ھەرێمی کوردستان لەبەردەم مینەکانی پەرلەمانی عێراق

ھەرێمی کوردستان لەبەردەم  مینەکانی پەرلەمانی عێراق

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی عێراق یەکێک لەو پەرلەمانانە بووە کە زۆرترین مشتومر و ناکۆکی سیاسی تێدا ڕوویداوە بە جۆرێک لەو باوەڕەدام زۆر کەمن ئەو پەرلەمانانەی کە دامەزراوەیەکی ناسەقامگیر بن لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە وەک پەڕلەمانی عێراق, ئەمەش زیاتر بۆ ئەو دیمۆگرافییە جیاوازە دەگەرێتەوە کە عێراقی لەسەر بنیات نراوە, ھەموو ئەو ململانێیە شاراوانەی کە لە عێراق دا کپ کراون ئەوا لە پەرلەمان دا دەرکەوتوون بە جۆرێک پەرلەمانی عێراق بە درێژایی تەمەنی خۆی لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق ڕووی ڕاستەقینەی سەرجەم پێکھاتە سیاسیەکانی عێراقی دیاریی کردووە بەرامبەر بە یەکتر, لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ھەر لایەنێکی تر قوربانی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقە چونکە پەرلەمان لە رێچکەی راستەقینەی خۆی لاداوە کە بنەمای تەوافقی سیاسیە و کار لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە دەکات بە تایبەت لە دژی ھەرێمی کوردستان, لەم نێوەندەشدا ھەرێمی کوردستان لە مەترسیەکانی پەڕلەمان بێ ئاگا نیە بۆ نموونە: لە سەروبەندی ئەنجام دانی ریفراندۆم دا یەکێک لەو فاکتەرانەی کە کورد ئامادە نەبوو ڕیفڕاندۆم دوا بخات بۆ ٢ ساڵ ھەر ئەوەبوو کە ئەگەر عەبادی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران ئەوا دواجار عەبادی خۆیشی بۆ دیاریکردنی ھەلوێستی تەواوی شەقامی سیاسی عێراق پەنای دەبردە بەر پەرلەمان لە پەرلەمانیش کورد کەمینەیە و لە دژی ھەرێمی کوردستان ھەلوێستیان وەردەگرت و ڕیفڕاندۆمیان رەتدەکردەوە ئەو کات سەرۆک وەزیران و ھەموو ھێزە سووننی و شیعیەکان بەرپرسیارەتیەکەیان لە ئەستۆی خۆیان ھەلدەگرت و دەیان خستە ئەستۆی پەرلەمان,

لە کاتی ئەنجام دانی ڕیفڕاندۆم کورد قوربانی سەرەکی بوو لە بەردەم بڕیارەکانی پەڕلەمانی عێراق لەو کاتەوە تا ئێستا پەرلەمان بۆتە مەترسیەک لە بەرامبەر ھەنگاو و جموجولەکانی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە خەریکە ھەنگاو بە ئاراستەی کۆمەلێک دیاردەی مەترسیدار دا دەنێت لەوانە دروست کردنی ململانێی نێوان کورد و عەرەب کە ئێستا ئەم ھەنگاوانە دەستیان پێکردووە لە رێگای پەرلەمانەوە, زۆر جار سیاسیەکان بانگەشەی نەبوونی ململانێی نێوان کورد و عەرەب دەکەن بەلام ململانێیەکانی ئێستای نێوان ھەولێر و بەغدا خەریکە ئەم قسەیە پووچەل دەکەنەوە چونکە بە پێی بووچونی فەیلەسۆفی ئینگلیزی تۆماس ھۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩) بێت کەجەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە سروشتی مرۆف سروشتێکی خۆویست و شەڕانگێزییە کاتێک ئەم مرۆفە چووە ناو دامەزراوەکانی دەولەت ئەو خۆویستی و شەڕانگێزییەش لەگەل خۆی بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستی دەولەت, بە پێی ئەم قسەیە بێت ئەو جموجولانەی کە ئێستا لە ناو پەرلەمان لە دژی ھەرێمی کوردستان ھەن ھەم لە کاتی ئەنجام دانی ریفراندۆم ھەم یاسای قەرزیش کە بۆ کورد چاوەروان کراو نەبوو پەرلەمان بەو ئاستە دژی ھەرێمی کوردستان بوەستێتەوە جارێکی تر ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو بنەمایانەی کە ھۆبز باسی دەکات بۆ ئێستای عێراق ڕاستە چونکە زۆرینەی ڕەھای پەرلەمانتارانی عێراق کەسانی قیادی ئەوەندە ئاست بالا نین بەلکو تاکێکی ئاستەکانی خوارەوەی نێو شەقامی عێراقین ھاتوونەتە پەرلەمان ئەوەی ئەوان دەیکەن ھەمان ئەو شەڕانگێزی و خۆویستیەی نێو شەقامی عێراقیە کە ڕاستەوخۆ لە ناو پەڕلەمان نمایشی دەکەن, ھەربۆیە مەترسیەکانی سەر ھەرێمی کوردستانی زیاتر کرد چونکە بریاڕی نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار لە پەرلەمان بە یاسایی کرا پێشتر شیعەکان جورئەتی ھەنگاوێکی لەم جۆرەیان نەبوو بەلام ئێستا زۆر بە ئاسانی وەک کارتێکی گوشار لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەکاردێنن.

ئەزموونی ئەم چەند سالەی رابردووی ھەرێمی کوردستان لەگەل پەرلەمانی عێراق ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم دامەزراوەیە بەم شێواز و شکلیەتەی ئێستا ئەوەندەی مەترسییە بۆسەر ھەرێمی کوردستان ئەوەندە جێگای متمانە نیە چونکە لە دوای ھەلبژاردنەکانی ٢٠١٨ و ئەو ناسەقامگیریەی لە نێو پرۆسەی سیاسی عێراق دا ھەیە و دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لە دەرەوەی کوتلە سیاسیەکان جۆرێک لە دەسەلاتی داوە بە پەرلەمان و پەرلەمانی بەھێز کردووە بەرامبەر بە سەرۆک وەزیران و تەواوی حکومەت, لە ترسی متمانە سەندنەوە سەرۆک وەزیران جموجولەکانی سنوردار بوون بە تایبەت مانگێک لەمەوبەر مستەفا کازمی چەندین جار ئەوەی راگەیاندووە کە بە دوای دەرچەیەکی یاسایی دا دەگەرێت بۆ ئەوەی ٣٢٠ ملیارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت بەلام نەیتوانی ئەمە بکات چونکە ڕاستەوخۆ کوتلە سیاسیەکان پەنایان بۆ لێسەندنەوەی متمانە دەبرد لە ئێستاش دا کە پرۆژە یاسای بوودجە گەیشتووتە پەڕلەمان مەترسی دووبارەبوونەوەی ھەمان سیناریۆکانی یاسای قەرز ھەیە لە حالەتێکدا نەبێت کە کورد ھەموو ھەولەکانی خۆی بخاتە گەر و لۆبی بکات لە ناو پەڕلەمان و یەکڕیز بن, چونکە ئێستا کاتێکی ھەستیارە و ھەلبژاردنی پێشوەخت لە ئارادایە(ئەگەر بکرێت) ھەولێر و تەنانەت بەغداش چاوی لە ھەنگاوەکانی پەرلەمانە کە دواجار چ بریارێک دەدات.

ناکرێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە ئێستا پەرلەمان بە لای ھێزە سیاسیەکانی شیعە و سووننە بۆتە دامەزراوەیەک سەڕەڕای بوونی نوێنەرەکانیان بەلام لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان سەیری دەکەن دەکرێت ھەمان ھەلوێستی پەرلەمان لە لای سەرکردەی ھێزە سووننی و شیعیەکانیش ھەبێت بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەلام بە ئاشکرا دەری نابڕن دەیھێلنەوە بۆ پەرلەمان پەرلەمان قسەی دلی سەرکردەکانیشیان دەکات, بۆیە زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە دژی ھەرێمی کوردستانیش دراون لە ماوەکانی رابردوو لە لایەن پەرلەمانەوە رێک وەک ئەو پەندە کوردییەیە کە دەلێت "بە زارم نەبوو بەلام بە دلم بوو", ئەگەرچی ئەمەی ئێستا زیاتر بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردن و نەھێشتنی شتێکە بە ناوی قەوارەی ھەرێمی کوردستان, ئەمەش لە دەرئەنجامی بوونی عەقلیەتی سەنتڕالی و جێبەجێ نەکردنی سیستەمی فیدرالیزم لە عێراق دا و نەبوونی ھەرێمی تر ھاتووتە کایەوە چونکە لە کاتی نەبوونی ئەنجوومەنی فیدرالی(ھەرێمەکان) لە پاڵ پەرلەمان کە دەستوری عێراق جەختی لەسەر دەکاتەوە و تا ئێستا بوونی نیە چاوەڕوانی ئەم جۆرە سیاسەتە دەکرێت چونکە ئەو کات دەتوانرا رێگری لە ھەموو ئەو ھەنگاوانە بکرێت کە دژن بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و شکستیان پێ دەھێنرا, بەلام دواجارئەم بارودۆخەی ئێستا کە لە ناو پەڕلەمان دەگوزەرێت رەنگە زەربەیەک بێت بۆ خودی ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان کورد و شیعە لەسەرەتای رێکخستنەوەی عێراق لە سالی ٢٠٠٣ درووست بووە بێمتمانەیی لە نێوان ھەردوو لادا بگەیەنێتە نزمترین ئاست, بۆیە ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا گرنگە ھەول دانە بۆ ڕێکخستنەوەی نێو مالی خۆی بە پلەی یەکەم بۆ ئەوەی بتوانێت ھەنگاوەکانی چر بکاتەوە بە ئاراستەی دۆزینەوەی دەرچەیەکی تر بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەل بەغدا بە تایبەت ھێنانی لایەنی سێیەم بۆ نێو گفتۆگۆکان, چونکە ئەگەر سیاسەتی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان شتێک بێت بە ناوی سیاسەتی نێوان دوو حکومەت ناکرێت ھەمان خوێندنەوە بۆ ھەنگاوەکانی پەرلەمان بکرێت چونکە پەرلەمان نوێنەری گەلە و ئەوەی تا ئێستا پەرلەمان دەیکات پێشھاتێکی مەترسیدارە.
Top