ئێران و تورکیا و کارتەکانی داعش و پ ک ک

ئێران و تورکیا و کارتەکانی داعش و پ ک ک


لە هەر کێشە و ململانیەکی سیاسی و لەشکری دا، تەواوی لایەنەکان هەوڵ دەدەن قۆناغ بە قۆناغ خۆیان ئامادە بکەن و کارتەکانیان بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربێنن لە پێناو مانەوەی هەژمونیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و تا بۆیان بکرێت درێژە بە پلانەکانیان بدەن.

لەم قوناغەی ئێستاش دا، پلانەکان گەیشتونەتە ئاستێک بەکارهێنانی لایەنی سێیەم بوەتە بەشێک لە پلان و سیاسەتی هەندێک وڵات، شەری بە وەکالەت و بەکارهێنانی بە کرێگیراوەکان پەرەی سەندووە، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
گەرمترین شەری سیاسی و دەستهەڵات ئێستا لەسەر گۆڕەپانی عیراق ئەنجامدەدرێت، وە ئامانجی سەرەکی هەندێک لە یاریکەرەکان ئاراستە کردنی هێرشەکانە بەرەو هەرێمی کوردستان.

ئەوەی کە پەیوەستە بە عیراق و گرنگە بۆ ئایندەی ئەم ووڵاتە بە گشتی و ئایندەی کوردستان بە تایبەتی، دەستێوەردانی ئێران و تورکیا یە و بە کارهێنانی لایەنی سێیەمە.

بە هۆی پەیدا بوونی گۆڕانکاری لە ناوچەکە، چ لە رووی سیاسی یان گۆڕینی ئاراستەی پەیوەندییەکان، کە دژی بەرژەوەندی ئەم دوو وڵاتەن، ئەمانە هەوڵیان داوە بە رێگای بە کارهێنانی لایەنی سێیەم بەردەوامی بە پیلانەکانیان بدەن، بە تایبەت لە دژی هەرێمی کوردستان، کە ئەو ئاستەی ئێستای هەرێمی کوردستان پێی گەیشتووە لە رووی سیاسی و دیبلوماسی و پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجامی ریفراندۆم و هێزی پارتی بە تایبەتی، بە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان هەژماری دەکەن.

هەر بۆیە ئێران بە رێگای بەکارهێنانی کارتی بە داعش لە لایەک و جار جار بەکرێگیراوەکانی تر لە لایەک، دەیەوێ بەردەوامی بە پیلانەکانی خۆی بدات.

هەروەها تورکیا بە رێگای بە کارهێنانی کارتی پ ک ک و بە بەهانەی پاراستنی سنورەکان بەردەوام هەوڵ دەدات فشارەکانی زیاتر بکات لەسەر هەرێمی کوردستان.

ئەوە جگە لە ململانێی هەردوو لا، کە درێژە پێدەری شەرە دێرینەکەی نێوانیانە، لە ژیانەوەی ئیمبراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی.

ئامانجی هەردوو لاش، درب لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و راگرتنی پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی.

ئامانجی سەرەکیشیان پارتی یە، لەبەر ئەوەی پارتی هەڵگری پەیامی نەتەوەیی یە و کار بۆ ئایندەی گەلی کورد دەکات، تا ئێستاش پارتی ملکەچی داخوازییەکانی هیچ لەم لایەنانە نەبووە، کە لە دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بوبێت.
ئێستا ئێران پلانی ژیانەوەی داعشی لە دەست دایە، چ بە رێگای هێرشی چەکداری بۆ سەر سوپای عیراقی، یان بە رێگای کارە تیرۆریستی و خۆکوژیەکان لە ناو شارە عیراقیەکان، تا شەرعیەت بە دەستهەڵاتی حەشدی شیعی بدات و بەهێزی بکات بۆ زیاتر دەست تێوەردان لە دۆخی عیراق بۆ بەرژەوەندی خۆی، ١٦ی ئوکتۆبەری کەرکوک، هەوڵەکانی رادەستکردنی سلێمانی، جگە لە گروپێکی خۆ فرۆشی ناو پەرلەمان عیراق، هەمویان دەکەونە ناو هەمان چوارچێوەوە.

تورکیا بە لای خۆیەوە، هەر کاتێک ویستی پیلانێک لە دژی پرسی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ئەنجام بدات، دەست بۆ کارتی پ ک ک دەبات و بە کاریان دەهێنیت، ئەوەی لە سوریا روویداوە و تا ئێستا روودەدات لە دژی پرسی کورد و لایەنە نەتەوەییەکان، ئەوەی لە قەندیل روو دەدات، ئەو ئوپەراسیۆنەی ئێستا تورکیا ئەنجامی دەدات لە چیای کارە و هەرەشەکانی بۆ سەر شنگال، دەچنە ناو هەمان چوارچێوەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە هێزی سەرەکی یە لە ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان دا، کە شەر لە پێناو پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەکات، توانیویەتی بەرگەی تەواوی پیلانی دوژمنانی بگریت و خۆراگر بیت و سەرکەوتنیش بە دەست بێنیت.

لە بەرامبەر زیاد بوونی فشار و پیلانەکان پێویست بەوە دەکات کە تەواوی لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان بیر لە بەرژەوەندییە گشتیەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەنەوە و یەکرێز و یەکگرتوو بن.

بە پێی هەڵوێستی هەندێک لایەن، ئەو یەکرێزی و یەکگرتنە چوەتە قالبی مەحاڵەوە، بەو پێیەش پارتی بە تاک دەبێ بەرگەی هێرشەکان بگریت.

پارتی تا ئێستا زۆر سەرکەوتوو بووە لە ئەرکەکانی دا، کە رەنگدانەوەی کردووتە سەر ئەدای حکومەتی هەرێمیش، بە هێز بوونی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پەیوەندیەکانی هێزی پێشمەرگە لەگەل و وڵاتانی جیهان و ناتو لە رووی زانستی سەربازی و هاوکارییەکان، پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێم و هەنگاوە ئەرینیەکانی، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی زیاتر، بوارەکانی تری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەمانە هەموویان خاڵی بە هێزن لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان.

بۆ ئایندەش بەردەوامی دان بە هەمان پلان، هەوڵی بەردەوام بۆ رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد، پێداگیری لەسەر مافە رەواکان، بە دەست هێنانی زیاتری پشتگیری نێودەوڵەتی، سیاسەتێکی واقعیانە لەگەڵ دەوروبەر لەسەر بنەمای دراوسێتی و بەرژەوەندی هاوبەش و رێز گرتن لە سەروەری، دور لە دەستێوەردان، دەبێ ئەم خاڵانە پەرەیان پێ بدرێت و بەهێز بکرێن.

باوەری و قەناعەتی گەلی کوردستانیش بە شەرعیەتی پرس و مافە رەواکانی، هێزێکی ترە لە دەست پارتی و حکومەتی هەرێم دا، هاوشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.
Top