دەنگدانی خەڵك و متمانەی پەرلەمان

دەنگدانی خەڵك و  متمانەی پەرلەمان

وای لێ هاتووە ماوە ماوە دەبێ لە لایەن هەندێک کەس، بێ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و بە شێوازێکی دور لە بنەماکانی سیاسی و یاسایی و گفتوگۆ، بۆ ئازراندنی پرسێک، هەندێک قسەی سەیرو سەمەر بکەن.

ئەو شێوازەی قسە کردن یان خستنە رووی بابەتێک بەو شێوەیە، دەگەرێتەوە بۆ هەندێک لایەنی وەکو " بێ ئەزمونی، بێ ئاکا بوون لە سیستەمی حوکمرانی، نەزانین لە سیاسەت، نەزانین لە یاسا، دور لە ئەتیکێت، تا دەگاتە حاڵەتی ناسەقامکیری دەرونی".

گومان لەوەشدا نیە، کاتێک هاووڵاتیەک بەو شێوەیە باسی سەرۆک وەزیرانی حکومەت دەکات، دەستێکی لە پشتەوەیە هەیە و خزمەت بە لایەنێکی دەرەکی دەکات، کە ئەم کەسە پێش وەخت ئیرادە و چارەنوسی خۆی رادەستی دوژمنان کردووە و بوەتە ئامرازێک بۆ جێ بە جێ کردنی ئەجنداکانیان.

دوایین قسە لەو شێوەیە، لە زاری لاهور جەنگی یەوە بیسترا، کە بە بێ هیچ لێکدانەوەیەک بۆ قسەکانی خۆی لە رووی یاسایی یەوە وەکو مەبەستی بوو " جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی لە دەست داوە "!.

دەبێ سەرەتا ئەو پرسیارە بکرێت کە چۆن سەرۆکی حکومەتێک متمانە لە دەست دەدات؟.

هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ، بنەماکانی دیموکراسی پەیرەو دەکات، ئەزمونێکی سەرکەوتوشی لەو بواردا بە دەست هێناوە.

کە واتا دەبێ بزانین لە وڵاتانی دیموکراسی دا چۆن کەسێک دەبێتە بە سەرۆکی حکومەت و چۆن متمانەش لە دەست دەدات.

هەلبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسی، لە هەرێمی کوردستانیش هەر لە ساڵی ١٩٩٢ پەیرەو دەکرێت و تا ئێستاش بەردەوامە و تەواوی پرۆسەکانی هەلبژاردن سەرکەوتوانە ئەنجامدراون.

بە پێی ئەنجامی هەلبژاردنەکان پەرلەمان و حکومەتی هەرێم پێک هێنراون و هەر حزب و لایەنێک بە پێی رێژەی دەنگەکانی بەشی خۆی لە پۆستە حکومیەکان بەرکەوتووە و کاندیدەکانیان بە پێی یاسا شەرعیەتی دەستهەڵاتیان وەرگرتووە.

ئەو شەرعیەتەش جارێکیتر بە پێی دەنگدان و متمانەی پەرلەمان وەردەگیرێت، کە ئێستا کابینەی نۆیەمی حکومەت بە پێی ئەو متمانە و شەرعیەتە لە ئەرک و خزمەت دایە.

کە واتا ئەو شەرعیەت و دەستهەڵاتەی بە رێکاری یاسایی و دەنگ دان و متمانەی پەرلەمان وەردەگیرێت، تەنهاش بە هەمان رێگا دەتوانرێت ئەو متمانەیە وەربگیرێتەوە، ئەوەش ئەگەر پرسێکی وا هەبێت کە کەسی بەرپرس بخاتە بازنەی گومانەوەو دووجاری لێپرسینەوەی بکات و ئەنجامەکەش بە بریارێکی یاسایی پەرلەمانی متمانەی لێ بسەندرێتەوە.

لێرەدا بۆمان دیار دەبیت کە قسەکان لاهور جەنگی دورن لە هەر بنەمایەکی شەرعی و یاسایی، بە بێ بیرکردنەوە لە چۆنیەتی سیستەمی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان و بنەما یاساییەکان، قسەی کردووە.

لە لایەکی ترەوە لاهور جەنگی هیچ دەستهەڵاتێکی شەرعی و فەرمی لە هەرێمی کوردستان دا نیە، کە ئەو مافەی پێ بدات قیە لەسەر متمانەی سەرۆک وەزیران بکات، بەڵکو بە پێچەوانەی بە دەیان کەیسی گومانانی لەسەر خودی لاهور هەن کە گومانی خیانەتی نەتەوەیی دەخەنە سوری و دەبێ رادەستی دادگا بکرێت و سزای خۆی وەربگریت.

قسەکانی لاهور جەنگی جگە لە هەندێک قسەی بازاری و هەرزەکارانە، کە تەنها لە بێ ئەزمونی و کورت بینی خاوەنەکەی، هیچی تری ناگەیێنێت و هیچ گرنگیشی نابێت.
Top