کاتێک ئایین دەکرێتە ئامراز

کاتێک ئایین دەکرێتە ئامراز


مێژووی گەلی کورد زۆر نمونەی لە خۆ گرتووە، کە دوژمنان بە رێگای بە کارهێنانی ئایین توانیویانە سۆزی کورد وەربگرن و بەکاریان بێنن.

دوژمنە دێرینەکان گەلی کورد لە قۆناغە جیایاکان دا، بەردەوام ئایین یان کردۆتە ئامزار بۆ گەیشتن بە مەرام و بەرژەوەندییەکانیان، لە هەمان کاتیشدا لە دژی کورد و بەرژەوەندییەکانی وەستاونەتەوە، بەلکو هەر لە بنەرەت بەکار هێنانی ئاین لەگەڵ کورد بۆ لێدانی خودی کورد خۆی بووە.

لەوانەیە زیاتر لە هۆکارێک هەبوبێت بۆ ئەم پرس و دیاردەیە، بەڵام دووبارە و سێ بارە بونەوەی هەمان پلانی دوژمنان و سەرکەوتنیان تێیدا، مایەی سەر سورمان و لەسەر راوەستانە!.

کورد چی کەمە و چی پێویستە تا بتوانێت لە بازنەی ئایین رزگاری بێت و چیتر بە رێگای ئایین بۆ مەڕامی سیاسی بەکارنەهێندرێت؟

کەی کورد دەتوانێت لەوە تێبگات کە ساسیەت و ئایین دوو فۆرمی جیاوازن و لێک دورن؟.

کەی کورد دەتوانێت ئایین پەرستی وەکو خۆی و سیاسەت وەکو خۆی پەیرەو بکات، کە لە هەردوو لاوە خزمەت بە پرسە نەتەوەییەکانی بکات؟.

پرسیار گەلێکی تر و بە شێوازی جیاواز هەن، کە وەڵامدانەوەیان پەیوەستە ب ئایدیای جیاواز و ئالۆزی تێکەڵاو کردنی ئایین و سیاسەت بە شێوەیەکی مەترسیدار، کە هیچ کات خزمەت بە پرسی نەتەوە و خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد ناکات ، لە فەرهەنگی ئەم جۆرە ئایدیانەدا، نشتیمان پەروەری و نەتەوە بوون وجودی نیە، لە بنەرەت دا ئینکاری ئەم پرسە دەکات.

ئەوەی زیاتر مایەی سەرسورمانە، رەوتە ئیسلامیەکانی ناو هەرێمی کوردستان، نەک بە ئیرادەی خۆیان و بە بریاری راستەوخۆی خۆیان سیاسەت بە ئایین دەکەن، یان ئایدیای جیاوازی سەربەخۆیان هەیە و لەگەڵ دۆخی کورد و ئایندەی دەگونجێت.

بەلکو گرێدراوی ئەو شێواز و ئەجندا دەرەکیانەن کە پێشتر لەسەر کورد کاریان پێ کراوە و تا ئێستاش بەردەوامەو ئەوانیش تووشی هەمان هەڵە بونەتەوە.

هەبوونی خائین و بە کرێگیراوی ناوخۆیی لە ناو کورد، باوەربە خۆ نەبوون کێشەی کۆن و وێرانکەر بوونە، کە ئێستاش بە هەمان شێوازەوە کاریان لەسەر دەکرێت، جا چ بە ئیرادە و لێزانی یان بە نەفامی کەوتونەتە ناو ئەو بازنەیە.

ئەوەی ئەمڕۆ رۆژی هەینی ٢٠٢١/١/٢٩ لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان رویدا، هەبوونی توخمێکی گرێدراو بە ئەجندای دەرەکی بە رێگای ئاینەوە بۆمانی دەسەلمێنێت،
ئەمانە هیچ لە هزری داعش و هاوشێوەکانی تری کەمتر نین، لەوانەشە بۆ ئایندە ببنە کۆسپێکی گەورە لە رێگای پرسە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکانی گەلی کورد.

چارەسەر، بە رێوشوێنی گونجاوی، زانستی، یاسایی، ئاینی، پەروەردەیی، رۆشەنبیری و کۆمەلایەتی، دەکرێت.

ئەگەر تا ئێستا لەسەر ئاستی ناخۆی هەرێمی کوردستان نەرمی هەبووە لەمەر کارە تێکدەرەکان و پرسەکانی رۆژ، دیارە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کاریان لەسەر بکرێت و سنوری گونجاویان بۆ دانبندرێت.

ئەمەش پێویستی هەماهەنگی و پلان و بەرنامەی توکمەی حکومەتی هەرێم و ناوەندە رۆشەنبیری و کۆمەڵایەتی و چالاکی مەدەنی هەیە، کە دەبێ لەمەو دوا زۆر بە جدی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن.

دەبێت مێشکی تاکی کورد لە هەندێک هزری نامۆ و نەگونجاو پاک بکرێتەوە و بە فەرهەنگی کوردایەتی و نەتەوایەتی ئاوو بدرێت و ئامادە بکرێت.
Top