درزی كۆم (الشرخ الشرجی)

درزی كۆم (الشرخ الشرجی)

له‌شی ئاده‌میزاد پێكدێت له‌ چه‌ند كۆئه‌ندامێك، یه‌ك له‌و كۆئه‌ندامانه‌ بریتییه‌ له‌ كۆئه‌ندامی هه‌رس، كه‌ پێكدێت: له‌ ده‌م و سورێنچك و گه‌ده‌ و ڕیخۆڵه‌ باریكه‌، كه‌: فه‌رمانه‌كانیان بریتییه‌ له‌ هه‌رسكردنی خواردن و ئاماده‌كردنی خۆراك بۆ زینده‌ چالاكییه‌كانی ناو له‌ش و مژتنی خۆراك و توخمی پێویست. به‌شێكی تری كۆئه‌ندامی هه‌رس بریتییه‌ له‌ ڕیخۆڵه‌ ئه‌ستووره‌ كه‌ فه‌رمانه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ دووباره‌ مژینی ئه‌و ئاوه‌ زیاده‌ی كه‌ له‌گه‌ل پاشه‌ڕۆكانه‌ له‌ كۆتایی ڕیخۆڵه‌ ئه‌ستووره‌ ڕێكه‌ هه‌یه‌ كه‌ پاشه‌ڕۆی تێدا عه‌مبار ده‌كرێت و به‌ بۆڕیه‌ك كه‌ درێژیه‌كه‌ی(4 سم) كۆتایی دێت كه‌ پێیده‌ووترێت كۆم. كۆم پێكدێت له‌ دوو جۆره‌ ماسولكه‌:
1. ماسولكه‌ی ناوه‌وه‌: كه‌ ماسولكه‌ی خۆنه‌ویستن و درێژ بوونه‌وه‌ی ئه‌و ماسولكه‌ خۆنه‌ویستانه‌ن كه‌ بۆڕی كۆئه‌ندامی هه‌رسیان پێكهێناوه‌.
2.ماسولكه‌ ده‌ره‌كییه‌كان: ماسولكه‌ی خۆویستن و مرۆڤ ده‌توانێت به‌گوێره‌ی ئاره‌زووی به‌كاریان بێنێت و له‌ كاتی بوونی پیسایی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ویستی مرۆڤدان خاو ده‌بنه‌وه‌ و یارمه‌تی پیسایی كردن ده‌ده‌ن, هه‌روه‌ها به‌ ناو پۆشێكی تایبه‌ت ناوپۆشكراون كه‌ زۆر هه‌ستیارن كه‌ ده‌توانێت جیاوازی له‌ نێوان با و پیسایدا بكات. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ ڕوودانی هه‌ربرینێك له‌و ناوپۆشه‌ مرۆڤ هه‌ست به‌ ئازاری زۆر ده‌كات به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕێكه‌ (المستقیم) كه‌ ئه‌و ناو پۆشه‌ی نییه‌ و هه‌ست به‌ ئازار ناكات.
درزی كۆم چییه‌؟
درزی كۆمی له‌ناكاو: بریتییه‌ له‌ له‌ناكاو دروست بوونی برینێك یان قلیشێك له‌ ناوپۆشی بۆڕی كۆم له‌ ئه‌نجامی بوونی پیسایی ڕه‌ق و تووند به‌ هۆی ناڕه‌وانی زۆر. ئه‌مه‌ش ژانێكی زۆر دروست ده‌كات و خوێنی لێدێت، كه‌: ده‌بێته‌ هۆی كرژبوونی ماسولكه‌كانی ناوه‌وه‌ی كۆم بۆ ئه‌وه‌ی خوێن بۆ برینه‌كه‌ نه‌چێت و برینه‌كه‌ دره‌نگ چاك ده‌بێته‌وه‌ و لێ‌ ی پیرده‌كات و ده‌بێته‌ درزی كۆمی درێژخایه‌ن (پیر).
* هۆكاره‌كانی تووشبوون:
1- ناڕه‌وانی (قه‌بزی) درێژخایه‌ن.
2- كردنی پیسایی ڕه‌ق و وشك.
3. ڕه‌وانی تووند (الاسهال الشدید).
4. نه‌خۆشی كرۆن (هه‌وكردنی درێژخایه‌نی ڕیخۆله‌).
5. دووگیانی.
6. منداڵبوون (الولاده‌).
7. ده‌گمه‌ن به‌ هۆی پێبینینی كۆم یان گه‌رمی پێوی كۆم یان پشكنینی كۆم یان پشكنینی پرۆستات له‌ ڕێگای كۆم.
* نیشانه‌كان:
1. ژان له‌ كوونی كۆم.
2. ژانی زۆردوایی پیسایی كردن و ماوه‌یه‌ك دوای پیسایی كردن.
3. خوێن دانیشتن.
4. خوێن هاتن له‌گه‌ڵ پیسایی.
5. بوونی خوێن یان ده‌ردراوی بۆن ناخۆش له‌ سه‌ر ده‌رپێ‌ قووته‌ و جلوبه‌رگی سه‌ر گۆشت (الملابس الداخلیه‌).
* خۆپاراستن له‌ درزی كۆم:
خۆپاراستن له‌ ناڕه‌وانی:
1. خواردنی خۆراكه‌ ڕیشالیه‌كان یان ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌ ڕیشالیان زۆر تێدایه‌.
2. زۆر ئاو خواردنه‌وه‌.
3. كاتێك كه‌ هه‌ستت كرد كه‌ پیسایت دێت یه‌كسه‌ر بۆ ئاو ده‌ست بڕۆ و ڕایمه‌گره‌.
4. وه‌رزشكردن هه‌ر نه‌بێت به‌ پێ‌ ڕێ بكه‌ین.

* چاره‌سه‌ركردن:
أ- به‌ ده‌رمان:-
1. شۆرینی كۆم دوای پیسای كردن به‌ ئاوێكی شله‌تێن.
2. به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌ ژان لابه‌ره‌كان، وه‌ك: ڤۆلتارین.
3. به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه‌ ناڕه‌وانی ناهێلن, به‌ڵام ده‌بێت ئاگادار بن نابێت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌كاری بێنن.
4. به‌كارهێنانی ڕاگووشه‌ ژان لابه‌ره‌كان كه‌ مادده‌ی سڕكه‌ری تێدایه‌ و كۆمی پێ‌ چه‌ور ده‌كرێت, له‌گه‌ل به‌كارهێنانی فتیلی دژه‌ هه‌وكردن له‌ ناو كۆم كه‌ مادده‌ی(كۆرتیزۆن)ی تێدایه‌.
5. به‌كارهێنانی ئه‌و ڕاگووشانه‌ی كه‌ مادده‌ی (نایترۆگلسرین) تێدایه‌، كه‌: ده‌بێته‌ هۆی كشانی ماسولكه‌كانی ناوه‌وه‌ی كۆم و له‌ ئه‌نجامدا خوێن چوون بۆ برینه‌كه‌ و چاكبوونه‌وه‌ی, ئه‌وانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی دڵیان هه‌یه‌ ده‌بێت ئاگاداری خۆیان بن ئه‌و ده‌رمانانه‌ به‌كار نه‌هێنن.
ب- نه‌شته‌رگه‌ری: به‌كار دێت بۆ درزی له‌ناكاو كه‌ به‌ ده‌رمان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت. هه‌روه‌ها درزی كۆمی درێژخایه‌ن (نیشانه‌كانی دووباره‌ و به‌رده‌وام بێت یان مایه‌سیری له‌گه‌ل دابێت یان ته‌سكبوون له‌ كونی كۆم هه‌بێت). نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ به‌ دوو ڕێگا ده‌كرێت:
ا. ڕێگای كۆن (ژانی زۆره‌) ئه‌ویش به‌ خاوێن كردنه‌وه‌ی برینه‌كه‌ و دانانی فتیلێك له‌ ناو برینه‌كه‌ له‌ كاتی ده‌رهێنانی ئه‌و فتیله‌ نه‌خۆش ئازاری زۆری پێده‌گات.
ب.ڕێگای نوێ‌ نه‌خۆش هیچ ئازاری پێوه‌ نابینێت و ئێستا به‌ زۆری به‌كاردێت كه‌ به‌ هۆی دروستكردنی برین له‌ ماسولكه‌كانی ناوه‌ ناوه‌ یارمه‌تی زۆرخوێن بۆ چوون بۆ درزی كۆم ده‌دات وله‌ ئه‌نجامدا چاك ده‌بێته‌وه‌.
Top