خانووە تازەکە

خانووە تازەکە

ھەر کاتێک مەملەکەتێک شەڕ و شۆڕی تێدا بوو، ئەو کاتانە عەقڵ و ژیری لەو جۆرە مەملەکەتانە بار دەکات و نەبوونی و قاتی و قرٍی ڕووی تێدەکات. خۆ ئەگەر کەسەکان ھەبوونیش بن، ئەوا: خێر لە ھەبوونییەکەیان نابینن. لەگەل نەمانی عەقڵ و ھۆش، نەزانین و نەفامی و جەھالەت ڕوو لە خەڵکەکە دەکەن و بە شت گەلێ بڕوا دێنن کە ھەر نەبێـتەوە، بە جۆرێک ئەگەر لە شوێن و جێگایتر بیت گەمەت بە خۆت دێـت: کوو ئەوەھات کردییە؟!!!
برادەرێکم تازە بە تازە ژنی ھێناوە، بەینی خۆمان بێت ئەو کابرایە بەختی زۆر باشە؟! برادەر لێیان کردە چاو و ڕا: لۆ ژن ناھێنیت؟ تەنیا شازدە ھەزاری لە بەریێ دابوو، چوونە داخوازی. یەکەک چەند کیلۆ پەقلاوە و ئەویتر چەند دەستە بیبسیەک و ھەندە دەستە سڕ، وە مەلاش گۆتی: مادام وابێت لە ڕاھی خوا دێم. ھەمووی پێکھات و ژنی گواستەوە، ھەموو جاریش ئەوەمان بە چاوی دادەداوە کە بە شازدە ھەزار بوویتە خاوەن ژن و ماڵ.
لەو ماوەی ژنی لە لا بوو، چەند خانووی کرد. تازە ژنت ھێنابی و کرێچی بیت، ئەوە لە ھەموو عەزابەکی خراپترە!!! دوایێ، ئەوەی کرێچی بیت زۆر کۆڵانان لەو شارەی دەکات. ڕۆژەک خاوەن خانوو تەنگاوی کرد، داکت چاک بابت چاک ھێشتا ھەوار نوێمە!؟ خاوەن خانوو، گۆتی: ھەتا ماڵ پێی بووێت مزگەفت بەتاڵە!! لۆ خۆم ئیشم بە خانووەکە ھەیە و بار بکە. برادەرەکە ناچار چوو بگەڕێ، لەو گەڕەک لۆ ئەو گەڕەک. خوا و ڕاستان لە یەک لە گەڕەکە نوێیەکان لە خانییەک ڕاھات و ئەو خانییە لۆ کرێیە، بەس عالەم دەرێن: ئەجندەی تێدایە، لۆیە کەس نایەوێت.
کابرای خاوەن مەکتەب عەقارات؛ گۆتی: ئەمن دنیا دیتەم و لۆ خوای پێت دەرێم، نانی خۆم حەرام ناکەم؟!! ئەگەر دەتەوێت، کابرا لەو خانییەی بێزارە و دەیفرۆشێت. با بیبینین، بزانین چ دەڵێت. کە خەبەر بۆ خاوەن خانوو چوو، خاوەنی خانووەکە جەوابی ئەوە بوو: گەمەم پێ مەکەن، کێ لەو شارەی ھەیە و ئەم خانووە بکڕێت.
کاکە، ئەمن ئەو خانووەم دەوێت و ئەجندە و جن لۆ منی بەجێ بێڵن! خۆ مرۆڤ ھەر یەک جاری دەمرێت، ئەمن ساڵی دوو سێ جاران لە خانووی کرێ دەردەکرێم و ھەموو جارەک بە مردن حسێبە!
کابرای دەڵال جارەکیدی لۆی دووبارە کردەوە، کاکە ئەوە دواجارە پێت دەڵێم: ئەو کابرایەی خاوەنی خانووەکەیە، ئەو خانووەی بە دڵ و داو بۆ خۆی دروست کرد، ماوەی یەک دوو مانگ لە ناو ئەم خانووەدا بوو. شەوەک لە قیژەی کیژە پارچەڵەکەی خەبەری بووەوە، چییە؟ ھاواری لۆ دایک و باوکی دەبرد، ئەوە دەنگەک لە ناو ئەو دیوارەی دێت. گلۆپیان داگیرساند، وە ھەموویان ھاتن. ھیچ دەنگ نییە، بزانە خەونێکی خراپی دیتییە لۆیە وای لێھاتییە!!
دووبارە نووستنەوە، ھەندەی نەبرد ڕەنگ بیت جغارە خۆرەک و دەنگ دەستی پێکردەوە و قیژەی کچەی ھات، دایکی کچە: پیاوەکە غاردە، ڕەنگ بیت ئەجندە بیت. ھەموو ھەیپێیان لێکرد، ھەتا کن کچەی، دەبینن کچە وەکی بیی ناو ئاو دەلەرزی. دایکەکە کچەکەی دەکۆشی خۆی نا، چ بووە کچم؟ دایە دەنگەک لەو دیوارەی دێت، ژنە بە مێردەکەی گۆت: پیاوەکە ئەوە ئەجندەیە دەنا لە ناو بلۆکی دەنگ چ دەکات؟! ھەموو لە ترسان دەلەرزین، لۆ سبەینێ ژنە چووە سەر کەلی داری، تەواو ماڵەکەت لۆ بەجێ دەھێڵم و خانوو چۆل دەکەم. پیاوەکە ناچار لۆریەکی ھێنا و ماڵ و حاڵی گواستەوە، چووەوە خانووە کۆنەکەیان.
ھەندەی نەبرد لەناو خەڵک دەنگۆیەک بڵاو بۆوە کە فڵانە خانوو جن (ئەجندە = لەمەچێتر)ی تێدایە، ھەبوو دەیگۆت: مەملەکەتی ئەجندانە!! ھەشبوو سووێندی دەخوارد بە کەلامی قەدیم کە جنیان تێدا دیتییە. کابرایەک ھات چوو بووە کرێچی و چووە ناو ئەو خانووە چونکە ناشارەزا بوو، وە ھیچ پرسی نەکرد بوو. ھەر ماوەی یەک حەفتە لە ناو خانووەکە بوو، خەڵک ھێقەیان گرت بوو: ئەوە کوو لەناو ئەو خانووە دەحەوێنەوە؟ دەرێن: نازانن جن (ئەجندە = لەمەچێتر)ی تێدایە؟! کابرا ترسی لێ نیشت بوو، ڕۆژەک مێوانەکیان دێت و لەو ھۆدەیەی دەخەوێنن کە دەنگی لێوە دێت و نیوەی شەو ھەست دەکات، دەنگە دەنگەک دێت لە کێیە؟ لە کێ نییە؟ وە اللە لە ناو دیوارە! خاوەن ماڵ وەئاگا دێنن، کە دەبێتە قەرەباڵغی دەنگەکە نامێنێت و زرۆقیان دەچیت و ھەندەیتر دەترسێن. ئەو شەوی ھەتا سبەینێ خەو ناچێتە چاویان و بۆ بەیانییەکەی ھەر دەگەل مێوانەکە خوا حافیز بوون دەخوازن و دەڕۆن. ئەو خانووە لە گەڕەکەی وەک مۆرەکی سۆری لێدرا، کاکە ئەوە جن (ئەجندەی = لەمەچێتر)ی تێدایە؛ ھەتا ئەو کۆڵانەی گەڕەکەکەیش بووە کۆڵانێکی شووم و خەڵک ھەر بەو کۆڵانیش دانەدەڕۆیشت.
ئەو کوڕەی برادەرمان دونیای بە خلەیی خوارد بوو، ھەندەی گوێ نەدەدا ئەو مەسەلانە، قسەشی بوو: خۆ مردن جارەکە جن (ئەجندە) باشترە لەو شەقرە و تەقرەی بە ھۆی نەبووینەوە دیوومە و وەکو سەگی پێ سووتاوم لێھاتووە، لەو خانوو بار بکە بۆ ئەو خانوو!! کابرای خاوەن خانوو ھات، خوا خێر بکات. دەرێن: کڕیاری خانوەکەم ھاتووە؟
- بەرێ، بەچەندی دەدەیت؟
- خاوەن خانوو، گۆتی: چەندت ھەیە؟
- ئەو تاکسییەم ھەیە، ئەویشم بە قەرز کڕییە.
- خاوەن خانوو، گۆتی: تاکسییەکەم بدەیێ و سبەی بڕۆ بە ناوی خۆت بکە، خۆ چ گلەییت نییە؟!!
- ناوەڵا، قسەت بڕیم. توومەز خاوەن خانوو ھەر خوا خوای بوو کە خانووەکەی لە کۆڵ ببیتەوە!!
- برادەرەکەم، گۆتی: ڕێککەوتین و ھەر ئەو دەمی تاکسییەکەم دایێ و لای دەلالەکە گرێبەستمان کرد، وە لۆ سبەینەکەی وەکالەتی بۆم کرد، بە یەک دوو ڕۆژان بە ناو منیان کرد. چووینە ناو خانوو تازەیە، ئۆخەی خۆ حەوامەوە. شەوەک دیتم، دەنگە دەنگ دێت. گلۆپم داگیرساند و ھەستاینەوە، دەنگە دەنگەکە نەما. دوایێ گلۆپم کوژاندەوە، وە لایتەکم ھێنایە لای خۆم!! دووبارە دەنگە دەنگ دەستی پێکردەوە، ئەو لایەم دیاری کرد کە دەنگە دەنگەکەی لێوە دەھات. ئۆخەی دیتمەوە، دوایێ ھەر تاریکە و لایتەکەم لە دەستییە و گوێم بە دیوارەکە وەنا. دوو سێ جێگام بە قەڵەم لە سەر سپی کارییەکە دیاری کرد، ئەو جێگایانە بوو دەنگیان لێوە دەھات. لۆ بەیانییەکەی نەچوومە دەرێ، یەکسەر چووم لۆ لای ماڵی برادەرێکم کە بێڵ و چەکووچ و کەرەستەی وەستایی ھەبوو، ھێنام. وەرگەڕامە ئەو جێگایانەی کە دیاریم کرد بوو، بشکێنە بشکێنە، چ ببینم؟! دەبینم لەبەر ئەوەی ئەو لایەی خانووەکە باخچەیە و ماڵەکە کەروێشک (کێروشکیان) ھەیە، ئەوە قۆرتە کێروشکە و ھیچیتر نییە؟! ئەوجا بانگی خێزانەکەم کرد: ھۆ حورمێ، وەرە ببینە!! دەزانیت ئەو دەنگە دەنگەی ئەو خەڵکە کە بە جن (ئەجندەیان) لە قەڵەم دابوو خەتای چ بوو؟ ئەوە لە ناو دیوارەکە قۆرتە کێروشک (کەروێشک) ھەیە توومەز لە شەودا بە خڕی دەھاتن و قیژە قیژ و ھەرا دروست دەبوو، خەڵکەکە بە جن (ئەجندەیان) لە قەڵەم دەدا. بووە پێکەنینمان، ھەتا زگمان ئێشا پێکەنین!!
- چوومە لای دەڵالەکە و گۆتم: چاکەکت لەگەل کردووم ھەتا مردنێ خزمەتت بکەم پاداشتت نادەمەوە؟!
- گۆتی: ترسام نەوەک خانووەکەت نەوێت.
- گۆتم: ناوەڵا! لۆ بانگی خاوەن خانووەکەش ناکەیت؟ تەلەفۆنمان لۆ کرد، و ھات.
- گۆتی: خۆ پەشیمان نەبوویتەوە؟
- نەخێر، ئەدی خۆ ئەتوو پەشیمان نەبوویتەوە؟
- کابرا، گۆتی: پیاو قسەی دەکاتن.
- گۆتم: دەزانیت ئەو دەنگە دەنگە چ بوو کە شەوان دەھات؟
- کابرای کۆنە خاوەنی خانووەکە گۆتی: لەمەچێتر بوون؟! ناوەڵا، وەرە بچین ببینە، کە ھاتن گۆتم: نە جن بوون و نە لەمە چێتر ئەوە کوونی قۆرتە کێروشک (کەروێشک) بووە. بووە قاقای پێکەنینمان و کۆنە خاوەنی خانووەکە، گۆتی: دەک خانووەکەت پیرۆز بێت. ئەگەر نەزانین و جەھالەتی کەسی وەکو من نەبێت، کوو خەڵکیتر ئاو بخواتەوە و ژیان بگوزەرێنێت.
Top