چوار ئەلفەكە:ئەنقەرە، ئەمرالیی، ئامەد، ئەربیل

چوار ئەلفەكە:ئەنقەرە، ئەمرالیی، ئامەد، ئەربیل
پێدەچێت زۆربەی هەردوو گەلی كوردو تورك پێخۆشحاڵ بن بەدەستپێكردنی ئەم دانووستاندن و دیدارانەی ئەم دواییەی نێوان حكومەتی توركیاو نوێنەرانی كوردانی باكوور.
دیارە ئەمڕۆ توركیا سەنتەری قورساییە لەكاری دیبلۆماسی و پێوەندییەكان و ئاشتەوایی لەگەڵ دەوروبەریدا، هەروەها توركیا سەنتەری بەرێوەبردن و قسەكردنیشە لەسەر كێشەو قەیرانەكانی ناوچەكە.
بەڕێز وەزیری دەرەوەی توركیا پێش سێ ساڵ لەمەوبەر، لەبۆنەی پێشوازیكردنی زیاتر لە دووسەد باڵیۆزو كارمەندانی وەزارەتی دەرەوە، ئاماژەی بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كردو وتی: پێوەندییەكانی دەرەوەمان لەسەر پێنج خاڵی سەرەكی بنیات ناوە: كە ئەوانیش بریتین لە باوەڕبەخۆبوون، گوتن و ئەنجامدانی ئەوەی كە راست و واقیعیەو، شیكردنەوەی چڕی پشتبەستوو بە گۆشەنیگایەكی فراوان بۆ بینینی وردەكارییەكان، پشت بەستن بە توانایەكی نەرم و نیان و ئیلاستیكی وخێرا لەبڕیارداندا.
ئاماژەی بەوەش كرد كە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بەپلەی یەكەم دەبێت هێزی خۆی لەهێزی ناوخۆی توركیاوە وەربگرێت لەڕووی مێژوویی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.
بۆیە بۆ پیادەكردن و پراكتیزەكردنی ئەم خاڵە تیورییانەش، توركیا ئەمڕۆ پێویستیی زۆری بەئاشتیی نێوخۆیی هەیە، لەپێش هەمووشیدا ئاشتیی لەگەڵ كورداندا، ئاشتییەك وەك بەرێز وەزیری دەرەوەی توركیا لەنووسینێكی خۆیدا دەڵێت: توركیا سەبارەت بە پراكتیزەكردنی سیاسەتە ئیقلیمیەكانی خۆی پشت بەچەند بنەمایەك دەبەستێت كەئەوانیش بریتیین لە: پیادەكردنی دروشمی ئاسایش بۆ هەمووان، پیادەكردنی حیوارێكی سیاسیی ئاست بڵندانە، سیاسەتی پێكەوەگرێدان و تەواوكاریی ئابووری، پێكەوە ژیانی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان، كۆتایی هێنان بە كێشەو قەیرانەكان.
بە سەرنجدان لەم چەند ستراتیژو بنەمایانەش، مرۆڤ دەتوانێت بگاتە ئەو ئەنجامەی كە ئەم خاڵانە مایەی كردنەوەی زۆرێك لە دەرگاو پەنجەرە داخراوەكانی رابردووی نێوان گەلان و دەوڵەتانی ناوچەكەن، بۆیە ئێمەش لەلای خۆمانەوە وەك هەرێمی كوردستان كە بەشێكی زیندووی نێو پرۆسەی ئاشتیین، لەتواناشماندایە دەستمان هەبێت لە دروستكردنی بەشێكی ئەو ئایندەیەی كە بەهەموو لامان نەخشەی بۆ دەكێشین لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەكدی، یارمەتیدان و پاراستنی تایبەتمەندییەكانی یەكدی، چونكە زۆر خاڵی بەهێز هەن كە یارمەتیدەرن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتیی و سیاسەتی كرانەوەو بنیاتنانی ئایندەیەكی گەش، پێویستە چوار لایەنی سەرەكیی پێكەوە ڕۆڵیان هەبێت بۆ سەرخستنی گفتوگۆو دیدارەكانی نێوان تورك و كورد لەتوركیادا كە ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: (ئەنقەرە) واتە حكومەتی توركیا، كە دەتوانێت سەروەرییەكی مێژوویی بۆ خۆی دەستەبەر بكات ئەگەر بتوانێت سەركەوتوو بێت لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیادا .
دووەم: (ئەمڕالیی) وەك ئاماژەیەك بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان كە ناكرێت بەبێ ئەو قسە لەسەر ئاشتییەكی راستەقینەی هەمیشەیی بكرێت لەبەر زۆر هۆی خودیی و بابەتیی كە بۆ زۆربەی سیاسەتمەدارو چاودێرانی سیاسیی ئاشكران .
سێیەم: (ئامەد) وەك ئاماژەیەك بۆ پارتی ئاشتیی و دیموكراسیی (بەدەپە)و، وەك ئاماژەیەكیش بۆ نوێنەرانی كورد لەپەرلەمانی توركیا، كە بەدەنگی هاووڵاتیانی كورد بوونەتە نوێنەری فەرمیی ئەوان لەپەرلەماندا.
چوارەم: ئەربیل(هەولێر) وەك ئاماژەیەك بۆ هەرێمی كوردستان و ئەزموونە سەركەوتووەكەی كەهۆكارێكە بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش و ئاشتیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ناوخۆیی لەگشت ئەو وڵاتانەی كە كوردی تیادا دەژین وەك ئارامترین ناوچەكانی عێراق بۆ توركیا و، وەك دەروازەی سەرەكی توركیاش بۆكاری وەبەرهێنان و، وەك دراوسێیەتی هەمیشەیی و نەفەسی مەدەنییانەی خەڵك وحكومەتی هەرێم و، كرانەوە بەڕووی پێشكەوتن و خۆ دوورگرتن لە توندڕەویی ئاینیی ونەتەوەیی، كە هۆكاری دیكەی بەهێزن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی چاوەڕوانكراوو، حەزكردن بەچارەسەركردنی كێشەی كورد لەهەر شوێنێكی دنیادا بەڕێگەچارەی ئاشتییانەو، لەچوارچێوەی ئەو وڵاتانەی كەتێیدا دەژین.
لەكۆتاییشدا پێم باشە كە بە قسەیەكی پڕ لە حیكمەتی بەدیعولززەمان (سەعید نەوورسیی) كۆتایی بە قسەكانم بێنم كە دەڵێت:
(لەوانەیە رابردوو بۆ ئێمە قەدەر بووبێت چونكە دەستمان لە دروستكردنیدا نەبووە، بەڵام ئایندەو داهاتوو بۆ ئێمە ئەرك و تەكلیفە چونكە ئێمە لە ئێستاوە دروستی دەكەین).
Top