هەمیشە پێویستمان بەئامانجەکانی ڕاپەڕینە..!

هەمیشە پێویستمان بەئامانجەکانی ڕاپەڕینە..!

جەماوەری کوردستان لەداخی داخبوونی بەسەرکوتکردن و جینۆساید و کیمیاباران و ڕاگواستن لەلایەن ڕژێمی فاشیزمی بەعس، ڕاپەڕی. ئەگەر جەماوەریش ڕاپەڕینی نەکردبایە، هیچ هێزێکی سیاسی ئیرادەی نەدەکرد لە قاسمەڕەش پێ بنێتەوە نێو خاکی کوردستانی عێراق. زەمینە و هۆکارەکانی ڕاپەڕین زۆرن، لەقۆناغی ئێستادا ئەم هۆکار و زەمینەیەی ئەوکاتی ڕاپەڕینی دروستکرد، نەماوە، بەڵام بۆ هەمیشە لەکوردستاندا پێویستیمان بە ئامانج و نێوەڕۆکی سەرەکی و بنەڕەتی ڕاپەڕین هەیە.
یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستان یەکێک لەئامانج و هاندەر و هۆکاری سەرکەوتنیش بوو، ئەو کات هێزە کوردستانییەکان لەدوای نسکۆی ١٩٨٨ و شەڕی براکوژی و دانوستانی یەکێتی لەگەڵ بەغدا و ڕاکێشانی پاسدار بۆ لێدانی بیرەنەوتەکانی کەرکووک و سارباژێر و ئاکامەکانی شەڕی ناوگوندەکان (کیماباان و ئەنفال و خێراکردنی سوتاندن و تەختکردنی گوندەکانی) بەدیهێنا. تێکشکانی هێزی پێشمەرگە لەبەرە سەختەکانی جەنگ دژی دڕندەترین سوپای داگیرکەری بەعسیزم، نسکۆیەکی دیکەی جەکداری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم نسکۆیە تەنیا و تەنیا بەگوتاری یەکگرتن و یەکگرتوویی دەرباز دەکرا.
خەڵک بێ جیاوازیی بەباش و خراپییەوە، بەپێشمەرگە و جاشییەوە، بە زیندانی و ئاسودەیەوە، بە ڕێکخستنی نهێنی و خەڵکی ڕەشۆکی دوور لەسیاسەت و حزبایەتی، وەکو یەکهێزی خاوەن ئیرادە و خاوەنی دۆز، کە بریتی بوو لە (ڕزگاری کوردستان و ئازادی جەماوەر و تێکشکاندنی هێزی داگیرکەر) ڕاپەڕی. ئەو ڕاپەڕێنەی ئیستا دەرفەتی بەهەندێک نیمچە سەرکردە داوە، سوکایەتی بەپیرۆزییەکانی کوردستان و ئامانج و خواستەکانی خودی ڕاپەڕین بکات.
خەڵک کێشەی دارایی و ئابووری نەبوو، برسی نەبوو بەڵام ئازاد نەبوو، بۆیە لەپێناو ئازادی سودی لەدەرفەتە ڕاستەوخۆکانی شەڕی کەنداو وەرگرت و ڕاپەڕی، تاکو ئێستاش جەماوەری کوردستان لەهەندێک گروپ و سیاسی و بەناو نوێنەر و بنکردەی هەندێک ئ=حزب دڵسۆزانەتر و نیشتیمانیانەتر بیر دەکاتەوە. خۆڕاگری خەڵکی کوردستان نەبووایە، هیچ بەهایەکی کوردستانی بەم جۆرە نەدەما، کە ئێستا لەژێر فشاری دارایی و سیاسی و تیرۆر و هێرشی راگەیاندن و شەڕی دەروونی و هەڕەشەی دوژمن و وڵاتە هەریمایەتییەکاندا بەردەوامە.
توڕەیی و ڕقی کەڵەکەبووی چەندین ساڵە لەدژی هێزە سەرکوتکارەکانی بەغدا و ڕزگاربوون لەژێردەستی، یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانی ڕاپەڕین بوون. ڕاپەڕین بەکردەوە سەلماندی هەر کاتێک جەماوەر توڕە بێت، ناڕازیی بێت، ئازادییەکانی سنووردار بکرێت و هێزە سەرکوتکارەکان دەرفەتی بیرکردنەوە و پەیوەندیکردن و قسە و کرداری ئازادانەی لێ قەدەغە بکەن، ڕادەپەڕێت.
ئەمساڵ یادی سی و یەک ساڵەی ڕاپەڕین دەکەیەنەوە، هەرێمی کوردستان هەرچەندە خاوەنی کیانێکی فیدرالی دەستوورییە، بەڵام ئامانجەکانی راپەڕین بەتەواوی جێگیر نەکراون، کە خۆی لە (یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و یەکگوتاری و یەکخستنی نێو ماڵی کوردستانییەکان و ڕزگاری تەواوی خاکی کوردستان لە شەنگارەوە تاکو خانەقین بە کەرکوکیشەوە).
جەماوەر لەپێناو دیاریکردنی سنووری کوردستان تا بناری حەمرین ڕۆیشت، بەڵام سەدام بەهێزی سەربازی و کوشتنی سەدان کەس کەرکووک و هەندێک ناوچەی دیکەی لەڕێگەی چاوپۆشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی داگیرکردەوە، لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش هەندێک لەپرۆسەیەکی ئاڵۆز و جێبەجێکردنی بەرنامەی دەرهێنانەوەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێم و ڕادەستکردنەوەی بە دوژمن، سەلماندیان هێشتا کورد پێویستی بەنێوەڕۆک و ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕاپەڕین هەیە. خیانەت جارێکی دیکە وەکو چەمکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی کەوتەوە سەر زاران، لەڕاستیشدا خیانەتێکی ئاشکرا، زەقە بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەریی لەسەر چارەنووسی کەرکووک نەک لەسەر گۆڕینی دیموگرافیا و بەعەرەبکردن دەبێت، بەڵکو ئەمجارە کەرکووک بەمەزهەبیش دەکرێت.
لەدوای پتر لە سی ساڵ لەڕاپەڕین، دۆخی کوردستان گەیشتۆتە جێگایەک، کە هەندێک هێز بانگەشەی ڕاپەڕینێکی شەرمنانە دژی خودی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم دەکەن. ئەوان دەسەڵات و قەوارەی کوردیان لەمانەوەی پارتی چڕ کردۆتەوە، بۆیە دەستیان بەدژایەتی پارتی و حکوومەتی هەرێم کردووە، لەکاتێکدا کوردستان هێشتا نیوەی خاکەکەی رزگار نەکراوە و ناوچەی کێشەدارن و دەبێت بەپێی مادەی ١٤٠ دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن. بۆیە ئامانجی راپەڕین بۆ سڕینەوەی رەفتار و ئاکار و ئەنجامەکانی خیانەت هێشتا ماوە. خیانەت بۆتە خوێن لەجەستەی هەندێک.
هەندێک ڕاپەڕینیان کردۆتە مولکی خۆیان، ئەم قۆرخکردنەی مێژوو، وەکو جۆرێک لەسوکایەتی بەخەڵک ڕاپەڕیوو لێکدەدرێتەوە.
ڕاپەڕین بۆ تێکشکاندنی بێ ئومێدی بوو، نەک دوای سێ ساڵ لەراپەڕین خودی گروپ و هەرزە نوێنەری کوردیی ببنەوە سەرچاوەی نائومێدی، یان جۆرێکی نوێ لەجاشایەتی سیاسی و خۆبەستنەوە بەخواستەکانی دوژمنان وەکو لەشکری تابووری پێنجەم بیانەوێت بنکۆڵی هەموو ئیرادە و ئەخلاق و خۆراگریەکی تاکی کورد بکەن و لەپێناو تێکشکاندنی دەسەڵاتی کوردی بەئاشکرا و بەشانازییەوە بەپشت بەستن بەهێزی سیاسی شیعەگەرا و شۆڤینیەتی عەرەبی ئیرادە بکەن بەم چەشنە گوتارە خۆسوک کەرە هەڵسوکەت بکەن. پێش راپەڕین، جاشایەتی بۆ پارە و بەرژەوەندی تاکەکەسی دەکرا، هەندێک لەجاشەکان بەهاندانی حزبی سیاسی دروستکرابوون. کەچی ئێستا جاسایەتی سیاسی و ئەخلاقی پەیدا بووە. بۆیە ئامانجەکانی ڕاپەڕین هێشتا پێویستن.
ئامانجەکانی ڕاپەڕین لە (دروستکردنەوەی کەسایەتی تاکی کورد، ڕاستکردنەوەی سیاسەتی هەڵە و نەهێشتنی جاشایەتی و ژێردەستەیی و پاشکۆبوون و بوژانەوەی گوندەکان و پەرەپێدانی کشتوکاڵ و داڕشتنەوەی بەرنامەی پەروەردە و فێکردن و بیناکردنی ئابووریەکی کوردستانی (پیشەسازی و بەرهەمهێنان و دوور کەوتنە لەمشەخۆری و ئیستغلال و داگیرکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و داهات و پەرەپێدانی تواناکانی کار و کاراکردنەوەی کۆمەڵگا) بوو.
ئامانجە سیاسییەکانی ڕاپەڕین ئێستاش وەکو سی ساڵ بەر لەئێستا ماون. کوردستان لەنێوان دەوڵەتبوون و پاشکۆبوون بەناوەند، لەناکۆکی و ململانێی سەختدایە، هێشتا ناحەزان و دوژمنانی کورد دەیانەوێت کورد خاوەنی هیچ کیان و شێوازێکی ئیداری سەربەخۆ نەبێت. دوژمنەکان پەلاماری سەربازیی کوردستان دەدەن، دوژمنەکان دەیانەوێت ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بکەن، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لەت بکەن و بیکەنە دوو ئیدارەی سەوز و زەرد. دەیانەوێت خەڵک توانای دارایی و سەرچاوەکانی ژیانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ نەبێت. ئیرادەی یەکێتی لەژێر هەژموون و فەرمانی سوپای پاسداران دایە، ئیرادەی پارتی بە شەڕی پەکەکە و تورکیاوە بەستراوەتەوە.
دوژمنەکان نایانەوێت کورد پەیوەندیی بەدونیای دەرەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و سەردەمیانە هەبێت. دەیانەوێت ئیرادەی سیاسی کوردستان دابەش و لاواز بکەن، بەئاشکرا کاریگەرییان لەسەر عەقڵی سیاسی هەندێک لایەن هەیە. ئەو لایەنانەش پێیان وایە ئەمە بیرۆکەیەکی شەرعییە بۆ تێکشکاندن و لاوازکردنی ڕکابەرە سیاسییە کوردیەکەی بەکاری دەهێنێتەوە. فکری هاوردەی ئیسلامی، فکری هاوردەی بیانی بۆ جارەسەری کێسە ناوەخۆییەکان، فکری خۆ بەپاشکۆبوونەوەی بەغدا، کارەساتێکی سیاسی گەورەن، بۆیە ئامانجەکانی راپەڕین ئێستاش ماون.
کورد لەشاخدا حزبیانە دەژیا، ئێستاش دوای سی ساڵ هەندێک لایەن بەهەمان عەقڵیەت و شێوازی شاخ هەڵسوکەت دەکەن، چونکە پێیان وایە دامەزراوەیی بوون، لەهێز و دەسەڵات و پێگەی حزبەکەیان کەم دەکاتەوە.
هەندێک پێیان وایە ئێستاش ساڵی شەستەکانە و دەیانەوێت هەمان سیناریۆی مەلایی و جەلالیی ئەو کات لەدژایەتی بارزانییەکان و پارتی و دەسەڵاتی کوردی دووبارە بکەنەوە. هەیانە پێی وایە بەژدایەتی پارتی دەنگی زۆرتر کۆ دەکاتەوە، هەشیانە پێێ وایە بەهێرشکردنە سەر حکوومەت و دەسەڵاتی کوردی دەنگ لەهەڵبژاردن باشتر کۆدەکاتەوە.
هێزە سیاسییەکان لەجیاتی پەرەپێدانی کەسایەتی تاکی کورد و بەنیشتیمانی کردنی مەسەلەکان، ڕۆژ بەڕۆژ مەسەلەکان توندتر و خراپتر بە چارەنووس و پێگە و هێزی حزبەکانیان دەبەستنەوە. ڕاپەڕین بۆ گێرانەوەی سەرەوەریی و پەرەپێدانی کەسایەتی کوردی کرا، کەچی ئیستا گەندەڵی و بچووککردنەوەی ئیرادەی تاک و بەئاشکرا شانازیی بە خۆهەرزانفرۆشی سیاسی دەکرێت. بۆیە ئامانجەکانی ڕاپەڕین هێشتا بوونیان هەیە.
حزب لەپێش ڕاپەڕین بایەخی بەفکر و سیاسەت و پەرەپێدانی توانای فکری کادەرکانی دەدا، ئێستا بەپێچەوانە کادرەکانیان لەسەر هەڵپەرستی و خۆبەخێوکردن و گەندەڵی و توندڕەویی سیاسی و دوورکەوتنەوە لەمەبدەئی سیاسی دەبەن. حزب وەکو کارگەی ژیاندن و پڕکردنی گیرفانی ئەندام و لایەنگرەکانیان هەڵسوکەوت دەکات، نەک پڕکردنی مێشک و عەقڵی کەسەکان. حزب لەدوای سی ساڵ لەڕاپەڕین بۆتە کەرەستەیەکی لاواز بەدەست خەڵکەوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی تاک و عەشایر و خانەوادە و گروپچییەکان، لەکاتێکدا لەپێش ڕاپەڕین چارەنووسی سیاسی میللەت بەدەست حزبەکانەوە بوو.
لەپێش ڕاپەڕین خەڵک حزبی دەژیاند، ئێستا حزب خەڵک بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بەخێو دەکات. حزب لەبەر کۆکردنەوەی دەنگ بۆتە کەرەستەیەکی دابڕێنراو لە فکری سیاسی و لەلایەن عەشیرەت و خاوەن هێز و ئاراستەکانی ناوچەگەریی و گروپە ئابوورییە مشەخۆرە چاوچنۆکە نیمچە دزەکان ئاراستە دەکرێت.
لەپێش راپەڕین سەرمایەی حزب، شەهید و تێکۆشەرە سەرڕاست و ماندوو نەناسەکان بوو، ئێستا سەرمایەی حزب (ماستاوچییەکان، گروپ و گروپکاریی و ئیستغلال و پشت مل سپییەکان و کەسانی هەڵپەرست و بازرگان و لەناکاو دەوڵەمەندبووەکان و بەپاشکۆبوون و ڕاهێنانی خەڵکە لەسەر هەڵپەرستی و خۆویستی).
ڕاپەڕین ئەنجام درا، بەڵام هێشتا ئامانجەکانی ڕاپەڕین و ئەو خواست و داواکارییانەی هەبوون، بەشێکیان ماون و تەواو نەبوون.
ڕاپەڕین، گەلێک شتی گۆڕی، وەکو چۆن شێوازی بیرکردنەوەی حزبەکان و ئامانج و خواستی لایەنە سیاسیی و تەنیا تاکیشی لەگەڵ خۆی گۆڕی. مەرج نییە گۆڕانکارییەکان هەموویان ئەرێنی بووبن. ڕاپەڕین بەشێوەیەکی هەڵچووانە دوور لەکۆنترۆڵ و ئاراستەی گروپە سیاسییەکان ئەنجام درا، ئەم هەڵچوونە کۆتایی نەهاتووە. هێشتا هەندێک پێیان وایە، کورد لەقۆناغی سەرەتایی دروستبوون و بیناکردنە. پێویستە بگەڕێینەوە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی ڕاپەڕین، کە ڕزگاری کوردستان و بیناکردنەوەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری و سیاسی کوردستان بوو. کوردستانییەکان لەپێناوی دادپەروەریی و ئازادی و یەکسانی راپەڕین، ئەمانە ئێستاش بەیەکێک لەخواستە بنەڕەتییەکانی خەڵک دادەنرێت.
Top