گرنگی کەرتی پەروەردە و خراپترین ئاستی لە ھەرێمی کوردستان

گرنگی کەرتی پەروەردە و خراپترین ئاستی لە ھەرێمی کوردستان

بە درێژایی مێژووی زیاتر لە پێنج ھەزار( ٥٠٠٠) ساڵی رابردووی مرۆڤایەتی، وڵاتێک نادۆزیتەوە، چووبێتە قۆناخێکی بەرزی پێشکەوتنەوە، ئەگەر لە بواری پەروەردە نالەبارو خراپ بووبێت، بە گشتی پەروەردەو تەندروستی دوو سێکتەری زۆر گرنگن بۆ پێشکەوتنی ھەر نەتەوەو وڵاتێک، مەھاتیری سەرۆکی مالیزیا کاتێک لێیدەپرسن، ئەم وڵاتەت چۆن ئاوەھا پێشخستووە، لە وەڵامدا وتی: من بە رێژەی %٢٥ ی داھاتی وڵاتەکەم تەنیا بۆ پەروەردە تەرخان کرد،چونکە پەروەردە بنەمای پێشکەوتنی ھەر وڵاتێکە. بۆیە ھەر کاتێک بتەوێ گەل و وڵات پێشکەوێت ئەوا دەبێت سەرەتا کەرتی پەروەردە بەھێز بێت بۆ دروستکردنی نەوەیەک کە لە دوارۆژ وڵاتەکەی پشتی پێببەستێت ، چەندین نموونەی وڵاتانی زلھێزیشمان ھەیە کە سەرچاوەی زلھێزییەکەی بۆ بەھێزی کەرتی پەروەردە دەگەرێتەوە کە نەوەیەکی نیشتیمانپەروەر و زیرەک و بە توانایان بۆ خزمەت و پێشخستنی وڵات دروستکردووە .
کەچی دەبینین لە ھەرێمی کوردستان پەروەردە لە خراپترین ئاستیدایە کە بێسەروبەرییەکی تەواو باڵی بەسەردا کێشاوە، نە پەروەردەمان پەروەردەیە ، نە فێرکردنمان فێرکردنە!، تەنانەت تاقیکردنەوەکانیش زۆر بە رووکەشی و بە شێواوی و بەوپەڕی خراپی بەڕێوە دەچن، قوتابییەکی زۆر دەردەچوێندرێن بێئەوەی ھیچ زانست و زانیارییەکی تەنانەت لە بواری وانەکانی خۆیەوە ھەبووبێت ، بۆ نموونە ئەگەر بە گشتی باسی تاقیکردنەوەکانی پۆلی (۱۲) بکەین ، تاقیکردنەوەی پۆلی (۱۲) واتا دیاریکردنی ئاستی زانستی و تێگەیشتنی قوتابی و دیاریکردنی چارەنووسی ئایندەی، بەڵام ئەو پێوەرە تێکشکێنراوەو، خراپترین قوتابی نمرەیەکی زۆری دەدرێتێ، بێئەوەی لە بنەڕەتدا ھیچ شتێک لەو بابەتە زانستییە بزانێ کە تاقیکردنەوەکەی لێکردووەو نمرەی زۆری لێ ھێناوە،لێرە مەبەستم شکاندنی ھیچ قوتابییەک نییە، چونکە جاری وا ھەیە ئەو قوتابییە لە بوارێکی دیکەدا سەرکەوتوو دەبێت، چەندین نمونەشمان لەکەسایەتییە ناودارەکانی جیھان لەبەردەستە کە لە خوێندن سەرکەوتوو نەبوونە، یان دواتر جارێکی دیکە چوونەتەوە بەرخوێندن. لەوبارەیەوە شکسپیرو ئەنشتاین دوونموونەی جیاوازو زۆر زیندوون.بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان، سیستەمی خوێندن تا ئێستا جێگیر نییەو بە میزاج سیستەم دادەنرێ، بۆیە پاشاگەردانی زۆر زیاتر بووە. ئاخر وەزارەتی پەروەردە بەو ھەموو شارەزا و پسپۆر و مامۆستایەی کە ھەیەتی، نەتوانێ پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە راست و دروستی دابنێت ، ئەمە یانی چی ؟ . گۆرینی چەندین بریار لەماوەیەکی کورت ئەوەش بێسەروبەری ئەم وەزارەتە دەردەخات، لە کوێی دونیا بووە، ١٧ پرسیار بە ھەڵە بۆ قوتابی بێتەوە، ئەمە نیگەرانی و دڵەراوکێ و خەمۆکی تووشی قوتابی دەکات و ئەنجام کەسایەتییەکی نادروست و تێکشکاوت بۆ بەرھەمدەھێنێت. تا ئێستاش نەمانزانیوە ھیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ بە ھەڵە دانانی ئەو ١٧ پرسیارە کرابێت، بۆیە دەپرسین ئەمە یانی چی؟. کەواتە راستە لە وەزارەتی پەروەردە کەس ئاگای لە کەس نییە. ئینجا بەخشینەوەی نمرەی زۆر بە قوتابییان ! کارەساتەکەی قوڕستر کردووە، ئاخر بەخشینەوەی نمرە تەنھا بۆ رازیکردنی قوتابی و بێدەنگکردنییەتی. ئەی ئاستی زانست و زانیاری قوتابییەکە، کە ئەمەیان سەرچاوەی بابەتەکەمانە ؟ لە بری پێکھێنانی لیژنەکی لێکۆلینەوە و بەدواداچون بۆ ھەڵەکان بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە ،بەخشینەوەی نمرە!!. وەک دەبینین (٦٩) قوتابی یەکەم و دووەم و سێیەمن!! کە ئەوەش رێژەکی یەکجار زۆری بێسەروبەری کەرتی پەروەردەیەو ، لێرەوە بۆ خەڵک دەردەکەوێت کە سەرەڕای بونی ٤ نمرە لە دوای ۱٠٠، کە لە ھیچ تاقیکردنەوە جیھانییەکان شتی وا روونادات ،ئاخر لە کوێی جیھان ١٠٤ لەسەر ١٠٠ ھەیە ؟!. بەتایبەت تاقیکردنەوەیەک کە بریار لە چارەنووسی قوتابی بدات! .ئەوانە چەند کێشەکی بچووکی تەنھا پۆلی (۱۲) بوون، دەنا ئەم وەزارەتە فراوانە، بەقەد فراوانییەکەی گرفت و کێشەکانی فراوانترو کەڵەکەبوون و ھیچ ئاسۆیەکیش بۆ چارەسەرکردنیان نییە. .
کەرتی پەروەردە بەو شێوازە بەردەوام بێت وڵاتمان و میللەتمان وێراندەکات، وەک دەبینین ئێستا تەواو وێرانی کردووەو لە ئایندەش زۆر بە زەحمەت چاکدەبێتەوە، چونکە چەندین نەوە- جیل- ی بێ زانست و بێ مەعریفەو بێ پەروەردەی بەرھەمھێناوە، ئاسەواری بەسەر کۆی کۆمەڵگادا تا ماوەیەکی زۆر ھەر دەمینێتەوە، دڵنیام رۆژێک دێت، پەنجەی پەشیمانی دەگەزین ، چونکە نەمانتوانی توانای مرۆیی پەرەپێبدەین، بۆیە تا زووە پێویستە ئەو برینە زیاتر گەورەتر نەبێت لەوەی ئێستا ھەیەو بە زوویی ساڕێژی بکەین. بە ھیوای باش بوونی کەرتی پەروەردە و فێر کردن .
Top