سه‌رۆكى ئه‌مه‌گناس و مه‌رجه‌عى دڵسۆزى نه‌ته‌وه‌

سه‌رۆكى ئه‌مه‌گناس و مه‌رجه‌عى دڵسۆزى نه‌ته‌وه‌

نه‌ك هه‌ر گه‌لى كورد، گه‌لانى ديكه‌ش سه‌رۆك بارزانى به‌ كاريزمايه‌كى مێژووى نه‌ته‌وه‌ى خۆى ده‌زانن و، له‌ لاى كوردستانييانيش جه‌نابى سه‌رۆك هه‌م (بير و باوه‌ڕ)ـن، هه‌م (سه‌رۆك و ڕێبه‌ر)ـن.
له‌ وتارێكى كورتدا ناتوانين كارنامه‌ى دره‌وشاوه‌ى خه‌بات و تێكۆشانى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى بخه‌ينه‌ڕوو، بۆيه‌ له‌م نووسينه‌دا ته‌نيا ده‌خوازم گوڵچينێك له‌ وته‌كانى سه‌رۆكى قه‌درگران و دڵسۆزمان بكه‌م، كه‌ له‌ په‌يامێكى كورتدا له‌ يادى سى ساڵه‌ى دا‌مه‌زرانى نه‌واى ئارام ئاراسته‌ى كوردستانييان و كۆمه‌ڵگه‌ى جيهانييان كرد.
سه‌رۆك بارزانى له‌ يادى ئه‌و ڕۆژه‌ پرشنگداره‌دا كه‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى (688)ى ده‌ركرد و بووه‌ هۆى پاراستنى كوردى به‌ش مه‌ينه‌ت و چه‌وساوه‌ و ڕزگاربوونى له‌ كۆڕه‌و و سته‌مه‌كانى ديكتاتۆريه‌تى به‌عسى ڕووخاو، په‌يامێكى كورتيان پێشكه‌ش كرد و، وێڕاى ڕێزگرتن له‌و كه‌سايه‌تى و سياسه‌تمه‌دارانه‌ى كه‌ خاوه‌نى بڕياره‌كه‌ بوون، تيشكيان خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان هێشتا مه‌ترسیی زۆر گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌ و‌ داوايان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى جيهانى كرد، پشتیوانی‌ و پشتگیرییان له‌ خه‌ڵكى كوردستان‌ به‌رده‌وام بێت و، پاراستنیان له‌ ئه‌وله‌ويیه‌تی وڵاتانى زلهێزدا بێت.
مه‌رجه‌عى دڵسۆزى نه‌ته‌وه‌، له‌و ئیڤێنته‌‌ كه‌ له‌ لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتۆن ساز كرابوو، دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام-يان به‌ رووداوێكی زۆر گرنگ و گه‌وره‌ له‌ مێژوودا هه‌ژمار كرد و فه‌رموويان: ((ئه‌و كاته‌ خه‌ڵكی كوردستان ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ جارێكی تر ئه‌نفال بكرێنه‌وه‌ و كیمیاباران بكرێن، هه‌موویان كۆچیان كرد و روویان كرده‌ سنووره‌كانی ئیران و توركیا، پێشمه‌رگه‌ش نه‌ هێز‌ێكی وا گه‌وره‌ی هه‌بوو ئه‌و وه‌خته،‌ نه‌ چه‌كێكی وای هه‌بوو، به‌ڵام قاره‌مانانه‌ به‌رگرییان كرد و له‌ زۆر شوێن توانییان پێشڕه‌ویی سوپای عێراقی بوه‌ستێنن.))
سه‌رۆك بارزانی له‌و ئاخافتنه‌ياندا باسى ئه‌وه‌يان كرد كه‌ ((‎به‌ درێژایی مێژوو سته‌مێكی زۆر له‌ گه‌لی كوردستان كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، كاره‌ساتی گه‌وره‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هات، وه‌ك ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و كیمیاباران. ئه‌وه‌ بوو بڕیاری 688 بۆ دابینكردنی ناوچه‌ی ئارام، ده‌رفه‌تێكی زێڕینی ره‌خساند بۆ گه‌لی كوردستان و ئه‌و مه‌ترسيیانه‌ تا ئاستێكی زۆر نه‌مان و خه‌ڵك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.))
گه‌لى كورد به‌ كۆڕه‌وه‌ى مليۆن كه‌سى‌ ڕه‌تیكرده‌وه‌ جارێكى دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژێرده‌ستيى دیكتاتۆرى و خه‌بات و قوربانييه‌كانيشى دامه‌زراندنى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى خۆماڵى لێكه‌وته‌وه‌. له‌ ئێستاشدا پێوسته‌ تاك به‌ تاكى كورد ده‌نگى خۆى بخاته‌ پاڵ ده‌نگى سه‌رۆك بارزانى بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان و هه‌ر جه‌نابيشيان وه‌ك مه‌رجه‌عى نه‌ته‌وه‌ ده‌توانن پشتيوانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ گه‌لى كوردستان و ئامانجه‌ به‌دينه‌هاتووه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
Top