میدیاكانی هەرێمی كوردستان

میدیاكانی هەرێمی كوردستان

میدیا، یان ڕاگەیاندنەكان بە هەموو شێوەو جۆر و قۆناغەكانیەوە، وەك چاوی ڕوداوو ڕاستییەكان و شتە نەبینراوەكان ئاماژەیان پێ كراوە، كە بەردەوام چاوەڕێی كاری گەورەتر و باشتریان لێ دەكرێت لە نیشاندانی ڕوی ڕاستیی ڕووداوە نەبینراوەكان، هەر لەسەرەتای دروستبوونی میدیا و ڕاگەیاندنەكانیش بە گشت شێوازەكانیەوە پێویستییەكی گرینگی كۆمەڵگە بوون و بەشێكی دانەبڕاو بوون لە كۆمەڵگە، كە لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و بەرەوپێشچووندا ئەوانیش گۆڕانكاری و گەشەسەندنیان بەخۆوە بینیوە، لە هەرێمی كوردستانیش وەك هەموو وڵاتانی جیهان میدیا و ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەكانیەوە لە كار و پیشەی خۆیان بەردەوامن و زۆربەشیان كاریگەرییەكی باشیان هەبووە لەسەر گۆڕانی وڵات لە گشت ڕووەكانەوە، كە هەموان دەزانن لە سەردەمی گشت شۆڕشەكانی كورد لە دژی ڕژێمە داگیركەرەكانی خاك و نیشتمان، میدیا و ڕاگەیاندنەكان ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە و بوونەتە داینەمۆی ورە و هیوا و گوڕوتینیان بە شۆڕشگێڕان بەخشیوە، لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و چالاكییەكانی شۆڕشیش بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لەگەڵ بەرەوپێشچونی تەكنەلۆژیا و شۆڕشە ئەلیكترۆنییەكانیش میدیا و ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و چاپكراو پشتگوێ نەخراون و، بگرە گەیاندنی زانیارییان ئاسانتر كردووە، میدیای كوردیش لەم گۆڕانەدا پشكی هەبووە، كە چەندان میدیای ناوخۆیی و جیهانی دامەزران و دەستیان بە پەخش كرد، ئەم گۆڕانەش ئاراستەی میدیای بۆ فرەجۆر گۆڕی، كە هەر حزبێك میدیای تایبەتی خۆی دامەزراند و بە ئەجیندای سیاسیی خۆی ئاراستەی دەكات، كە ئەمەیان دەبێتە هۆی ونكردنی پەیامە بنەڕەتییەكەی میدیای نیشتمانی، بۆیە دەبینین میدیای كوردی دابەش بووە بۆ بە سەر میدیای فەرمی، كە زمانحاڵی حكومەت و دەسەڵات و حزب و كۆمپانیاكانن، میدیای سێبەر، میدیای سێبەری سێبەر، و سۆشیال میدیا، واتا نافەرمییەكان، دیارە میدیای فەرمی پابەندن بە یاسا و رێساكانی كاری رۆژنامەوانی و بەپێی ئەو گرێبەستە فەرمییانەی هەیانە، كار دەكەن، میدیا سێبەرەكانیش تا ڕاددەیەك پابەندن، بەڵام میدیای سێبەری سێبەرەكان، بە هیچ شێوەیەك پابەندی یاساكانی كاری رۆژنامەنووسی نین و، رەچاوی ئیتیكی رۆژنامەوانی ناكەن و، بە ئارەزووی خۆیان تۆمەت دەبەخشنەوە و تەشهیر و چەواشەكاری دەكەن.
بوونی ئەم فەوزا میدیاییە لە كوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئازادیی ڕادەربڕین و كەمیی تێچوو، چونكە ئەگەر ڕۆژنامە یان گۆڤارێك چاپ بكرێت، پێویستی بە تێچوویەكی زۆر هەیە لە ڕووی نرخی چاپخانەوە و ستافێكی گەورەشی پێویستە، بەڵام ئێستا جیاوازە و یەك كەس دەتوانێت، ماڵپەڕێك بەڕێوە ببات، هەروەها ئازادیی بێ سنوور وای ڕەخساندووە بۆیان، كە لێپرسینەوە كارێكی ئاسان نەبێت لە سەریان و بە خواست و مەرامی خۆیان كار بكەن، هەموو ئەمانەش وای كردووە، میدیا و ڕاگەیاندنی سێبەری بێ شومار دروست بن و، بە هۆی زۆربوونی چەواشەكارییەكانیشیان بینەر و بیسەر و خوێنەر تاقەتی سەیركرنیانی نەماوە.
كرانەوەی هەرێمی كوردستان وایكرد، كاری میدیایی ئاسان بێت و هەموو كەس خویان بە نووسەر و رۆژنامەنووس و شرۆڤەكار بزانن، هەروەها بەپێی زۆربوونی دەزگاكانی راگەیاندن، رۆژنامەنووسی ناشارەزاش ژمارەیان زۆر دەبێت، كە دەبێتە هوی ئەوەی فەوزا لە كاری میدیایی و نادڵنیایی لای خوێنەر و وەرگر دروست بێت. وەك دەبینین، ئەم زۆر و بۆرییە میدیاییەش لە كورستاندا بووەتە هوی لادان لە كار و یاسای رۆژنامەنووسی، كە زۆرجار بووە، داوای لێبوردن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵێك كراوە، یان بە هۆی ناوزڕاندن كەوتوونەتە بەردەم دادگا و ڕووبەروی سزا بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار زیانیان بە بەرژەوەندی گشتی گەیاندووە، یان سەرچاوەی هەواڵیان نادیار بووە، كە نەتوانراوە متمانەیان پێ بكرێت، هەر دەزگایەكی میدیا و راگەیاندنیش حزب، بەرپرس، كۆمپانیا، یان بازرگانێكی لە پشتە، هەر بۆیە ئەستەمە رۆژنامەنووس بتوانێت بە شێوەیەكی پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە بكات، چونكە هیچ هەواڵێك دانانرێت، كە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیی خۆیان نەگۆنجێت. بێگومان كاتێكیش میدیاكاران بۆ مەبەستی دیاریكراو كار بكەن، ئەوە پێی ناوترێت رۆژنامەنووسی پیشەیی، چونكە پیشەیی ئەوەیە كە وەك خۆی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكاندا بكات.
لە كۆتاییدا پێویستە هێما بۆ ئەوە بكەین كە زۆر زەروورە میدیا و ڕاگەیاندنەكانی كوردستان ڕێچكەی پیشەیی و بەرپرسیارانە بگرنەبەر و بینەر و بیسەری خۆیان ئاشت بكەنەوە، چونكە لە ئێستادا میدیای كوردی لە ئاستی پێویست نییە و، نەك چاوی بینەر تێر ناكات، بگرە مێشكی هیلاك دەكەن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە بەرنامە و پڕۆگرامی وا نەشیاو بڵاو دەكەنەوە، كە نەك سوود بە كۆمەڵگە ناگەیێنێت، بەڵكو زیانی زۆری هەیە، بەتایبەتی كە زۆر جار كولتووری وڵاتانی نەیاری كوردستان دەسەپێنن.
Top