شنگال و شتی تریش !

شنگال و شتی تریش !

لەکۆتایی ئەو پەیامەوە دەستپێئەکەم کە نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕێککەووتنی ھەولێر ـ بەغدا لەسەر شنگال ڕایگەیاند و وتی : داواكارين پابه‌ندى به‌ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌ووتنه‌كه‌وه‌ بكرێت !
خۆی ئەم دەربڕینە ، لە تێگەیشتنێکی ورد بۆ واقیعی شەنگال و لە ھەڵسەنگاندنێکی وردتر بۆ دۆخی عێراق و لە خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ ناوخۆی کوردستانەوە ھاتووە ، لە خۆڕا نیە !
شەنگال ، وەک چۆن لەڕابردووی دوور و نزیکدا ، ھەرچی ئازار ھەیە چەشتووییەتی ، لە ئێستایشدا ھەرچی پیلانی دەرەکیی و بگرە ئەجیندای لابەلای ناوخۆییش ھەیە تێیڕژاوە و ھەر دەستە بۆی درێژ ئەکرێ ، بڕینی ئەو دەستانەش لەسەر کاغەز ئاسانن و لە مەیداندا زەحمەت !
عێراق ، پرۆسەی حوکمڕانییەکەی لە قەیراندایە ، مەتبەخی دروستکردنی بڕیارەکانیشی لە بەغدا ، مەتبەخێکی شێواو و فرەکابانە ، جا ڕێککەووتن لەگەڵ حوکمڕانییەکی لەو جۆرە و مەتبەخێکی سیاسیی لەو شێوەیە ، بەھەر نەوعێک و لەسەر ھەر شتێک بێت ، گرنگە . ئەگەر جێبەجێبکرێ ، دەستکەوتە . خۆ ئەگەر ( بردا و سلاماً ) تەواو ببێ ، ئەوا ئیتر ئەبێ بە موعجیزە !
کوردستانیش ، وما أدراک ما کوردستان ،،،
ھێشتا ڕێککەووتنەکە بە عەرەبی چاپ نەکرابوو ، دەنگێک بەکوردی ھاواری ئەکرد : فرۆشرا ! ئێ باشە چی فرۆشرا ؟!
لە ئەوەڵ تا ئەخیری ڕێککەووتنەکە ، پاش وشەی شەنگال ، ئەو دەستەواژەیەی کە زۆرترین جار بەکارھێنراوە ، دەستەواژەی ( المشترکة ) یە ، واتا ھەرچییەک و ھەر شتێک کە پەیوەندی بە ئێستا و ئایندەی شەنگالەوە ھەبێ ، بە ھاوبەشی ، بە ھەماھەنگی ، بە ئاگاداری ، بەتێگەیشتن لەنێوان ھەرێم و بەغدا بەڕێوەئەبرێ و ئەچێ ئەگینا نە ئەبردرێ و نە ئەیشچێ ! ئیتر فرۆشتنی چی و کوێ ؟
پاشان ئیشێک نێچیرڤان بارزانی دەستی لە ڕێکخستنیدا ھەبێ و لەکوێدا بچڕابێ گرێیدابێ ، ئەوا ئیشەکە بە کۆتاییەکی واقیعییانە تەواو ئەبێ ، ئێ چونکە خۆیشی وەک تەبیعەت ، سیاسییەکی واقیعیی خاڵی لە ڕۆمانسییەتی سیاسییە ، بەلای ئەوەوە ، میکانیزمەکانی گەیشتن بە ( سفر کێشە ) ، پەنابردنە بۆ ( چارەسەری ڕیشەیی ) ،، چارەسەرێک کە سەرچاوەکەی ئیرادە و نییەت بۆ ڕێککەووتن بێ نەک ( دەستی دەستی ) !
دواجار لەنێو ئەم فەزا پڕ فەوزایەدا کە جگە لەناوخۆمان ، دەورووبەریشمانی گرتۆتەوە ، ڕێککەووتن لەسەر ھەرشتێک بکرێ ، سەرکەوتنە ، ئەمما بە مەرجی جێبەجێکردن .
Top