بۆ مێشکمان زبڵدان نییە..!

بۆ مێشکمان زبڵدان نییە..!

مێشک بۆتە کۆگا و ناوەندی هێزی بڕیاردان لای مرۆڤ، ئەوانەی گەمژەن پێیان دەگوترێت بێ مێشک، بەمەڕێکی گێژۆکە دەڵێن "مێشکەیە". مەبەستم ئەوەیە بڵێم مرۆڤ لەدەرەوەی مێشکدا دەبێتە لاشەیەکی بەکارهێنراوی بێ گیان. زۆر قورسە مرۆڤ بتوانێت نەک هەر بیربکاتەوە، بەڵکو نان بەدروستی بخوات و دەستەکانی بۆ کاری پێویست بەکاربهێنێت و هەنگاوەکانی بەڕێکی بەدوای یەکدا بنێت.. تاد بێ بەکارهێنانی مێشک. گوتمان مێشک سەنتەر و ناوەندی بەهێزی بڕیار و لێکدانەوە و تێگەیشتن و درککردن و هەستپێکردن و بەرجەستەکردنی شتەکانە لەنێو کەتواری هەقیقیدا. ئەگەر دەتەوێت لەدەرەوەی واقیع و کۆمەڵایەتی و لۆژیک بیت، مێشک بەبزماری ژەنگاوی بیرنەکردنەوە پەنچەر بکە.
لەم سەردەمەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شاشەی تەلەڤزیۆن و مانشێتی بزوێنەری بێ نێوەڕۆکی ڕۆژنامەکان لۆژیکی گەمژەیی و پەیوەندیی بەگومان و هەڵسوکەتی گورگانە لەپێستی مەڕ و سوکایەتی لەژێرنێوی ئازادی و دڕندەیی بەتامی مرۆڤدۆستی و گوتاری تێکشکێنەر بەناوی خەمخۆری .. تاد بوونەتە ئامرازی سەرەکی گوتار و شێوازی بیرنەکردنەوەی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری خەڵک.
مرۆڤی بێ مێشک، تەنیا کەرەستەیەکی بەکارهێنراوە، ئەو شوێنانەی کار بۆ پەرەپێدانی عەقڵ و مشێک دەکەن، پێویستە بیر و بیرکردنەوە وەکو زبڵ و خاشاک سەیر نەکەن. زانکۆ پێویستە پەرە بەعەقڵ و لۆژیک بدات، نەک لەپێناو بەکەرەستەکردنی زانست و بیر و توێژینەوە، هەموو شتێک وەکو کەرەستەیەکی کاتی بەرژەوەندی بێ بەها سەیر بکات.
لەم ڕۆژانەدا لەگفتوگۆیەکی قووڵدا بووم، لەگەڵ خۆم، لەگەڵ ئەو کەسانەی لێم نزیکن، لەهەمان کاتدا شیکردنەوەی مێشک و تەنەکەی خاشاک، کە هەردووکیان شوێنی کۆکردنەوەی شتی بەکارهێنراون. دەزانن بۆ دەڵێم مێشک و شتی بەکارهێنراو، چونکە ئێمە شتە فکری و ڕۆشنبیریی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی بەکارهێنراوی کۆن، یان فڕێدراوەکانی نێو مێژوو، یان شتە بێ کەڵکە ڕزیوەکانی خەڵکی دیکە بەکاردەهێنین. ئەمانە وەکو ئەوە وایە کەسێک بیەوێت لەنێو تەنەکەی خاشاک لەپاشماوەکانی خەڵکدا ژەمێک، کەرەستەیەک، شتێکی گونجاو لەگەڵ مەزاج و دەروون و پێویستی هەنووکەیی خۆی کۆبکاتەوە.
مێشک نابێت وەکو تەنەکەی خاشاک وابێت، هەرچی هەیە تێی بخەین، نابێت هەموو پاشماوەکانی بیرکردنەوەی تێدا بئاخنین. کاتێک توڕەیی و هەڵچوون و ئارامی و لۆژیک لەیەک شوێندا کۆ دەکرێنەوە، بێگومان خرۆشان و شلەژانی دەروونی دروست دەبێت. بۆ ئێمە مێشکی خۆمان بەکەلوپەل و بیرو شتێک بەکاربهێنین، کە هیچ سوودی نییە، یان لەگەڵ کەسایەتی و ئامانج و خواستەکانی ئێمەدا ناگونجێت.
کورد دەڵێت، "ماڵ بەماخۆی نەچێت حەرامە"، یان دەڵێت "گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێت". چاولێکەری و بەسروشتی پێکچوون و بایەخ پێدان و پەرەوەردە، کاریگەرییان لەسەر مێشک دەبێت. بۆ دەبێت ئێمە مێشکی خۆمان وەکو زبڵدان، بۆگەن بکەین؟. هەندێک سیاسی، هەندێک ڕۆشنبیر کاتێک بیانەوێت کەرەستە بەکارهێنراوە پیسە ڕزیوەکانی شەقامی عەرەبی، یان بیرۆکەی تێکشکاندنی ئیرادەی خودی خۆیی فشۆل و ناشیرن بکات و بەکاربهێنێتەوە، یان بەدوای بیرۆکەیدا بگەڕێت، کە پڕە لە "گومان و خۆخۆریی و مرۆڤکوژی.. تاد"، ئەوە واتای وایە مێشک لەهێز و توانای بەرهەمهێنانی ئەرێنی دوور کەوتۆتەوە.
لەمشتومڕێکی هێمانەدا، مرۆڤ دەتوانێت لەوە بگات، مێشک وزە بەخشە، دەکرێت وزەیەکی سود بەخش بێت، سود بەخش هەمیشە گشتیرە و ئیرادەی بەکۆمەڵی تێدایە. ئەو وزەمێشکیانەی لەداتەپاندنن، دەکرێت هەموو شتێک بکەن، تەنیا دروستکردن و داهێنان نەبێت.
ناکرێت تۆڕە کۆمەلایەتییەکان، مانشێتی ڕۆژنامە، وتار و ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسی، شاشە، زانکۆ، کۆڕە سیاسییەکان، نوێنەرایەتی گەل، مێشک وەکو کەرەستەیەکی خاشاک تێکئاخنراو سەیر بکات. مێشک هەر تەنیا بزوێنەر و کۆکەرەوە نییە، بەڵکو داهێنەرە. هیچ داهێنانێکیش لەسەر زەمینەی خاشاکئاسا دروست نابێت. پێویستە لەبیرکردنەوەی بەسەرچوو، لەهاندانی بێ بنەما، لەویژدانی بێ لۆژیک و لەعەقڵی خۆشکێن دووربکەوینەوە، کە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی و فکرییان بەکەرەستەی بەسەرچوو، بیرۆکەی ڕزیو، وزەی لەوەزکەوتوو لەخۆگرتووە.
بەکورتی؛ مێشک شوێنێکی پیرۆزە، پاکە نابێت بەشتی خراپ و بەسەرچوو و بۆگەن پیس بکرێت، فکری بۆگەن خەڵک بێزار دەکات، بۆنی بۆگەنییەکەی ئارامی خەڵک تێک دەدات. لەم ڕۆژانەدا گوتارێکی بۆگەنی هاوبەش و هاوسەنگ لەنێوان ڕاگەیاندنی عەرەبی لەعێراق و هەندێک کەس و گروپ لەهەرێمی کوردستان هەست پێ دەکرێت، کە پێم وایە بەشێکیان پەیوەندیی بەخراپبوونی مێشک و بۆگەنبوونی بیرۆکە و خراپ بەکارهێنانی لۆژیکەوە هەیە.
هەر کاتێک مێشک سەربەخۆ بوو، لەژیر کاریگەریی ئێرە و ئەوێ نەبوو، دەتوانێت وزەیەکی کاریگەریی ڕەسەن دروست بکات، وزەش بەواتای گۆڕانکاریی دێت، بەڵام وزەی نێو خاشاک پێویستی بەبەرهەمهێنانەوەی سەر لەنوێ هەیە.
Top