چارەسەركردنی گەندەڵی لە چارەسە

چارەسەركردنی گەندەڵی لە چارەسە
یەكێك لەو دەردە كوشندانەی كە بە شێوازی جۆراوجۆر بۆتە پەتایەكی جیهانی، گەندەڵییە. كە عێراق پشكی شێری بەركەوتووەو كوردستانیش لێی بێبەش نەبووە. راستە بارودۆخی هەروڵاتێك لەوی تر جیاوازە، ئیتر دۆخی گەندەڵیش لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاواز دەبێت، لە وڵاتی جێگیرو سەقامگیر باشتر دەتوانرێ رووبەرووی گەندەڵی ببیتەوە، بەڵام هەمیشە لە وڵاتانی ناجێگیر و ئینتیقالی تەژی دەبێت لە گەندەڵكار، كە ئێستا چ عێراق و چ كوردستانیش بەم قۆناخی ئینتیقالیەدا رەتدەبن،
كارەساتی گەورەی گەندەڵیش ئەوەیە لەجیاتی ئەوەی لەناو خەڵك سەرهەڵبداو گەشەبكات، بە پێچەوانەوە لەناو دەسەڵاتی سیاسی و گەورە بەرپرسان زەق ببێتەوە، كە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەیەكی زەقی ئەم دیاردەیە، بێگومان ئەمەشیان هەم چارەسەركردنی قورسترە، هەم خەڵكی گەداو رەشورووت بەرامبەر بە دەسەڵات زیاتر توڕە دەكات، كە رێك ئێستا نموونەی عێراق و كوردستان بەم جۆرەیە .
بۆیە بەرلەوەی بیر لە سزادانی ئەوكەسانە بكرێتەوە كە گەندەڵن، پێویستە رێو شوێنی وەها بگیردرێتەبەر كە زۆر بە زەحمەت بتوانرێ گەندەڵی بكرێت، ئەمەیان گرنگە نەك دوای ئەوەی خەڵك هاواری لێهەڵسا , ئینجا هەوڵبدرێت (ئەویش ئەگەر بكرێت!) كاری گەندەڵی كەمبكرێتەوە، چونكە لەكاتێكی وەهادا چ چارەسەركردن یا نەكردنی دەبێتە خواردنەوەی پێكی ژەهر. بەتایبەت كە كوردستان وەكو عێراق نییەو تەواو سەقامگیرەو دەتوانرێ ریفۆرمی ئابووری ، بەرنامەوپلانی ساڵانەی بۆ دابڕێژرێت و سەركەوتووش بێت ، لەگەڵیشیدا دەزگای چاودێری دارایی ئەكتیڤ بكرێت و دەسەڵاتی هەبێت ، نەك وەكو ئەوەی كە ئێستا هەیە، بەبەرچاوی چاودێری داراییەوە گای لە كونێ ئاوادەكەن و چاودێری داراییش جارێك هەر تەنها جارێك هاواری لێهەڵنەستا!!. بەمەش خەریكە چینی ناوەڕاست زۆر لاوازدەبێت و لە هەر وڵاتێكیشدا چینی ناوەڕاست برەو و گەشەی پێنەدرا، ئەوا ئەو وڵاتە دەچێتە ریز وڵاتە پەڕپووت و هەژارو نەخۆشەكان، چونكە چینی ناوەڕاست داینەمۆی هەر وڵاتێكن بۆ بەڕێوەبردن و پێشكەوتنی، كە ئەو چینە نەما ، مانای وایە وڵاتیش پەكی كەوت .
چارەسەركردنی گەندەڵی تەنها بە سزادان چارەسەرناكرێت، ئەگەر وابێت دەبێ پەتی سێدارە لە هەموو دونیادا بە كوردستانیشەوە هەڵبواسرێت، چونكە ئەوانەی سامانی نیشتمان دەدزن، جیاوازییەكی وەها جودای نییە، لەگەڵ ئەوانەی بازاڕێك یا دایرەیەك دەتەقێننەوە، بۆیە لەهەموو حاڵەتێكدا، وەك كورد دەڵێت، بەر لەوەی خەڵك بەدز دەربهێنی، دەرگای ماڵی خۆت باش قفل بدە ، حكومەتیش پێویستە بەر لە هەموو شتێك بەرنامەیەكی بەرفراوان بخاتە واری جێبەجێكردنەوە، كە چاودێری دارایی كارا بێت و بتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەگەر نەیكرد كەواتە ئەویش پێویستی بە چارەسەركردن هەیە!! بێگومان دەردی بەرپرسانی بێتوانا لە دەردی كارمەندێكی ئاسایی زۆر زۆر دژوارترو مەترسیدارترە، پێشوەختە دەبێ ئەو بەرپرسە بێ توانایانە چارەسەر بكرێن،خزم خزمانێ كۆتایی پێبێت، تەندەرو گرێبەستە بازرگانییەكان چیدی لەلایەن كەسانی بەرچاو قۆرخ نەكرێن، شەفافییەت لە بودجەی حكومەت و دەرچووی دارایی حكومی هەبێت، سەرمایەی بەرپرسانی حكومی وحزبی ئاشكرا بكرێن،.......هتد .
بەداخەوە ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت و پێڕەوی لێكراوە هەر چینی خوارەوە زەرەرمەند بوونە، لەكاتێكدا تا ئێستا گەورە بەرپرسان بەرژەوەندییەكانی خۆیان باشتر لە پێشوو دەپارێزن . بەمەش بۆشاییەكی فرە لە نێوان خەڵك و حكومەت دا دروست دەبێت، كە ئەم بۆشاییە ئێستا هەیە ، بەڵام دەكرێ بە وردی دیراسەیەكی زانستی بۆ بكرێت، تا وردە وردە ئەم بۆشاییە بچووك و بچووكتر بكرێتەوە، بەمەش ئینتیمای هاووڵاتیبوونی بەهێزتردەبێت .
Top