كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات، ناوچە شی

كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات، ناوچە شی
گرووپ و پێكهاتەكانی عێراق چەند زۆر و جیاوازن، ئەوەندەش پێكناكۆكن، هەندێ جار بەهۆی كۆمەڵێك هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ ماوەیەك كێشە ئاڵۆزو تێكچڕژاوەكان دەوەستێنرێن، بەڵام چارەسەری ریشەیی ناكرێن، رەوتی سەدر ئەو كاتەی لە شاری نەجەف لەگەڵ سوپای ئەمریكییەكان كەوتە شەڕێكی توندەوە ، وەستاندنی شەڕەكە تەنها لەپێنا وەستاندن بوو نەك رێككەوتنێكی سیاسی و چارەسەرێكی ریشەیی بۆیە هەر جارەی لەناكاو وەك پشكۆی ژێر خۆڵەمێش دادەگیرسێتەوە ، لە ماوەی رابردوودا خەریك بوو عێراق جۆرێك لە ئارامی بەخۆوە گرتبوو، بەڵام ئەو جۆرە ئارامییە لەو نەخۆشە دەچوو كە بە دەرمانی موسەكین نەخۆشەكە ئەوەندە هەست بە ئازارە سەختەكەی نەكات، ئەگەرچی راگرتنی ئازارەكە تەنها بۆ ماوەیەكی كاتییەو چاری دەردەكەی نەدەكرد، عێراقیش وابوو، تەنانەت ئەو ئەنبارەی كە پڕكرا لە چەكداری میلیشیایی چاوەڕوانی ئەوە دەكرا دۆخی ئەنبار بە شێوەیەكی دیكە ئاڵۆزی تێبكەوێت، وەك دەبینین ئێستا ململانێی توند لە نێوان حیزبی ئیسلامی و هێزەكانی رابوون(سەحوە) دروست بووە،بە شێوەیەك دوورنییە ئەگەر هەر لە ئێستاوە چارەسەرێكی سیاسییان بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوانیش واتە حزبی ئیسلامی و چەكدارانی رابوون(سەحوە) بكەونە ناو یەك، هەروەك دەبینین لە ئێستاوە هەریەكەیان داوای چۆلكردن لە ئەوەی تر دەكات.
دیارە ئەوكاتەی دیك چینی هاتە بەغداو هەولێر، چاوەڕوانی ئەوە دەكرا كە سوپای عێراق روو لەموسڵ بكەن، چونكە تا شەڕی نێوان سەدرو بەدر لە بەسڕە نەبووە شەڕێكی خوێناوی، موسڵ تاكە شاری عێراقی بوو كە زۆرترین تیرۆریست خۆیانی تێدا حەشاردابوو، بێگومان زۆرترین نا ئارامیشیان تێیدا دروستكردبوو,لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی عێراقیش تەئكید لەوەدەكرایەوە كە كاتی ئەوە هاتووە موسڵ وەكو فەلوجە لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە ،لە لایەكی تریشەوە ئەوەی مەزەندە دەكرا دوای هاتنی دیك چینی كار بۆ فیدراڵیزم بكرێ لە باشووری عێراق، بەڵام بە پێچەوانەی بۆچوونی فەزیلە یان رەوتی سەدر لە بارەی فیدڕالیزمەوە، هەروەك دەمێكە ئەنجوومەنی باڵا خستوویەتیە ناو ئەجێنداو كارنامەی خۆیەوە، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییە هەموو هاوكێشەكانی قڵپ كردەوە ، تەنانەت پریشكی ئاڵۆزییەكانی بەسرە بەغداو تەواوی شارەكانی باشووری عێراقیشی گرتەوەو دەرفەتێكی باشیش بۆ تیرۆریستان لە شارو شوێنەكانی عەرەبنشینی سوننە دروست كرد كە بۆخۆیان هەناسەیەك بدەن و پلانی خۆیان بۆ داهاتوو باشتر رێكبخەن.
ئێستا قسەلەسەر ئەوە نییە، كام لایەن خەتابارەو كام لایەنیش لەسەر هەقە، بەڵكو ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە ، دەمێكە شاری بەسرە سەرچاوەی نائارامی هێزو لایەنەكان بوو، دەمێكە لەسەر ئاودیوكردنی نەوت ململانێ هەبوو، دەمێكە هەر لایەنەو دەیویست جێگە بە ئەوی تر لەق بكات و بۆ خۆی حاكمی شار بێت ، حاكمی شاریش نەوتی قاچاخی دەستدەكەوت و ئاودیوی دەكرد، دەمێكە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی رەوتی سەدری بە مەترسی گەورە دەزانی بۆ سەر خۆی، نەك هەر لە شاری نەجەف، بەڵكو لە تەواوی شارە شیعییەكان بە شاری بەغدایشەوە، رەوتی سەدر تەنگی بە ئەنجوومەنی باڵا هەڵچنیبوو، ئەمە لە كاتێكدا نابێ ئەوە لەیاد بكەین مالیكی بەیارمەتی رەوتی سەدر و بە جیاوا زییەكی زۆر زۆر كەم گەیشتە پلەی سەرۆك ئەنجومەنی وەزیران ، كێشەكە لێرەدایە ئەمریكا راستە پشتگیری مالیكی دەكات بەڵام مالیكیشی تەواو بە دڵ نییە، بەڵام جارێ جێگرەوە(بەدیل )ی مالیكی نییە، بۆیە ئەمریكا دەیەوێت مالیكی تەواو لە ئێران دوور بخاتەوە، تا باشتر پشتی بگرێت، بەڵام ئایا مالیكی جورئەتی ئەوە دەكات لە كاتێكدا ئێران زۆرترین نفوزی لە باشووری عێراق هەیە ،ئەگەر مالیكی پشت بە ئەمریكا ببەستێ وەك ئێستا خەریكە دەیكات، بەم پشت پێ بەستنەش لە رووی سەربازی سەردەكەوێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە تووشی قەیرانێكی سەخت دەبێت، چونكە چی گرووپی شیعە هەیە سۆزو هەوادارییان بۆ ئێران هەیە، ئەو كاتە مالیكی تووشی دۆڕانێكی سیاسی و جەماوەری دەبێتەوە، بەهەر حاڵ ئەم پرسە زۆر ئاڵۆزەو وەك یاریكردن بە ئاگر وایە ،هێشتا هەڵوێستی گەورە مەرجەعی شیعییەكان كە سیستانییە ،زۆر روون نییە، بەڵام هەڵوێستی جەعفەری پشتگیریكردنە لە رەوتی سەدر كە جەعفەریش لە بەیتی شیعی نزیكە، بۆیە مالیكی بەهۆی ئەم شەڕەوە هەندێك دەستكەوت بەدەست دەهێنێت بەتایبەت لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، بەڵام دوورنییە چەند دەستكەوتێكیش لەدەست بدات، لەكاتێكدا ئەم شەڕە كۆتایی نایەت چونكە تەنها بەسرە نییە، بەڵكو ناو بەغداش گەورەترین ئاڵۆزی تێكەوتووە، بە ناوچەی سەوزیشەوە.
Top