دابەزینی ماکرۆن لە پلیکانەکانی کۆشکی ئەلیزێ بۆ پێشوازی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چیمان پێ دەلێ؟
April 3, 2021
وتار و بیروڕا
ئاشکرایە لە دێرزەمانەوە پەیوەندیی نێوان وڵاتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباشدا بووە، ڕۆژبەڕۆژێش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان پتەوتر دەبێ.
لەدوای دروستبوونی کیانی قەوارەی هەرێمی کوردستان زۆرجار هەردوو سەرکردە بەڕێز مسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی جیابەجیا لە لایەن ئاستی هەرە باڵای کۆماری فەڕەنساوە بانگەهێشت کراون، بەتایبەت لەدوای ڕووخانی حکومەتی بەعسی عێراق و بەتایبەتتر لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ کەئەمەش لەدوای زیادبوونی ڕۆل و قەڵەمڕەوی ئێران و فراوانبوونی هەژموونیانە لەناوچەکەدا.
ئاشکرایە ئەم بانگەهێشتکردنەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دوابەدوای ئەوەدێت کاتێک پاپای ڤاتیکان لەسەردانێکیدا بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان توانی پێکەوەژیانی هەموو ڵایەن و ئەدیانەکان لەنزیکەوە بەچاوی خۆی ببینێت و لە کۆتایش بەبێ بوونی هیچ حالەتێکی نەخوازراو و لەناکاو بەشێوەیێکی سەرکەوتوانە بۆ وڵاتەکەی بگەڕێتەوە.
دەکرێ ئەمە ببێتە پرسیار ئاخۆ بەهێز مانەوەی قەوارەیێکی وا بچووک لەناوچەکەدا چ گرنگیەکێ بۆ فەڕەنساو وڵاتانی ئەوروپی هەیە، خۆ ئەوان پێیان دەکرێ لەجیاتی هەرێم ئەو بەرژەوەندییەیان لە بەغدا دەست بکەوێ..؟
نکۆلی لەوە ناکرێت بۆساڵانی پێشوو ئەم پرسیار و بووچونە لەجێی خۆبوو، بەڵام لە ئێستادا بێگومان نەخێر، چونکە نەعێراق ئەو عێراقەی جارانە، نەکوردستانیش هەرێمەکەی پێش ڕیفراندۆمە، بەلکو بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەڵایەن وڵاتانی دراوسێ بەڕێوەدەبردرێت و لەئێستاشدا مەترسیێکی زۆر لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە.
ئەوەی بەدی دەکرێت لەم پەیوەندییە دیپلۆماسیەی نێوان هەرێم و ئەم دەوڵەتە زلهێزە، ئەوەیە کە بوونی پێگەی کوردستان وەک هەرێمێک لەچوارچێوەی دەوڵەتێ عێراقدا بۆ داهاتووی وڵاتی فەڕەنسا لەم ناوچەیەدا لەڕوویی جیوپۆلەتیکیەوە زۆر بە شوێنێکی گرنگ و بەرهەمدار وەسف دەکرێ، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ زۆربەی هەرەزۆری پارێرگاکانی عێراق بە پارێزگای سلێمانیشەوە ئێستا لەژێر هەژموون و ڕکێفی دەوڵەتی ئیسڵامی ئێرانەوا بەڕێوەدەبرێت، مەگەر تەنها هەردوو پارێزگای (هەولێر و دهۆک) نەبن.
بۆیە لەئێستادا دەتوانین بلێین، سەرەرای بوونی ڕۆلی ئێران لەناوچەکەدا، هەردوو وڵاتیتری زلهێزی "ئەمریکا"و"بەریتانیا"ش تا ڕادەیێک هەژموونی دەستێوەردان و تەماحکاری لە وڵاتی عێراقدا ماوە هەروەک لەڕابردوو ڕۆلیان هەبووە.
بۆیە چەندە بۆ ئەمریکا و بەریتانیا گرنگە کە لێرە ڕۆڵ بگێڕن و بوونیان هەبێ، بەلکو دوو ئەوندەش بۆ وڵاتی "فەڕەنسا" پێگەی هەرێم گرنگی خۆی هەیە.
هەروەها فەڕەنسا و وڵاتانیتری ئەوروپا سوور ئەوە دەزانن هەر پاشەکشەیێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڵایەن هێز و ڵایەنە دیموکراتەکان بکرێت، ئەوا بێ شک ئێران جێگەو شوێن پێیان دەگرێتەوە، بۆیە هەمیشە وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا هەولی ئەوەدەدەن کە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکەن و بەدووربگرن لەهەر دەستێوەردانێکی دەرەکی.
ئەگەرچی لەڕۆژانی تەنگانەدا زۆربەی کاتەکان فەڕەنسا بە هانای هەرێمەوە هاتووە، هەروەها پەیوەندیێکی ڕیشەیی و مێژووییان هەیە، هەتا ئەم پەیوەندییە لەنێوان سەرکردەکانی هەردوو ڵا بۆ پەیوەندی دۆستایەتی پەلی هاوێشتووە، بەڵام هەرگیز لەسیاسەتدا پشت بە سۆز و عاطفی نابەسترێ، ڕەنگە لەئێستادا گرنگی پێگەی هەرێم بەشێوەیێکی ڕوون بۆ چاودێرانی ئەم یارییە دیارنەبێ، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات لەڕۆژانی داهاتوو پەردە لەسەر هەموو ڕاستیەکان ڵادەچێ و بۆ هەموو ڵایێک دیاردەبێ ئاخۆ پێگەی هەرێمی کوردستان چەندە گرنگی خۆی هەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت لە بازنەی دیمۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا.