تەنها كورد پارسەنگە بۆ عێراقی ن

تەنها كورد پارسەنگە بۆ عێراقی ن
پێنج ساڵ دوای رووخانی رژێمی بەعس ،رۆژ لە دوای رۆژ عێراق رووبەڕووی قەیرانی نوێتردەبێتەوە و گرفت لە دوای گرفت دروستدەبێت، سەرباری ئەوەی هەندێ جار لەجیاتی پەنا بردنە بەر زمانی دیالۆگ و لێكگەیشتن بۆ چارەسەركردنی هەر جیاوازییەك ،كەچی عەقڵیەتی بازوو بە كورد نیشاندان قسەی خۆی دەكات ،كە رێك هەمان ئەو عەقڵیەتەیە كە بەعس پێڕەوی دەكرد.
كورد زۆر بە گەرمی هاریكاری عێراق و تەنانەت ئەمریكایشی لەپێناوی دامەزراندنی عێراقێكی دیموكراتی فیدڕاڵی كرد ، بەڵام رووداوەكانی عێراق رۆژانەن وهەندێكجار هەڵوێستەكانی حكومەتی عێراق(كە مەبەست حكومەتی مالیكی یە) نەك لە ئاستی پێویستدا نین ، بەڵكو دەبنە هۆكارێكیش بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكان بەجۆرێك كە ئاراستەی سیاسی لە عێراقدا بە ئاقارێكی تردا دەبردرێ.
گەلی كوردستان و سەركردایەتییەكەی ، ماوەی یەك سەدەیە زۆر ئازاری بێ وێنەیان لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغداوە چەشتووە ، بەڵام یەكگرتوویی گەلی كوردستان و دڵسۆزییان بۆ سەركردایەتییەكەیان ، ئەمانە هەموویان كوردیان گواستەوە بۆ ئەو رۆژەی ئێستا، كە خاوەنی سەروەری و حكومەتی خۆمانین.
ئەوەی كە سەیر نییە ئەوەیە لەناو عێراقدا هەمیشە سایكۆلۆژییەتێكی توندو تیژی زاڵە بەسەر دیالۆگ و زمانی ناتوندوتیژی، بوونی ئەو سایكۆلۆژییەتە توندو تیژییە ، وای كردووە بچووكترین جیاوازی ببێتە گرفت و پیلان لە یەكتر دانانەوە ،بە شێوەیەك پیلانەكانی ئەو 4-5 ساڵەی دوایی ، كەمتر نین لە هی سەردەمی بەعس ، بەڵام كورد نەتەوەیە ،خاوەنی خاكە، بۆیە دەبێت حكومەتی بەغدا خۆی تووشی هەڵەی گەورە نەكات ، كە ئێستا خەریكە گەلە كۆیی بۆ سەر كورد دروستدەكەن ، بە تایبەت پێوەندی نێوان عەرەبی شیعەو سونە بەهۆی دژایەتیكردنی كورد خەریكە بەرەو باشبوون دەچێت ، سووپای عێراقیش كە ئێستا بەشێكی بریتین لە كۆنە بەعسی كە پێشتر لە پلەی ئەندام شوعبەو ئەندام فیرقەی بەعس بوون ،هەموو هەوڵێكیان ئەوەیە كێشەی گەورە دروست بكەن تا كورد لە بەغدا رووبەرووی ئاڵۆزی سەخت ببێتەوە ، وەك ئەمجارە خەریك بوو لە خانەقین و دەوروبەری رەفتاری نابەرپرسانەیان كردو ،سەرۆكی كوردستان ناچار كرا هەڕەشە لە بەغدا بكات كە كورد لە بەغدا دەكشێتەوە ، ئینجا مالیكی هەندێك بەخۆدا چووەوە و سووپای لە پێشڕەویكردن راگرت .
بێگومان بوونی ئەم هەموو خەڵكە كۆنە بەعسییە لە ناو سوپای عێراقدا مەترسی نەك هەر بۆ سەر كورد و هێزە نیشتمانییەكانی تر هەیە ، بەڵكو مەترسیان بۆ سەر خودی مالیكی ش هەیە ،ئەمە لە كاتێكدا مالیكی لەلایەك دەیەوێ دڵی وڵاتانی هەرێمی راگرێت و لە لایەكی تریش دەیەوێ دڵی ئەمریكا راگرێت ، ئەمەش دووبەرژەوەندی پێك ناكۆكن و ئێستا لەسەر پرسی رێككەوتنی ستراتیژی ئەمنی عێراق ? ئەمریكا خەریكە تەواو لێك بەدیار دەكەون، بۆیە مالیكی هێشتا لە نیوەی رێگایە ، بەرەی دیالۆگ و ئەلعراقیە و حزبی ئیسلامی و ...هتد ئەگەر تەنها لەسەر ئازاردانی كورد لەگەڵ مالیكی یەكبگرنەوە ، ئەوا لە چەندین پرسی دیكەی زۆر هەستیار لەگەڵی ناكۆك و دژ دەبن ،سادەترینیان رێككەوتنی ئەمنی عێراق ئەمریكایە ، كە ئێستا مالیكی وەك عەرەفاتی لێ هاتووە ، گوشاری بزووتنەوەی حەماس لە لایەكو گوشاری ئەمریكا لە لایەك كۆتاییان بە ژیانی عەرەفات هێنا ، مالیكیش كەوتۆتە بەر گوشاری ئەمریكا لە لایەك و وڵاتانی هەرێمی لە لایەكی تر ، سەرباری گرووپە توندڕەوەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی ، كە مالیكی رێی رۆشنی لێ ون بووە. بەڵام ئەوەی نابێت لە هیچ كاتێكدا لە بیر بكرێت ئەوەیە كورد پارسەنگێكی زۆر گەورەیە بۆ عێراق ، بە لەدەستدانی ئەو پارسەنگە ، عێراق رووبەڕووی كارەساتێكی تر دەبێتەوە ، بە تەئكید بەر لەوەی زیانی بۆ هەر لایەكی تر هەبێت ، زیانی گەورەی بۆ حكومەتی بەغدا دەبێت.
Top