لە 14 مین ساڵڕۆژی گوڵاندا
بە رەچا

لە 14 مین ساڵڕۆژی گوڵاندا<br />بە رەچا
سبەی 14 مین ساڵڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی هەفتەنامەی گوڵان ە، هاوكات 110 مین ساڵڕۆژی یەكەم رۆژنامەی كوردیشە گوڵان هەر لەسەرەتای دەرچوونییەوە مۆركێكی تایبەت بە خۆی هەبووە، ئەم مۆركە تایبەتە وای كرد پێگەی گوڵان لە نێو رۆژنامەگەری كورديدا بە زەقی دیارو بەرچاو بێت .
راستە ئێستا پڕ گەشاوەترین قۆناخی رۆژنامەگەری كوردییە، بەڵام جۆرێك لە ئاڵۆزی و تەنانەت فەوزایشی بەخۆوە گرتووە، برەودان بەم فەوزایە وای كردووە موسداقییەتی رۆژنامەگەری كوردی لە لایەن هاووڵاتییانەوە تا رادەیەك شوێنی لەق بێت، بۆیە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە گەڕاندنەوەی ئەو متمانەیە هەیە كە جاران گۆڤارو رۆژنامەكوردییەكان هەیانبوو،كە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە راستكردنەوەی كاری پڕۆفیشناڵی و درووستكردنەوەی بنەمایەكی تۆكمە بۆ ئایندەی رۆژنامەگەری كوردی كە وردە وردە ئەو بۆشاییەی لە نێوان هاووڵاتی و رۆژنامەی كورديدا هەیە بچووك دەبێتەوە، لە لایەكی تریشەوە ئەركی رۆژنامەگەری كوردیشە كار بۆ راستكردنەوەو نیشاندانی باشتركردنی حوكم بكات، دوور لە رەخنە لە پێناو رەخنە ، بە واتایەكی تر پێویستە رۆژنامەگەری كوردی رۆڵی چاودێرێكی باش ببینێ، نەك بچووكترین هەواڵ(زۆرجار هەواڵەكەش راست نییە) بكرێ بە مانشێتی سەرەكی رۆژنامەیەك و هەندێك ترش و خوێ و بەهاراتیشی بەسەردادەكەن، تەنها بۆ ئەوەی ژمارەی خوێنەرانیان زیاد بكەن،لەكاتێكدا خوێنەرەكەش بە هەڵەدا دەبەن، لە بنەڕەتدا ئەمە كاری رۆژنامەگەری كوردی نییە، بۆیە گوڵان لە قۆناخی ئێستایدا هەوڵی داوە، بە هێمنی و بەبێ خۆبادان، دیوی راستەقینەی رۆژنامەگەری كوردی بە رۆژنامەنووسانی كوردستان بڵێت و بناخەیەك بۆ ئەمڕۆو بۆ چەند ساڵی داهاتووش دابڕێژێ،بەڵام ئەمەش وا بە سووك و سانایی ناكرێت، بەداخەوە تا ئێستا رۆژنامەنووسی كوردی ئەوەندە عەوداڵی تێگەیشتنی نییە لەسەر بوارەكانی رۆشنبیری حوكم، راستكردنەوەی حوكم و كاری پڕۆفیشناڵی،بەڵكو هەر رۆژنامەیەك وادەزانێ حكومەتێكە لەناو حكومەتێكدا .
گوڵان كە هەفتەنامەیەكە بە ئەركی خۆی دەزانێ بەدواداچوونی هەبێت لەسەر تەواوی پرسە گەرماوگەرمەكانی كوردستان،هەوڵیشمانداوە رای خەڵكی پسپۆرو تایبەتمەند لە هەر بوارێكدا وەربگرین، كە تا ئێستا لە ماوەی تەنها یەك ساڵ و نیوی رابردوودا توانیمانە راو بۆچوونی (450) كەسایەتی دیاری ئەورووپی و ئەمریكی و ئینجا توركی و عەرەبی وەربگرین بەشێك لەو كەسایەتییانە رۆڵیشیان لە درووستكردنی بڕیار هەیە چ لە ئەمریكا چ لە ئەوروپا،ئەم كارە بۆ قۆناخی ئەمڕۆی رۆژنامەگەری نەك تەنها كوردی بەڵكو رۆژنامەگەری هەموو دونیاش ئەمەی پێویستە، ئیتر كاتی ئەوەش هاتووە فێربین رەخنەو تێبینییەكانمان بۆ باشتركردنی شێوەی حوكم بێت، بەمە متمانەی خوێنەرانیشمان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت، هەر بوونی ئەم متمانەیەش بوو سەرۆك بارزانی بە بۆنەی 14 مین ساڵڕۆژی گوڵان پێشوازییەكی گەرمی لێ كردین،بەڕێز سەرۆك بارزانی وێڕای بەرز هەڵسەنگاندنی گۆڤاری گوڵان، ئەوەشی دووپاتكردەوەو وتی( نامانەوێ هیچ گۆڤارو رۆژنامەیەك كەمووكورتییەكانمان بشارێتەوە، بەڵام كاتێك باسیشی دەكەن وەكوو خۆیان باسی بكەن،ئەمە بۆ ئەوەی لای خوێنەریش باش و خراپ تێكەڵ نەبن).
گوڵان تا ئێستا كە پڕفرۆشترین هەفتەنامەیە لەبەر ئەوە نییە كە نووسینی ورووژێنەر بڵاودەكاتەوە،بەڵكو متمانەی ئەو هەفتەنامەیەیە لە لایەن هاووڵاتیانەوە، چونكە ستایشی بێ بنەماو كرچ و كاڵ ناكەین و بڕوامان بە مكیاج نییە، هەروەها رەخنەی ناسەردەمانەو رەخنە تەنها لە پێناو رەخنەش ناگرین،بوونی ئەم متمانەیەش وای لێ كردووین كە دەسپێكی ساڵی نوێی گوڵان بە بەرنامەیەكی چڕتر بەدواداچوونی خۆمان هەبێت لەسەر پرسە گرنگ و گەرماوگەرمەكانی ئەمڕۆ، كە تێگەیشتن لەم پرسانەش بەشێكی كاریگەردەبن لە دروستكردنی هوشیاری، چونكە بەبێ بوونی ئەو هوشیارییە كاری جیدی ناچێتە ناو خەڵكەوە.
Top