بەرەو كۆنگرەی نەتەوەیی كورد

بەرەو كۆنگرەی نەتەوەیی كورد
ئەم قۆناغە بۆ ئێمەی كوردستانیان، قۆناغی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەییمانە وەك ئەركێكی لەپێشینە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بایەخ بەچەمك و كەلتووری تەواوكاریی بدەن و، پێویستیشە هەموولا پێكەوە وەك یەك تیم كار بكەن، چونكە تیمەكانی سەركەوتن بەچیاكانیشدا زۆر جار خۆیان پێكەوە دەبەستنەوەو پێكەوە هەنگاو دەنێن، یان هەموویان سەردەكەون، یان خوا نەخواستە بەكەوتنی هەر یەكێكیان هەموویان دەكەون.
هەروەها دابەشكردنی رۆڵ و ئەركەكانیش بۆ هەر لایەكیان زۆر گرنگە، كە لەمەشدا دەكرێت میكانیزمی جیاواز لەخزمەتی جێبەجێكردنی یەك ئامانجدا بێت و، ئاگاداربوونی بەردەوامیش لە مەسەلەی متمانە گرنگە، چونكە وەك ئەزموونەكان دەریانخستووە كاڵبوونەوەی متمانە سەرەتای لاوازبوونی هەر كارێكی دەستەجەمعیی و هاوپەیمانێتییەكی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییە.
پێش ماوەیەك لاوانمان سێیەمین كۆنگرەی نەتەوەیی خۆیان بەست، پێشتریش ئافرەتان دووەمین كۆنگرەی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان گرێدا، ئێستاش وەك بەڕێز جەنابی سەرۆك ئاماژەی بۆ كرد كاتی سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردە لەسەر ئاستی سیاسیی بۆ لایەنەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان، بەتایبەت لەلایەكەوە ناوچەكە روو لە گۆڕانكارییەكی بەرچاوە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیداو، بۆ ئێمەی كوردیش كە سێ ساڵی دیكە دەگەینە (2016) و، سەد ساڵی تەواو بەسەر رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ)دا تێپەڕ دەبێت، ئەو رێككەوتننامەیەی كە تەواوی جوگرافیای ئەم ناوچەیەی دابەشكردو، (سیڤەر) شتێكی كەمیی پێ رەوا بینینی و، (لۆزان)یش ئەو كەمەی لێی وەرگرتەوەو، ئیدی گەلی كوردستان لە دەوڵەتی خۆی بێبەش كرا، بۆ ئێمە گرنگە جووڵەیەكی سیاسیی بەرچاو و نەخشە بۆكێشراو ئەنجام بدەین.
لێرەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبێت بزانێت كە (سایكس پیكۆ)و (لۆزان) چ كارەساتێكیان بەسەر ئەم كوردەدا هێناوە؟ دەبێت بزانن كە پێكەوە لكانی گەلان و تێكەڵكردنی خاك و نیشتمانەكان، هەنگاوێكی كارەسات هێنە، بۆیە ئەوانیش بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی ئێمەو، سڕینەوەی گوناهەكانی خۆیان، هەر ئەوەیان لە پێشدایە كە مافی پێكەوە ژیانی ئارەزوومەندانەو، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ ئێمەش بەڕەوا بزانن.
ئەمڕۆش لەم هەل ومەرجە نێودەوڵەتییەی ناوچەكەی گرتۆتەوە، لەسایەی بەرەو پێشچوونیی پرۆسەی ئاشتیی لە باكووری كوردستان و، بەرەوپێشچوونی دۆزی كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا، واچاكە لە هاوینی ئەمساڵدا (كۆنگرەی نەتەوەی كورد) بە ئەنجام بگەیەنین بەئامادەبوونی پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان و، كەسایەتیی و رێكخراوە نەتەوەییەكانی تاراوگەو، دۆستانی كورد و، نوێنەرانی ئەو دەوڵەتانەی كە لەرابووردوو ئێستاو ئاییندەدا جێ دەستیان هەبووەو دەبێت لەمەڕ چارەنووسی سیاسییانەی دۆزی رەوای كورد.
لەو كۆنگرەیەدا دەكرێت ئەم هەنگاوانە بنرێن و، ئەم خاڵانەش بخرێنە بەر باس و توێژینەوە:
یەكەم: پیشاندان و خستنەڕووی هەموو ئەو كارەسات و نەهامەتییانەی تووشی كورد بوون لە ماوەی سەد ساڵی رابووردوودا وەك دەرئەنجامێكی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی دژ بەبەرژەوەندی گەلی كوردەوە.
دووەم: خستنەڕووی زۆر لەو كتێب و بڵاوكراوە نێودەوڵەتیی و نێوخۆییانەی كە لەبارەی مەزڵوومییەتی گەلی كوردەوە نووسراون و، دان بەمافی رەوای كورد دا دەنێن بۆ جاڕدانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی سیاسیی خۆی.
سێیەم: شیكردنەوەی وردی مافی سەربەخۆیی كوردستان لەڕوانگەی یاساناسانی شارەزاو، لە گۆشە نیگای یاسای نێودەوڵەتییەوە.
چوارەم: ورووژاندنی رای گشتی بەریتانیی و فەرەنسیی بەتایبەتیی لەبارەی زیانەكانی رێككەوتنامەی سایكس پیكۆ لەسەر كوردو كوردستان.
پێنجەم: بانگهێشتكردنی نوێنەرانی وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنسا و ئەمریكاو رووسیاو چین و، وڵاتانی دۆستی كورد.
شەشەم: بانگهێشتكردنی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان.
حەوتەم: داڕشتنی ستراتیژییەتی ئێستاو داهاتووی خەباتی نەتەوەیی گەلی كورد.
بۆ هەموو ئەمانەو هی دیكەش واچاكە لیژنەی باڵای كۆنگرە پێك بێت و، دەستبەكاربێت بۆ تێپەڕاندنی كۆسپە هونەریی و سیاسییەكان و، ئەنجامدانی هەرچی زووتری كۆنگرەی نەتەوەیی كورد.
Top