حوكمڕانانی عیراق بەرپرسن لە توندوتیژییەكانی وڵات

حوكمڕانانی عیراق بەرپرسن لە توندوتیژییەكانی وڵات
من هەمیشە هیوای ئەوە دەخوازم كە ئەگەر بە ئەنقەستیش بێت زاراوەی زۆر زبر و رەق دەرحەق ئەو كەسانە بەكارنەهێنم كە كە لە بیروڕادا جیاوازیان لەگەڵ مندا هەبێت،ئەوانە زۆر جار كە گوێیان لە پێشنیار یان راستییەكان دەبێت تووڕەبوون دەیانگرێ ، من نامەوێ بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەك پەنجەی تۆمەت بۆ مافیاكانی گەندەڵی و هێزەكانی تیرۆر درێژ بكەم لەبەر ئەو هەموو تاوانانەی ئێستا ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە،بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بكەین كە لەم هاوكێشەیەدا حكومەت بەرپرسیاری یەكەمە لە بەرەوڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر و دانانی چارەسەری گونجاو بۆ بنبڕكردنی یەكجارەكی.
بۆیە لە هاویشتنی هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی چارەسەر پێویستە بە نیازپاكییەوە لە كێشەكە بنوانڕێت و بەرژەوەندیی باڵای گەل لەبەرچاو بگیرێت و ئەو بەڵێن و پەیمانەی بە گەلی دەدەن تاسەر جێبەجێی بكەن و لە هیچ شتێك نەسڵەمێنەوە كە بۆ بەدێهێنانی سەقامگیریی وڵات دەیخەنەگەڕ.
تاوان لە عیراقدا بە چەندین چەشن و جۆرە و ئاستەكانیشی جیاوازن،هەندێكیان تاوانی گەندەڵین یان جیاوازیی تایفی و رەگەزپەرستین لە هەمووشیان سەختتر و خوێناویتر تاوانەكانی تیرۆر و تۆقاندنە،سەبارەت بە تاوانی گەندەڵی ئەوا بە هەموو جومگەكاندا شۆڕبۆتەوەو زۆربەی فەرمانگەو دامەزراوەكانی دەوڵەتی تەنیوە هەر ئەمەش سەرجەم ئیش و كارەكانی پەكخستووەو لە كۆتاییشدا كاریگەریی بۆ سەر بەرژەوەندیی هاووڵاتیان هەیە،لە هەمان كاتدا تاوانی سیستماتیكی مافیایی رۆژانە گیانی دەیان كەسی سڤیل و بگرە لە هەندێ شوێن هەزاران منداڵی بێ تاوان دەكاتە قوربانیی مەرامە گڵاوەكانی ئەو چەتەو باندە تیرۆریستی و مافیایانە،ئەمانە هەر بەوەوە ناوەستن بەڵكو منداڵ دەڕفێنن و خەڵكێكی زۆر بە دەمانجەی بێ دەنگ و لوغم لەناو دەبەن.
ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕوانینە كاتێك ئەو تاوانانە روودەدەن فەرمانگەكانی ئەمن و دەزگای پسپۆر یەكسەر تاوانەكان دەخەنە پاڵ(نەناسراو)،بەڵام لە رووی یاساییەوە ئەو دەزگایانە بەرپرسی خۆیان هەیە كە ئەوان بەر لە هەموو كەسێك بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆ دەگرن،لە راستیدا پێویستە سەرۆك یان بەرپرسی ئەم فەرمانگانە دوای رووداوەكان ئەگەر بكوژو تاوانباریان پێ نەدۆزرایەوە یەكسەر دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش بە بەرپرسی سەرووی خۆیان بكەن،تاكو بە گیانێكی شەفاف و روون و ئاشكراوە چارەسەری راستەوخۆی رەوشەكە بكرێت.
ئەوەی كە ئێستا لە بەغدا دەگوزەرێت،دەكەوێتە بازنەی ئاژاوەی پپلاندانان و خۆخەریك كردن بە هەندێ شتی لابەلا كە نقومبوونە لە گێژاوی مەینەتی و كارەساتباری كە بەرۆكی عیراقییەكانی گرتووەو هەروەك ئاماژەشم پێ دا ئەوان خەڵكانی بێ تاوان دەستگیر دەكەن و بەزەبری ئازارو ئەشكەنجە وایان لێدەكەن ئەگەر تاوانباریش نەبن دان بەوەدا بنێن كە ئەوان تاوانەكەیان ئەنجام داوە. بۆیە لە سایەی ئەم راستییانە پێویستە هەڵوەستەیەك لەسەر هەندێ خاڵ بكەین لەوانە:بەر لە هەموو شتێك ئەو تاوانەی لە عیراق دەكەونەوە هەموو جومگەكانی گرتۆتەوە كە ئەمەش بەرپرسیارێتییەكەی ناكەوێتە ئەستۆی فەرمانبەرێكی بچووك بەڵكو لە ئەستۆی خاوەن بەرزترین پۆست و پلەو پایەی حكومییە،چونكە لە راستیدا هەموو ئەو تاوانانە لە سایەو لە ژێر بەرپرسیارێتی ئەو گەورەبەرپرسیارانە روودەدەن كە میللەت متمانەی پێداون لە رووی یاساوە هەر ئەوان بەرپرسی یەكەمن.خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە هەموو بەڵگەنامەو ئاماژە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەربارەی دەوڵەتی عیراق و كاری دەزگاكانی ئەوە روون دەكەنەوە كە دەوڵەتێكی فاشیلە ،ئەمە وێرای ئەوە بەو چاوە سەیر دەكرێت كە تاسەر ئێسقان لە گەندەڵی و نا سەقامگیری نقووم بووەو.بۆیە لەم سەروبەندەدا وا دەخوازێت هەڵوەستە لەسەر چەند راستییەك بكەین: پێویستە كار بە حكومەتێكی تەكنۆكراتی پیشەیی بكرێت كە بتوانێت ئەركە پەكخراوەكان بە پلانی زانستیی ورد بەڕێوەبەرێت،بەمەرجێ دەسەڵاتی جووڵەو كاركردنی هەبێت لەبەر رۆشنایی رێكەوتنێكی نیشتمانی و رەنگە بە حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانی لە چوارچێوەی حكومەتێكی تەكنۆكراتی فراوان مەیسەر بێت كە نەكەوێتە ژێر مەرامی تەسكی حزبایەتییەوە،بەم شێوەیە هەموو هێزەكان بەرپرسیارێتیی ئەو قۆناغەیان دەكەوێتە سەر شان بۆ ئەوەی دڵسۆزانە ئەم دەوڵەت رزگاربكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم هێزانە سووربوون لەسەر كۆتایی نەهێنان بەم رەوشە نالەبارە ئەوا هەنگاو بەرەو فەنابوونی دەوڵەت و سڕینەوەی لە نەخشە هەڵدەگرن و گەلی عیراقیش تووشی دابەشبوون و ناسەقامگیری دەكەن.چارەسەرێكی دیكە ئەوەیە كە حكومەتێكی كاربەڕێوەبردن پێكبێت بۆ ئەوەی ئیش لەسەر دەركردنی یاسای تایبەت بە هەڵبژاردن بكات و دواجار پابەندبێت بەو یاسایانە و زەمانەتی پاكیی ئەنجامەكان بكات،تا لەبەر رۆشنایی ئەودا حكومەتی زۆرینە پێكبێت بە دەستاودەست كردنی دەسەڵات پابەندبێت و ئەگەریش شكستی هێنا یەكسەر واز لەدەسەڵات بێنێت،ئەمەش بە كاراكردنی دادگا و پەرلەمان ئەنجام دەدرێت.لەهەردوو حاڵەتدا پێویستە پشت بە رێكخراووشارەزایی نێودەوڵەتی بەسترێت بۆ سوود وەرگرتن لە راوێژو بۆچوونیان ،لەهەمان كاتیشدا دیداری ئاشتبوونەوەی نێوان لایەنەكانی ئێستای دەسەڵات گوزارشت لە رێكەوتنی نێوانیان ناكات بەقەدەر ئەوەی كە گوزارشت لەوە دەكات كە چاك دەزانن بەرژەوەندییان لێدەدرێت و رەنگە لایەنگرو دۆستانیان لێیان زویربن بەڵام لە رواڵەتدا وا خۆیان پیشان دەدەن كە ئاشتبوونەتەوە،هەر لەبەر ئەوەیە كە میللەت ناچار نییە و پابەندیش نابێت بە ئارەزووە و مەرامە تایبەتییەكانی ئەو سەركردانە كە ئاخۆ ئاشت دەبنەوە یاخود بە میزاجی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن،جێگەی ئاماژە بۆكردنیشە كە حكومەت و بە تایبەتیش ئەو هێزەی ئاراستەی دەكات و بەڕێوەی دەبات و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەدەست خۆی گرتووە،هەر ئەوە هەمیشە رێكەوتننامەكان پێشێل دەكات و ماددەكانی دەستوور جێبەجێ ناكات،بۆیە كە دواجار سەردانی هەولێری كرد و بەڵێنی دا كە هەماهەنگی و هاوكاری كوردستان دەكات لە چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان، تۆ بڵێی ئەم جارەش ئەم بەڵێنانە بەدی بێنێت و رێگەی تاكڕەوەی نەگرێتەوەبەر؟
بۆیە ئەم قسەیە لەخۆڕا ناگوترێت چونكە دیومانە هەر كاتێك ئەو لایەنە دەرفەتی بۆ هەڵكەوت دەنگی پاڵەوانەكانی بەرزدەبێتەوەو جارێكی دیكە دەست دەكاتەوە بە پیشاندانی فەلسەفەو بەرنامەو ئیش و چالاكییەكانی.هەر لەبەر ئەوەیە من پێموایە نیازپاكی لە قسەو كرداردا پێویستە نەك بە كۆبوونەوەیەك لەم شار یان لەو شار و بزەو پێكەنین لەبەردەم زوومی كامێراكان و لە ناخ و ناوەڕۆكیشدا نیاز و مەرام و مەبەستێكی دیكە هەبێت.
سەركردایەتیی كوردیش كە هەمیشە بە وریایی و دانایی ناسراوە دەزانێت چۆن مامەڵەو هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكات دیارە بە پێی پرەنسیبە دیموكراسییەكان و لە روانگەی بڕوابەخۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم كێشەكان هەوڵ و كۆشش دەخاتەگەڕ،ئەگەر ئەو دەوڵەتەی ئێستای عیراق هەر لەسەر ئەم رێبازو میتۆدەی بەوردەوام بێت و گوێ لە داخوازی و ئامانجەكانی گەل نەگرێت ئەوا بە راستی دەبێت بزانێت كە ویستی گەل زۆر بە هێزەو ئەستەمە هیچ هێزو كەسێك بتوانێت خۆی لەبەردەمدا راگرێت و دەرئەنجام دەوڵەت بەرەو هەرەس دەچێت و ئەو كاتەش ئەو هێزە گەندەڵ و مشەخۆرانەش بۆی دەردەچن و دەكەونە بەر نەفرەتی مێژوویی گەل.
هێزی سەرەكیی كە ئەمڕۆ توانای ئەوەی هەبێت كێشەكان بە شێوازێكی دیموكراتی دوور لە هەر بەرژەوەندییەكی تایبەتی یەكلابكاتەوە ئەو شەریكە گرنگەیە كە لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و میللی لە عیراقدا بوونی هەیە ئەویش سەركردایەتیی كوردستانییە كە بە پێی ئەو ئەزموونە دوورودرێژەی لە بوارە جیاجیاكاندا هەیەتی دەتوانێ كاریگەریی هەبێت و هەر ئەویشە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان بكات،بۆیە چۆنێتیی جووڵانەوەومامەڵەكردن لەگەڵ هەر پێشهاتێكدا وادەخوازێت كە بۆ چارەسەركردنی هەر پرسێك روو لە دیالۆگ و گفتوگۆ بكرێت بەڵام لە هەمان كاتیشدا نابێت بنەما دیموكراسیەكان پشتگوێ بخرێن بۆ نموونە رەفتارو هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ خۆپیشاندان و پەناگیرییەكان كە پەنانەبرێتە بەر بەكارهێنانی هێز وتوندوتیژی كە ئەمە زیاتر رەوشەكە ئاڵۆزدەكات و لە شێوازی ئاشتییانەی چارەسەر دوورمان دەخاتەوە. بۆیە جارێكی دیكە دەیڵێمەوە كە هەر كاتێك تاوان روودەدات فەرمانگەكانی ئەمن و دەزگای پسپۆر یەكسەر تاوانەكە دەخەنە پاڵ(نەناسراو)،بەڵام لە رووی یاساییەوە ئەو دەزگایانە بەرپرسی خۆیان هەیە كە ئەوان بەر لە هەموو كەسێك بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆ دەگرن،لە راستیدا پێویستە سەرۆك یان بەرپرسی ئەم فەرمانگانە دوای رووداوەكان ئەگەر بكوژو تاوانباریان پێ نەدۆزرایەوە یەكسەر دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش بە بەرپرسی سەرووی خۆیان بكەن كە ئەمەیە دیموكراسییەت و دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە بانگەشەی بۆ دەكرێت.


* سەرۆكی زانكۆی ئیبن روشد لە هۆڵەندا و توێژەری ئەكادیمی لە زانستە سیاسییەكاندا
Top