ئیرھابی فکری و کاری گەرییەکانی.

ئیرھابی فکری و کاری گەرییەکانی.

گەر ئاورێک لەرابردووی نزیکی خۆمان بدەینەوەو بەراوردێک لەنێوان ژیانی ئێستا و ژیانی باو باپیرانمان بکەین، زۆر جیاوازی دەبینین لەرووی « نیشتیمان پەروەری، کۆمەڵایەتی، ئابور و دارای، تەنانەت کاریزمای کەسی ... ھتد»، لەرابردوودا بۆ لەناوبردن و کەم کردنەوە و سرینەوەی نفوزی کورد لەناوچەکە، وڵاتانی داگیرکەر داھاتێکی بێشوماریان تەرخان کردبوو بۆ روخاندنی گوند و دێھاتەکان و گواستنەوەی زۆرەملێی گوندنشنان بۆکۆمەڵگاکان لە شارو شارۆچکەکان، ئەنفال و کیما بارانیان دەکردین، دەیان ڕێگایان بۆ سرینەوەی کورد تاقی دەکردەوە، بەڵام کورد ھەر بەبەھێزی مایەوەو چۆکی دانەدا لەژێر زووڵم زۆرو ستەمی دایگیرکەران...

بەڵام لەم سەردەمەدا بەبێ تەرخان کردنی بوجە و ماندووبوون، بەبێ ئەوەی تاکی کوردی ھەستی پێ بکات، گوند و دێھاتەکانمان دەروخێنن ئەنفالمان دەکەن کیمابرانمان دەکەن برسیمان دەکەن دەمان چەوسێننەوە چۆکمان پێ دادەدەن...
نەیارانی کورد، چۆن توانیان لەم ھەنگاوەیان سەرکەوتوبن؟
دەبینین لەم سەردەمەدا تاکی کورد زۆریینەی گوندەکانیان چۆڵ کردووەو رویان لە شارو شارۆچکەکان کردووە؟!
چاویان لەدەستی حکومەتەو موچەیان کردۆتە سەرچاوەی داھاتیان؟!
زۆرینەی لاو گەنجانمان چاوەروانی دامەزراندن؟!
پروسەی ھاوسەرگیری بەرێژەیەکی زۆر کەمی کردووە و ئەوەشی ئەنجام دەدرێت زۆرینەی فەشەل دێنێت؟!
رێژەی خستنەوەی وەچە بەرێژەکی بەرچاو کەمی کردووە؟!
شیرازەی زۆربەی خێزانەکان تێک چووە؟!

گرنگە بپرسین ھۆکار چیە کۆمەڵکای کوردی بەم شێوازە سەراو ژوور بۆتەوە؟!
لەرابردوودا باو باپیرانمان کەی چاوەرێی موچەو دەستی حکومەت بوون؟
لاوان گەنجان کەی چاوەرێی دامەزراندن بوون؟
پرۆسەی ھاوسەرگیری لەتەمەنی چەند ساڵیدا بوو؟
جیابونەوەی خێزان کەی پرۆسەیەکی ئاسای بوو؟
رێژەی کورد لە عێراق چەند بوو؟
ھەستی نیشتیمان پەروەری و نەتەوایەتی بەلای باو باپیرانمانەوە چۆن بوو؟
گەر ئەمەی ئێستاھەیە بەپێشکەوتن دادەنرێت، ھیچ گومانی تێدانیە دوواکەوتوی و نەزانیە...

پێویستە تاکی کوردی ھۆشیاربێت و لەم ئیرھابی فکریە دەربازی بێت، خێزان و خوشکان و لاوان و گەنجانمان ھۆشیاربن، کورد پێویستی بەمودێل سازوو کافتریاو دیسکۆنیە، کورد پێویستی بەشێرە ژنی وەک حەبسەخانی نەقیب و لیلا قاسمە، کورد پێویستی بەگەنج و لاوی نیشتیمان پەرور و خۆنەچەمێنە،
گەر تاکی کوردی چاوی لەوەبێت ھەرێمی کوردستان خاوەنی نەوتی خۆیەتی رۆژێک دێت ئابوریەکی بەھێزدەبێت،، ئەوە بیرکردنەوەیەکی ھەڵەیە، ئەو وڵاتانەی خاوەنی ئابووری بەھێزن، سەرچاوەی داھاتیان کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازییە، وڵاتێکی وەک سعودیا کە گەورەترین وەبەرھێنەری نەوتە لە ئۆپیک داھاتی ساڵانەی «١٣٤ ملیار دۆلارە» لەکاتێکدا ھۆڵندا داھاتی ساڵانەی تەنھا لەکەرتی کشتوکاڵ «١٢٢ ملیار ئیرۆیە»

کوردستان خاوەنی خاکێکی بەپیت و زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، گرنگە ئێمەی کورد گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەین، داھاتی کەسیمان لەم کەرتەدا پەرەپێ بدەین و زیادی بکەین، چیدی چاومان لەدامەزراندن و دەستی حکومەت نەبێت، وڵاتی چین کە «ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن» کەس زیاتره ، تەنها لە «سەدا سفر پۆینت ٦١»ى دانیشتوانەکەی موچەخۆری حکومەتن و زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری داھاتیان بەدەست دێنن،
بەڵام هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی «٦ ملیۆن»کەسە زیاتر لە «یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار»موچەخۆری هەیە، واتە لە هەر پێنج کەس، یەک کەس موچە لە حکومەت وەردەگرێت، بەپێی ستانداردی جیھانی ئەم رێژەیە کارەساتە بۆ ئابووری وڵات، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردسان خاوەنی سەروەری سەربەخۆی نیە...

لەساڵی «٢٠١١» گوێم لەوتەیەکی سەرۆک بارزانی بوو لەبارەی دامەزراندنەوە، كە ھەرگیز بیرم ناچێت،فەرمووی {ئەم بەلێشاو دامەزراندنە ژەھرە و دەرخواردی خەڵکی دەدرێت} ئێستە ئەوراستیە دەرکەوت چ ژەھرێکە بوو بۆ میللەت و چ کارەساتێکە بۆحکومەت.
Top