پرخە، پرخ!!!

پرخە، پرخ!!!


ھەموو جارێ، ژن و مێرد دوای سلەمینێکەوە باس لەوە دەکەن؛ کە: پیاوەکە یان ژنەکە پرخە پرخ!!! ھەشە، بەویدی دەڵێت؛ دکتۆر دەڵێیت تەناش دەکات و پرخەی ڕۆژە ڕێیەک دەڕوات. ئەوجا وەنەبێت پرخە پرخ بێ مزەڕەت بێت بەڵکو زۆر جار لۆی ھەیە بە ھۆی بەین تەنگی ناو خەوێ (sleep apnea) بێت؛ کە: ئەو حالەتە ئەگەری تووشبوونی کەسەکە بە نەخۆشییەکانی دڵ و سووکەری زیاد دەکات. ھەر کەسێک ئەم حالەتەی ھەبێت؛ ئەوا: دەبینی دەگەل پرخە پرخ دەناو خەوێ کوو نەفەسی بووەستێت وایە!!! ھەروەھا پرخە پرخ لۆی ھەیە کەسەکە لە ڕۆژدا خەواڵوو بکات و توانای ڕاپەڕاندنی کارەکانی نەبێت.
پرخە پرخ لە ئەنجامی ھەڵئاوسان و ئەستووربوونی ناو دەم و کەپوو و ھەوک و قورگ دروست دەبێت، بە جۆرێک لە کاتی ھەناسەداندا بە ھۆی تەزبوونەوەی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسەدان کاتێک ھەوا ھەڵدەمژرێت، ئەوا: دەنگێک بە ھۆی لەرینەوەیان دروست دەبێت. ئەو تەزبوونەوە و وێکھاتنەوەیە لۆی ھەیە بە ھۆی پەنمانی زمان یان ڕووکەشەشانەی ناوپۆشی دەم یان قورگ لە ناو خەوێدا بێت. جاریش ھەیە، کە: بە ھۆی ھەستەوەری و حەساسییە یان بە ھۆی ھەوکردنی گیرفانەکانی لووت ئەو ئەستووربوونە دروست ببێت و ببێتە ھۆی پرخە پرخ. ئەوجا جاری واھەیە لە کەسی قەڵەو و بەتایبەت لەوانە، کە: مەشروب (مەی) دەخۆنەوە یان حەب و دەرمانی دژ بە حەساسییە و ھەستەوەری (sedatives) پێش نووستن بەکار دێنن پرخە پرخ دەکەن. بە دیراسەکردن دەرکەوتووە؛ کە: نیوەی عالەمێ لە خەوێدا پرخە پرخ دەکەن، وە ھەتا تەمەن ھەڵبکشێت، ئەوا: ئەگەری پرخە پرخ زیاد دەبێت.
پرخە پرخ ئەگەر بە ھۆی بەین تەنگی ناو خەوێش نەبێت و بە ھەر ھۆیەک بێت، ئەوا: کاردانەوەی لە سەر فرمانی ھەناسەدان دەبێت و خەویشت خۆش نابێت، بەمەش لێکەوتەکانی کەم خەویت لێ وەدیار دەکەوێت. لە یەک لە دیراسەکان، دەرکەوتووە کە ھەتا دەناو خەوێ تووشی بەین تەنگیش نەبی و پرخە پرخەکە بەو ھۆیەشەوە نەبێت بەڵام ئەو کەسانەی لە حەفتەی (٦ - ٧) شەو ھەموو دەم لە ناو خەوێ پرخەیان دەبێت، ئەوا: دوو ھێندەی ئەو کەسانەی پرخە ناکەن ئەگەری خەوبردنەوەیان لە ڕۆژدا ھەیە و بەمەش تووشی ھیلاکی دەبن و ئەگەری تاپۆن کردن و ڕووداوی ھاتووچۆیان زۆر دەبێت. ئەوەشمان وەبیر بێت، لۆی ھەیە ژن و مێردیش ئەگەر یەکێکیان پرخەی زۆر بوو، ئەوا: پەلار و تانە و تەشەر لێک دەدەن و تەنانەت جاری واھەیە لێک دوور دەکەونەوە و ھەر یەک لە دیوێک دەنوون. ئەوانەی، کە: دەشەوێدا پرخەیان ھەیە، ئەوا: ئەگەری تووشبوونییان بە نەخۆشی سووکەری و نەخۆشی دڵ زۆرە. کەسێک پرخەی ھەبێت، ئەوا: ھەتا قەڵەویش نەبێت ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی سووکەری دوو ھێندەی یەکێکە پرخەی نەبێت. بەگشتی پرخە پرخ ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زەخت و پەککەوتنی دڵ و شەپرەلێدان زیاد دەکات.
لە ژناندا و بەتایبەت لە کاتی دووگیانی، ئەوا: لە دووەم سێ مانگی دووگیانی نزیکەی (١⁄٣)یان لە خەوێدا پرخە پرخیان دەبێت. ھەر ژنەکی دووگیان لە کاتی دووگیانیدا پرخە پرخی ھەبوو؛ ئەوا: دەبێت لۆ دکتۆرەکەی بەیان بکات و نەیشارێتەوە چونکە پرخە پرخ لە ناو دووگیانیدا لۆی ھەیە بە ھۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن (زەخت)ەوە بێت و کاردانەوەی نێگەتیڤی لە سەر گەشە و گەورە بوونی کۆرپەی ناو زگت ھەبێت. وە دکتۆرەکەش، کاتێک ژنێکی دووگیان دەڵێت: پرخە پرخم ھەیە، ئەوا: دەبێت ھەر تیلکە چاوێکی لە سەر زەختی ژنەکە بێت.
ھەرچی لە منداڵ و جەوانانە، ئەوا: (١٠ - ١٥٪)یان پرخە پرخییان ھەیە بە ھۆی گەورەبوونی ئاڵوو و لەوزەتێن. ھەموو لێکۆڵینەوەکان لە منداڵان ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە، کە: ئەو منداڵانەی پرخەیان ھەیە ئەوا ھۆش و ژیری و بیر کردنەوە لاوازترن. ھەروەھا ھەموو دەم ڕەفتاریان ناتەواوە و چەتوون و مزیڕن. دەرئەنجام لە مەکتەبێش زیرەک دەرناچن!!! ھەر لۆیە؛ ئەگەر منداڵەکەت لە حەفتەی سێ یان چار شەوان دەخەوێدا پرخە پرخی دەکرد یان دەگەل پرخە پرخ پشی ڕادەوەستا؛ وە لە ڕۆژێدا خەواڵوو بوو یان چەقاوەسوو و ھەرەپاس بوو یان لە مەکتەبێ لە دەرسەکان باش نەبوو، ئەوا: پیاسەکی کن دکتۆری پێ بکە و لۆی ھەیە کاتێک پرخە پرخەکە بە ھۆی ئاڵووەکان یان لەوزەتێنەوە بێت و پزیشک نەشتەرگەری لۆ بکات منداڵەکە عەلەمی لێ نەمێنێت.
* چارەسەری:
ا. منداڵ: گۆترا، دەبێت سەردانی پزیشک بکەن و ئەگەر پرخە پرخ بە ھۆی گەورەبوونی ئاڵوو یان لەوزەتێنەوە بێت، ئەوا: بە عەمەلیات ئەوەی نامێنێت.
ب. جەوان و لاو و جوامێراندا: لۆی ھەیە پرخە پرخ بە پیادە کردنی چەند ئامۆژگارییەک چارەسەر بکرێت، وەک: دابەزاندنی کێشی لەش، واز ھێنان لە جگەرەکێشان، نووستن لە سەر لای ڕاست، وە بەرز کردنەوەی سەرین و بالیف. ئەگەر ناو کەپووی پەنما بوونی ھەبوو چارەسەری لۆ وەربگرێت، ھەروەھا لە ھێواراندا مەی (کحول) و دەرمانی ھەستەوەری و حەساسییە نەخوات و نەخواتەوە.
Top