ھەولێر و بەغدا لە بەردەم قۆناغێکی نوێ دا

ھەولێر و بەغدا  لە بەردەم قۆناغێکی نوێ دا

پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە دوای ریفراندۆم لە ھەلبەز و دابەزێکی بەردەوام دایە و قۆناغێکی نوێی ھێناوەتە گورەپانی سیاسی و خەریکە دەگات بەو ئاستەی کە متمانەی سیاسی نێوان ھەردوو لا دەگات بە بنبەست, چونکە ھیچ لۆژیکێک قبول ناکات کە پەیوەندییەکان لەو ئاستەدا بن سەقامگیری سیاسی نێوان ھەردوولا بۆ چەند مانگێک رابگیرێت و رێککەوتن بۆ چەند مانگێک بکرێ کە مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکرێًت, ئەم ھاوکێشەیە سیاسیە ئەوەمان پێ دەلێت کە راستە ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێم لە چوارچێوەی عێراق دا دانی پێدا نراوە بەلام لە ئێستادا گوتارێکی رانەگەیەنراو و ھەول بۆ دراو لە بەغدا ھەیە کە تۆی وەک ئەوەی کە ھەیت قبول نیە و ھەر بۆیە لە مێژووی پرۆسەی سیاسی لە دوای سالی ٢٠٠٣ کە سیستەمی فیدرالی لە عێراق دا چەسپێندرا زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە ھەر جۆرێک بێت دژایەتی ئەو پرەنسیبەیان کرد لە بەرامبەریشدا کورد زۆر پێداگیر بوو لەسەر ئەو رێگەچارەیە و لەو کاتەشەوە تا ئێستا بەردەوام لە ھەولی ئەوە دایە کە ئەوەی ھەیەش لە دەستی نەچێت, چونکە لە دوای سالی ٢٠٠٣ تا ئێستا سیستەمی فیدرالی لە عێراق دا سیستەمێکی لارەکیە تەنھا پەیوەستە بە ھەرێمی کوردستان لە ھیچ ولاتێکی فیدرالی لە جیھان دا کە نزیکەی ٢٧ ئەزموونی فیدرالی ھەن ھیچیان بەم شێوەیەی عێراق فیدرالیزم پەیرەو ناکەن, لە عێراق دا پەیوەندییەکان وەک حکومەتێکی ھەرێمی و حکومەتی فیدرالی نین بەلکو وەک دوو دەولەت لە ناو جوگرافیایەک دا وان.
بریارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ تێکرای لایەنە کوردییەکان و خەلکی کوردستانیش دەریخست کە ویستێک ھەیە لە بەغدا دژی خەلکی کوردستان نەک لایەنێک و دووان, چونکە ھەر بریارێک شیعە و سووننە بە یەکەوە بیدەن لە بریارێکی سیاسی دەگۆرێت بۆ بریارێکی نەتەوەیی و مەترسیەکانی زیاترن و ویستێکی نەتەوەیشی لە پشتە وەک ئەو بریارانەی کە پەرلەمانی عێراق لە دوای ریفراندۆم دژی ھەرێمی کوردستان دەریکرد, ھەموو ئەمانە پشتگیرییەکی زۆری شەقامی عەرەبیشی لە پشتە لە لایەک, لە لایەکی تریش شیعەکان بەردەوام لە ھەول دان کە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و کازمی تێک بدەن, ئەم ھەولانەی سەرانی شیعە تەنانەت بۆ شکستپێھێنانی بەرنامەی کازمیشە چونکە کازمی یەکێکە لە کاراکتەرە نوێیەکانی ئێستا و داھاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق, ئەم رووداوەی شەقامی سیاسی عێراقی کە لە پەرلەمان روویدا ھەر زوو لەلایەن کوردەوە ھەستی پێکرا لە دوو روانگەوە یەکەمیان: کاتێک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەو پرسیارەی کرد کە ئایا ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق سەیردەکەن یاخود نا؟ بێگومان ئەم پرسیارە ئاراستەی تەواوی شەقامی عەرەبی بوو بە شیعە و سوونە دووەمیان: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوای ناوبژیوانی یوئێنی کرد چونکە لە ئاستی نێودەولەتی کاتێک ھەست بە بنبەست گەیشتنی ھەر کێشەیەک دەکرێت ئەو کات داوای لایەنی سێیەم دەکرێت لە ماوەی رابردووش جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتیری یوئێن لە عێراق مەترسیەکانی خۆی نەشاردەوە لە بنبەست گەیشتنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا, ھەروەھا سەروکی ھەرێمی کوردستانیش پار سال دوای دەست پێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق داوای دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی تری ئیداری بۆ عێراق کرد بە تایبەت لە روانگەی ئابووری چونکە ھەموو ئەو ھەول و ھەنگاوانەی ئێستا لە گۆرەپانی سیاسی عێراق دا ھەن ئاراستەیەکی مەترسیدارییان وەرگرتووە, ئەگەر ھەولەکان بگەن بەو ئاستەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ببن بە پەیوەندییەکی پر لە ململانێی نێوان کورد و عەرەب ئەوا مەترسی لەسەر داھاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا دروست دەکات و ئاشتی کۆمەلایەتی دەخاتە بەردەم مەترسیەوە.
Top