با هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز بكەینە هەوێنی تەبایی و خۆشەویستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا
April 11, 2021
وتار و بیروڕا
بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی كوردستان دەكەین، هیوادارین ئەو مانگە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و تەبایی بۆ هەموو لایەك، دیارە هەر لەو رۆژەی كە میللەتی كورد باوەڕی بە ئایینی ئیسلام هێناوە، هەوڵی داوە بە جوانترین شێوە ئەركە ئایینییەكانی سەر شانی جێبەجێ بكات، سەرباری ئەو بارودۆخانەشی بەدرێژایی مێژوو لە نەهامەتی و چەوسانەوە و داگیركاری و دەربەدەریدا بەسەر میللەتی كورددا هاتوون، بەڵام ئەم هەموو رووداوانەدا نەبوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم ساردبوونەوە لە راپەڕاندنی ئەركە پیرۆزەكانی ئایین، بۆیە دەبینین لە ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری و بەرخودان و رووبەڕووبوونەوەی داگیركەر و دوژمنانی كوردستانیش، میللەتەكەمان و پێشمەرگە قارەمانەكانمان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز و دواجاریش شەڕی ئەم دواییە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش، لەپاڵ بەرگری و بەرخودان لە سەنگەرەكانی پێشەوەدا ئەركی ئاینیی خۆیان بە رێكوپێكی بەجێ گەیاندووە و بەڕۆژوو بوون.
لەلایەكی دیكەوە مانگی پیرۆزی رەمەزان وەكو گردبوونەوەیەكی ئایینی و كۆمەڵایەتی تەماشا دەكرێت، واتا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە نێوان ئەندامانی خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگەدا بەهێزتر دەبن، هەرچەندە ماوەیەكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەم پەیوەندییانە تا رادەیەك لاواز بوون و تێكەڵی كەم بووەتەوە، بەڵام دەكرێت سوود لە تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەلەفۆن ببیندرێت و ئەم پەیوەندییانە بەهێز بكرێنەوە.
لە مانگی رەمەزاندا دەوڵەمەندو خێرخوازانی كورد هەوڵیان داوە ئاوڕ لە كەمدەرامەت و هەژاران بدەنەوە، لەم سۆنگەوە بە پێویستی دەزانم جەخت لەسەر دووخاڵ بكەمەوە، یەكەمیان: لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر چاودێریی بازاڕ بكەن، تاكو خەڵكانێكی دەرووننزم نەتوانن بازاڕەكان قۆرخ بكەن و بیر لە دەستكەوتی دارایی بكەنەوە، بە تایبەتی چاودێریی ئەو كەلوپەلانەی كە هاووڵاتیان لەم مانگەدا پێویستیان پێیانە، خاڵی دووەم دەوڵەمەندان زیاتر یارمەتیی هەژاران بدەن بەتایبەتیش لەم مانگە پیرۆزەدا، كە هەم وەك ئەركێكی ئایینی، هەمیش ئەركێكی مرۆیی و نەتەوەیی.
بە دیوێكی دیكەدا، بارودۆخی تەندروستی و سیاسیی هەرێمی كوردستان وا دەخوازێت كە دەرفەتی ئەم مانگە بقۆزینەوە، لە رووە سیاسییەكەوە، بینیمان كە بەر لە چەند رۆژێك رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كۆكردەوە، مەبەست لەمەشدا زیاتر لێك نزیكبوونەوە و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بوو، بۆیە لەم مانگەدا وا دەخوازرێت كە سەركردە و بەرپرسانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان بەلاوە بنێن و بیر لە پرس و كێشە گرنگەكانی گەلی كوردستان بكەنەوە، تاكو چۆن لە رەمەزاندا ئاشتیی كۆمەڵایەتی بەهێز بێت، بە هەمان شێوە ئاشتیی سیاسییش بەهێز بێت، چونكە ناحەزان هەوڵ دەدەن درز بخەنە ریز سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە لایەكی دیكەوە قۆناغی ئێستا بە تایبەتیش كە بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز لە عێراق دەڕۆین، هەروەها ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی كە لە ناوچەكە دێنەپێش، دەخوازن كە لە رەمەزاندا لایەنە سیاسییەكان زیاتر لێكدی نزیك ببنەوە و بیروبۆچوونەكانیان ئاڵوگۆڕبكەن.
لە بواری تەندروستییشدا، چۆن لەم مانگەدا خۆپارێزی لە خواردن و خواردنەوە دەكەین، بە هەمان شێوە خۆپارێزی بكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكە لای هەموومان روونە كە ئەم پەتایە رووبەڕووی هەمو جیهان بووەتەوە، كوردستان و گەلەكەشمان لەمە بێبەش نییە، لەم ماوەیەدا چەندین دۆست و ئازیز و خۆشەویستمان لەدەست دان و بە سەدانیش كەوتنە نەخۆشخانەكان، بۆیە پێویستە لەم مانگەدا ئەم خۆپارێزییەش ئەنجام بدەین، پابەندی ئەو رێنماییە تەندروستییانە ببین كە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەلامەتیی ئێمە دەریان كردووە، بە تایبەتیش بەستنی ماسك و دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش داوامان لێ دەكات كە جەستە و دەروونی خۆمان بپارێزین، لەم بوارەدا ئیسلام زۆر داكۆكی لە مرۆڤ دەكات بە پاراستنی لاشەی خۆی، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر هەموومان توانیمان لەم مانگە پیرۆزەدا پابەندی ئەو خاڵانە بین، لە بەهێزكردنی ئاشتیی سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و لە خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا و ئاوڕدانەوە لە كەمدەرامەت و هەژار و لێقەوماوان، لەم بڕوایەدام كە دەتوانین خۆشی و ئاسوودەیی و دڵنیایی لەم مانگە پیرۆزەدا بۆ خۆمان مسۆگەر بكەین.