سۆشیال میدیا و گۆڕانکاری خود لە کۆمەڵگەدا

سۆشیال میدیا و گۆڕانکاری خود لە کۆمەڵگەدا

سۆشیال میدیا جیھانێکی فراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لەئاکامی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای ئینتەرنێت و چەقبەستوویی میدیای کلاسیک ھاتە کایەوە، دوای ئەوەی میدیای باو تاکەکانی بەرەو بێزاربوون و ونبوونی خود و کەسایەتی و بەلاڕێدابردنی لەکایە مەعریفیەکانەوە بۆ ونبوونی شوناسی راستەقینەی میدیا برد، تا لەجیھانێکی فراوانتر تاکەکان بڕواننە شتەکان و راستەوخۆ لەگەڵیدا ئاوێزان بن و ببنە بەشێک یان راستەوخۆ کاردانەوە دروست دەکات.
سۆشیال میدیا بۆ ھاتەکایەوە:
لەگەڵ گەشەکردنی ھەر رەوت و بوارێک بەھۆی پێویستی و پێشکەوتنی زیاتری تاک بەتایبەتی و کۆمەڵگە بەگشتیی، کۆمەینیکەیشنەکان زیاتر پەرەیان سەند و تاکەکانی نێو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو زیاتر پەڕوباڵیان بۆ شوێنەکانی دیکە ھاویشت، تا بەھێزتر لەپەیوەندیکردن دەرکەوتن، ئەمەش دوای ئەوەی شێوازەکانی کۆمەینیکەیشنەکان و ھەمەجۆرکردنیان بەھۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگەوە چەندین ھۆکاری پەیوەندیکردن پەرەیان سەند، کەزۆربەیان جێگەی ھۆکارەکانی تری گەیشتنی زانیاری و پەیوەندیان گرتەوە، بەمەش سۆشیال میدیا لە ئیستادا بۆتە جێگرەوەی ھەمووان و بێ گوێدانە ئینتیمای ئیتنی و ئایینی و رەگەزی تاکەکانی سەرجەم شوینەکانی بەیەکەوە بەستۆتەوە.
سۆشیال میدیا چی دەگرێتەوە:
سۆشیال میدیا ئەو تۆڕە فراوانەی تەکنۆلۆژیای ئینتەرنێتە، کە ھەموو کۆمەینیکەیشنە ئۆنلایینە‌کان کۆدەکاتەو ە، کە لەدونیای ئەمڕۆماندا گەیشتونەتە ھەموو شوێن و ماڵێک و بوونەتە ھۆکاری پەیوەندیی بەستن و وەرگرتنی زانست و زانیاری و پردێکن بۆ ریکلام و بازرگانیکردن، بۆیە سۆشیال میدیا فەیسبوک و تویتەر و انستگرام و سناپ چات و سکایپ و یوتوب و یاھۆ و لایڤ چات و گوگل پلەس و لینکد ئان و پنترست....تد دەگرێتەوە، کە ‌ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ‌پەیوەندی تاکەکان و گەیشتنیان بەیەکتری لە رێگەی ئۆنلاینەوە دروست دەکات، بەڵام تیڤیەکان بەھیچ جۆرێک ناچنە خانەی سۆشیال میدیایەوە.
بەکارھێنەری سۆشیال میدیا لە زیادبووندایە:
سۆشیال میدیا کە ‌لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠وە زیاتر تاکەکانی سەرقاڵکرد، خەریکە جێگەی میدیای باو دەگرێتەوەو ژمارەی بەکارھێنەرەکانی رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەبن، بۆ نمونە ژمارەی بەکارھێنەری فەیسبوک بەپێی راپۆرتی ئەو کۆمپانیایە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دەگاتە دوو ملیار کەس لەجیھان و تویتەر لە ئێستادا ژمارەی بەکارھێنەرانی لەسەرتاسەری جیھان ٣٢٠ ملیۆن کەس و انستگرام ژمارەی بەکارھێنەری ٧٠٠ ملیۆن کەس و یوتوب بەکارھێنەرانی ملیارێکی تێپەڕاندووە و پنترست گەیشتۆتە ١١٠ملیۆن کەس، لەبەر ئەوە سات لەدوای سات بەکارھێنەریان زیاتر دەبێ و بووەتە ھۆکاری گەیشتنی زانیار و وھەواڵەکان لەرێگەی تاگ و لایک و شەیر و نووسینی کۆمێنت.
سوود و زیانەکانی سۆشیال میدیا:
سۆشیال میدیا لە ئێستادا گەورەترین کێبرکێ لەگەڵ میدیای باو دەکات و خەریکە جێ پێی لەق دەکات، ئەم سۆشیال میدیایە لەبنەڕەتدا بۆ پەیوەندی ئۆنلاین و خێرا گەیشتنی زانیاری و ھەواڵەکان و فراوانکردنی رۆشنبیری و مەعریفە و زانست و بوارەکانی دیکەی ژیان و ئاسانکاری بۆ مرۆڤ ھاتەکایەوە، بەو واتایەی سۆشیال میدیا تا ئێرە سوودی زۆری ھەیە، بەڵام لە ئێستادا واخەریکە پێچەوانە دەبیتەوە ‌و بووەتە چەکێکی کوشندە لەدەست ئەو کەسانەی نازانن بۆ کاری بەسوود بەکاری بھێنن و بۆتە ئامرازێکی مەترسیدار و کوشندە بۆ بریندارکردن و ناشرینکردنی مرۆڤەکان و شێواندنی پیرۆزییەکان و ھێماکانی گەل و مرۆڤایەتی بەگشتی بەکاردەھێندرێ، سەرەڕای ئەوەی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لەرێگەی سەرڤەر و ئۆفیسی سەرەکی خۆیان ئەو بەکارھێنەرانە بلۆک دەکەن یان دیپۆرتیان دەکەم، بەڵام کەسانێک ھەر ماون بۆ کاری خراپ و نادروست ئەو تۆڕە بەسوودانە بەکاردەھێنن بۆ گەیشتن بەمەرامە گڵاوەکانیان.
سۆشیال میدیا و توندوتیژی:
سۆشیال میدیا ھەمیشە بۆ بەستنی پەیوەندی تاکەکان لەسەرتارسەری جیھان بەشێوەی دروست و شیاو ھەوڵیداوە، بەڵام ھەندێ کەس بێگوێدانە زەوق و ئەتەکێتی گشتی ھەڵدەستێ بەگواستنەوەی دیمەنی ناشرین و قێزەوەن، بەشێوەی لایڤ و وێنە و ڤیدیۆ بۆ بەکارھێنەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە،‌ لەسەر باری گشتی ھەمووان دەیبینن، لەلایەکی دیکە ھەندێ کەس ئەو تۆڕانە بۆ سوکایەتی و توندوتیژی دژ بەمنداڵان و ئافرەتان و گیانلەبەران بەکاردەھێنن کە ‌ئەوەش بۆتە جێگەی نیگەرانی بەکارھێنەر و خودی تۆرەکان.
سۆشیال میدیا چی بۆ کوردستان کردووە:
کوردستان وەک ئەوەی ئێستا بە رووی جیھان کراوەتەوە تاکەکان ئازادن لەبەکارھێنانی ھەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ھەندێ وڵات نیە کە لێناگەرێن بەشێک لەو تۆڕانە لە ناوخۆی وڵاتەکانیان بێتە بەکارھێنان، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحالییە لە کوردستان بە کارھێنەران ئازادن و بەشێکی زۆر لەم تۆڕانە بەفراوانی لەلایەن ھەردوو رەگەزی نێر و مێ بەکاردەھیندرێ و بەشێکیان رۆژانە بۆ پەیوەندی و ئاگاداربوون لەخۆشەویستان و وەرگرتنی ھەواڵ و زانیاری و چاتی کەسی و گروپ ئەو تۆڕانە بێ کێشە بەکاردەھێنن.
بەڵام جێگەی داخە لە کوردستان ھەندێ بەکارھێنەر پەیدابوون جگە لەزەرەر و زیان ھیچ سوودێکیان نیە و کەسانێک فێربوونە بەشێوەی فێڵ و ھاککردن دەچنە تۆڕە کۆمەڵایەییەکانی ھاورێ و کەسانی دیکە و پاسوێردەکانیان دەدزن و شتی نەشیاو بڵاودەکەنەوە، لەبەرامبەردا داوای کاری نابەجێ و پارە دەکەن، ھەندێکیش سۆشیال میدیا بۆ توندوتیژی و سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان و خاکەکەی بەکاردەھێنێت و بۆیە پێویستە یاسایەک لەم بوارە بۆ رێکخستنی سۆشیال میدیا بێتە کایەوە بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک ئەو تۆڕانە بۆ کاری خراپ و توندوتیژی و زەرەر گەیاندن بەخاک و وڵاتی کوردستان بەکارنەھێنن.
دەرەنجام:
پیشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی زۆر خێرایە،‌ بۆیە پێویستە ئێمەش خیرا پێشبکەین و بۆ ئەوەی کوردستان ھەمیشە لە پێشەنگدا بێت و سۆشیال میدیا بۆ پەیوەندی و کاری بەسوود و زانست و پێشکەوتن و بازرگانی و ریکلامکردن بەکاربھێنین.
Top