شكۆى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارى پۆپۆليست

شكۆى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارى پۆپۆليست

نه‌ك خوێنده‌واران، بگره‌ كه‌سانى نه‌خوێنده‌وارىيش ده‌زانن ئه‌ركى په‌رله‌مان چييه‌ و په‌رله‌مانتاريش ده‌بێت به‌ چ ئاراسته‌يه‌كدا هه‌نگاو بنێت. به‌تايبه‌تى كه‌ نوێنه‌رانى خه‌ڵك، ئه‌م ناوه‌نده‌ بونيادييه‌ (وه‌ك دانه‌رى ياسا و چاودێرى ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕان و هێزى جێبه‌جێكار) ئيداره‌ ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ هاووڵاتى به‌ چاوى ڕێزه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌ڕوانێت و، ده‌خوازێت شكۆى پارێزراو بێت، هه‌ر بۆيه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌سى كارامه‌ و ئه‌مانه‌تدارى ده‌نگه‌كه‌ى له‌ ناو هۆڵى په‌رله‌ماندا داكۆكى له‌ مافه‌كانى بكات. به‌ڵام پۆپۆليست كه‌‌ نوێنه‌رى كه‌مينه‌يه‌ك، يان ژماره‌يه‌كى كه‌مى ده‌نگده‌رانه‌، سوارى شه‌پۆلى وه‌هم ده‌بێت و به‌ چه‌واشه‌كارى و خۆهه‌ڵواسين له‌ دروشمى بريقه‌دارى بێ كردار، هه‌وڵ ده‌دات، له‌ هه‌ر ڕێگايه‌كه‌وه‌ بۆى بلوێت، خۆى ئاوێزانى خه‌ڵك بكات، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانى به‌رز بكاته‌وه‌، له‌و پێناوه‌شدا سڵ له‌ پێشێلكردنى هيچ ياسايه‌ك ناكاته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌شن كه‌ له‌ رێگه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ى ميدياى ئاراسته‌كراو و نابه‌رپرسياريانه‌وه،‌ هه‌وڵى ڕووشاندنى سيما و تێكدانى روخسارى كاريزماى ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕان و ناديده‌گرتنى كار و به‌رنامه‌ى ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌لێنى گه‌وره‌ له‌ نێوان هاونيشتمانى و ده‌سه‌ڵاتدا دروست بكه‌ن، ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆيان له‌ ناوه‌نده‌كانى دروستكردنى بڕيار نزيك بكه‌نه‌وه‌، بۆ گه‌يشتن به‌و زێده‌خوازييه‌ش په‌نا بۆ تۆمه‌ت و چه‌واشه‌كارى و زۆر كارى نه‌شياو ده‌به‌ن، كه‌ ئاكامه‌كه‌ى ئه‌وه‌يه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و ناته‌بايى و ناكۆكى و لێكترازان و ته‌نانه‌ت دوژمنايه‌تيى ناوخۆيى پاڵ پێوه‌ ده‌نێن. زۆر به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانيش له‌م په‌تايه‌ بێبه‌رى نييه‌ و له‌ نيشتمانى ئێمه‌شدا ژماره‌يه‌ك پۆپۆليست له‌ ساحه‌ى كارى سياسيدا و به‌ قواستنه‌وه‌ى ئازاديى ڕاده‌ربڕين، په‌نا بۆ سيناريۆ و شانۆى نه‌يارانه‌ ده‌به‌ن و، به‌ ڕژاندنى ئه‌شكى تيمساح ده‌يانه‌وێ خۆيان بكه‌ن به‌ به‌ته‌ڵى ڕۆمانێكى پڕ وه‌هم و خه‌ياڵ، له‌وه‌ش بێ ئاگان كه‌ هاووڵاتى له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر چاوكراوه‌ترن له‌وه‌ى گه‌مه‌ به‌ عه‌قڵيان بكرێت.
په‌رله‌مان خاوه‌ن شكۆيه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نوێنه‌رانى هه‌موو چين و توێژه‌كانى (به‌ ئايين و نه‌ته‌وه‌ى جياوازه‌وه‌) تێدايه‌، ئامانجه‌كه‌ش دابينكردنى سه‌قاميگرى و ئاشته‌وايى و پێكه‌وه‌ ژيان و ده‌سته‌به‌رى خۆشگوزه‌رانيى زياتر و فراوانتره‌ بۆ هاووڵاتى، به‌ڵام پرسيارى جه‌وهه‌رى لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌: ئايا ((پێڵاو))تێگرتن له‌و به‌هايانه‌ چ پێناسه و خوێندنه‌وه‌يه‌كى بۆ ده‌كرێت؟؟! با هاووڵاتييان وه‌ڵامى ئه‌م پرسياره‌ بده‌نه‌وه‌، كه‌ خۆڕاگر و نيشتمانپه‌روه‌رن و زمانى لۆژيك و درۆشمى بێ كردار، لێك جيا ده‌كه‌نه‌وه.‌
Top