ھاوپەیمانییەکی گەورەتر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

ھاوپەیمانییەکی گەورەتر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست


چوار ساڵی ئیدارەکەی ترامپ خێرو بەرەکەتی بە خشییە "تورکیا"، تەنانەت لە کێشەی سوریا-ش ڕۆڵێکی گەورەتری پێ بەخشی، ھاوکات ڕێگەیدا؛ ئازادانە فراوانخوازییەکانی پەرە پێبدات. ھەموو ئەو دەنگۆیانەی گوێی "ترامپ" یان پڕ کردبوو گوایە "تورکیا" دژی "ئێران" و ھاوکاری ئەمریکا-یە، جگە لە چیرۆکێک شتێکێ تر نەبوو، ستراتیجی "تورکیا" ئەوە نەبوو کە لە میدیاکانەوە بانگەشەی بۆ دەکرد.

تورکیا لە گەڵ ئێران
چەند ساڵێکە "تورکیا" لە کەیسی (سوریا و لیبیا) لەگەڵ ڕووسیا لە پەیوەندی و ھاوکاریدایە، ئێستاش ستراییجی "تورکیا" ڕووە و ھاوپەیمانی لەگەڵ "ئێران" ھەنگاو ھەڵدەگرێت. بۆ ئەو مەبەستە؛ ھەینی ڕابردوو، یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، ئەنکەرە میوانداری "جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد و دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" و ھاوتاکەی "مەولود چاوشئۆغڵو" سازدا، پاش سازدانی کۆنفڕانسێکی میدیایی، "زەریف" لە ئەکاونتی تویتەرەکەی خۆی ڕایگەیاند؛ لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە گفتوگۆی بونیادنەرانە و بەبڕشتیان ئەنجامداوە. ھەروەھا لە تویتەکەیدا نوسیبووی " گفتوگۆمان لەسەر فراوانکردنی پەیوەندی دوو قۆڵی و ھاوکاری ھەرێمیی لە سوریا، عێراق و، قەوقاس کرد. ھەردوو وڵات ھەڵوێستی ھاوبەشیان ھەیە و، تاکە ڕێگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە (ھاوپشکییە)". سەردانەکەی "زەریف" ئاماژەی ھاوپەیمانی ھەردوو وڵات دەردەخات.

تورکیا و ڕووسیا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
"تورکیا" ھەر زوو سیستمی بەرگری ئاسمانی S-٤٠٠ ی لە ڕووسیا کڕی، ئێستا مامەڵە سەرەکییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و تاران نزیکتر دەبێتەوە. پاشان لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٠ لە ڕێگەی پشتیوانییکردنی ناڕاستەوخۆ، بەشداری لە جەنگی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر ململانێکانی (ناگۆرنۆ-کارەباخ) کرد، لە ڕێگەی ھاوبەشیکردنی ھێزو ھاوکاری لەگەڵ ڕوسیا و ئێران ڕوو لە ھەرێمی قەوقاس دەکات. سەردانەکەی زەریف-یش بۆ ئەو ھەمئاھەنگییەی پێشوو دەگەڕێتەوە، لە ئێستاشدا کردنەوەی ناوەندی ھەمئاھەنگی ئەنکەرە-مۆسکۆ لە کارەباخ (خاکی ئەرمەنییەکان)، نیشانەی نزیکییانە لە کەیسی ئیدلبی سوریا لە لیبیا و، بەھەمان شێوە لە ئازەربایجانیش، جوڵە و کۆبوونەوە دیبلۆماسیەکانی تورکیان دەرخەری ئەوەن؛ کە تورکیا چاوی لەسەر ھەرێمی "قەوقاسە" و ھەوڵی دروستبوونی ململانێی زیاتر لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەدات، سەرەڕای پاڵپشتی تەواو ھانی "ئازەربایجان" دادەت جەنگی دژ بە "ئەرمینیا" بکات، بەو شێوەیەش؛ ھاوپەیمانی ئەنکەرە، مۆسکۆ و تاران ڕوونتر دەردەکەوێت، ئامانجەکەش دروستبوونی کاریگەرییەکی ھەرێمییە لە ناوچەکە ھاوشێوەی (لیبیا و سوریا) واتە؛ کێشەی "ئەرمینیا" و "ئازەربایجان" تایبەت بە ناوچەکانی قەوقاسیا بکاتە کێشەیەکی ھەرێمی، ھۆکاری بەھێزبوونی "تورکیا" لە چەند ساڵی ڕابردوو، ھەروەھا بێدەنگی "ئەمریکا" لە ئاست دروستبوونی ھاوھێزی و کارکردنی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و، ئێران و، پاشان ڕۆڵێکی گەورەتری لە سوریا؛ ھەموو ھۆکارەکەی ئیدارەی "ترەمپ" بوو. بەڵام بۆ ئەمریکا پێچەوانە دەردەکەوت، چونکە "واشنتۆن" دەیویست کار لەگەڵ تورکیا بکات، لەکاتێکدا ئەنکەرە ئامانجی دۆزینەوەی خاڵی لاوازی ئیدارەکەی "ترەمپ" و دوورکەوتنەوە لە ناتۆ و چوونە خولگەی ڕووسیا و ئێران بوو، بە ئامانجی دابەشکاری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دوورخستنەوەی ئەمریکا و ئەوروپا.

میدیاکان بەشێکن لە پلانەکان
ڕۆژێک پاش کۆبوونەوەی زەریف و چاوشئۆغڵو؛ ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست نوسیبووی" بۆ ئەوەی پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوە و پیاوانی وەک جەیمس جێفری (نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا) بەدەست بھێنێت، "تورکیا" وا خۆی نیشاندەدا، کە گرنگی بە دژایەتی "ئێران" دەدات. ھەروەھا وەک سەنگەرێکی پشتیوانی لە دژی ڕووسیا و ئێران خۆی نمایشدەکرد، بەڵام بەنھێنی ھەمیشە پشتگیری لە (ڕێککەوتنی ئێران) دەکرد و دژایەتی ھەڵوێستە توندەکانی ئیدارەی ترەمپی لەسەر تاران دەکرد، چەند جارێکیش ھانی واشنتۆنی دەدا بۆ گەڕانەوە ڕێککەوتنی ئێران"، تورکیا ماکینەیەکی ئیعلامی و لۆبییەکی باشی ھەیە، کە کار بۆ دروستکردنی چیرۆک لەسەر دژبەری خۆی بداتە گوێی ئەمریکا و جیھان، چیرۆکێک بۆ واشنتۆن و چیرۆکێک بۆ میدیای ھەرێمایەتی، گوایە ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل دەخوازێت و ئامادەیە بزوتنەوەی حەماس وەلا بنێت، بەڵام بەپێچەوانەوە تورکیا و ئێران پاڵپشتیکەری حەماس-ن، سەردانەکەی "زەریفیش" ئاماژەی ئەو ڕاستییەن. میدیاکانی تورکیا و ئێران وەک (ئەھڤاڵ و ئەنادۆڵی تورکی ، مھری ئێرانی...ھتد) بەگشتی لە خزمەتی حکومەت کاردەکەن، لە پاش سەردانەکەی زەریف مژدەی سەردەمێکی نوێی ھاوپەیمانی تورکیا-ئێران یان ڕاگەیاند.

ھێڵی ئازەربایجان-ڕووسیا-چین
ھێڵی شەمەندەفەری ئاسنین لە "تورکیا" بۆ باکۆ پایتەختی "ئازەربایجان" و پاشان بۆ "ڕووسیا"، بەوھۆیەشەوە "تورکیا" دەتوانێت ھێڵی بارھەڵگریی بەرەو چین ببات. بە گوتەی "عادل کاراسماعیلئۆغڵو" وەزیری گواستنەوەی تورکیا، ئەو شەمەندەفەرانە لە تورکیاوە بۆ ڕووسیا دەڕۆن. ھەرچەندە پێشتر لە تورکیاوە بۆ چین ڕۆشتوون، بەڵام ئەوە یەکەم جارە ھەناردەی بارھەڵگریی لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنینەوە ڕادەبرێن. گرنگی و دەستپێشخەری ئەم ڕێگایەی بە پشتێنەی ڕێگای (چین بۆ تورکیا) ناوزەند کرد، چونکە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی ژێرخانی گواستنەوەیە لەنێوان چین و ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لێدوانەکانی "زەریف" و ڕاپۆرتەکان دەربارەی ھێڵی ئاسنین ئەوە ڕووندەکەنەوە، کە سیستمێکی ھاوپەیمانی زۆر گەورە تر لە دەرکەوتندایە لە نێوان (تورکیا، ڕوسیا، چین و ئێران). پێکەوە تورکیا-ڕوسیا، سوریا و لیبیا و قەوقاسیایان دابەشکرد، ئێستاش "ئێران" و "تورکیا" لە سەر زۆر مەلەفی تر دەست بە کاری زیاتر دەکەن.

ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بێ دەنگ نابن
"ئەمریکا" دژی دەستێوەردانی لیبیا بووە، کە "ڕووسیا" و "تورکیا" تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی چەکی ڕێپێنەدراو لەو وڵاتە، بۆیە ئەمریکای-بایدن چیتر فریووی میدیا تورکییەکان ناخوات، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی کانوونی دووەم ٢٠٢١، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا (جەیک سولیڤان) و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا (ئورسولا ڤۆن دێر لیین)لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا؛ باسیان لە ھاوپەیمانێتی ئەتڵەسی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا کرد، ڕێککەوتن؛ کار لەسەر ھاوپەیمانی تورکیا و چین بکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات؛ کەسانێک ھەن لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا تێدەگەن، تورکیا بووە بە بەشێک لە تۆڕێکی چینی-ڕوسی وڵاتە دەسەڵاتخوازەکان، سەرەڕای ئەوەش "ئەمریکا" دەخوازێت زیاتر لەگەڵ ئێران تێبکۆشێت.
Top