گەلی كورد لە ریفراندۆم دا بووە خاوەنی چەكی خۆی بۆ رەتكردنەوەی داگیركاریی و ژێردەستەیی

گەلی كورد لە ریفراندۆم دا  بووە خاوەنی چەكی خۆی بۆ رەتكردنەوەی داگیركاریی و ژێردەستەیی

لەمێژووی كۆن و نوێی نەتەوەی كورد و كوردستانیەكان ریفراندۆم گەورەترین دەستكەوت و بووێری بوو كە لەسەر دەستی مەرجەعی كورد سەرۆك مسعود بارزانی لە 25/9/2017 ئەنجام درا ، ریفراندۆم و دەنگدان بەبەڵێ بۆ سەربەخۆیی جگە لەوەی مافێكی ئاسایی و سروشتی گەلی كوردستانە و لە میساق و بەڵگەنامەو رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكاندا ئەو مافە رەوایەتی بە نەتەوەكان دراوە ، لەرووی سیاسی و نەتەوەیشەوە گرنگیەكی زۆری مەعنەوی هەبوو ، دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی لەباشوری كوردستان دەنگی سەرەبەخۆیی هەموو دنیا بهاژێنێت . لەمەش گرنگتر كوردستانیەتی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی چەسپاند، كە لەئێستادا رووبەرووی شاڵاوێكی گەورەی تەعریب و دەركردنی كورد بووەتەوە. ریفراندۆم دەنگی ناڕەزایەتی خەڵك بوو لەدژی حوكمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و سیاسەتی دوژمنكارانەی قەتڵوعامكردنی گەلی كوردستان و برسیكردن و بڕینی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان، سەربەخۆیی مافی سەدان هەزار خانەوادەی شەهید و ئەنفالكراوو جینۆسایت و قوربانییانی گەلی كوردستان بوو ، رەتكردنەوەی رێكەوتنامە شووم و سنوورە دەستكردوو بەزۆر لكێنراوەكەی كوردستانە بەعێراقی عەرەبی و مەزهەبی یەوە . بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵكی كوردستان بوو دژ بە دوژمنی قین لەدڵی كوردستان و نەیارانی . لەئێستاش دا ئەگەر حكومەتی عەرەبی عێراقی ناوبەناو یەك دوو پول و ئاوڕێك لەم هەرێمە بداتەوە ئەوە دەستكەوتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بوو چونكە دوژمنی قین لەدڵی كورد باش دەزانێت ئەمجارە كورد قەتڵوعام بكات ئەوا كارتی سەربەخۆیی و دەنگی رەوای خەڵكی كوردستان بەدەست ژەنەراڵ بارزانی یەوە یە و هەموو كوردیش پاڵپشتی و پشتگیریی دەكات. سێ ساڵ لەمەوبەر كورد بۆ یەكەمینجار لەدەستكەوتێكی مێژوویدا دەنگی بۆ مافێكی رەوای دا كە هەموو گەلانی تر خاوەنێتی ئەویش دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە . میللەتی زیندوو گەلی چاونەترس هەرگیز سڵ ناكاتەوە بۆ غەدرو خیانەت و ژێردەستەیی ، ریفراندۆم سەروەرییەكی هەتا هەتاییە بۆ گەلی كوردستان و هەركاتێك زوڵم و دوژمنی قین لەدڵ بیەوێت مێژووی زوڵم و دژایەتی خۆی دەرهەق بەكورد دووبارە بكاتەوە ئەوا گەلی كورد لە ریفراندۆم سەر دەستی رابەرو سیمبولی نەتەوەیی مسعود بارزانی چەكی خۆی لەدەستدایە بۆ سەربەخۆیی . ئەوەی لەیادی ریفراندۆمدا لە سۆشیال میدیا و لەناو جەماوەردا بینرا بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە كە گەلی كورد هەرگیز بۆ برسیكردن و هەڕەشە كۆڵ نادات و بەردەوام خواستی بۆسەربەخۆیی هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا لە ئێستادا كە دۆخەكە وا دەخوازێت لەگەڵ كازمی و بەغدا رێكەوتن بكەین بۆ ئەوەی بەیاسا و دەستوور و ئاشتی لەگەڵ بەغدا بگەینە رێكەوتن و ئەو بەڵێنانەی لە 2003 كورد لەگەڵ عێراقی عەرەبی تێكەڵ بووەوەو بڕیار بوو وڵاتێكی فیدراڵی و شەراكەت پێكبهێنرێت كارێكی خراپ نییە ، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە لە ریفراندۆم لایەنە سیاسییەكان ئەوە فێر بن كە سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان خواست و داواكاریی خەڵكی كوردستانە.
Top