شۆڕشی مەزنی ئەیلول

شۆڕشی مەزنی ئەیلول

کوردستان چەند سەدەیەکە بەردەوام کەوتۆتە بەر ھێرشی داگیرکەرانی، دوژمنان ھەمیشە چاوی تەماعیان لە خاکی کوردستاندا بووە، بەردەوام وڵاتی کوردستانیان داگیرکردووە، ھەر لەسەردەمی مەغۆلەکان و سەفەویەکان و ئینگلیزەکان و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، بۆیە گەلەکەمان دژی داگیرکەرانی خاکەکەی ھەمیشە پێویستی بە خەبات و تێکۆشان بووە، لەو پێناوەشدا پارتی بە پێشەوایەتی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد (بارزانی باوک) ڕابەر و ھەڵگیرسێنەری مەزنترین شۆڕشی ھاوچەرخی کورد و کوردستانە.
یەکێک لە قۆناغەکانی خەباتیدا کە لە مێژووی گەلی کورد دا تۆمار کراوە بەرپابونی شۆڕشی مەزنی ئەیلولە , کە شۆڕشێکی نەتەوەیی بوو، بەڕاستیش ئەم شۆڕشە دایکی ھەموو شۆڕشەکانە , چونکە نەخشەی ڕێڕەوێکی مێژوویی نوێی بۆ گەلی کورد کێشا و خەباتی ئەم گەلەی گواستەوە بۆ قۆناغێکی مێژوویی وا کە پێشتر شتی وای بەخۆیەوە نەدیبوو.
ئەم شۆڕشە سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ نووسینی مێژوویەکی تازە بۆ گەلی کورد، چونکە پاڵی بە مەسەلەی کوردەوە نا بۆ ئاسۆیەکی بەربڵاو و خستیە بەردەم کۆڕ و کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکان .
ئەم شۆڕشە لە سۆنگەی ئەوەی کە سەرانسەری کوردستانی عێراقی گرتەوە و پشتیوانی بێ سنوری گەلی کوردی لە دەرەوەی سنووری عێراقیشدا وەدەست ھێنا , شۆڕشەکە شۆڕشێکی ناوچەیی نەبوو، بەلکو لەگەڵیدا وەرچەرخانێکی مێژوویش بوو .
بەرپابوونی ئەم شۆڕشە لەپێناو ڕزگارکردنی کوردستان و بەرزبوونەوەی ئاڵای کوردستان و جێبەجێ کردنی بەڵێنەکەی ژەنەراڵ (بارزانی) بووە بۆ (قازی محەمەد) لە کاتێکدا کە (قازی محەمەد) ئاڵای کوردستان ھەڵدەگرێ و ماچی دەکات و دەیداتە دەست (مەلا مستەفا) و دەڵێ (ئاڵای کوردستان لای خۆت ڕاگرە ھیوادارم ئێوە نەھێڵن ئەو ئاڵا پیرۆزە بنەوێ) , ژەنەراڵ بارزانی ئاڵاکە لەدەستی قازی محەمەد وەردگرێت و ماچی دەکات و لەسەر سەری دادەنێ و بەڵێنی دا نە تەنیا نەیەڵێ ھیچ کات بنەوێ، بەڵکو ڕۆژێک ئاڵاکەش بەرزبکاتەوە.
لەماوەی بەرپابوونی ئەم شۆڕشە مەزنە، پارتی دیموکراتی کوردستان سێ کۆنگرەی ئەنجام داوە کە سیاسەتی پرۆگرامی کارەکان وا خوازیار بووە , وەک حزبێکی نەتەوەیی بەھێز لەلایەک خەریکی ڕێکخستنەوەی حزب بێت و لەلایەکی تر باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد لەناو جەماوەر بگوێزێتەوە بۆ حزب و لە حزبەوە بۆ جەماوەر ئەویش لەپێناو ڕزگارکردنی کورد و کوردستان بووە , وەکو بارزانی نەمر فەرموویەتی (ھیچ سەورەیک بەبێ قیادەی حزبێکی مونەزم ناجح نابێت ).
کۆنگرەکان لەماوەی شۆڕشی پیرۆزی ئەیلول , (کۆنگرەی شەشەم لە ١/٧/١٩٦٤لە قەڵادزێ , کۆنگرەی حەوتەم لە ١٥/١١/١٩٦٦ لە گەڵاڵە , کۆنگرەی ھەشتەم لە ١/٧/١٩٧٠ لە ناوپردان ) بەستران , لە کۆنگرەی ھەشتەم خاتوو زەکیە ئیسماعیل حەقی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردا وێڕای ئەوەی کە لەم شۆڕشە مەزنەدا چەندین ئافرەتی تێکۆشەر شان بەشانی پیاوان بەشداربوون .
یەکێ لە ئەنجامەکانی ئەم شۆڕشە ئەوە بوو متمانەی لەناو خەڵکیدا بڵاوکردەوە و ئاواتێکی ھێنایە دی , کە دەمێ ساڵ بوو ڕۆشنبیران و نیشتیمان پەروەرانی کورد چاویان تێ بڕیبوو , ئەویش بریتی بوو لە یەکدەنگی و خۆبەخت کردن بە ماڵ و بەگیان , لەو پێناوەشدا چەندین قارەمانی کوردستان لە داستان و نەبەردیدا گیانیان بەخت کرد , ئەوەی جێگای شانازیە، باوکم وەک شەھیدێکی سەرکردەی شۆڕشی ئەیلول فەرماندەی ھێزی ئەزمەر گیانی خۆی بە کوردستانە پیرۆزەکەی بەخشی.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەھیدان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان
سڵاو لە کوردستان
بەرز و پیرۆز بێت ئاڵای کوردوستان
• کچی شەھیدی سەرکردەی شۆڕشی ئەیلول

Top