ئەنجامەكانی یەكەمین كۆنگرەیپەیمانگەی توێژینەوەو گەشەپێدان لە هەولێر

ئەنجامەكانی یەكەمین كۆنگرەیپەیمانگەی توێژینەوەو گەشەپێدان لە هەولێر
لە 2 تا 3ی /6/2012 یەكەمین كۆنگرەی پەیمانگەی توێژینەوەو گەشەپێدان لە هەولێر بەسترا، كەسەرەتای ئەم ساڵ بۆ بەشداری كردن لە پێشكەشكردنی توێژینەوەی تیۆری و پراكتیكی سەبارەت بە گرفتەكانی گەشەپێدانی ئابووری و مرۆیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەلایەك و گرفتەكانی بەڕێوەبردنی زانستیانەی پێویست بۆدەسەڵاتی جێبەجێ كردن و دەزگاكانی دیكەی دەوڵەت لەلایەكی دیكەوە، دامەزرا.
رێكخەرانی كۆنگرەكە هەوڵی گەلاڵەكردنی دەرئەنجامەكان یان خستنەڕووی پوختەی رێڕەوی گفتوگۆكانیان نەدا،بەڵكو ئازادییان بە هەموو بەشداربووانی كۆنگرەكەدا تا بیرو بۆچوون و سەرنجەكانیان بەوپەڕی ئازادییەوە بخەنەڕوو، كە وای كرد گفتوگۆكان ئازاد و بوێرو رەخنەگرانە بن، ئەمەش دیاردەیەكی گرنگ و پێویستە بۆ هەر پەیمانگەیەكی توێژینەوەو زانستی، هەروەها سەرەتایەكی تازەشە.
دەكرێ كارگێڕیی پەیمانگەكە سێ پرسی گرنگ دوای كۆتایی كۆنگرەكە پێشكەش بكات:
** بڵاوكردنەوەی هەموو توێژینەوەو گفتوگۆكان لە كتێبێكدا بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بۆ گشتگیركردنی سوودەكەی.
** دەرس وەرگرتنی پێویست لە میانی بەستنی كۆنگرەكە بەمەبەستی سوود لێوەرگرتنی لە گرێدانی كۆنگرەكانی دواتردا.
** پوختەكردنی گرنگترین بیرو بۆچوونی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی رەخنەیی تا بخرێتە بەردەست ئەوانەی لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و دەزگای پلاندانانی حكومی كار دەكەن،جا ئەوەی پێوەندیداربێ بە ئابووریی كوردستان یان بە بابەتی حكومەت و بەڕێوەبردنی زانستییانەو كارامە.
** لەمیانی موداخەلەو گفتوگۆكاندا كە لەم دوو رۆژەدا خرانە روو،دەتوانم چەند بیرۆكەیەكی سیاسی رابگەیەنم كە پێویست دەكات لە لایەن پەیمانگەكەو بەرپرسانی فایلی ئابووری و كارگێڕیی حكومەتەوە بایەخیان پێبدرێ، لێرەدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەكەمەوە:
1- كاروانی هەرێمی كوردستان هەروا بە ئاسانی رێی نەكردووە، بەڵكو تژی بووە لە ئاڵۆزیی ناوخۆیی و دەرەوە،بە تایبەتیش لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، لەبەر ئەم هۆیە لە توانای سەرۆكایەتیی و حكومەتی هەرێمدا نەبووە هەموو بایەخێكیان بۆمەبەستەكانی گەشەپێدانی نیشتمانی ئاڕاستە بكەن،بەڵام دەیانتوانی بەشێكی گرنگیی سەرچاوەی دارایی و توانای هونەری بۆگەشەپێدانی ئابووری بخەنەگەڕ.
2- هەرسێ شارە سەرەكییەكەی ئێستای كوردستان، هەولێرو سلێمانی و دهۆك،بەشێوەیەكی تایبەت پێشكەوتن و پەرەسەندنێكی بەرچاویان بەسەریەكەوە بەدیهێناوەو هەنگاوێكی جۆرەكییان هەڵێناوە بەشێوەیەك لە شاری بچووك و هەژارەوە هەنگاویان نا بەرەو نوێگەری لەڕووی ئاوەدانی و دامەزراندنی رێگەوبان و پردو خانووبەرەو باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بارەگای حكومی و فەرمانگەی فەرمییەوە، وێرای دابین كردنی ئاوو كارەبا بۆ زۆرینەی دانیشتووانی شارەكان. هەروەها بواری پزیشكیش بەرەو چاكی دەچێت و ژمارەی زانكۆو كۆلیژەكانی حكومی و تایبەت زیاد دەكات و ژمارەی قوتابیانی كوڕو كچی تۆماركراو زیادی كردووە، هەرچەندە وەكو پێویست نییە و لایەنی چەندایەتیی لەسەر حیسابی لایەنی جۆرەكیدا زاڵ بوو.
3- بێگومان چاك كردنی ئاستی شارەكان و پەرەسەندنیان بەشدارییەكی تەواو دەكات لە چاك كردنی لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی دانیشتووان كە دەیان ساڵ ژیانیان لەو شارانەبەسەربرد كە لە لایەن حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق و بە تایبەتیش لە لایەن حكومەت بەعس و رژێمە سیاسییە فاشییەكەیەوە پەراوێز و پشتگوێ خرابوون .
4- هەرچەندە هەندێ لەو دەستكەوتانە دەچنە بواری ژێرخانەوە، بە تایبەتیش ئاوو كارەبا و شەقام و رێگەو بان و پرد، بەڵام هەموویان ناچنە ئەو خانەوە كە پرۆسەی گەشەپێدان و پیشەسازی و تازەگەریی كشتوكاڵ پێویستی پێیانە، ئا لێرەدا گرنگیی سەرنجدان لەم بابەتە سەرهەڵدەدات، بەتایبەتیش كە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەوپەڕی پێویستی بە ژێرخانە بۆ پرۆسەی گەشەپێدان.
5- گرفتی ئێستا لە هەرێم لە ئاڕاستەكردنی سیاسەتی حكومەتدایە بەرەو هاوردەكاریی وقەرەباڵغ كردنی بازاڕەكانی ناوخۆ بە جۆرەها كاڵای باش و خراپ كە ئاڕاستەی پیشەسازی و گەشەپێدانی كشتوكاڵی لەباردەبات، لە كاتێكدا كە هەرێم پێویستی زۆری بە گەشەپێدان و ئاسایشی ئابووری و پیشەسازی و كشتوكالأ هەیە،ئەوەش گرنگییەكی زۆر مكوڕە كە دەتوانێ چەندین ئەنجامی پۆزەتیڤی بۆ ئابووریی كوردستان لێ بكەوێتەوە، مەبەستیشم ئەمانەیە:
أ- لەخۆگرتنی بێكاریی ئێستاو پەیتا پەیتا دەربازبوون لە بێكاریی دەمامكدراو ئەوەش بە گواستنەوەی كارمەندان لە فەرمانگەكانی دەوڵەت بۆ كەرتی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و دەزگاكانی سەر بەم كەرتە و بەبەرهەمی كشتوكاڵ.
ب- ئاراستەكردنی بەشێكی گرنگیی سەرچاوەی دارایی كە لە ئابووریی دەرهێنانی نەوتەوە دێتەدەست بەرەو كەڵەكەكردنی بەرهەمهێنان لە پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەدێهێنانی گەشەی سامانی نیشتمانی.
پ –ئەمەش بەرەو گۆڕانكاریمان دەبات لە ژێرخانی ئابووریدا و دواتر بەرەو ژێرخانی داهاتی نەتەوەیی كە لە ئێستادا شێوێندراوە.
ت- هەر ئەم پرۆسەیە لەلای خۆیەوە بەرەو گۆڕانكاریمان دەبات لە ژێرخانی چینایەتیی كۆمەڵگە بەرەو گەشەپێدان و فراوانكردنی بناغەی چینی كرێكاران و بۆرژوای پیشەسازی و كشتوكاڵ ح –هەر ئەم حاڵەتە بەشداری دەكات لە گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤ لە هەرێم لە ئاست هەڵوێستی بەرامبەر كار و بەرهەم، هەروەها هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی بەرز دەكاتەوە.
ج- هەر ئەم حاڵەتە لە بواری كرانەوەی دەرەوە سووك دەكات و ئەو سەرچاوە داراییانەش كەم دەكاتەوە كە ئاراستە دەكرێن بۆ هاوردەكردنی كاڵای بەكاربردن و دەستگرتن بە سامانەوە بۆبەرژەوەندیی گەشەپێدان و پەرەپێدانی مرۆیی.
چ- پرۆسەی پیشەسازی و تازەگەریی لە كشتوكاڵ پێویستی بە دامەزراندنی چەندین پرۆژەی تەواوكاریی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژینگەیی هەیە كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پەیوەست بن بە پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەكاربردنەوە.
خ - هەروەها بوار دەڕەخسێنێ بۆ گەشەپێدانی كەرتی پەروەردەی پیشەیی لە جیاتی پەرژانەسەر خوێندنی مرۆیی لە كۆلیژ و زانكۆكان،بەڵكو بۆ كردنەوەی پەیمانگەی پیشەیی و تەكنیكی بۆ دەرچووانی خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەروەها پێویست بە كردنەوەی تاقیگەكان و بنكەكانی توێژینەوەی زانستی و تیۆری و پراكتیكی دەكات.
د - سەرجەم ئەو پرۆسەیە بەشداری دەكات لە بنیادنانەوەی مرۆڤ لە رووی كۆمەڵایەتییەوە لە میانی گۆڕینی ژێرخانی چینایەتیی كۆمەڵگە لە توێژی جووتیاران و پەراوێزخراو كە لەسەر رۆخی ئابووری نیشتمانی دەگوزەرێن هەروەها توێژی كۆمپرادۆر و گەورە سەرمایەداران بۆ توێژی كرێكارو بۆرژوای پیشەسازی و كشتوكاڵی كەبەشداریدەكەن لە دروستكردنی هۆشیاریی تازە لە بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری.
6- هەروەها پێویستیی زۆری هەیە بە گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و تێكەڵ وكەرتی هەرەوەزی و كەرتی وەبەرهێنانی بیانی،هەروەها پێویستی هەیە بە كەرتی ئابووریی دەوڵەت،ئەوانە هەموویان بەشداردەبن لە ئەكتیفكردنی پرۆسەی گەشەپێدان و خێراكردنی گۆڕانكارییەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی،سوودی باشتر دەبێ ئەگەر ئەم كەرتانە هانبدرێن بۆزیادكردنی وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی پیشەسازی و كشتوكاڵیدا، نەك راكردن بەدوای قازانجی خێرا لە بواری بینا و بازرگانی و خانووبەرە هەروەكو لەئێستادا وایە.
7- كوردستانی عێراق دەتوانێ سوود لە پێگەی جیاوازی جوگرافیی خۆی وەربگرێ بۆ بایەخدانی زیاتر بەدامەزراندنی پرۆژە لە بواری چالاككردنی گەشتیاری و رابواردن و سەیران وگەشتیاریی ئایینی و شوێنەواریی ناوخۆیی و گەشتیارانی وڵاتانی دەوروبەر.
8- هەروەها پێویستە بایەخی تایبەتی بدرێ بەو گرفتەی هەموو عێراق پێوەی دەناڵێنێ،گرفتی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی كە كاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر پرۆسەی گەشەپێدان و بنیادی ئابووری و هۆكاریشە بۆ تێكدانی مرۆڤ و كۆمەڵگەو دەزگاكانی حكومەت،ئەوەیان پەتایەكە كە لەئێستادا هەرێمی كوردستان و سەرتاپای عێراقی تەنیوە، گەندەڵی تەنیا دیاردەیەكی دیاریكراو نییە، بەڵكو بووەتە سیستەمێك لەسەر هەموو ئاست و لە هەموو بوارێكدا پیادە دەكرێت.
9- بە روونیش ئاماژە بەو رێكەوتنە نەوتییانە دەدەم كە لەنێوان هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكاندا مۆركراون كە باش نەبوون و لەبەرژەوەندیی ئابووریی نیشتمانیدا نیین، چونكە گرێبەستی بەشدارین و كوردستانیش پێویستی پێیان نەبووەو قازانجێكی زۆریش بۆ ماوەیەكی درێژ بۆ كۆمپانیا بیانییەكان دابین دەكات،بۆیە پێویستە شێوازێك بدۆزرێتەوە بۆ چاوخشاندنەوە بەو رێكەوتنانەدا.لەسەر ئاستی ئەدای حكومەت و كارامەییەكەی دەكرێ ئەوانەی موداخەلە و گفتوگۆدەكەن چەند سەرنجێك تۆماربكەن،لەوانە بۆنموونە:
1- لاوازیی پێوەندیی پۆزەتیڤانەی نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و تاكەكانی كۆمەڵگەو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە هۆی لاوازیی ئەدای ئەم دەزگایانە لە كارەكانیانداو نەبوونی دیموكراسیەت و تەشەنەكردنی گەندەڵی تێیاندا هاوكات نەبوونی چاودێریی و بەدواداچوون.
2- جیانەكردنەوە لەنێوان:أ- حكومەت و پارتەسیاسییەكان و كۆنترۆڵ كردنی ئەدای حكومەت لەلایەن ئەو حزبانەوە، ب_ جیانەكردنەوەی نێوان حكومەت وەك دەسەڵاتی جێیەجێبكردن و نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و یەكەمیشیان دەستی بەسەر سەرجەم دەسەڵاتەكاندا گرتووە،ج –لاوازیی هاوكاری لەلایەكەوە و لاوازیی قبوڵكردنی رەخنە لە نێوان حكومەت و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە لەلایەكی دیكەوە.
3- نەبوونی سیستەمی كاركردن لای ئەنجوومەنی وەزیران،واتا نەبوونی هەماهەنگی و تەواوكاریی و چاودێری و بەدواداچوونی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلای سەرۆكی وەزیران و نووسینگەكانییەوە و پشت بەستن بە كەسانێك كە ناتوانن رۆڵی نووسینگە پسپۆڕەكان و ئەركەكانیان بگێڕن.
4- لاوازیی چاودێریی میللی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەدای حكومەت و دەزگاكانی.
10- كۆنگرەكە لاوازیی رۆڵی ئافرەتی لە سێ بواری سەرەكییدا دەست نیشانكرد:
أ- دەزگاكانی سیاسی و یاسادانان و دادوەری و راگەیاندن،ب- لە نێو پارتەسیاسییەكان و سەركردایەتییەكانیانداو لەنێو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی،ج- لەژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و لاوازیی ژیان بەگشتی لە هەرێم.
ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە هەرێم وەدیهاتووە كەم نییە بە پەیوەست لەگەڵ ئەو بارودۆخەی بەشێوەیەكی گشتی عێراقی گرتەوە، بەڵام ئێستاش دەتوانرێت زۆر شتی دیكە بۆ بەرژەوەندیی بەهێزكردنی توانای ئابووریی و كۆمەڵایەتیی هەرێم وەدیبێت.
لە كۆتاییدا كۆنگرەكە ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخسا كە دیداری تایبەت لەگەڵ چەندین بەشداربوودا سازبكات بۆ تێكەڵكردنی بیروڕایان و گوێگرتن لە سەرنجەكانیان كە یارمەتی پەیمانگەكە دەدەن بۆ پەرەپێدانی چالاكییەكانی و رۆڵی لەداهاتوودا.
Top