ترەمپ؛ ئەگەر خۆی یاسای لێبوردنی بۆ خودی خۆی دەرکرد..!

ترەمپ؛ ئەگەر خۆی یاسای لێبوردنی بۆ خودی خۆی دەرکرد..!

ڕووداوەکان بەئاراستەیەکدا دەڕۆن نەخودی واشنتن و نەهیچ پایتەختێکی دیکە لەدونیا بڕوا ناکەن، چونکە ئەمە کاردانەوە و هەڵسوکەوتێکی دژ بەدیموکراسیی و ئەو نەریت و ڕەوشتە سیاسییانەیە ، کە ئەمەریکا زەمەنێکی درێژە پێی دەناسرێتەوە.
ترەمپ بڕیاری داوە ئامادەی ئاهەنگی سوێندخوارنی جۆ بایدینی سەرۆکی هەڵبژێردراوی نەبێت، ئەگەر ترەمپ بەڕاستی ئامادەی ئەم ئاهەنگە نەبێت، دەبێتە جوارەم سەرۆک ئەم نەریتە دەبەزێنێت و خۆی جیاواز نیشان دەدات. بۆ جاری یەکەم جۆن ئادەمز ساڵی ١٨٠١ ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی تۆماس جێفرسۆن نەبوو. دوای ئەویش جۆن کوینیس کوڕی جۆن ئادەمز بەهەمان شێوەی باوکی لەساڵی ١٨٢٩ خۆی لەبەشداری ئاهەنگی دەستبەرکابوونی ئەندرۆ جۆنسەن دۆزیەوە و دوای ئەویش ئەندرۆ جۆنسەنی سەر بە حزبی دیموکرات لەساڵی ١٨٦٩ ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی یۆلیسس گرانت نەبوو، ئەمەیان بەهۆی جیاوازییەکی فکری زۆر لەنێوان ئەم دووە سەرکردەیە، وایکرد جۆنسەن بەشداری ئەم پرۆسەیە نەبێت.
ترەمپ دوای ١٥٢ ساڵ دوور نییە ببێتە چوارەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە، نەریت و شێوازی ئاڵوگۆڕکردن و پیرۆزبایی لەڕکابەرە براوەکەی پشتگوێ بخات و شێواز و ئارەزووەکانی خۆی دەرکەوێت. ترەمپ لەکردەوەدا دەریخست کەسێکی (خۆویستی و تاکڕەوە). بەم کردەوەی پرسیارێکی گەورە دەخاتە بەردەم پرۆسەی سیاسی و بنەماکانی دیموکراسی و ئەو نەریتە باوە گرنگانەی ئەمەریکا شانازیان پێوە دەکات.
لەهەمان کاتدا هەندێک بەرپرس داوا دەکەن جۆ بایدن کلیل و هێماکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بەتاڵ بکاتەوە، چونکە ترسیان هەیە لەدوا ساتەکانی ئەو دەسەڵاتەی ماوەیەتی، ترەمپ کەتنێک بکات. وەزیری پێشووی بەرگریی سەردەمی کلنتن ١٩٩٤- ١٩٩٧ ویلیام بێری داوای کردووە، بایدن بەجدی بیر لەم مەسەلەیە بکاتەوە. لەهەمان کاتدا زانیاریی لەنێو ئەمەریکا و میدیاکاندا بڵاوبۆتەوە، لایەنگرانی ترەمپ و سپییە توندڕەوەکان خۆیان ئامادە دەکەن، لەڕۆژی دەستبەکاربوونی بایدن، کە بەنیازە بەشەمەندەفەر بجێتە واشنتن، خۆپیشاندان ساز بکەن، بۆ ئەوەی لەبایەخ و پرۆسەی دەستبەکاربوونی بایدن کەم بکەنەوە، کە ترەمپ بڕیاری داوە، ئامادەی پرۆسەکە نەبێت.
خۆپیشاندانەکانی پاڵپشتی ترەمپ گۆڕا بۆ کردەی تاڵان و هێرشکردنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی پایتەخت و بڵاوبوونەوەی سەدان وێنە، کە توندوتیژی و تاڵان و بڕۆ و سوکایەتی و دەرخستنی ئاراستەی بیرکردنەوەی کەس و گروپەکانی نێو خۆپیشاندانەکان و سوکایەتی و ئاراستە فکرییان تێدا بەرجەستەیە. هێزی ئاڕئاڕ سەکۆی گوتاردانی نانسی پۆلسی سەرۆکی کۆنگرێسیان تاڵانکرد، بەماوەیکی کورت کەسێک بەم تۆمەتە دەستگیرکرا، هەر بۆ ئاشکراکردن و کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی ئەوانەی لەخۆپیشاندانەکان ڕۆڵی تێکدەرانە دەبینن، مارک وانەر ئەندامی (ئەنجوومەنی پیران/ سەنات) داوای لەکۆمپانیاکانی گەیاندن کردووە، نێوەڕۆکی ئەو بابەت وێنە و شتانە لای خۆیان بپارێزن، کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاسایش و هەواڵگری دەیانەوێت بەوردی لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکان و هۆکار و بەشداریی و هاندەرەکانی بکەن.
کورد دەمێکە گوتیەتی (کابرا بۆ ڕدێنی چوو، سمێڵیشی لەسەر دانا)، ترەمپ دەیەویست بەهەر جۆرێک بێت، بیسەلمێنیت ئەو براوەیە و ئامادەش نەبوو دەستبەرداری سەرۆکایەتی بێت، بەڵام ڕووداوەکان پێچەوانەوە بوونە، دەرکەوت سەرۆکایەتی و دامەزراوەکانی ئەمەریکا کۆمپانیایەکی بازرگانی نین، تەنیا کەسێک خاوەنداریەتی بکات، کە دەتوانێت هەموو کاتێک سەرۆکی کۆمپانیاکە بێت و بەئارەزووی خۆی بڕیار بدات. ترەمپ بەم لاملی و پێداگرییە زۆرەی کردی، خۆی خستە بازنەیەکی داخراوی سیاسی و دەروونی فاشیلەوە، لەجیاتی مانەوەی لەدەسەڵات، فشارێکی زۆر دەکرێت، لەم هەفتەیەی ماوەیەتی لەدەسەڵات لابدرێت و دادگایش بکرێت. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن نانسی پۆلسی سەرۆکی کۆنگرێس و ١٨٠ ئەندامی دیکەی کۆنگرێس خەریکی ئامادەکردنی یاسایەکن، بۆ ئەوەی ترەمپی پێ لەقاو بدەن و سزای بدەن. ڕووداوەکان بەشێوەیەکی خەیاڵی ڕوودەدەن، ئەمەریکای مەزن و خاوەنی پێشینەی دیموکراسی و ڕێبەری ئازادی سیاسی لەجیهاندا، لەئەنجامی هەڵسوکەوت و کردەکانی ترەمپ تووشی قەیرانێکی توندی سیاسی و ئابڕووچوونێکی ئەخلاقی و یاسایی و سیاسیش ببێت.
خوێندنەوەی پراگماتیکی ڕووداوەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات، ترەمپ لەبەر هەر هۆکارێک ئەم هەڵسوکەتانە بکات، دواڕۆژێکی باشتر لەوەی ئێستای نابێت، کە بەکردەوە تێی کەوتووە. ئەو لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لەگەڵ ستافەکەی هەمیشە لەنێوە جەنگێکی سەختدا بوو، ستافەکەی بۆیان دەرکەوت ترەمپ تووش بووە، بۆیە بەشێکیان وازیان هێنا و بەشێکیش خۆیان لە دیموکراتەکان نزیک کردۆتەوە و ئەوانی دیکەش تێکەوتوون، هەشیانە لەبنەڕەتدا وەکو فکر و سیاسەت و شێواز لەگەڵ دیموکراتەکان ناگونجێن. ترەمپ بەکردەوە قوڕەکەی خەستتر کردەوە، ئێستا نازانرێت ترەمپ لەقوڕەکە دەربێنن، یان ئەمەریکا لەو ئاژاوە گەورەیە بپارێزن.
ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە، یاسای لێبوردنی تایبەت بۆ خۆی دەربکات، بۆ ئەوەی لەلێپرسینەوە و سزا دەربازی بێت. ئەم هەنگاوە ئەگەر ترەمپیش لەسزا دەرباز بکات، دوور نییە هەموو خەون و بۆچوون و شێوازو خواستەکانی لەئایندە لەڕووی سیاسییەوە بسوتێنێت. ئەمە هەنگاوێکی نوێ دەبێت ئەگەر ترەمپ خۆی خۆی لەسزا بپارێزێت، چەند ئەگەرێک ڕەچاوی ئەم تونێلە درێژە دەکات: یەکەمیان دیموکرات و کۆمارییەکان بەیەکەوە بیر لەچارەسەر و هەڵوەشانەوەی ئەم جۆرە یاسایە بکەن، ئەگەر ترەمپ خۆی لەپێناوی خۆی دەریکرد. دووەم: ئیدارەی نوێ دەتوانێت کار بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم جۆرە یاسایە بکات و ترەمپ بخاتەوە بەردەم دادگا و لێپرسینەوە. لەکاتێکدا ئەگەر ئەمانە ڕوو نەدەن و ترەمپ خۆی خۆی بەیاسا نەپارێزێت، لەدیماهیدا بەتۆمەتی هاندانی ئاژاوەکەی (کەپیتەل) و کوژرانی پێنج کەس و شی دیکەش لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
پێ ناچێت لە ئەمەریکای خاوەن شکۆ و هێز و پشت ئەستور بەکەلتووری دیموکراسی هیچ هەڵەیەکی گەورە، ئاژاوەیەکی دروستکراوی زیانبەخش، شکاندنی سەرەوەری وڵات و تێکدانی بنەمای سیستەمی دیموکراسی و گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ کارەسات و ناکۆکی و ململانێی ناوەخۆیی و هاندانی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی بتوانێت لەبەردەم هێزی دەستوور و یاسادا کلک بابدات. ئەمەریکا لەڕێگەی دامەزراوەکانی و ژیری و دووربینی بەشێکی زۆری نوێنەرەکانی خەڵک و دەستوور، توانی چارەسەری بەشێکی سەرەتایی مەترسیدارترین دیاردەی ترەمپیات بکەن، لەکاتێکدا ئەمە کۆتایی ڕووداوەکان نییە.
Top