چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا بە پێداچوونەوەی سەرتاسەری سیستەم دەبێت
June 5, 2013
وتار و بیروڕا
دەوڵەتی بیرۆكراتی كارێكی كردووە كە هەرگیز ئازاديی سیاسی، گەشەكردنی ئابووری و كۆمەڵایەتی تێنەپەڕێنێت. كودەتا، ئەشكەنجەی بەربڵاو، و حوكمی زیندانیكردنی درێژخایەن، بێكاركردن وەك شێوەیەك لە سزادان و ئیغتیالكردنی ناو بە ناو، هەموو ئەمانە بە ئامانجی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی ملكەچ بۆ دەوڵەت، كە هاوشێوەی ئەو چیرۆكە ئەفسانەییە كە تێیدا كەسێك خەڵكی دەگرت بە ناچاری لەسەر پێخەفێكی ئاسن تەختی دەكردن، كە قاچەكانی رادەكێشان، یاخود دەست و قاچی دەبڕینەوە- بۆ ئەوەی درێژیيەكەیان هێندەی پێخەفە ئاسنەكەی لێبێت-. هێشتا خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و رەفتاری خۆسەپێنی لە سیستمی هەڵبژاردنی ئێمەدا ماوەتەوە، بە دانانی رێژەی لە سەدا 10 بۆ چوونە نێو پەرلەمان و ئامادەكردنی لیستی پاڵێوراوان لەلایەن بەرپرسەكانی حزبەوە. ئامانجی ئەم رەفتارانە هێشتنەوەی بارودۆخەكەیە وەك خۆی، نەك گۆڕانكاری بكرێت و هەڵبژاردن بدرێتە دەست خەڵك.
ئەم سیستمی پاسەوانیيە، كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێناوە كە ترسی هەبێت لە گۆڕان و دڵسۆزبوون بۆ (دەسەڵات)ی پێ باشتر بێت لە مێریتۆكراسی (حكومة الاخیار). تەنانەت بەرهەڵستیكردنی دەوڵەت لەلایەن ئەو رێكخراوانە دروست بووە كە خۆیان داوای دڵسۆزی تەواو دەكەن و بوار بە تاكگەرایی نادەن. ترس لە جیهان بە دروستكردنی دوژمنی راستەقینە و ئەوانەی ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت ببنە دوژمن، و دابەشكردنی وڵات، بوونەتەهۆی ژەهراویكردنی دەروونی خەڵك، لەبەر ئەوەی دەوڵەت كارێكی كردووە هەمیشە هەستی مەترسيیەكی بەردەوام لە ئارادا بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی نوێی توركیا بە سەركردایەتيی پارتی داد و گەشەپێدان بۆتە هەڵگری ئاڵای بوونە سەركردەیەكی ئیقلیمی و یاریزانێكی جیهانی، ئەویش دوای بەدەستهێنانی گەشەیەكی ئابووربی سەرسوڕهێنەر، كە داهاتی نەتەوەیی كردۆتە سێ ئەوەندە. دركی بەوە كردووە كە ئەوەی پێی دەوترێت «كێشەی كورد» بۆتە هۆكاری ئیستنزافی بەردەوامی سەرچاوە نەتەوەییەكان و هەستی هاودەنگی نەتەوەیی.
كەواتە حكومەت دەستی داوەتە دەستپێشخەریيەك كە پێی دەوترێت پرۆسەی چارەسەركردن. كە بە هەڵە تەنیا پەیوەست دەكرێتەوە بە چارەسەركردنی كێشەی كوردەوە. چونكە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەری بە سیستمەكەدا لە خۆدەگرێت. ئەمە مایەی ترسە بۆ بەشێكی خەڵك و زۆربەی دامەزراوەی بیرۆكراسی.
ئەو تێڕوانینانەی گەڵاڵەبوون
من خۆم شەخسی لەگەڵ «گرووپی دانایان»دا گەيشتم بۆ 12 شاری ئەناتۆلیای ناوەندی كردووە، بەڕێز. جەلال كازداگلی، كە رۆژنامەنووسێكە گەشتی بۆ 17 شاری رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات كردووە كە لە میانەی بەرنامەی «دەنگت بەرزكەرەوە لە پێناو چارەسەر»دا كە كەناڵی A TV رێكیخستبوو. تێڕوانینی گەڵاڵەبووی هەردووكمان بەم شێوەیە بوو:
* وا پێدەچوو كە ئیدارەی گشتی و زۆربەی پارێزگارەكان لە دەرەوەی پرۆسەكەدا بن. تەنیا چەند كەسێكی كەم نەبێت كە وا رەفتاریان دەكرد، وەك ئەوەی كێشەكە پەیوەنديی بە ئەوانەوە نەبێت. ئەوان پتر سەرقاڵن بە كاروباری رۆژانەی خەڵكەوە. ئەوانە توانای بینینی وێنە گەورەكە و ئیدارەكردنی گۆڕانكارییان نییە.
* رێكخراوەكانی سەر بە ئاك پارتی لە پارێزگاكاندا تا راددەیەك سستن، سەرەڕای چالاكی سەرۆك وەزیران. ئەوان پرۆسەكە وەك دەستپێشخەريی سەرۆك وەزیران و ئیمتیازی حكومەتی حزبەكە دەبینن. ئەوان لەسەر ئاستی ناوخۆ خاوەنی ئەركەكە نین.
* زانكۆكان تەماشاكارن. ئەوان لە سنووری عەقڵی تایبەت بەخۆیاندا بیردەكەنەوە و بە شێوەیەكی گشتی بە راستی خەمخۆر و بایەخپێدەری «پرۆسەكە» نین. تەنیا چەند ئەكادیميیەكی كەم و چەند سەرۆكی زانكۆیەك پرسەكە بە جددی وەردەگرن. بە گشتی زانكۆكان دابڕاون لە كێشە و واقیعی ئەو ناوچانەی تێیدان. هەروەك پێشبینی دەكرا زۆربەی ئەندامانی بەش و راگرەكان بەرگريیەكی سەرسەخت لەوە دەكەن دۆخەكە وەك خۆی بمێنێتەوە (لەلایەن سیستمی سیاسیە فەرميیەكەی پێشووەوە. كە بوونەتە بەربەست لەبەردەم ئەو شۆڕشەی بەڕێوەیە.
* راگەیاندنی مەحەلی رەنگدانەوەی هەستێكی تێكەڵە. بەشێكیان بەرهەڵستيیەكی ناسیۆنالیستی بۆ پرۆسەكە دەردەخەن (وەك ئەوەی لە ئەناتۆلیای ناوەندی هەیە). بەشێكیان پتر مەیلێكی ئاشتیانەیان هەیە بە بەراورد بە راگەیاندنی نەتەوەیی باو (هەروەك ئەوەی لە رۆژهەڵات هەیە). كەواتە رۆڵی راگەیاندن بەیەك ئاڕاستەدا نییە، هەندێ جار ئیجابی و هەندێ جار سلبیيە.
* لەلایەكی دیكەوە رێكخراوە ناحكوميیەكان بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لە ئاستی بەرپرسیارێتیدان و رێكخراون. لە هەموو پارێزگایەكدا چالاكن لە نێو خۆیان تۆڕێكیان دروستكردووە، و هەرچەندە جیاواز بن، ئەوا بە شێوازێكی مەدەنیانە مشتومڕ لە بارەی پرسەكانەوە دەكەن. پەرەیان بە كەلتوورێكی دیموكراتی مەدەنی داوە، بەو هۆیەوە بیروبۆچوونەكان دەگۆڕنەوە، نەك لە بارەی پرسە مەحەلیەكانەوە، بەڵكو لەبارەی پرسە جیهانیەكانیشەوە. زۆر بە توانان لە بڵاوكردنەوەی بۆچوونەكانیانەوە. ئەوان ئامڕازی سەرەكيی گوتاری گشتین.
پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە: كە كۆمەڵگەی مەدەنی زۆر لە پێش دامەزراوە و بەرپرسە رەسميیەكانەوەیە. ئەوان ئاڵاهەڵگری شۆڕشێكی بەردەوامن، بەڵام سەرنجنەدراون. پێدەچێت دەوڵەت بێتوانا بێت لـە چـارەسەركردنی ئەو كێشانەی تا ئێستا دروستی كردوون و خوڵقاندوونی.
* ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی فاتح لە توركیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر دۆزی كورد و یەكێكە لەنووسەرە دیارەكانی توركیا