ئافرەت و ئایین

ئافرەت و ئایین
رەنگە ئەوە بەڵگەنەویست بێت كە خودی ئایین كێشەی لەگەڵ ئافرەتدا نییە، بەڵكو ئەوە تێگەیشتنی هەڵەیە لە ئایین كە كێشە بۆ ئافرەت دروست دەكات.
بۆیە ئەو رۆژەی كە خەڵك بە ئایینی ئیسلام ئاشنا بوو، رۆژێكی یەكجار مێژوویی و بێوێنە بوو، چونكە ئیسلام كۆتایی هێنا بەمۆنۆپۆڵكردنی حەقیقەت لای تەنها كەسێك یان لایەنێك یان توێژێك، كە هەزار ساڵی ماوەی حوكمڕانی پیاوانی ئایینی لە ئەوروپای سەدەكانی ناوەڕاست، جۆرێك لەم بۆچوون و فەرمانڕەواییەی هێنابووە بوون.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە كەدواتر ئەم جۆرە شێوازی بیركردنەوەیە پەڕییەوە جیهانی موسڵمانان و، هەندێك لەبیرمەندانی ئیسلامیی عەرەبیش ئەم بیرۆكە ترسناكەیان تێكەڵ بە فەرهەنگی ئیسلامیی كرد، كە تا ئێستاش زیانەكانی بەرچاو دەكەون لە كار و هزری ئەو كەس و گروپانەی كە بڕوایان بە قەتیسكردنی تێگەیشتن لە ئایینە لە دەستی تەنها كەسێك یان لایەنێك.
بۆیە گرنگە ئەو راستییەش بزانین كە لەئایینی ئیسلامدا پیاوانی ئایین بوونیان نییە، بەڵكو زانایانی ئایین هەن، لێرەشەوە جێگەی خۆیەتی كە ئاماژە بەهەندێك لەو نیشانەو رەفتارانە بدەین كە پیاوی ئاینییان پێ جیادەكرێتەوە لە زانای ئاینیی، لەوانە:
1- ئامانجی پیاوی ئایینیی سەپاندنی تاكڕەویی ئاینیی و دیكتاتۆریی ئاینییە، بەڵام ئامانجی زانای ئاینیی پابەندبوونە بەسەلماندنی راستییەكان و، رێزگرتن لەڕای جیاوازو، سنگفراوانیی ئاینیی و قبوڵكردنی ئەوانی دی.
2- پیاوی ئاینیی پێی وایە شەرعیەت و باڵادەستی خۆی لە خواوە وەرگرتووە و نابێت كەس چاودێری بكات و، رەخنەی لێبگرێت، بەڵام زانای ئاینیی خۆی بەمرۆڤ دەزانێت و، قسەكانیشی قابیلی هەڵەن و، رەخنەش قبوڵ دەكات.
3- پیاوی ئاینیی خۆی بە حاكم دەزانێت بەسەر خەڵكەوە، بەڵام زانای ئاینیی خۆی بەحەكەم دەزانێت لە نێو خەڵكدا.
4- پیاوی ئاینیی بڕوای وایە كە تێگەیشتن و قسەكردن لەبارەی ئایینەوە تەنها لەدەستی ئەوان و پیاواندایە، بەڵام زانای ئاینیی لای وایە كە قسەكردن و تێگەیشتنی هەر كەسێكی دیكەی زاناو شارەزا چ پیاو چ ئافرەت، جێگەی بایەخپێدان و قەبوڵكردنە.
5- پیاوی ئاینیی خۆی بەنوێنەری خودا دەزانێت لە سەر زەویدا، بەڵام زانای ئاینیی خۆی بەهەڵسووڕێنەری بەشێك لەكاری پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر)دەزانێت .
6- پیاوی ئاینیی بڕوای بە سەپاندنی یەك ئایین هەیەو، لەنێو ئەو ئاینەشدا تەنها یەك رێباز، بەڵام زانای ئاینیی بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ئایین و هەڵبژاردنی رێبازی ئاینیی هەیە.
7- پیاوی ئاینیی دێت دەقەكان لەبەر رۆشنایی راڤە كۆنەكاندا راڤە دەكاتەوە و، گوێی لە بەرژەوەندیی مرۆڤەكان و جیاوازی شوێن و كات نییە، بەڵام لای زانای ئاینیی زیاد لە تەفسیرێك هەیە بۆ هەر ئایەتێك و، زیاد لە راڤەیەكیش هەیە بۆ هەر فەرموودەیەك، لەبەر رۆشنایی جیاوازیی سەردەم و شوێنەكاندا.
8- پیاوی ئاینیی بڕوای وایە كە هەر خۆی خاوەنی لێكدەرەوەی دەقەكانەو، هەر خۆیشی هەڵدەسێت بە جێبەجێكردنیان، واتە لەیەك كاتدا هەر خۆی بڕیاردەرەو جێبەجێكاریشە، بەڵام زانای ئاینیی لای وایە ئەو یەكێكە لەراڤەكاران و، ئەركیشی ئاگادار كردنەوەو هۆشیاركردنەوەیە و، ئەركی جێبەجێكردنیش بە دامودەزگاكانی دەوڵەت دەسپێرێت.
9- پیاوی ئاینیی لای وایە دەبێت ئەوان خاوەن دەستەیەكی دینی ئەوتۆبن لە سەرووی كۆمەڵگەوە، بەڵام زانای ئاینیی بڕوای وایە كە ئەوان خاوەن رێكخراو و كۆمەڵەیەكن لە نێوان دەسەڵات و خەڵكدا، بۆ رێنماییكردنی هەردوولایان.
10- پیاوی ئاینیی دەست دەخاتە وردەكاریی ژیانی تاك و بڕیارەكانی دەسەڵاتەوەو یەك بژاردە فەرز دەكات، بەڵام زانای ئاینیی هێڵە گشتییەكانی ئایین و، زیاد لەرێگە چارەیەك بۆ هەر كێشەیەك دەخاتەڕوو، تاك و دەسەڵاتیش سەرپشك دەكات لە هەڵبژاردنی باشترینیان.
11- پیاوی ئاینیی دوو قسەی هەیە، یەكێكیان نهێنی و بۆ بازنە تەسكەكانی دەوروبەرێتی، یەكێكیشیان ئاشكرایەو بۆ دەرەوەیەتی، بەڵام زانای ئاینیی یەك قسەی راست و رەوانی هەیەو، ئەوەی لە دڵێتی لەسەر زارێتی و، بۆ دوور و نزیك یەك قسەی هەیەو، گوێی لە لۆمەی خەڵك و ترسی هیچ دەسەڵاتێك نییە.
12- پیاوی ئاینیی بەردەوام دوور لە ئەقڵ، خەریكی نەقڵ كردنی نموونە وەهمی و خەیاڵاوییەكانە كە لە واقیعدا بوونیان نییە و نابێت، بەڵام زانای ئاینیی باس لە واقیع دەكات و، بەئەقڵ نموونەكانی رابردوومان بۆ نەقڵ دەكات.
لەبەر ئەم هۆیانە پێویستە هەمیشە هەماهەنگیی و رۆڵی تەواوكاریی هەبێت لە نێوان زانای ئاینیی راستەقینەو ئافرەتانی چالاكوان و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی ئافرەتان.
Top