ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم

ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم
ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەنگەری پێشەوەی بەرگریی نەتەوەییە لەئێستای خەباتی رزگاریخوازییدا و، هەڵبژاردنەكانیش لەوێدا وێڕای رەهەندە سیاسییەكانی، رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی بۆ ئێمە هەیە، بۆیە جێگەی خۆیەتی كە بەوردبینانەو دووربینانە لەئەنجامەكانی بكۆڵینەوە.
ئێستا پاش تەواوبوونی هەڵبژاردنەكان بۆ دیاركردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا، ئیدی كاتی ئەوەیە كەدەستەی باڵای لیستی (برایەتیی و پێكەوەژیان)ی كوردستانیی، لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆبوونەوەیەكی زانستیی تایبەت بەئامارو داتاكان ببەستێت بەمەبەستی:
یەكەم: هەڵسەنگاندنێكی سەرەتایی ئەنجامەكان و، بەراوردكردنیان لەگەڵ ئەو پێشبینییانەی كەلیستی(برایەتیی و پێكەوەژیان) هەیبووە لەپێش دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكاندا.
دووەم: بەراوردكردنی رێژەی نێوان هەریەك لە(تێچوو) و (دەستكەوت)، واتە چەند هەوڵی ماددی و مەعنەویمان بەخەرج داوەو، چەندیش دەستكەوتمان هەبووە؟
سێیەم: زانینی خاڵە بەهێزەكانی لیستی (برایەتیی و پێكەوەژیان) و، كاركردن لەسەر سوودلێوەرگرتنیان لەئاییندەدا.
چوارەم: دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و، هەوڵدان بۆ رێگرتن لەدووبارەبوونەوەیان لەداهاتوودا.
پێنجەم: زانینی كاریگەری ئەو هەڕەشەو تۆقاندنەی كە لەلایەن هەندێك گرووپ و تاقمی توندڕەوو شۆڤینییەوە دژ بەجەماوەری دەنگدەری كورد لەهەندێك شارۆچكەی سەربە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا بوونیان هەبوو.
شەشەم: زانینی هەڵەو كەموكورتییەكانی یاسای هەڵبژاردنەكان و، راستكردنەوەیان لەرێگەی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ رێگرتن لەدووبارەبوونەوەیان لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق لەساڵی ئاییندەدا، ئەمەش لە رووانگەی ئەو راستییەی كەزۆر جار دووپاتی دەكەینەوەو دەڵێین لەمێژەوەو هەتا بەئەمڕۆش دەگات، پرۆسەی هەڵبژاردن لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا بۆ ئێمەی كورد مەسەلەیەكی نەتەوەیی بووەو، واپێویستی كردووەو واش پێویست دەكات كەپیر و لاو و، پیاوان و ئافرەتانی كوردستان بەجیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییانەوە، روو لەسندووقەكانی دەنگدان بكەن و، بەجیا لەوەی كە هەڵبژاردن مافێكی دەستووریی هەریەكێكیانە، ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنانە بكەنە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی.
حەوتەم: هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی نێو كارنامەی لیستی (برایەتیی و پێكەوەژیان)، بەجۆرێك وەك لەبەرنامەكەیدا خستییە روو، كە بریتی بوو لەتەوەرەكانی سیاسەت و ئاسایش و ئاوەدانكردنەوەو خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتیی و سامانی ئاوو ژینگە، كە زۆریش گرنگە براوەكانی نێو لیستی (برایەتیی و پێكەوەژیان) سیاسەتێكی خێرا پەیڕەو بكەن بۆجێبەجێكردنی بەڵێن و گفتەكانیان، كە بریتی بوون لەدۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێكاران و دامەزراندنی خەڵكانی دڵسۆز و بەتوانا لە دەزگا ئەمنییەكان و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و جەختكردنەوە لەجێبەجێكردنی ماددەی سەدوچل و پاراستنی دەرامەتە ئابووریی و ئاویی و ژینگەییەكانی ئەو ناوچانە، كەهەموو ئەم خاڵانەش بەشێك بوون لەكۆی هەر (32) خاڵەكەی بەرنامەی لیستی (برایەتیی و پێكەوەژیان)ی كوردستانیی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا.
هەشتەم: كۆكردنەوەو بەئەرشیفكردنی ئەزموونەكانی لیستی (برایەتیی و پێكەوەژیان)و، سوودلێوەگرتنیان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق لەساڵی ئاییندەدا.
نۆیەم: خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شاری (مووسڵ)و قەزاكانی سەر بەپارێزگای (نەینەوا)، بەئاراستەی هێنانی دەنگی زیاتر لەجاری پێشوو.
دەیەم: خۆ دوورگرتن لەحیساباتی حزبییانەی دوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنەو، پاراستنی یەكڕیزیی و زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیی و متمانەی نێوان لایەنەكانی نێو(برایەتیی و پێكەوەژیان) بۆ ئاییندە.
Top