به‌ چه‌وتى تێگه‌يشتن له‌ ئايين پێگه‌ى‌ نه‌ته‌وه‌ لاواز ده‌كات

به‌ چه‌وتى تێگه‌يشتن له‌ ئايين پێگه‌ى‌ نه‌ته‌وه‌ لاواز ده‌كات

مامۆستايه‌كى وتاربێژى هێژا و دڵسۆز به‌ نيشتمان و ئايينپه‌روه‌ر، له‌ مزگه‌وتێكى هه‌ولێرى پايته‌خت، له‌م رۆژانه‌دا، به‌شێكى وتاره‌كه‌ى بۆ ئيدانه‌كردنى تۆمه‌ت و بۆختانه‌كانى نه‌يارانى كورد دژ به‌ سه‌رۆك بارزانى ته‌رخان كرد. ئه‌و مامۆستايه‌ دواى به‌جێهێنانى هه‌موو ئه‌ركه‌ ئايينييه‌كه‌ى و ئامۆژگاريى دينى و رێنماييه‌كانى له‌ چوارچێوه‌ى ئايينى پيرۆزى ئيسلام، باسى پيلانه‌ نه‌گريسه‌كانى دوژمنانى كوردستانى كرد، كه‌ چۆن په‌لامارى ره‌مز و هێماكانى نه‌ته‌وه‌ى كورد ده‌ده‌ن و، چۆن ده‌يانه‌وێت راى گشتيى چه‌واشه‌ بكه‌ن و وڵاتانى ئيسلامى (به‌ عه‌ره‌ب و تورك و فارسه‌وه‌) له‌ دژى كورد و ده‌ستكه‌وته‌كانى هان بده‌ن. به‌تايبه‌تى له‌ دژى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان و به‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت بوونى كورد، هميشه‌ش ئه‌و ئامانجه‌ پيرۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌ى كورد كه‌ سه‌دان هه‌زار قوربانيى بۆ دراوه‌، به‌ ((پڕۆژه‌ى ئيسڕائيل)) ناو ده‌به‌ن! بێگومان به‌رچاوڕوونى و تيشكخستنه‌ سه‌ر مه‌ترسييه‌كان كارى هه‌ر كه‌س و تاكێكى نيشتمانپه‌روه‌ره‌ و ئه‌وه‌ى لێى خافڵ بێت، به‌رامبه‌ر به‌ خۆى و نه‌ته‌وه‌كه‌ى و نه‌وه‌كانى داهاتووى وڵاته‌كه‌شى، نه‌ك كه‌مته‌رخه‌مى كردووه‌، بگره‌ ئه‌و په‌ڕى ناوشيارى و كاڵفامييه‌ و پێويسته‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌ى بۆ بكات.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ وتاره‌كه‌ى ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ ئايينييه، چه‌ند كه‌سى سه‌ر به‌ حزبێكى ئيسلامى گوێ له‌ خوتبه‌كه‌ ناگرن و له‌ مزگه‌وت دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، حزبه‌كه‌شيان به‌ ((شانازييه‌وه‌)) له‌ ميدياى ده‌نگ و ڕنگيان بێ شه‌رمكردن له‌ شعوورى نه‌ته‌وه‌، كرديانه‌ سه‌رباس‌ و بڵاويان كرده‌وه!!
كه‌سانى له‌و جۆره‌ و كۆمه‌ڵ و حزبه‌كه‌يان كه‌ به‌ ناو ئيسلامين و له‌ واقيعدا ئيسلاميان وه‌ك ئامرازى سياسى به‌كار هێناوه‌، هه‌موو هه‌وڵێكيان بۆ ئه‌وه‌يه‌، كه‌ هاوشێوه‌ى نه‌يارانى كورد، تاكى كورد له‌
ناو کولتوور و پیلانە نه‌گريسه‌كانى خۆيان نغرۆ بكه‌ن و، له‌ هەستی مرۆڤایەتی و کوردایەتی و بيرى نەتەوەيی و ئامانجى گه‌وره‌ى‌ به‌خاوه‌ن ده‌وڵه‌تبوونى كورد، دوور بخه‌نه‌وه‌. هه‌ر كه‌سيش ئاڵاهه‌ڵگرى ئه‌و ئامانجه‌ پيرۆزه‌ بێت (كه‌ له‌ ئێستادا جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى شانى داوه‌ته‌ ژێر ئه‌و باره‌ قورس و پيرۆزه‌)، ئه‌وا مه‌كينه‌ى بۆختانى ميدياى خۆيانى بۆ ده‌خه‌نه‌ كار، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو كه‌س زياتر به‌ پايه‌كانى ئيسلام پابه‌ند بێت.
گومانى تێدا نييه،‌ ده‌وڵه‌تانى داگيركه‌رى خاكى كوردستان، سپۆنسه‌رى سه‌ره‌كيى ئه‌و جۆره‌ به‌لاڕێدابردنه‌ى بيرى نه‌ته‌وه‌يى لاى تاكى كوردن، ئه‌وانه‌شى ده‌ستيان له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ندێك ئيمتيازى كاتيى و چه‌په‌ڵ بێبه‌شيان ناكه‌ن و، بێ شك تێچووى مه‌كينه‌ى ميدياكانيشيان بۆ دابين ده‌كه‌ن.
به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى حزبه‌ ئيسلامييه‌كان، كه‌ هيچ ئينتمايه‌كيان بۆ نيشتمان و نه‌ته‌وه‌ى خۆيان نييه‌، له‌وه‌ خافڵن كه‌ پاراستنى خاك و نيشتمان و گه‌ل، له‌ رێساكانى ئايينى پيرۆزى ئيسلامه‌ و به‌ ئاشكرا خۆيان له‌وه‌ گێل ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌يان ئايه‌ت و حه‌ديس پێداگرى له‌سه‌ر به‌ره‌نگارى و رووبه‌ڕووبوونه‌ى زوڵم و داگيركارى ده‌كه‌ن.

‎هەموو دینە ئاسمانیيەکان ئامانجیان ناساندنی خودا و ئاراستەکردنی خەڵک بووە بەرەو پەیڕەوکردنی هەموو ئەو بنه‌مايانه‌ى کە پێیان دەوترێت بەها مرۆییەکان و دەرهێنانی خەڵک لە جەهل و رێپێشاندانيان بۆ خوداناسى و چاكه‌كارى، واتە دین وەسیلەیەک بووە بۆ گەیشتن بەو بەها مرۆڤایەتیيانە و ناسینی خودا، ئەوەی کە خۆی بە موسڵمان، یان شوێنكه‌وتووى هەر دینێکی دى دەزانێت، دەبێ یەکەمجار بڕوای بە خودا هەبێت و، دواتر بە بەکارهێنانی رێنماییە ديینیيەکان پارێزگاری لە بەها مرۆڤایەتیيەکان بکات.
لێره‌دا پرسيار‌ ئه‌وه‌يه‌: ئايا دژايه‌تيى گه‌ل و خاك و نيشتمان و سه‌رۆكى نه‌ته‌وه‌، له‌ به‌هاكانى ئايينى و مرۆڤايه‌تيدا رێپێدراون؟
ئايا ئه‌گه‌ر تاك نیشتمانێكى نەبێت، ده‌توانێت پارێزگاری لە دینی خۆى بکات؟
وه‌ڵامى ئه‌و پرسيارانه‌ به‌جێ ده‌هێڵين بۆ ويژدانى بێدارى هاووڵاتيان و هيواداريشين ئه‌وانه‌ى وا ‎دین وەکو وەسیلە بەکاردێنن بۆ وه‌رگرتنى هه‌ندێ ئيمتيازات، به‌خۆدا بچنه‌وه‌ و دين و ئايين بۆ زياتر خۆناسين و خواناسين به‌كار بێنن، وه‌ك پێغه‌مبه‌رى ئيسلام فه‌رموويه‌تى: ((من عرف نفسه،‌ فقد عرف ربه‌)) واتا تا خۆت نه‌ناسى، خواى خۆت ناناسى. كه‌ خۆمان و خواى خۆمان به‌ باشى ناسى، له‌ نيشتمانيش خافڵ نابين. له‌ كۆتاييدا پێويسته‌ دووپاتى بكه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ڕاستى تێنگه‌يشتن له‌ ئايين و نيشتمان، جگه‌ له‌ كاره‌سات هيچى لێ ناكه‌وێته‌وه‌.
Top