دەرفەتی رێکەوتن ماوە.
April 30, 2021
وتار و بیروڕا
گفتوگۆ لە هەموو بار‌و دۆخێک‌دا بایه‌خێكی یه‌كجار گه‌وره و کاریگەری هه‌یه و ده‌توانێت خزمه‌تی گەورەی كۆمه‌لگاو گه‌ل و نه‌ته‌وه و شارستانیه‌ت و پێشکەوتنی نیشتیمانی پێبکرێت.
گرنگە بپرسین بۆ چەند لایەنێکی سیاسی ناوخۆی کوردستان بەگفتوگۆ پێکنایەن؟!
گومان لەوەدانیە گەر گفتوگۆکان لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری سنوری ژێر دەسەڵاتیان بوایە، زۆر زوو پێک هاتبوون،
پێک نەهاتن و ڕێک نەکەوتنی یەکێتی و گۆران و دروست کردنی بەربەست لەپێش ھەنگاونانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچکات لەپێناو میللەت نەبووە.
هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی بۆی روونە بیانووی ئەم لایەنانە و ھەڵای راگەیاندنیان، لەپێناو خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندی میللەت نیە، سەرەرای دسەڵاتی رەھای یەکێتی بەسەر زۆنی سەوزدا، ھەرپرۆژەکی خزمەتگوزاری لەلایەن حکومەتەی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوسنورە بکرێت، بوجەی نامێنێ و پرۆژەکە ئەنجامنادرێت!
گرنگە ئەم لایەنانە تێبگەن راستیەکان ئاشکران و میللەت تێری خواردووە لەچەواشەکاری و قسەی سواو،
خۆچەواشەکردنە تاوانی تێکدانی دۆخی کوردستان بەرەوپێش نەچوون و خزمەت نەکردنی زۆنی سەوز، بەدەر لەیەکێتی چەند بەرپرسێکی گۆران بخرێتە ئەستۆی لایەنێکی کە.
لەئێستەش دەرفەتی رێکەوتن ماوە، كێشه‌و ناكۆكی هه‌رچه‌ند قەبارەی گەورە بێت، ته‌نها به‌گفتوگۆ دەتوانرێت چاره‌سه‌ربکرێت، بەڵگەش ڕێکەوتنامەی ستراتیژی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی کەدوای چەندین ساڵ ناکۆکی ڕێکەوتننامەکە بووە هۆی بەرەو پێشچوونێکی بەرچاوو هاویشتی چەندین هەنگاوی گرنگ، بەداخەوە لەئێستەدا دۆخێک خوڵقاوە واھەست دەکرێت یەکریزی کورد بۆتە خەون!
تائەو خەونە نەبێت بەڕاست، کورد هەمیشە سەرکوت کراو ژێردەستەیە و دەبێت هەر ڕۆژە و سازشێکی نوێ بۆ حکومەتی عێراقی فاشل بکات.
گرنگە کۆی لایەنەسیاسیەکان گفتوگۆیەکی پاك و ئامانج لێی گه‌شتن بە چاره‌سه‌ر دەست پێ بکەن بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە ناهەموارەی بەرۆکی میللەتی گردووە، سه‌ره‌رای جیاوازی بۆچونەکان، دەتوانرێت چاره‌سه‌رێكی ناوه‌ندی بۆ کۆتای هێنان بەناکۆیەکان دابنرێت، لەئێستەدا زەرورەتە بەرژەوەندیەکان وەلاوەبنرێت و بەیەک دەنگی و یەک دەستی هەنگاوی جدی بهاوێژرێت بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە.
هه‌ندێ لە سەرکردەی لایه‌نه سیاسێکان، كه ده‌دوێن به‌شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه بۆ بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ن كه هیچ رێگه‌یه‌كی چارەسه‌ر بۆ ڕێکەوتنی لایەنەکان نه‌ماوه ؟!
بەپێچەوانەوە ئه‌وجۆرە بۆچون و خوێندنەوانە لە کورت بینی و بچووکی هزری کەسیەوە سەرهەڵدەدات دەنا هەمیشە رێگایەک بۆ چارەسەر و کۆتای هێنان بەگرژی و ناکۆکیەکان هەیە گەر ئامانجیان بێت، گەر بیانه‌وێت هاولاتیان و هه‌رێمی كوردستان له‌م كێشه و قەیرانانە ڕزگار بكه‌ن، به‌یه‌ك ڕێزی و ڕێکخستنی نێوماڵی کوردی ئەم دۆخە دەتوانرێت تێپەرێنرێت.