ڕیفراندۆم لەنێوان شێر و خەت دا

ڕیفراندۆم لەنێوان شێر و خەت دا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان-ی ئەو کات جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی، لە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسانی حکومی و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، جگە لە ئامادە نەبوونی نوێنەری هەریەکە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بەرواری ڕیفراندۆمی دیاریکرد.
٧ـی حوزەیران دوا بەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان درا و هەرێمی کوردستان. جگە لەمەش بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم لە ٦ی تشرینی دووەمی ھەمان ساڵ درا.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان یەکەمین پێنگاڤ بوو لەو رێگەیەوە کورد بە ئاشکرا لە تەواوی ئاستەکان بڵێ نا بۆ پێکەوەژیانی بەزۆر و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی! ریفراندۆم وەرچەرخانێکی مێژووییە کە ئاراستەی رێگە ڕاستەکەی نیشانی هەر تاکێکی کوردستانی دا؛ ھەرچەندە لەمەش گرنگتر، ریفراندۆم ئەو دەسەڵاتەی بە خەڵکدا کە دەبووایە لە کاتی دروست کردنی عێراق لە لایەن بەریتانیا و فەرەنساوە بدرایە.
ریفراندۆم، دیموکراسیترین رێگەیە بەهۆیەوە خەڵک یان نەتەوە پرسێکی چارەنووسساز یەکلایی بکاتەوە. جوانترین خەسڵەتی ریفراندۆم بریتیە لە راستەوخۆیی بڕیاری خەڵک لەسەر خواست و ویستەکانیان؛ ریفراندۆم بە هەڵبژاردنی ڕاستەخۆ لەقەڵەم دەدرێت، کە دەنگدەر بەخۆی لەبارەی چارەنووسی بە راستەوخۆیی دەنگ دەدات نەک دەنگ بە نوێنەرێک بدات یانیش لە بڕی ئەو بڕیار بدرێت.
ئەگەر سەیری ئەو وڵاتانە بکەین کە دیموکراسی تیایاندا گەشەی کردووە، ریفراندۆم نەک تەنھا بۆ سەربەخۆیی وڵات دەکرێ بەڵکو راپرسی بۆ گۆڕینی ناوی شەقام و یاریگە و هێڵەکانی گواستنەوەش دەکرێن، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی نەبوونی فەرهەنگی رێزگرتن لەھەمبەر هەموو پرس و بابەتێک بە زەبر و زەنگ و هێز یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەگەر چی لە سایکس وپیکۆشدا لەسەر پێشنیازی گێرترود بێڵ ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، وینستن چێرچڵ، سایکس و پێکۆ بە نوێنەرایەتی بەریتانیا و فەرەنسا عێراقیان داتاشی؛ لە پەیوەندیەکی بە زۆردا کورد و عەرەبە شیعەکان و سونەکان و پێکهاتەکانی تریان لە هاوسەرگیریەکی سیاسی نا واقعی و نائارەزوومەندانە کۆکردەوە.

عێراق نەک تەنیا دۆزەخی کەمینەکان و پێکهاتە ژمارە کەمەکان بووە، بەڵکو بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش بەڵاو سەرئێشە بووە، نەک تەنھا لە عێراق لە تەواوی وڵاتانی داگیرکراوی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی و فەرەنسی چەندین کێشەی خاک، ماف، پارێزراویی، ئارامی و ئاساییش، ئابوری، ئایینی و نەتەوەیی و بگرە مەزهەبیش هەیە.
پەیام و شێوازی ئاخافتنی بەغداد بەر لە ریفراندۆم و تەنانەت لە سەردەمی مالکیەوە بەرانبەر بە کوردستان ڕوون بوو، مەگەر لە کەموکورتی خۆمان نەبێت وامان هەست کردبێت تێناگەین. سەبارەت بە ماددەی ١٤٠یش عەرەب و عەرەبستانیەکان و ئێرانیەکانیش زوو هەڕەشەیان لە نەمانی ماددەی ١٤٠ دەکرد؛ ئەو مادەیە ئەگەر بۆ کورد چەکێکی دوو سەر یان دەستکەوت بێت بۆ عەرەبەکانیش بۆمبێکی چندراوە.
کوردستانیان دەرفەتێکی زێڕینیان هاتە بەردەم، دەرفەتێک کە رەنگە لە کەرکوک لە سەردەمی هاوچەرخەوە دەرفەتی وەها دروست نەبووبێت. بۆیە سوود وەرگرتن لە کات و شوێنی بەردەست لە لایەن سەرکردایەتی کوردستان هەنگاوێکی پێویست و درک پێکراو بوو. ئەوەی جێی سەرنج و سەرسوڕمان بوو، لە ماوەیەکی کەمدا هەرچی پێویست بوو بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدرا؛ هەلومەرجی وەها لەبار بۆ کوردستانیان رێککنەکەوتووە و رەنگە ئەمەش هەرگیز دووبارە نەبێتەوە. ئەو کات دوو بژاردە لەبەردەم سەرکردایەتی کوردستان بوو: یەکەم لەدەستدانی ئەو دەرفەتەش وەک ساڵی ٢٠٠٣ یان بژاردەی دووەم و قۆستنەوەی دەرفەت.
جیاواز لە هەموو رووداوێکی مێژووی هاوچەرخی کورد کوردستانیان لە ژێر سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو زۆرینە کۆک بوون کە دەبێت کورد بە دەستی خۆی برینەکانی خۆی تیمار بکات، ئەگەرچی تیماریش کرا، چونکە بەشداری بەرفراوان لە ریفراندۆم و ئەو رێژە بەرزە سەدیەی٩٢.٧%ی دەنگدەران دوژمنانی ناوچەکە و جیهانی شڵەژاند؛ ئەو کات کەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریکی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە بەرهەڵستی کورد بۆ هەموو جیهان لەقەڵەمدا و بە بوێریەکی بێوێنەی ناوبرد! ئەو بوێرییە لە خراپترین دۆخدا دوژمنەکانمانی یەکخست.
بەڵام بەداخەوە، دیسان خەنجەری ناپاکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بیستەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوو چەندبارە بووەوە. ئەو ناپاکییە تاکلایەنە و باڵ-لایەنە نەبووایە بێگومان وەک چۆن پێشمەرگە شکۆی کوردستان و دامەزراوەکانی لە پردێ پاراست لە کەرکوکیشی باشتر دەپاراست.
ریفراندۆم بووە پشکی شێر بۆ کوردستان ئەگەرچی خیانەتی نەتەوەیی بەدوا داھات. شیاوی باسە ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان، له‌٢٥ـی ئه‌یلوولی ٢٠١٧ ئه‌نجامدرا و تێیدا ٩٢.٧%ی به‌شداربووان به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا.
Top