چەپارەی کۆرۆنا

چەپارەی کۆرۆنا

دەگەل تەواو بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زۆر بوونی نەخۆشی (کۆڤید ١٩)؛ زۆر لە خەڵکی کە لەوەو پێش تووشبوون بەدوای وەرامی ئەو پرسیارە دەگەڕێن؛ ئەرێ دکتۆر کەینێ تێکەڵ خەڵکی ببمەوە!؟ خۆ ھیچ نیشانەم نەماوە؟ زیاتر خۆ خانەگیر بکەم یان بتوانم دەگەل ماڵ و منداڵم دابنیشم!؟ چونکە ژیان دە ھۆدەکیدا زۆر ناخۆشە بەڵام دڵیشم بەروەست نادات؛ نەوەک ماڵ و منداڵم تووش بێن.
لێرەدا؛ لۆ وەرامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە لۆ ڕێبەر و ڕێنماییە نێو دەوڵەتییەکان. لە ھەنووکەدا خڕ ئەو کەسانەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پۆزەتیڤە؛ ئەوا: نابرێنە خەستەخانە!! لۆیە؛ ئەو ژمارەیەی بە شێوەیەکی فەرمی جاڕ دەدرێت، ئەوە ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان نییە!؟!
ھەر کەسێک نەخۆشی (کۆڤید ١٩)ی گرت؛ وە لە خەستەخانە خەوێنرا؛ ئەوا کە خوای گەورە لەم نەخۆشییە چەپارەیدا، ئەوا ھەر نەخۆشێک ئەم حالەتانەی خوارەوەی ھەبێت دەتوانرێت بنێردرێتەوە ماڵەوە:

١. دوو پشکنینی یەک لە دوای یەکی دەردراوەکانی ھەناسەدانی لە ماوەی (٢٤) سەعاتدا لۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نێگەتیڤ دەربچێت.

٢. نەخۆشەکە لۆ ماوەی سێ ڕۆژی یەک لە دوای یەکدا ھیچ تای نەبێت بەمەرجێک ھیچ دەرمانی تا دابەزاندنی بەکار نەھێنا بێت.
٣. نەخۆش نیشانەکانی باشتر بوو بێت یان نیشانەکانی نەما بێت یان نیشانەکانی کەم بوو بێتەوە.
٤. تیشکی سییەکان (تیشکی سینی⁄ تەندووری) ئاماژە بە باشبوونی نەخۆشیی نەخۆشەکە بکات و لە تیشک ھیچ قان نەما بێت.

* لە ماڵ: خڕ ئەو نەخۆشانەی؛ کە دەگەڕێنەوە ماڵەوە دەبێت ماوەی یەک حەفتە لە ماڵ خۆ خانەگیر بکەن، وە ھەروەھا مۆڵەتییا ن بدرێتێ. باشترە، ئەم نەخۆشانە کە چوونەتە ماڵەوە لۆ یەک حەفتە دەگەل خەڵک تێکەڵاو نەبن. دوای یەک حەفتە لە ماڵەوە مانەوە؛ دەتوانێت ھیچیدی خۆی خانەگیر نەکات و دەگەل ماڵ و منداڵی تێکەڵ بێتەوە. ھەروەھا ئەگەر ھیچ نیشانەکی نەبوو؛ ئەوا: دوای دوو حەفتە سەردانی کلینیکی پزیشک بکاتەوە! خۆ ئەگەر لەو ماوەیەی لە ماڵەوە خۆی خانەگیر کردووە ھەر نیشانەیەکی ڕشتەی ھەناسەدانی لە سەر وەدیار کەوت؛ ئەوا: دەبێت زووتر بچێتەوە سەردانی پزیشک.
ئەگەر دوای دوو حەفتە لە چوونەوەی لۆ ماڵ؛ نەخۆشەکە بەرای نەبوو و ھیچ نیشانە و عەلامەتی لە سەر نەبوو! وە، عەلەمی لێ نەبوو؛ ئەوا: دەکرێت و ئاساییە تێکەل بە خەڵک ببێتەوە.
Top