دیموكراتیەتی.. پەرەپێدانی بەردەوام
December 13, 2012
وتار و بیروڕا
(ژینگە و ئابووری و كۆمەڵگایە)، لەبەرامبەردا خۆ بەشەرییەت ئەم لایەنەی پشتگوێ نەخستووە، دانانی یاساو رێسای تایبەت بەپاراستنی ژینگەو گرتنەبەری شێوازی نوێی مامەڵەكردن لەگەڵ سامانی سروشتی لەپاڵ واژووكردنی پرۆتۆكۆل و رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان هەمووی كۆمەڵێك هەوڵی كزی مرۆڤایەتییە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت، تا چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو ژینگە وێرانە بدۆزنەوە كە خودی بەشەریەت و خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ سروشتدا تووشی بووە.
قەیرانی ژینگەیی هاوكات بوو لەگەڵ كەوتنەوەی قەیرانی دارایی جیهان، كە ژینگەی ئابووری ئەم چەرخەیان خستۆتە بەردەم رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆو رادەبەدەر، ئەمەش وایكردووە بیرۆكەی پەرەپێدانی بەردەوام رۆڵ و پێگەی خۆی لەناو چارەسەرەكاندا ببینێ، لەڕاستیدا ئێمەی مرۆڤ تەنیا زیندەوەرێك نین لەسەر گۆی زەوی بژین، ئەگەر نەتوانێت مەملەكەتی گیایی و ئاژەڵی رووبەرووی ئەو شوێنەوارە ببنەوە ئەوا سروشت دەستی بەهێڕشكردن و جەنگ كردووە، زنجیرە كارەساتە سروشتییە وێرانكار و كاریگەرییەكانی سەرەتای هەڵگیرسانی ئەو جەنگەیە. خراپ بەكارهێنانی سامانەكان و گوێنەدان بەژینگەپارێزی زیانی گەورەی لێدەكەوێتەوە ئەمەش وایكردووە سوود وەرگرتن لەئاوی پاك و خاوێن تەنیا 2 % لەئاوی جیهانی لەم ناوچەیە دەست دەكەوێت، بێگومان ئەم مەترسییە هاوكاتە لەگەڵ وشكەساڵی و كەوتنەوەی لافاوی وێرانكەر. لەكۆتایی ئەم سەدەیەدا ئەمباری ئاوی دیجلەو فورات زۆر بەتوندی كاریگەری لەسەر ئەم گۆڕانكارییە نوێیەی ژینگە دەكات كە وا دەكات چارەكێك ملیار لەدانیشتووانی توركیاو ئێران و عێراق و سوریا بكەونە ناو گێژاوی كێشەی داهاتووی ئاو و شوێنەوارە خراپەكانی پیسبوونی . بەمجۆرە كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكە زۆر زیاتر بەرەو ئاڵۆزبوون و نائارامی دەچێت بەو پێیەی خراپی ئاو لەرووی جۆرو چەندایەتییەوە زەنگێكی مەترسیدارە بەرەو قەیرانێكی گەورە كە تێیدا شوێنەوارەكانی كاولكار دەبێت (گوڵان ژ:807و817و877)، هەربۆیە جیهانی مۆدێرن پێویستی بەسیاسەتێكی وا هەیە كە توانای كۆكردنەوەو هاندانی فەلسەفەو رۆشنبیری پەرەپێدانی هەبێت، ئەم گۆڕانكارییەش بەرەو سیاسەتی پەرەپێدانی ئابووری ڕێگا لەبەردەم چارەسەرە گشتگیرو سەرتاپاگیرییەكان دەكاتەوە لەبەردەم جێبەجێكردنی ئاسایشی (خۆراك و ئاو و وزە) كە چوارچێوەی بیرۆكەی جێبەجێكردنی ئاسایشی نەتەوەیی دیاری دەكات بەپشت بەستن بە ئابووری سەوز . مەسەلەی پەرەپێدانی بەردەوام كە ئێستا بۆتە بانگەوازو هەڵمەتێكی جیهانی یارمەتیدەرو هاندەرە بۆ بەهێزكردنی كۆمەڵێك لە وەزیفەكانی دامودەزگاو رێكخراوەكان تاوەكو ئەم دامەزراوانە رۆڵیان هەبێت لەپاراستنی ژینگەو پەرەپێدانی بەردەوام جێبەجێ بكەن و ئابوورییەكی وا بخوڵقێنن كە كۆمەڵگاكان و ئابوورییەكان توانای بەردەوامیان هەبێت.
ئەو هەوڵ و هەنگاوانەی كە ئێستا لە كوردستان لەبواری گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوام دەنرێت پێویستە لەو روانگەیەوە بێت، هێزی رەق واتا هەردوو هێزی ئابووری و سەربازی لەناو پلاندانانێكی هاوسەنگ ئاراستە بكرێن بەرەو پەرەپێدانی بەردەوامی ئابووری، لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی كە ئێستا هەرێمی كوردستان زۆر پێویستێتی. بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بەكۆكردنەوەی هەموو تواناكان هەیە تاوەكو سامانی سروشتی لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەك سوودی لێوەربگرێت كە لایەنی سلبی بۆ سەر ژینگە كەم بێت، لێرەشدا پتەوكردنی پەیوەندییەكان و دەستكردن بەدیالۆگ و گفتوگۆ لەسەر پلان و ئەو نموونانەی كە پێویستە جێبەجێ بكرێت، بەشێكی گرنگی ئیدارەكردنی پەرەپێدانی بەردەوامە، رەنگە بەڕێوەچوونی زۆربەی كارەكان بەشێوەیەك لەهەرەمی دەسەڵاتەوە بەرەو خوارەوە بێت لە شێوەی هەڕەمێكدا، وا پێویست دەكات دەوڵەمەندی بكەین و بەپێچەوانەشەوە واتا لەسەرەوە بۆ خوارەوەش كارەكان بەڕێوەبچن، لەخوار هەرەمەكە بۆ لوتكەی بڕیارو دەسەڵات ئەمەش پێی دەوترێت دیموكراتیەتی پەرەپێدان (گوڵان ژ:582و866و877).
لەئاڕاستەكردنی تواناو بیرۆكەكان بەرەو پەرەپێدانی بەردەوام رۆڵی كەرتی تایبەت لەم پرۆسەیە كەم نییە، كە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی لەئەستۆیەو تا ئێستا جێبەجێی نەكردووە لەڕێگای دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كارو تەمویلی توێژینەوەكانی پەرەپێدان، كە ئەمانە دەبنە هۆی دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەری گونجاو بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، بەڵام ئەم ئاڕاستەیە بۆ بەدیهێنانی بیرۆكەی پەرەپێدان هاندانی رۆشنبیری و خوێندنی پێویستی دەوێت لە ڕێگای دامەزراوەیەكی دەستەی ئیدارەو خوێندنی بەردەوام، ئەم ئاڕاستەیە بۆ بیرۆكەی بەردەوام دەبێت كەلتوورێكی بۆ بخوڵقێنی كە هۆشیاری و پەروەردەو خوێندن رۆڵیان هەبێت لەهەرێمی كوردستان، ئەمەش لە رەگ و ڕیشەی پرۆژەی ئیدارەی بەردەوام و پرۆژەكانی ژینگەو لایەنەكانی تردا دێت كە تێیدا قوتابیان رۆڵی بەرچاویان دەبێت لەچارەسەركردنی ژینگەو ئاوو خاك و دیزاینی ئیكۆلۆجی و ریسایكلین و ئیدارەی زبڵ و خاشاك و ئیدارەی وزە، بەمشێوەیە ئاڕاستەی نوێی پەرەپێدانی بەردەوام ڕێگا لەبەردەم كەرتی تایبەت دەكاتەوە تاوەكو سوود لەدەرچووان وەربگیرێت كە ئامادەو راهێنراون لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێن .
لە2050 ژمارەی دانیشتووانی جیهان بەرێژەی لە 33 % زیاد دەكات و داواكاری لەسەر خۆراك بەرێژەی لە 70% بەرز دەبێتەوەو ئەو كات بەرهەمهێنەرانی خۆراك روو لەپاراستنی ئاسایشی خۆراكی وڵاتەكانیان دەكەن نەك ناردنە دەرەوەی خۆراك، لەم رێڕەوەدا جێی سەرسوڕمان نییە ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وتی:(كێشەی خۆراك بەیەكێك لەگەورەترین تەحەدییەكانی سەدەی بیست و یەك دادەنرێت). ئەگەر داهاتەكانی نەوتی خاوو سامانە سروشتیەكان نەتوانێت لەئاست بەرزبوونەوە بەردەوامەكانی نرخی خۆراك بێت ئەوا هەموو داهاتەكانمان لەناو بازنەیەكی داخراو دەمێنێتەوە بۆ دابینكردنی خۆراكی گران لە وڵاتانی بیانیی، ئەم واقیعەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بەكارهێنان كە هەموو هەلەكانی لەبەردەم پەرەپێدانی ئابووری لەناو بردووە. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئەم وڵاتانە بوونەتە كڕیاری چارەسەری وا كە تەنیا لەوڵاتانی پێشكەوتووەكان دابین دەكرێت لەكاتێكدا پێویست بوو چارەسەرەكان و میكانیزمەكانی لەناوخۆی وڵاتدا بەرهەم بهاتایە، لەم گێژاوەو داهاتووە پڕ لەمەترسییە چۆن كوردستان تێر بكەین؟ نەوت هۆكارە نەك ئامانج واتا پێویستە ئەم سامانە دەوڵەمەندو گرنگە لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای كشتوكاڵ و بەرهەمهێنان بەكاربهێنرێت تا بتوانرێت بەڕێوەبردنی پەرەپێدانی بەردەوام مسۆگەر بكرێت و باری چالاكیەكانی بەبازاڕكردنی كاڵا خۆراكیەكان گەشە بكات. بڕیار بەدەستانی سیاسی پێویستە دەستپێشخەری ستراتیژی بكەن لەپێناو دانانی پلانێكی ستراتیژی لەم بوارەدا (گوڵان ژ: 560و799و813و820و829و 838و866و877).
كوردستان بەیەكێك لەباخچە هەڵواسراوەكانی جیهان دادەنرێت بەو پێیەی یەكەمین میللەتن كە دەستیان كردووە بەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، ژینگەی لەباری ئاوو هەواو خاك و دەوڵەمەندی كەلتووری دانیشتووانەكەی هەمووی لایەنی پۆزەتیڤن كە وایكردووە ئومێدی گەورە هەبێت بۆ پەرەپێدانی بەردەوام بەم پێیە بەتێكەڵ كردنی كەڵچەرو ژینگەو لایەنی ئەندازیاری هاوچەرخ و مۆدێرن دەتوانرێت ئەرتەرناتیڤێ لە بری تەنیا پشتبەستن بەنەوت و غاز بدۆزرێتەوە. گوڵان (813و 834و 835 و 862) .