گەڕان بە دوای شێرپەنجە

گەڕان بە دوای شێرپەنجە
ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە ھەندە دوور نییە! ھەر لۆیە؛ پێویست دەکات ھەموو زانیاری تەواومان لە سەر چۆنیەتی گەڕان و دۆزینەوە و دیاری کردنی ھەبێت؛ وە بەتایبەت ئەگەر ئەو ڕاستییە بزانین، کە: زۆر شێرپەنجە ھەیە چارەسەری یەکجاری و بنبڕی ھەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی بێت؛ کە: ساڵی پار دەرچوو؛ ئەوە دەبینرێت؛ کە: ساڵی (٢٠١٨ز) لە سەرانسەری جیھاندا (١٨) ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجە بوون؛ وە ھەر لە ھەمان ساڵدا (٩.٥) ملیۆن کەس بە ھۆی شێرپەنجەوە مردوون. دەگەل ئەو ھەموو پێشکەوتنە پزیشکییە لەم ڕۆژانەدا ھەیە بەڵام ھێشتا مردن بە ھۆی شێرپەنجەوە ھەر زۆرە! ئەمەش چونکە کەسەکان ھێشتا ماویانە، کە: بەدوای زوو دۆزینەوەی شێرپەنجە بگەڕێن چونکە لە پەروەردە و فەرھەنگ و ئاستی کۆمەڵایەتی و پەروەدە و زەینی مرۆڤەکان جێگیر نەبووە؛ کە: گەڕان بە دوای شێرپەنجەدا بکەن.
لە کوردستان بە تقەتی و بە ووردی نازانرێت؛ کە: ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە چەندە!؟ بەڵام گومانی تێدا نییە؛ کە: ڕێژەیەکی بەرچاو لە تووشبووانی شێرپەنجە ھەن. لە وڵاتێکی وەکو ھیندستان بە گوێرەی تەمەن ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە (٩٧)ە لە ھەر (١٠٠،٠٠٠) کەس و ڕێژەی مردن بە ھۆی شێرپەنجەوە (٧٩⁄ ١٠٠٠٠٠)ە. لە ھەنووکەدا شێرپەنجە ڕوو لە زیاد بوونە!؟! ئەوجا دەگەل ئەوەی کە شێرپەنجە کات و تەندروستی و ژیانی کەسی تووشبوو دەخاتە مەترسییەوە؛ وە لە ھەمان کاتدا کار لە باری دارایی خێزان دەکات و ئەندامانی خێزانی نەخۆشەکە تووشی پشێوی و سترێس دەکات و ھەموو مژوولی ئەو خوشک یان برا یان دایک یان باوکەیان دەبن؛ وە لە خۆدەگرنەوە ھەتا چارەسەری بکەن.
ئەوجا دەگەل ھەموو ئەو ئاستەنگ و ڕێگرییانەی کە لە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکان ھەن چ لە کەمی ڕۆشنبیری گشتی و نزمی ئاستی ھۆشیاری دروستی بەلام ھێشتا نابێت دەستەوستان بوەستین چونکە دەبێت ھەموو ئەوە بزانن؛ کە: نزیکەی (٦٠٪)ی شێرپەنجەکان ئەگەر زوو دەست نیشان بکرێت و زوو بدۆزرێتەوە و زوو چارەسەر بکرێت؛ ئەوا: چارسەرەکە بنبڕە.
* پشکنینەکان لۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجە: پشکنینەکان دەبێت لۆ ئەوە بێت؛ کە: زوو شێرپەنجەکە بدۆزرێتەوە؛ ئەویش پزیشک بە گوێرەی شوێنی جوگرافی و کۆمەڵگاکان بڕیاری لە سەر دەدات؛ ھەروەھا چەندە بوونی ھۆکاری مەترسیداری تووشبوون و ھەتا چەند ئەو کەسەی پشکنینی لۆ دەکرێت ئەگەری تووشبوونی بەو شێرپەنجەیە ھەیە. بێگومان ھەموو ئەمانەش بەلەبەر چاوگرتنی بەناو ساڵدا کەوتن و تەمەن و ڕەگەز و لە خانەوادەکەی کەسیتری تووشی شێرپەنجە بووە، شوێنی جوگرافی و پێشتر پەرکەوتنی بەو ماددانەی؛ کە: دەبنە ھۆی شێرپەنجە..ھتد.
ئەوجا گەڕان بەدوای شێرپەنجە چەند خاڵێک لە خۆ دەگرێت، وەکو:
١. باووی شێرپەنجە: چەندە ئەو جۆرەی شێرپەنجە دەناو ئەو میللەتەدا باوە و خەڵک ئەگەری تووشبوونییان ھەیە. لۆ نموونە: یەک لە ھەر بیست ئافرەت ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک ھەیە کەچی لۆ شێرپەنجەی ھێلکەدان؛ ئەوا: یەک لە ھەر سەت و سی و یەک ئافرەت ئەگەری تووشبوونییان ھەیە.
٢. مردن: ھەندێک جۆری شێرپەنجە لۆ نموونە (شێرپەنجەی پڕۆستات) لەبەر ئەوەی زۆر بە ھێواشی پەرە دەسێنێت، لۆیە: گەڕان بەدوای لە خڕ خەڵک ناگرێتەوە تەنیا ئەوانە نەبێت؛ کە: پزیشک گوومانی لۆ بوونی دەچێت.
٣. دەرئەنجامی پشکنینەکە: دەبێت تێچوون و بەردەست بوونی پشکنینەکە لەبەر چاو بگیرێت و ھەروەھا ھیچ مەترسی نەبێت.
٤. زەرەر و زیان: دەبێت زیانی پشکنینەکەش بزانرێت، وە ھەڵبسەنگێنرێت. لۆ نموونە: لە کاتی ناوبینی کۆم (کۆڵۆنۆسکۆپی) لە ئەگەری دڕان و کوونبوون.
بەمە دەردەکەوێت؛ کەر تێست و پشکنینێک بەکار بێت، دەبێت دوو مەرجی تێدا بێت ھەتا کاریگەر بێت:
ا. پشکنین و تێستەکە ببێتە ھۆی زوو دیتنەوەی شێرپەنجەکە و پێش دەرکەوتنی نیشانە و درۆشمەکان.
ب. ھەروەھا ئەوەش سەڵمێنرا بێت، کە؛ ئەگەر زوو شێرپەنجەکە دۆزرایەوە؛ ئەوا: چارەسەری بنبڕی ھەیە.
* گەڕان بە دوای شێرپەنجەکان:
.
١. شێرپەنجەی مەمک: پشکنینەکە تیشکی مەمک (مامۆگرافی)یە، وەک:
ا. بەگوێرەی کۆمەڵەی خۆپارێزی ئەمریکی (USPSTF) بێت؛ ئەوا: دەبێت تیشکی مەمک (مامۆگرافی) لۆ زوو دەست نیشان کردنی شێرپەنجەی مەمک بەمجۆرە بکرێت:
* ھەر ئافرەتێک تەمەنی لە نێوان (٥٠ - ٧٤) ساڵ بێت مامۆگرافی لۆ بکرێت.
** ئەو ئافرەتانەی تەمەنییان لە (٥٠) ساڵ کەمترە؛ ئەوا: کەت و کەت و قل قلە پزیشک بڕیار دەدات، واتا: لۆ ھەموو نییە بەڵکو بڕیارەکە لۆ پزیشکە.
*** ھەر ئافرەتێک تەمەنی لە (٧٥) ساڵ پتر بێت.
ب. بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی (ACS)، بەمجۆرەیە:
* ئافرەت لە تەمەنی (٤٠ - ٤٤) ساڵی: پزیشک بڕیار دەدات.
** ئافرەت لە تەمەنی (٤٥ - ٥٤) ساڵی: ساڵانە مامۆگرامی لۆ دەکرێت.
*** ئافرەت لە تەمەنی (٥٥) ساڵی کێڵی کردەوە: ئەوا ھەر دوو ساڵ جارێک لۆی دەکرێت.
ت. ھەموو ئافرەتێک ئەگەر تەندروستی و باش بوو، وە بەناو ساڵ و کەترەش بێت بەڵام ئەگەری مانی لە دە ساڵ زیاتر بێت؛ ئەوا: ھەر دەبێت پشکنینی لۆ بکرێت.
٢. شێرپەنجەی منداڵدان: پشکنینەکە نموونەی پاپ (Pap smear cervical cytology)؛ بەمجۆرە:
ا. خۆپارێزی ئەمریکی (USPSTF):
* ئافرەت (٢١ - ٢٩) ساڵ: ھەر سێ ساڵ جارێک پشکنینی سایتۆلۆجی (Cervical Cytology) دەکرێت.
** ئافرەت تەمەن (٣٠ - ٦٥) ساڵ: ھەر سێ ساڵ جارێک پشکنینی سایتۆلۆجی (Cervical Cytology)، وە یان پشکنین لۆ ڤایرۆس (hr HPV) ھەر پێنج ساڵ جارێک، وە یان ھەر پێنج ساڵ جارێک ھەر دوو پشکنین ڤایرۆس (hrHPV) و سایتۆلۆجی (Cervical Cytology) وێکڕا بکرێت.
ب. کۆمەڵەی ئەمریکی شێرپەنجە (ACS):
* ئافرەت لە تەمەنی (٢١ - ٢٩) ساڵ: ھەر سێ ساڵ جارێک تەنیا پشکنینی سایتۆلۆجی (Cervical Cytology) لۆ دەکرێت.
** ئافرەت تەمەنی (٣٠ - ٦٥) ساڵ: ھەر پێنج ساڵ جارێک پشکنینی سایتۆلۆجی (Cervical Cytology) و پشکنینی (hrHPV) لۆ دەکرێت، وە ئەگەر نا؛ ئەوا: ھەر سێ ساڵ جارێک پشکنینی پاپ (Pap smear) لۆ دەکرێت.
*** ئافرەت تەمەنی لە (٦٥) ساڵ و سەرووتر: چیدی پشکنینی لۆ ناکرێت؛ وە بەتایبەت ئەگەر لە دە ساڵی پێشووتر پشکنینی ساغ بێت.
**** ئەو ئافرەتانەی بە ھۆی ھۆکاریتر جگە لە (شێرپەنچەی منداڵدان) منداڵدانییان دەرھاتووە ھیچ بەدوا داچوونییان ناوێت.
٣. شێرپەنجەی قۆلۆن و ڕێکە (Colorectal): پشکنینەکان؛ خوێن دەپیساییدا (Fecal occult blood test) و پشکنینی ناو پیسایی (Fecal immunochemical test) و پشکنینی ناوبینی ڕیخەڵۆک (Flexible sigmoidoscopy Colonoscopy). ئەوجا:
ا. بەگوێرەی خۆپارێزی ئەمریکی: لەو کەسانەی تەمەنیان لە (٥٠) ساڵی کێڵ بۆوە ھەتا تەمەنی (٧٥) بەگوێرەی ئەگەری تووشبوونی کەسەکە ساڵانە یان ھەر پێنج ساڵ جارێک یان ھەر دە ساڵ جارێک دەکرێت.
ب. کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی (ACS): لە تەمەنی (٤٥) ساڵییەوە ئەو پشکنینە دەکرێت ھەتا تەمەنی (٧٥) ساڵی، لەو دواتر لە تەمەنی (٨٥) ساڵی ناکرێت و دەوەستێنرێت.
٤. شێرپەنجەی سییەکان (Lung): پشکنینی (Low - dose computerized tomography) دەکرێت، ئەوجا:
ا. خۆپارێزی ئەمریکی (USPSTF): ساڵانە ئەو پشکنینە لۆ ئەو کەسانە دەکرێت؛ کە: تەمەنیان لە بەینی (٥٥ - ٨٠) ساڵییە و لەوەو پێشتر ساڵانە (٣٠) پاکەت جغارەیان کێشاوە و ئێستاش جغارەخۆرن یان لۆ پازدە ساڵ پێشتر جغارەیان تەرک داوە. ئەو کاتەی ماوەی (١٥) ساڵ بوو کەسەکە جغارەی تەرک کرد؛ وە تووش نەبوو، ئەوا: ئەم فەحسە چیدیتر ناکرێت. ھەروەھا ئەگەر ئەگەری مانەوەی لە ژیان کەم بوو.
ب. کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی (ACS): ھەروەک (خۆپارێزی ئەمریکی) بەڵام لە تەمەنی (٥٥ - ٧٤) ساڵی دەکرێت.
* دەرئەنجام: گەڕان بەدوای شێرپەنجە دەبێت پیادە بکرێت چونکە دەگەل زوو دیتنەوەی شێرپەنجەکە؛ ھۆکارێکیش دەبێت لەوەی بزانرێت کە شێرپەنجە تیر و سنداندارییە یان نا، ھەروەھا یارمەتیدەریش دەبێت لە ھەڵبژاردنی چارەسەر. ئەوە جگە لەوەی ھۆکار دەبێت لەوەی خۆشەویستانمان پارێزراو بن، وە لە بەھرە و توانایان زیاتر کەلک وەرگرین، وە پارە و ماڵ و دارایی زۆرترمان لۆ دەگەڕێتەوە سەرەڕای کەمتر کردنەوەی پشێوی دەروونی و نائارامی سەر تاک و خێزانەکان ..
* سەرچاوە:
١. Davidson , ٢٠١٨.
٢. Progress in medicine ٢٠١٩.
٣. Current ٢٠٢٠.
٤. Update Medicine ٢٠١٩.






پسپۆڕی ھەناو و دڵ
Top