نەخۆشخانە یاخود ناخۆشخانە، چارەسەر یاخود دەردو بەڵا

نەخۆشخانە یاخود ناخۆشخانە، چارەسەر یاخود دەردو بەڵا

لە سەرەتای بوژاندنەوەی ھەرێمی کوردستان وەک ھاندانێک، ھەر پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری یاخود وەبەرھێنان ھەبایە ڕاستەوخۆ زەویان پێ دەدرا بۆ کارئاسانی بۆیان، تەنھا ھەندێکیان پاڵپشتی ماددی کراون بۆ دامەزراندنی پرۆژەکانیان، حکومەتی ھەرێم کوردستان چاوی لەوە بوو کە سبەی ڕۆژ ئەو پرۆژانە ببنە ماڵێک و سەنتەرێک بۆ گەنجان و لاوانی تازە پێگەشتوو تا بتوانن ڕاھێنانی تێدا بکەن و تواناکانیانی تیادا دەربخەن، و لەکاتی تەنگانەدا بەھانای حکومەت ومیللەت دابێن.
بەڵام، چیمان بینی لە کاتی پێویست و لێ قەومانا، زۆرینەیان بە ڕوکار نەخۆشخانە بەڵام ناوەڕۆکی بزنس و بازرگانی بێ شومار بەسەر گیان و گیرفانی ھاوڵاتیانی نەخۆشەوە. تێچوو مانەوەی ھەرنەخۆشێک شەوانە ھەزاران دۆلار بێت و لە بەرامبەر دا دەبێت نەخۆش پارە دابنێت وەک دڵنیایی و بەداخەوە ئەو چیرۆکانەی دەبیستم لە کوردستان زۆر جێگەی خەم ودڵتەنگییە. ھاونیشتیمانیانم شایەنی لەوە زیاترن لە کامە زیاتر؟ لەوەی کە ساڵەھای ساڵە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان گیانی خۆیان لە پێناو ئازادی ئەم خاکەدا بەخت کرد، کەچی ئێستا نەخۆشخانەکان لەبەر چەند ھەزار دۆلارێک ئامادەن یاری بە گیانی ھاونیشتیمانیان بکەن، ئەویش لەپێناو پڕ کردن و تێر کردنی ھەژمارە بانکیەکانیان. چەندەھا ساڵە ھاوڵاتیانم بوونەتە مایەی قازانج کردنی ئەم نەخۆشخانە تایبەتیانە، با ئەوانیش ئەمڕۆ لەم دۆخە خراپەی ئابووری بۆ یەک یا دوو مانگ قازانجەکانیان کەم بکەنەوە.
پێویستە حکومەتی ھەرێم سنوورێک بۆ ئەم لاساریە دابنێت، باج و خەراج و چاودێری کردنی نەخۆشخانەکان بەجۆرێک ورد بکاتەوە کە توانای یاری کردنیان نەبێت بە گیان و روحی ھاونیشتیمانییەکانمان. لەکاتێکدا ئێمە کوردستان یان نەمانمان خۆش دەوێت، وە خەمی ھەرە گەورەمان پاراستنی روح و گیانی کوردستانیانە.
Top