
Top