مائی غەریب (Gripe Water)

مائی غەریب                                    (Gripe Water)

مائی غەریب، ئەوە لۆ سەت ساڵ زیاترە لە بازاڕە پزیشکییەکان دەفرۆشرێت لۆ چارەسەر کردنی زگ ئێشە یان کاپێچ بوون لە کۆرپە و منداڵاندا. ئەو بەرھەمە بە خۆی لە دوا دوایی چەرخی نۆزدە ھاتە نێو دونیای پزیشکی و تەنانەت ئەوە لۆ شێست ساڵ دەچێت؛ کە: خەڵک بێ پرس بە پزیشک بەکاری دێنێت. ئەو بەرھەمە بە خۆی ماددەیەکی (تەواوکەری خۆراکی)یە و وەکو دەرمان بەکار دێت و نابێت بە دەرمان لە قەڵەم نەدرێت چونکە لە پێکھاتەکەی تێکەڵەیەک ماددەی سروشتی و گیای تێدایە! دایکان زۆر جار، کە: منداڵەکەیان کاپێچ دەبێت کاتێک ئەو دەرمانەیان دەداتێ منداڵەکە زیڕە و ناڕەحەتی نامێنێت و ھێور دەبێتەوە.
دایکان دەبێت ئەوە بزانن، کە: کۆرپەی ئەو دەگەل کۆرپەی دایکێکیدی جوداترە!! ھەروەھا کۆرپەی نێر (کوڕ) دەگەل کۆرپەی مێیە (کچ) جودایە؛ بە گشتی کوڕ ئەزیەتییان زۆرترە و ھەر کۆرپەی کوڕ لۆی ھەیە ھەر سەعات و نیوەک جارەک برسی بێت بەڵام کچان بەگشتی ھەر دوو سەعات جارەک برسی دەبن. ھەروەھا ھەموو دایکان بەتایبەتی لە نۆبەرەی دەبێت فێری ڕێگای دروست و زانستی پێدانی شیر بە کۆرپەکەی بێت .... ھەموو دەمیش شیری دایک باشترین شیرە و ھەر دایکێک، بڵێت: شیرم تێدا نییە لێی وەرناگیرێت. ھەموو جارێک بە دایکان، دەڵێین: دوو بیر ھەیە قەت ووشکبوونی لۆ نییە!؟ ئەوانیش؛ بیری زەم زەم و شیری مەمکی دایک.... لێتان وەکات بێت ھەتا کۆرپەکەت قووم لە مەمکی دایکەکە بدات؛ ئەوا: شیری زۆرتر دەبێت. ھەر لەبەر ھەموو ئەمانە لۆ ئەوەی قەت پێویستت بە (مای غەریب) نەبێت؛ ئەوا: شیری مەمکی خۆت بدە بە کۆرپەکەت!! ھەم لە ڕووی دارایی باشە و ھەم تەندروستە و ھەم کۆرپەکەت لە نەخۆشی بەدوور دەبێت.
* پێکھاتەکانی: لە تێکەڵەیەک لە ئاو و چەند گیایەک پێکدێت؛ لەوانە: زەنجەبیل (زەنجەفیل)؛ شبیت و ڕەشکە، دارچین؛ پوونگە، زەیت، شەکر... ھتد. ئەو پێکھاتانە، کە: دەدرێت بە منداڵ یارمەتی دەدەت لەوەی:
ا. قرپ و ھێڵنجی و غازاتی نەمێنێت.
ب. بەرسیسکە و نزگرەی نابێت.
ج. کۆرپە ئارام دەبێت و زوو دەکەوێتە خەوێ.
د. لەو منداڵانەی ددانییان دێت، ئازارییان کەم دەکاتەوە.

* زیان و کاردانەوە لاوەکییەکانی: وەنەبێت (مای غەریب) بێ زیان بێت بەڵکو زیان و کاردانەوە لاوەکییەکانی بەگوێرەی پێکھاتەکانی دەگۆڕێت، وەک:

١. کحول: لە پێشدا زۆر لە کۆمپانیاکان ماددەی کحولییان دە (مای غەریب) دەکرد!؟!! بێگومان ئەو ماددەیە زیان بەخشە و منداڵ ھێڕ و گێژ دەکات، ھەتا قەدیمیش پیرەژن لە ھەولێرێ؛ دەیانگۆت: (مای غەریب) منداڵ ھێڕ دەکات و ھەر لەبەر ئەوەش ناڕازی بوون بووکییان (مای غەریب) بدەنە نەوەکانییان..... ھەرچەند لە ئێستادا زۆر لە کۆمپانیاکان (کحول)ی تێ ناکەن و ھەر لۆیە ئەگەر (مای غەریب)ت کڕی، ئەوا: سەیری تیلمە وەرەقەکەی سەر شووشەکە بکە و ئەگەر (کحول)ی تێدا بوو؛ ئەوا: نەکەیت بدەیتە منداڵەکەت.

٢. بیکاربۆناتی سۆدیۆم: ئەگەر منداڵ و کۆرپەکەت گەدە و مەعیدەی ترشا بێت، ئەوا؛ بوونی ئەو ماددەیە دەبێتە ھۆی ئەوەی ترشایەتی نەمێنێت و منداڵ ھێور ببێتەوە!!! بەڵام ئەگەر منداڵەکە کاپێچبوونەکە بە ھۆی ترشایەتی مەعیدەوە نەبێت؛ ئەوا: ئەو ماددەیە ھیچ سوودی نابێت. دەبێت ئەوەش بزانرێت؛ کە: ئەو ماددەیە ئەگەر بە بڕی زۆر بدرێت ئەوا زۆر زیانی دەبێت و کاردانەوەی لە سەر گورچیلەی کۆرپەلەکەت دەبێت. ھەر لۆیە (مای غەریب) نابێت بدرێتە منداڵی ناکام یان ئەو منداڵانەی گورچیلەیان نەخۆشە.

٣. گیا و ڕووەکەکانی، وەک: شبیت و ڕەشکە و پوونگە و دارچین: ئەگەری ھەستەوەر بوون و حەساسییە زیاد دەکەن، وە ئەگەر کۆرپەکەت لیری لێ ھات، ئەوا: لۆی ھەیە کۆرپەکەت ھەستەوەری ھەبێت.

٤. شەکر: ھەموو دیراسەکان، ئەوە دەسەلمێنن کە: شەکر باوبژی منداڵەکە ناھێڵێت بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت، کە: شەکر لۆی ھەیە ددان و پدووی کۆرپەکەت تووشی ھەستەوەری و تەنانەت ددان کلۆر بکات.

* ڕێنمایی: ھەر کاتەک ویستت (مای غەریب) بدەیتە منداڵەکەت، ئەوا: وەبیرت بێت:

ا. سەیری مێژووی بە سەرچوونی دەرمانەکە بکە.

ب. بزانە؛ کە: (کحول)ی تێدایە!؟! ئەگەر تێیدا بوو مەیدە بە کۆرپەکەت چونکە ھەندێک لە کۆمپانیاکان (کحول)ی تێ ناکەن.
ج. ئەگەر سەری شووشەکەت شکاند؛ ئەوا: ھەتا دوو لۆ چار حەفتە دوای سەر واڵا کردنی دەکرێت بدرێت بەڵام دوای ئەو ماوەیە ئەگەر پێشتر ھەر چەند فڕێکت دابووە منداڵەکەت و زۆر لە (مای غەریب) مابووەوە، ئەوا: شووشەکە فڕێ بدە.
د. ھەموو دەم پێش بەکارھێنانی ڕاوێژ بە پزیشک بکە و ئەو جەمەی گۆتیتی ئەوە بدە کۆرپەکەت و لەوە زیاتری مەدەیێ!!!
Top