لەبەئیسلامكردنی دەسەڵاتەوە بۆ ئیستیلامكردنی دەسەڵات

لەبەئیسلامكردنی دەسەڵاتەوە بۆ ئیستیلامكردنی دەسەڵات
وەك پێشتر ئاماژەمان بۆ كردووە كە بۆچوونی بزاڤە ئیسلامییەكان چەندە جیاواز بووبن، بەڵام لە دواجاردا دوو بۆچوونی دیار بەرچاو دەكەون لە ناوەندە ئیسلامییەكەدا، كە یەكێكیان پێی وایە گەیشتنی تەواو بە دەسەڵات زۆر زەحمەتە و لەوانەشە شەڕ و ئاژاوەو ململانێی قەبوڵنەكراوی بەدوادا بێت، بۆیە رێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدا لەسەر چەند خاڵێكی هاوبەش و بە ئیسلامكردنی بوارە پێویستیەكانی ژیان، بەتەنها رێگەیەك دەزانن بۆ بەفیڕۆنەدانی كات و كارو سامانی خەڵك و وڵات.
بۆچوونێكی دووەمیش هەیە پێی وایە كە دەسەڵاتی راستەقینە بەوە نابێت كە لە دەست ئەو دەسەڵاتەی ئێستادا بێت، هەرچەندە لایەنی چاكیشی هەبێت، بەڵكو ئەو بۆچوونە لای وایە كە دەسەڵات ئەو كاتە ئیسلامیی دەبێت، كە خۆی ئیستیلامی دەكات.
بۆچوونی یەكەم لای وایە كە تێكەڵكردنی دین و حزبایەتی ئەگەر بتوانێت دەنگی خەڵكیشی بۆ مسۆگەر بكات و بیگەیەنێت بە دەسەڵات، بەڵام دوای گەیشتن بەدەسەڵات كێشەی زۆر گەورە چاوەڕوانی دەبێت لەچەشنی چۆنیەتی جیاكردنەوەی حزب و بازاڕ و ئابوری، حزب و سوپا و پۆلیس، حزب و راگەیاندنی وڵات، حزب و دادگاو، حزب و رێكخراوەو سەندیكا پیشەییەكان.
بۆیە ئەم بۆچوونە لە كۆن و ئێستادا بڕوای بە ڕیفۆرم هەیە لەناو دەسەڵات و لەگەڵ دەسەڵاتدا. بۆچوونی دووەمیش بڕوای بە شۆڕش هەیە لە دژی دەسەڵات و بەسەر دەسەڵاتدا.
بۆچوونی دووەمیش لە ئێستاو لەدوای گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو لەدوای بەهاری گەلانی عەرەبییدا، كە خۆی لە بزاڤی ئیخواندا دەبینێتەوەو گەیشتوون بەدەسەڵات لە میسرو توونسدا، لە ئێستاوە كەوتوونەتە بەر چاودێریی گەلانی خۆیان و دەوڵەتانی جیهان، بۆیە ئیدی ئێستا سەردەمیی تاقیكردنەوەی خەبەری نێو نووسراوەكانی ئەوانە لە موختەبەری واقیع و كۆمەڵگەدا.
ئەوان كە جاران لەخەمی بە ئیسلامكردنی دەسەڵاتدا بوون و، كێشەكانی كۆمەڵگەیان خستبووە ئەستۆی حكوومەتەكان، بەڵام ئێستا كە لەخەمی ئیستیلامكردنی دەسەڵاتدان و، ئیدی لەئەمڕۆوە خەڵك و دەنگدەر نان و ئازادیی و دەستوورو یاسا و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و جێبەجێكردنی گشت ئەو دروشمانەی لێیان دەوێت كە لەسەردەمیی موعارەزەبووندا بەرزیان كردبوەوە.
لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا دەبێت لەو ڕاستییە بگەن كە هەڵبژاردن پێوەرە بۆ زانینی هێزی ئەوان لەنێوخۆی وڵاتدا، بەڵام بۆ زانینی تواناكانی خۆیان لەدەرەوەدا، ئەوە شەرعیەتی نێودەوڵەتییان پێویستە كە ئەو شەرعییەتەش لە هەڵوێست و كاردانەوەی وڵاتە زلهێزو ناسراوەكاندا دەردەكەوێت.
چونكە وەك بە لە كاركەوتنی بچوكترین پارچەی نێو ئامێرێك، دەزگایەك لەكار دەكەوێت و دەوەستێت، وڵاتە گەورە و بڕیار بەدەستەكانی جیهانیش گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە هەر روداوێكی بچوك لە گۆشەیەكی دنیادا، سەر ئێشەیەكی گەورە بۆ ئەوان دروست دەكات، بۆیە ئێستا بە ئاسانی رێگە بە گۆڕانی خێراو دراماتیكی نادەن، بۆ ئەوەی سەقامگیریی و ئارامیی جیهان نەشێوێت.
ئەمڕۆ ئیخوان كە رەوتێكی دیارن لەسەر گۆڕەپانی زۆرێك لە رووداوەكاندا و، باس لە گۆڕان و چاكسازیی دەكەن و، توانیویانە شەرعیەتی هەڵبژاردن مسۆگەر بكەن لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە و، گەیشتوونەتە دەسەڵات، بەڵام رووداو و ئەزموونەكان سەلماندیان كە شەرعیەتی هەڵبژاردن لەناوخۆدا بەس نییە بۆ كاری سیاسیی، چونكە شەرعیەتی هەڵبژاردن بۆ ناوخۆیە و، بۆ گەیشتنە بە دەسەڵات، بەڵام مانەوە لە دەسەڵات پێویستی بە بەدەستهێنانی شەرعیەتێكی دیكە هەیە، كە شەرعیەتی نێو دەوڵەتییە.
راستە ئەمڕۆ شەرعیەتی نێو دەوڵەتیی رێگر نییە لەبەردەم ئەوەی حزبێك تێڕوانینێكی ئیسلامیی هەبێت، بەڵام بە دوو مەرج:
یەكەم: هەڵسوكەوت و گوفتار و رەفتارەكانی ئەو تێڕوانینە گونجاو بێت لەگەڵ سیستمی نێودەوڵەتی.
دووەم: هەنگاوەكانی ئەو تێڕوانینە ئیسلامییە ئاشتیخوازانە بێت.
بۆیە زۆرێك لە كاربەدەستان و نوێنەرانی دەوڵەتە گەورەكان دەڵێن:
(هەموو پەرەسەندنێكی لۆكاڵ و ناوچەیی، كاریگەریی و ئەنجامی گڵۆباڵ و جیهانیی دەبێت)، بۆیە ئەوان زۆر هەستیارن و بە چاوی گومانەوە لە هەر پرۆسەیەكی گۆڕانكاریی و، هەڵگرانی دروشمەكانی دەڕوانن، بەتایبەت لە ئیسلامیەكان، كە داوا لێكراون چەند گۆڕانكارییەك لە خۆیاندا بكەن لەوانەش:
یەكەم: لۆكاڵ بن و بۆ گەلی خۆیان بن، نەك لقێك بن بۆ گشتێكی دەرەكیی .
دووەم: پێش وەخت نموونەی ئەو حوكمڕانیی و جیهانبینییەی كە هەیانە ئامادەی بكەن و پیشانی بدەن.
سێیەم: ئامانج و هەوڵی سەرەكییان لەسەر ئاستی جیهان، هاوكاریی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی بێت نەك دژایەتیكردنی گەلان و، بانگەشە بۆ ئایدیۆلۆژیا!
بێگومان جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەش كات و كاری زۆرو گۆڕانكاریی ڕیشەیی لەفیكرو هەڵسوكەوتدا دەوێت، چونكە ئەگەر بە ئیسلامكردنی دەسەڵات زەحمەتی زۆری بوێت، ئەوا ئیستیلامكردنی دەسەڵات زەحمەتی زیاتری دەوێت، چونكە لەدوای ئیستیلامكردنی دەسەڵاتەوە خەڵك داوای گۆڕینی شیعار دەكەن بۆ مەشروع.
Top